سودان دواهەمین هەنگاو بەرەو ئازادی .. نووسینی: کنواپ هۆراند ... وەرگێرانی لەئەڵمانیەوە : ئەردەڵان عەبدوڵڵا

لە یانوەردا باشووری وڵات دەنگی خۆیان بەرەوە سەربەخۆیی دەدەن .تۆ بڵێیت باکوور بەم جیابوونەوەیە ڕازی بێت ؟ ئایا ناوچە هەژارەکەی وڵات دەتوانێت لە ژیان بەردەوام بێت ؟

Renk رێنک شارێکە دەکەوێتە باشووری وڵاتەوە ( مەبەستی وڵاتی سودانە.، ، ، وەرگێر)، شارێک کەبەرگێکی خەماوی پۆشیوە.لەم شارەدا یەک مەتر شەقامی قیرتاو نابینیت، هۆتێلی نییه، سینەما نییه، لەبەرامبەردا تۆز و لمێکی زۆری هەیە، سەگێکی زۆر لەسەر شەقامەکاندا دەوەڕێن، لەپەنادیوارەکاندا خەڵکێکی ئاوارەی زۆر دەبینیت، کەلە ئەسیووپیاوە هەتاوەکوو ئێرە ئازاریان چەشتووە.لە هەفتەکانی پێشوودا، شاری رێنک ترسناکتر بووە .سەدان کەس شارەکەیان بەجێهێشتووە، هەزاران کەسیش خەریکی کۆکردنەوەی جانتاکانیانن .لەنزیک شاریشەوە لە سەربازگەیەکەوە، تانکەکان لە حالەتی ئامادەباشیدان .

زۆرباشە پێدەچێت، پاش ماوەیەکی کەم ناوی وڵاتی باشووری سودان بەرگوێمان کەوێت .

چەند رۆژێکی گرنگ و سەرنج راکێش چاوەڕێی سودان دەکات، گەورەترین وڵاتی ئەفریکا لەڕووی ڕوبەری گشتیەوە ( جێگای ئاماژەیە بەپێی سایتی ڤیکیپێدیای و سایتی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، رووبەری گشتی سودان دەگاتە .2.505.810 لم چوارگۆشە، کۆی دانیشتوانی لەنێوان 36 تا 40 ملیۆنە، ، ، ، وەرگێر) : لە 09 یانوەردا لە باشووری سودان لە ریفراندۆمێکدا بڕیاردەدرێت، ئایا لەگەڵ باکوور دەمێنێتەوە یان جیادەبێتەوە .ئەگەر ئەمە ڕووبدات، لەکاتی ئێستادا هەموو پێشبینیەکان بەرەو ئەوەدەڕوات، لە جیهاندا ولاتێکی نوێ لەدایک دەبێت، ئەمەش یەکەمین وڵاتی نوێی ئەفریکایە، پاش جیابوونەوەی ئەریتیریا لە ئەسیووپیا ساڵی 1993 .

رێنکیش دەبێتە شارێکی ستراتیژی گرنگ، چونکە هەمووی نیوکاتژمێر لەسنووری ناوخۆی سودانەوە دوورە .لەم ماوەیەدا نەک تەنها ئەفریکا، بەڵکە هەموو جیهان سەیری وڵاتی سوودان دەکەن .ئەم ووڵاتە نوێیە کەلەدایک دەبێت، ڕووبەری هێندەی وڵاتی فەرەنسا دەبێت، لەهەمانکاتیشدا دەبێتە خاوەنی نەوتێکی زۆر، نزیکەی 80% هەموو نەوتی سودان دەکەوێتە باشووری سودانەوە.

بەڵام قسە لەسەر ئەوەیە، ئایا سەرۆک عومەر حەسەن بەشیر، کەلە رۆژئاوای وڵات ( دارفوور)، خەریکی جەنگێکی خوێناویە، هەروا بە ئاسانی و بێ کێشە واز لە چارەکێکی وڵاتەکەی دەهێنێت لەدەستی دەربچێت ؟ جێگای ئاماژەیە لای زۆربەی پسپۆران پرسیارێک هاتۆتە ئاراوە، ئایا ئەم نەوتەی کەهەیە، بەشی ئەم هەرێمە هەژارە دەکات، بۆ ئەوەی بەردەوامی بەژیانی بدات ؟ .لەپێش هەموویانەوە پکین و واشنیتۆن زۆر بەووردی چاودێری وەزعەکە دەکەن .چینیەکان گرنگترین بەکاربەر( کڕیاری) نەوتی باشووری سودانن، بە رێژەی 07% ی پێداویستی خۆیان لەم ناوچەیەوە دابین دەکەن .ئەمەریکیەکانیش بیرلەوەدەکەنەوە، دەکرێت هەمان ئەزموون بۆ وڵاتەفاشیلەکانی تری ئەم ناوچەیە بەکاربهێنن.بەتایبەت ئەوان( ئەمەریکا) کێشەیەکی زۆریان لەگەڵ هەردوو دەوڵەتی کێشەداری وەکوو سۆمالیا و کۆماری کۆنگۆی دیمۆکرات هەیە .

سەرۆک باراک ئۆباما پێشنیارێکی پێشکەش بە عمر بەشیری فەڕمانڕەوای خەرتووم کرد، کەلەوباوەردا نیم کەس بتوانێت رەفزی بکاتەوە.پێشنیارەکەش بەم شێوەیە:

لابردنی ناوی لە لیستی تیرۆر، کەلە سالانی نەوەتەوە سودان وەکو دەوڵەتێکی تیرۆریستی دانراوە، چونکە سودان پشتگیری و پێشوازی لە سەرۆکی قاعیدە ئوسامە بن لادنی کردبوو.لەهەمانکاتیشدا کۆمەڵێک سزای لەسەر لادەبەن .بەمەرجێک : باکور ریفراندۆمەکە تێک نەدات .

دیارە جیابوونەوەیەکی ئاشتیانەی باشوور، دەبێتە خاڵێکی پرشنگدار لە مێژووی ئەم وڵاتەدا.وا بۆماوەی 40 ساڵە مووسڵمانەکانی باکوور، لەدژی کریستی و ئەنیمیستەکان (Animist ئەو ئایینانەی کە باوەڕیان بە خودا نییه، بەڵکە زیاتر سروشت و شتی تر دەپەرستن، ، ، ، وەرگێر) جەنگێکی خوێناویان پەرپاکردوە.هەمووکاتێک کێشەو گرفتەکانی نێوان خێڵە عەرەبیەکان و خێڵە نیلیەکان (Niloten ئەو خێڵانەی کە عەرەب نین و زیاتر کولتووری ئەفریکاییان هەیە، ، ، وەرگێر) باشووری سودان، ڕۆڵی سەرەکیان لەم جەنگەدا گێڕاوە.

هەردوو بەشەکە ( باکور و باشوور) ساڵی 1947 پێکەوە گرێدران، بەبێ ئەوەی لەگەلانی باشوور پرسیارێک بکرێت وهیچ گوێ بە بۆچوون و ویستی باشووریەکان نەگیرا..لەگەڵ سەربەخۆبوونی سودان لەدەستی داگیرکەری بەریتانی و میسری، ساڵی 1956 بڵێسەی ئەم جەنگە دەستی پێکرد.

تەنها چەند ساڵێکی کەم نەبێت، بۆماوەیەکی زۆر و بەبێ پشوودان، جەنگێکی بەردەوام بەرپابوو .لەماوەی ئەم جەنگە چل ساڵیەدا، زیاتر لە دوو ملیۆن کەس بوونە قووربانی .جێگای ئاماژەیە باشووری سودان تەنها لە ڕووی سامانی سروشتیەوە ( نەوت و گاز) دەوڵەمەند نییه، بەڵکە خاوەنی سامانێکی زۆری ئاوییه ( بەشێکی زۆری ڕووباری نیل بە باشووری سوداندا تێدەپەڕێت، ، ، ، وەرگێر )، هەروەها زەویەکی بەپیتی زۆری کشتووکاڵی هەیە، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، بەڵام ئەم ناوچەیە بە یەکێک لە ناوچە هەژارەکانی جیهان دەژمێرێت .هەتا ساڵی 2005، هەردوولا کۆتاییان بەم جەنگە خوێناویە هێناو پەیماننامەیەکی ئاشتیانەی مۆرکرد.

 دیارە خەرتووم زۆر کەم هەوڵی بۆ یەکبوونی سودان دا.پایتەخت رۆژبەرۆژ جوانتر وگەشاوەتردەبێت، لەبەرامبەردا Juba جوبا، کەگەورەترین میترۆپۆڵی باشوورە، بە خامۆشی و پەراوێزخراوی ماوەتەوە.زانکۆ، نەخۆشخانە، شەقامی قیرتاو، بەگشتی تەنها لە باکووری وڵات هەیە.چەند رۆژێک پێش ئەوەی ریفراندۆمەکە دەستپێبکات، خەڵکی باشوور بە داهاتوویان زۆر گەشبین و دڵخۆشن.دانگ مادینگ، کەتەمەنی 46 ساڵە، لە زانکۆی قاهیرە زانستی کۆمەڵناسی ( سۆسیۆلیژی) خوێندووە، پێشتریش لە حکومەتەکەی هەرێمی باشووردا بۆ ماوەیەکی کەم وەزیربووە.

 ( لەباکوور بەهیچ شێوەیەک باوەڕیان نەدەکرد، کەرۆژێک لە ڕۆژان ڕیفراندۆم بکرێت) ئابەم شێوەیە وەڵامی داینەوە.ئەو ئێستا لە بیرۆیەکی کارگەیەکی بیرە دادەنیشێت، کەدەکەوێتە ناوچەیەکی بچووکی پیشەشازی باشوور .شەش ساڵی ڕێک، ئەم پیاوە کە دوو مەتر درێژە، لەدژی باکووریەکان خەباتی کردووە.بەڵام پاشتر گوولیەک بەر ڕانی دەکەوێت و لەخەبات ڕایدەگرێت.جەنگی پارتیزانی، هەموو توێژە سیاسیەکانی باشووری کۆکردۆتەوە.ماندێگ هەموو ئەفسەرەکان دەناسێت، کەوا پێشبینی دەکرێت ئەمانە ( واتە ئەفسەرەکان) ببنە وەزیر یان بەرێوبەری بانکی ناوەندی، کەلە داهاتوودا وڵات بەڕێوەدەبەن.بەڵام پاشتر ووتی :

( بەڵام چیتر جەنگی پارتیزانی دروست نابێتەوە ) .پاشتر ئاگاداریکردینەوە ( گەربێت و حکومەتی باکوور ئەوناوچانەی کە نەوتی تێدایە بسووتێنێت، ئەوا کارێکی ئێجگار دەبەنگانە دەکات، چونکە ئەمجارە، جەنگەکە خەرتوومیش دەگرێتەوە.)

لەم هەفتەیەدا بە بەردەوامی و بێ پشوودان، وەفدی جۆراجۆر لە جوباوە بەرەو پایتەختی باکوور ( خەرتوم) بەڕێکەوتوون، بۆئەوەی وەڵامی کۆمەڵێک پرسیار وەربگرنەوە، کە پەیوەندیان بە جیابوونەوەو داهاتووی ئەم بەشە هەیە .چۆن لەداهاتوودا قازانجی سامانی نەوتی لەنێوانیاندا دابەشدەکرێت ؟ چۆن هەڵسووکەوت لەگەڵ ئەو قەرەزە زۆرەی وڵات دەکرێت کەدەگاتە نزیکەی 37 ملیارد دۆلار، ؟ کێ دەبێت بیداتەوە ؟ هەروەها چارەنووسی شاری ئابی Abyei کەسامانێکی سروشتی زۆری تێدایە، دەکەوێتە سنووری نێوان هەردووکیانەوە، هەردوولا باکور و باشوور خۆیان بە خاوەنی ئەم شارە دەزانن .

دیارە جگەلەمانەش کۆمەڵیک کێشەوگرفتی بچووکی تریان هەیە، بۆنموونە مافی خێڵە کۆچبەرەکان، کەچەندین ساڵە لەنێوان باکوور وباشووردا وەک خێڵی کۆچەری دێن و دەچن .هەروەها چۆنێتی هەڵسووکەوت و هاتووچۆی سنووری نێوانین ڕێک دەخەن.یان بۆ نموونە کارەبای شاری Renk رێنک کەتاوەکوو ئێستاش هەر لەباکوورەوە دێت، دیارە هەرچی پێداویستی و شتی گرنگە هێشتا هەر لەخەرتوومەوە دێت ( لێرەدا مەبەستی پێداویستی گرنگی ژیانە، وەکوو کارەبا و بەنزین و نەوت، ، ، ، ، وەرگێر )

خاڵێکی گرنگی تر مەسەلەی چارەنووسی پەناهیندەکانە، کەوا چاوەرواندەکرێت، لێشاوێکی زۆری پەناهیندەکان بەڕێوە بێت .وا مەزندە دەکرێت، کەزیاتر لە 2 ملیۆن پەنابەری باشووری هێشتا لە باکووری وڵات دەژین، زیاد لە سەد هەزاریان بەرەو باشوور کەوتوونەتە ڕێ .هەموو چاوەڕێی دوائەنجامەکانی ریفراندۆمەکە دەکەن، بەدڵنییایەوە باشوور جیادەبێتەوەو ئەمانیش چیتر ناتوانن لەباکوردا بمێننەوە.ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان UN وامەزندە دەکات، کە نزیکەی 400 هەزار کەس ئاوارەببێت، کەبەشێکیان بەرەو باشوور کەتوونەتە ڕێ.لەهەمانکاتیشدا هەزاران موسڵمان خۆیان کۆکردۆتەوەو بەرەو باکوور کەتوونەتەرێ .

لەناوەڕاستی شاری جوبا، کە پایتەختی باشوورە، سەعاتێکی دیگیتاڵی گەورەیان هەڵواسیوە، کە کاتژمێر و سانیەکان هەتا 09 یانوەر دەژمێرێت .لەسەروو سەعاتەکەوەو لافیتەیەکی گەورەیان هەڵواسیوە و لێیان نووسیوە :

( دواهەمین هەنگاو بەرەو ئازادی )

دیارە لەم وڵاتە نوێیه چاوەروان دەکرێت کە سیاسەتێکی هەژارانە و بێ درامەتانەی حوکمرانی پەیڕەوبکات.دیارە باشووری سودان زۆرترین رێژەی مردنی دایکی منداڵانی تێدایە، لە 10 ژندا 9 یان نەخوێندەوارن، لە 2 کەس دا 1 یان رۆژانە بە کەمتر لە 1 دۆلار ژیان دەباتە سەر .پاشان لەهەموو شاری جوبا و باشووری سودان دا، تەنها یەک پردی لێیه بۆ ئەوەی خەڵکی لە نێوان رۆژئاواو رۆژهەڵاتی رووباری نیل بپەڕنەوە.جێگای ئاماژەیە رووباری نیل بە درێژایی 1200 کم بە باشووری سودان دا تێدەپەڕێت .بۆ 5، 6 ملیۆن کەس تەنها یەک نەخۆشخانەیان هەیە و ئەمەش تەنها لە جوبا یە .کەئەویش لەحاڵەتێکی ئێجگار خراپ و دژواردایە..جگە لە ئاوی خوادنەوەو بیرە، هیچ شتێکی تر لە باشووردا نایەتە بەرهەمهێنان .( مەبەستی ئەوەیە هیچ کارگەیەکی تێدا نییه، جگە لەکارگەی ئاوو، بیرە، ، ، وەرگێر)  

نەخشەی چاوەروانکراوی باشووری سودان

سەرۆکی چاوەڕوانکراوی ئەم دەوڵەتە لە باشووری سودان، Salva Kiir سالڤا کییر.تەمەنی 59 ساڵە ئەو پێشتر سەرۆکی بزاڤە چەکداریەکەو خەباتگێڕێکی ئازادیخوازبووە.بە پێچەوانەی رابەری پێش خۆی، جۆن گەرەنگ John Garang، کەساڵی 2005 بە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکەی گیانی لەدەستدا.سالڤا کەمتر خاوەنی کاریسمایە .بەڵام ئەو کەسێکی تاکتیکی بەتوانایە، دەتوانێت لەکۆتاییدا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت .

ئەو لە ماوەی مانگی پێشوودا توانی، ( Worldords، میرەکانی جەنگ، مەبەست لەوکەسانەن کە ژیانیان لەسەر بەردەوامی جەنگدایە .ئەم دەستەواژەیە زیاتر بۆئەوکەسانە بەکاردەهێنرێت، کەرۆڵێکی بەرچاویان لەکاتی جەنگی ناوخۆدا گێڕاوە، ، ، ، ، ، وەرگێر) بچووک و گەورەکان، هەموویان لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە .دیارە ئەمەش سەرکەوتنێکی گەورەیە، هەرچەندە واهەست دەکەم، سالڤا لەرێگای بەخشێنەوەی دەسەڵات و کورسی بەم میرانە، ئەم سەرکەوتنەی بەدەستهانی .ئەو هەڵگری پەیامێکی میانڕەوە، هەر لەم ڕێگایەشەوە دەیەوێت پارێزگاری لەیەکریزی ناو سووپای باشووری سودان SPLA بکات.، بۆئەوەی لەکاتی ریفراندۆمەکە لەپشتی بمێننەوەو پشتگیری پرۆسەکە بکەن .

تەنها گرفتی نەوت لەگەڵ باکوور بەبێ چارەسەکراوەیی ماوەتەوە، بەدڵنیایەکی زۆرەوە پاش 09 یانوەر، کێشەیەکی گەورەی لێدەکەوێتەوە.بەشێکی زۆری سەرچاوەی نەوتەکە دەکەوێتە باشوورەوە، بەڵام بۆریە نەوتیەکان دەکەونە باکوورەوە، لەوێوە نەوتەکە بۆ بەندەری پۆرت سودان دەگوێزرێتەوەو هەرلەوێش پاڵاوگەی لێیه‌و بە جیهان دەفرۆشێت .دیارە هەتاوەکوو ئێستا داهاتەکە بەشێوەی نیوە بە نیوە دابەشکراوە.بەڵام باشوور دەیەوێت ئەم یاسایە بگۆڕێت و بەشی خۆی زیاتر بکات، چونکە سەرچاوە نەوتەکە لەباشوورەوە دێت .

پاگان ئاموم کە سکرێری گشتی پارتی دەسەڵاتدارە لەباشوور و وەزیری تایبەت بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێکەوتنامەکەیە، بەڵا ئەو زۆر گەشبین نییه .ئاموون پێی ووتین :

( ئەو شێوە دابەشكردنەی نەوت کە ئێستا هەمانە، بەکەڵکی ئێمە نایەت .خەرتووم هەمووکاتێک ئێمەی چەوساندۆتەوەو فەرامۆشیکردووین، بەڵام ئەمەش دەبێت کۆتایی پێ بێت .)

هێشتا لەنێوان باکوور وباشووردا، لە ئەدیس ئەبێبا و لەپێش هەمووشیانەوە لە خەرتوم دانیشتن و گفتوگۆ بەردەوامە .سەرۆکی پێشووی باشووری ئەفریکا، تابۆ مبێکی هەوڵی ناوبژیوانی و دۆزینەوەی ڕێگەچارەسەر دەدات .هەرچەندە هەر لایەو بەرەو شوێنێکی جیا هەنگاوی خۆی دەنێت.

دیارە هەتاوەکوو ئێستا هیچ چارەسەرێک بۆ کێشەی نەوت نەدۆزراوەتەوە.دەرئەنجامێکی تر لەم پرۆسەیەدا کە زۆر بەروونی دیارە، ئەویش ئەوەیە :

ئەگەر هاتوو باشوور لە 09 یانوەردا بڕیاری کۆتایی خۆی بۆ سەربەخۆبوون دا، ئەوا پێدەچێت هەر لەسەرەتاوە ئەو خۆشحاڵی و گەشبینیانەی سەرکەوتن، زوو بۆ بەدگوومانی و بێ باوەڕی بگۆڕێت .پێش هەمووشتێک دەبێت واز لە دەیان هەزاران جەنگاوەر بهێنن، هەتاوەکو ئێستاش هیچ وەڵامێکیان پێ نییه، کەئایا چی لەو هەموو جەنگاوەرانەی پێشوو دەکەن ؟ .لەهەمان کاتیشدا ئەم وڵاتە بە دەیان هەزار مامۆستا، دکتۆر و نەخۆشخانە پێویستە.ئاخۆئەم هەموو کەسە شارەزاییه‌ی چۆن دەستبکەوێت .

بۆ ئامومی وەزیر یەکەمجار تەنها سەربەخۆبوون گرنگە.ئامون زۆرگەشبینانە ووتی :

( ئێمە هەموومان دەمانەوێت لەباکوور جیاببینەوەو سەربەخۆبین .ئێمە دەمانەوێت ژیانێکی باشترمان هەبێت .بەدڵنییایەوە لە یانوەردا دوو دەوڵەتی جییا دەبینین)

سەرچاوە: 

گۆڤاری شپیگلی ئەڵمانی .27.12.2010. 

Knaup Horand.Sudan .der Letzte Schritt zur Freiheit.www.Spiegel.de.27.12.2010

This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.