فاکتەرە ئابووریەکانی فووتباڵ (تۆپی پێ) وەرگێڕانی لە ئەڵمانیەوە : ئەردەڵان عەبدوڵڵا

نووسینی : یێنس ڤیتە .Jens Witte

فووت باڵ ( تۆپی پی) یاری ملیارەها کەسە لەجیهاندا، بەتایبەت کاتێک کە جامی جیهانی دەستپێدەکات .لەم پێنچ شەممەیەدا رێكخراوی فیفا ( یەکێتی تۆپی پێی جیهان)، بڕیار دەدات، کێ میوانداری جامی جیهان بۆ ساڵانی 2018 و 2020 دەکات.( جێگای ئاماژەیە، فیفا بڕیاری دا کەبۆ ساڵی 2018 لە رووسیا و بۆ ساڵی 2022 لە وڵاتی قەتەر ئەنجام دەدرێت، ، ، وەرگێڕ) دەوڵەتی میوانداریش دەتوانن هیوای ئەوەبخوازن کە لە ڕووی ئابووریەوە قازانجی باشیان دەستبکەوێت.بەڵام چ کۆمپانیایەک دەبنە سوودمەندی جامی جیهانی ؟ .

یەکێتی تۆپی پێی جیهان باش دەزانێت چۆن خۆی دەربازبکات، هەرچەندە ئەو کۆمەڵە سکانداڵەی کەلەم ماوەیەدا ئاشکرابوو، بەڵام باش دەزانێت بەرهەمەکەی خۆی ( جامی جیهانی) بفرۆشێت .ئەگەر کاتێک فیفا رۆژی پێنچ شەممە، ئەنجامی کۆتایی دیاریکردنی جامی جیهانی 2018 و 2020 ئاشکرابکات، زیاتر لە 70 کەناڵی جیهانی بەشێوەی زیندی (live ) ئامادەدەبن و پەخشی دەکەن.زیاتر لە 1000 رۆژنامەنووسی جیهان لە شاری زیورخ ( کە بنکەی سەرەکی رێكخراوی یەکێتی تۆپی پێی جیهانی لێیه، ، ، وەرگێڕ) ئامادە دەبن .

 ماوەیەکی زۆرە کە فووت باڵ ( تۆپی پێ) بۆتە یاری ملیارەها کەس.جامی جیهانی کەهەر چوارساڵ جارێک دەکرێت، بۆتە ڕووداوێکی مەزن.بۆ ساڵی 2018 ووڵاتانی ( ئینگلاند، رووسیا، هەردوو دەوڵەتی ئیسپانیاو پۆرتووگال، هۆڵاند و بەلجیکا) خۆیان بۆ میوانداریکردنی ئەم پێشبرکێیه پاڵاوتووە.کاندیدەکانی ساڵی 2022 یش بریتین لە ووڵاتانی ( ئۆسترالیا، ژاپۆن، قەتەر، کۆریای باشوو، ئەمەریکا) .ئەوان ( مەبەستی ئەو دەوڵەتانەی کەخۆیان بۆم جامە پاڵاوتووە، ، ، وەرگێڕ) هەموویان خۆیان لەناو تەلارێکی گرانبەهای 240 ملیۆن فرانکی شاری زیوورخ، کە پێیدەڵێن ( Home of Fifa، ماڵی فیفا) نمایش دەکەن .ئەم تەلارە کەلەسەر چیای زیوورخ دەڕوانێتە سەر دەریاچەی زیوورخ .هەموویان هیوادارن کە ئەم جامەیان بۆ دەربچێت.

لەکاتژمێر 16( سەعات چواری پاش نیوەڕۆ)، سەرۆکی فیفا (Joseph S.Blatter، جۆزێف بلاتە) لەناوئاپۆرەیەکی گەورەی کامێرا کان لە شاری زیوورخ خۆی پیشان دەدات.کابرای سویسری ( مەبەستی جۆزێف بلاتەری سەرۆکی فیفایە، ، ، ، وەرگێڕ) دووکارتی براوەی بەدەستەوە دەبێت، پاشان دەیانکاتەوە و دەڵێت ( And the winner is,,، براوەش بریتییه لە )، پاشان خەندەیەکی گەورە لەسەر لێوەکانی دەبینین.

جۆزێف بلاتەر باش دەزانێت : بەلای ئەوەوە هیچ گرنگ نییه چ دەوڵەتێک میوانداریەکە دەباتەوە، چونکە گەورەترین براوە دیاریکراوە، کەئەویش فیفا خۆیەتی .ڕێکخراوی تۆپی پێی جیهانی ( فیفا) لە 90% ی خەرجی خۆی لەڕێگای فرۆشتنی جامی جیهانیەوە دەستدەکەوێت .بۆ جامی جیهانی ساڵی 2010 کەلە باشووری ئەفریکا سازکرا، 1.6 ملیار ئویرۆی لە تیڤیەکانەوە دەست کەوت.(بۆ پەخشكردنی یاریەکانی جامی جیهانی، کەنالەتیڤیەکانی جیهان، دەبێت پارە بددەنە فیفا، تا مافی بەخشكردنی ئەو یاریانەیان هەبێت، ، ، ، وەرگێر ) .هەروەها پارەیەکی زۆریش لەوکۆمپانیایانە دەستدەکەوێت، بۆ ئەوەی مافی سپۆنسەرو بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانیان پێ ببەخشرێت .کۆی گشتی ئەو داهاتەی کە فیفا دەستی دەکەوێت، دەگاتە 2.6 ملیارد ئۆیرۆ .ئەمەش بازرگانیەکی زۆر باشە.

بەڵام کێی تر قازانجی ئابووری لە جامی جیهانی فووتباڵ دەکات ؟ ئەو دەوڵەتانەی کە میوانداریەکە دەبەنەوە؟ چ جۆرە کۆمپانیایەکن ئەوانەی قازانج لەم یاریە دەکەن ؟ .

خۆشحاڵی بۆ جامی جیهانی فووتباڵ ی 2006 لە ئەڵمانیا زۆر گەورەبوو.بەشێکی زۆری سیاستەمەدارەکان و پسپۆرانی بواری ئابووری، دەیانووت کە : جامی جیهانی فووتباڵ، هێزوتینی گەورە دەداتە ئابووری ئەڵمانیا .بەڵام ئەنجامەکانی پاش ساڵێکی تر بەتەواوی دەرکەوتن .بۆ نموونە ئەنستیتووی ئەڵمانی بۆ لێکۆڵینەوەی ئابووری (DIW ) لە لێکۆڵینەوەیەکیدا، ئاشکرایکرد کە " لەئەنجامی جامی جیهانی فووتباڵ کەلە ئەڵمانیا ساڵی 2006 سازکرا، یەکسەر هیچ هێزێکی گەورەی نەبەخشیە ئابووری ئەڵمانیا ".( مەبەستی ئەوەیە، کەیەکسەر کاریگەری بەهێزی نەکردۆتە سەر ئابووری ئەڵمانیا، ، ، ، وەرگێڕ) .

زۆربوونی ژمارەی توریستی( گەشتیارانی ) بێگانە

کەرتی توریست ( گەشتیاری) زۆرترین قازانجی لەم ڕووداوە دەستدەکەوێت .( مەبەست لە کەرتی گەشتیاری، هۆتێل، مۆتێل، پێنسیۆن، چێشتخانە، هۆکانی گواستنەوە " ئۆتۆمبیل، شەمەندەفەر، میترۆ، پاس"، گازینۆ و شوێنەکانی کات بەسەربردن، ، ، ، وەرگێر) .ئەنستیتووی ئەڵمانی بۆ لێکۆڵینەوەی ئابووری (DIW) گەیشتۆتە ئەو ئەنجامەی کە : لەکاتی یاریەکانی جامی جیهانی فووتباڵی 2006، کە لەمانگەکانی شەش وحەوتدا کران، لەو دوومانگەدا زیاتر لە 1.6 ملیۆن بێگانە لە هۆتێلەکانی ئەڵمانیا شەو ماونەتەوە .دیارە لەم لێکۆڵینەوەیەدا، ئەو حاڵەتانەی باس نەکردووە، کە زۆرجار کەسێک پەشیمان دەبێتەوە.( بۆ نموونە کاتێک کەسێک هۆتێلێک حیجز دەکات، بەڵام پاشتر وازیلێدەهێنێت " ئیلغای دەکاتەوە"، ، ، ، ، وەرگێر ) بەڵام پرسیار لەسەر ئەوەیە، ئایا چەندە گەشتیاری بێگانە دەمێننەوە، کاتێک ڕووداوە گەورەکە نامێنێت ؟ ( مەبەست یارەکانی جامی جیهانییه، ، ، وەرگێڕ)

ئەم نموونەیە ئەوەمان بۆ دەردەخات، کەچەندە زەحمەتە ئەنجامگیریەکی باشمان دەربارەی کاریگەری جامی جیهانی فووتباڵ لەسەر باری ئابووری نیشتمانی دەستبکەوێت .بەدڵنیایەوە کەرتەکانی ئابووری، لەمیانەی جامی جیهانی فووتباڵەوە، قازانجیان کردووە.بۆنموونە کەرتەکانی بواری بیناسازی، قازانجی باشیان لە دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی ستادیۆمەکان ( گۆڕەپانی یاریکردن ) و دروستکردنی ڕیگاوبانەکان دەستکەوت .یاریەکانی جامی جیهانی، نەیتوانی کاریگەریەکی گەورە بکاتە سەر گەشەی ئابووریی ئەڵمانیا، بەپێی ڵێکۆڵینەوەی ئەنستیتووی ئەڵمانی بۆ لێکۆڵینەوەی ئابووری (DIW) ساڵانی پێش یاریەکان جامی جیهانی فووتباڵ، سەرمایەگوزاریەکی ئێجگار گەورە نەهاتە ئەڵمانیاوە.

بەڵام لە ووڵاتە بچووکەکاندا ئەم ڕووداوە کاریگەری جیاوازتری دەبێت .بۆ نموونە لەکاتی یاریەکانی جامی ئەوروپا بۆ تۆپی پێ ساڵی 2004 لە پۆرتووگال، یاریەکانی ئۆڵۆمپیادی 2004 لە یۆنان، سەرمایەگووزاریەکی ئێجگار زۆر، ڕووی لەم دوو وڵاتە کرد .

لەئەنجامدانی ڕووداوێکی ئاوا گەورەدا، مەزندە دەکرێت، گەر کارەکان بەشێوەیەکی باش بەڕێوەبچن، ئەوا قازانجێکی ئێجگار زۆر دەستدەکەوێت، وەکوو ئەوەی کەلە ساڵی 2006 دا ڕوویدا.

ئەم ڕووداوە کارێگەریەکی پۆزەتیفانەی گەورەی دەبێت، بەسەر ئەو وڵاتەی کە میوانداری ئەم ڕووداوە سازدەکەن، بەتایبەت لەڕووی هاتنی سەرمایەگووزاری جیهانی یان کەرتی توریستی ( گەشتیاری) لەداهاتوودا .بەڵام ناتوانین بەتەواوەتی ئەنجامی ئەم کاریگەریەمان دەستبکەوێت .

بازرگانیەکی باش بە زەرفی بچووکەوە/

لەگەڵ هەموو جامێکی جیهانی فووتباڵ، کۆمپانیا گەورەکانی بواری وەرزشی وەکوو Adidas, Puma، Nike، بەگەورەترین سوودمەند دەژمێرێن.بۆ نموونە ئەو تۆپەی کەلە جامی جیهانی ساڵی 2006 دا کە لەلایەن کۆمپانیای Adidas بەرهەم هێنرابوو، زیاتر لە 15 ملیۆن لەو تۆپەی لە جیهاندا فرۆشتووە.جگەلەمەش زیاتر لە 3 ملیۆن فانیلەی تیپی ئەڵمانیای فرۆشتووە( فانیلەی تیپی تۆپی پێی ئەڵمانی، مارکەی Adidas ئەدیداسی لەسەرە .جێگای ئاماژەیە نرخی هەر یەکێک لەو فانیلانە نزیکەی 60 ئۆیرۆیە، ، ، ، وەرگێڕ) .هەروەها لەجامی جیهانی ساڵی 2010 ش لە باشووری ئەفریکاش کۆمپانیای Adidas قازانجی باشیکرد، چونکە جلوبەرگی کۆمەڵێک تیپی جیهانی مارکەی ئەویان لەسەربوو، لەوانە ( ئەڵمانیا، باشووری ئەفریکا، ئەرجەنتین، مەکسیک) .لەمەشدا بەملیۆنەهای لەو جلووبەرگانە فرۆشتووە.

بەهەمانشێوەش کۆمەڵێک کەرتی تر سوود لەو شمەکانە دەبینن، کە هەوادارانی تۆپی پێ پێویستیانە، بەتایبەت ئەوەی کەلە گۆڕەپان و شەقامەکاندا بەکاردێت.بۆ نموونە ( ئاڵا، T-Shirts، فیکە، کەڕەنا، کۆمەڵێک شتی تریش)، هەموو ئەمانەش لە ووڵاتی چین دروستدەکرێن .ئەم ووڵاتە ئاسیاویەش دەچێتە ناولیستی سوودمەندانەوە، هەرچەندە لە جامی باشووری ئەفریکاش بەشداری نەکردووە.لەهەمانکاتیشدا ئەو ماسکێتانەی ( دەموچاوی دەستکرد) کەلە جامی جیهانی لەلایەن هەوادارانەوە بەکاردێت، تەنانەت ئەو شێرە پەرۆینەش کەلە ناو گۆرەپانی یاریگاکەدا دادەنرێن، لە 90% ی هەموو کەڕەنا ( ئامێرەکە وەکوو زووڕنا وایە، لەلایەن هەوادارانی تۆپی پێوە، لەناو گۆڕەپان و شەقامەکاندا بەکاردێت، ، ، وەرگێر) لە Made in China“ " ووڵاتی چین دروست دەکرێت .

یەکێک لەو کۆمپانیایانەی کەلە جامی جیهانیدا قازانجی باشی کرد، کۆمپانیای Panini، کە زەرفی بچووک دروست دەکات.(کۆمپانیایەکی ئیتالیە کە زیاتر کاری چاپکردنی فۆتۆی یاریزانەکانی جیهانە لەسەر زەرف، پوول، کارت، چاپی دەکات .جگەلەمەش کاری کۆمیکی و چاپو بڵاوکردنەوەی کتێبیش دەکات.زیاتریش شمەکەکانی بۆ منداڵان و گەنجان دروست دەکار، جگە لەوەش کۆمەڵێک گۆڤاری تایبەتی بەم بوارە هەیە.جێگای ئاماژەیە کۆمپانیای Panini بەیەکێک لە کۆمپانیا گەورەکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی جیهان دەژمێرێت، ، ، ، ، ، وەرگێڕ) .ئەم کۆمپانیایە وا مەزندە دەکات، کەبۆ جامی جیهانی ئەم ساڵ لە باشووری ئەفریکا، بەرزترین فرۆشی لە ( پوول، فۆتۆ، زەرف) بەدەستکەوتبێت، کە دەگاتە نزیکەی 95 ملیۆن ئۆیرۆ .لەساڵی پێشوودا بەشی ئەڵمانیای ئەم کۆمپانیایە، زیاتر لە 70 ملیۆن ئۆیرۆی لە ئەڵمانیادا قازانج کردووە.

Frank Zomerdijk ی ئەندامی بەڕێوبەری چاپخانەکە ڕایگەیاند:

بازرگانیکردن بە شتومەکی فووتباڵ، لەساڵی 2010 دا، سێ یەکی 1/3 هەموو قازانجی چاپخانەکەمان بووە.بۆ جامی جیهانی فووتباڵ، زیاتر لە 100 ملیۆن زەرفی بچووک (کە پڕیەتی لە فۆتۆی یاریزانەکان) فرۆشتووە.بەڵام بۆ ساڵی داهاتوو، دەمانەوێت تەنها 10% ی کارەکانمان بە بازرگانیکردن بە شمـەکی فووتباڵەوە خەریک بکەین .

 بیرە فرۆشتن /

کۆمپانیاکانی بیرەش لەکاتی جامی جیهانیدا قازانجێکی باشیان دەستدەکەوێت .بۆ نموونە لەکاتی جامی 2006 کەلە ئەڵمانیا کراو جامی جیهانی ئەمساڵیش، بەرهەمی بیرە لەئەڵمانیا رێژەیەکی فرۆشێ زۆری تۆمارکرد.

کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ( تیڤی، ڕادیۆ)

 یاریەکانی جامی جیهانی فووتباڵ، بەتایبەت یاریەکانی تیپی ئەڵمانی، بۆ کەناڵەکانی تەلەفزیۆن، رۆژانە باشترین بینەری بۆ خۆیان ڕادەکێشا .( بۆ نموونە کەناڵی ZDF بەرزترین ژمارەی بینەری لەکاتی یاریەکانی ئەڵمانیا لە جامی جیهانی تۆمارکرد، ژمارەی بینەرانی گەیشتنە 30 ملیۆن بینەر .بەگشتی ژمارەی بینەرانی تیڤیەکان لەم مانگەدا گەیشتە 40 بۆ 50 ملیۆن کەس ).لەکاتی یاریەکانی جامی جیهانیدا، ژمارەی بینەران و بیسەرانی تیڤی و ڕادیۆکان بەرزدەبێتەوە.پەیمانگای GfK بۆ ڵێکۆڵینەوەی بازاڕ ڕایگەیاند:

( لەساڵی 2006 هەفتەیەک پێش ئەوەی جامی جیهانی دەستپێبکات، رێژەی کڕینی تەلەفزیۆن لەچاو هەمان کاتی ساڵی پاردا، بە ڕێژەی 164% بەرزبۆتەوە.)

دەرئەنجام /

ئەوانەی کە لە یاریەکانی جامی جیهانی فووتباڵ قازانج دەکەن، پێشەکی فیفا خۆیەتی، پاش ئەویش کۆمپانیاکانی ئەو دەوڵەتەی کە میوانداری یاریەکان دەکات، وەکوو کۆمپانیاکانی شمەکی سپۆرت( وەرزش)، کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ( تیڤی، ڕادیۆ)، کۆمپانیاکانی بیناسازی، کەرتەکانی بواری گەشتیاری ( هۆتێل، مۆتێل، ڕیستۆرانت، چایخانە، هۆکانی گواستنەوە " فرۆکە، ئۆتۆمبیل، کەشتی، پاس" .ئەگەر هاتوو ئەم ڕووداوە گەورەیەش بەباشی بەڕێوەببرێت، ئەوا کاریگەری باشی دەبێت، بۆ سەر ئیماج ( وێنەی گشتی) ئەو دەوڵەتەی کە میوانداریەکەی کردووە.

بەڵام لەهەمانکاتیشدا پێدەچێت کاریگەری زۆری بۆ ئابووری گشتی نەبێت، بەتایبەت لە ووڵاتە گەورەکانی جیهاندا.( واتە ئەوانەی خاوەنی ئابووریەکی خورت و بەهێزن وەکوو ئەڵمانیا، ، ، وەرگێر) .

سەرچاوە:

گۆڤاری دێر شپیگلی ئەڵمانی .02.12.2010

Jens Witte.Wirtschaftsfaktor Fußball.Wer bei der WM so richtig absahnt

www.Spiegel.de.02.12.2010.

پاشکۆ /

چەند پەیڤێک لەسەر ڕێکخراوی تۆپی پێی جیهان ( فیفا)

پێم خۆش بوو لێرەدا چەند پەیڤێک لەسەر ڕێکخراوی تۆپی پێی جیهانی بنووسم، چونکە ئەویش پەیوەندیەکی باشی بەم نووسینەوە هەیە.لەهەمانکاتیشدا بۆئەوەی خوێنەر زانیاری دەربارەی ئەم ڕێکخراوە جیهانیه گرنگە هەبێت .بەدڵنیاییەوە ( فیفا) یەکێکە لە گەورەترین رێکخراوەکانی جیهانی ئەمڕۆ .لەزۆرکاتدا شان لەشانی رێكخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان (UN ) دەدات.بگرە لەزۆر ڕوەوە، ئەم ڕێکخراوە لە UN گەورەترە.بۆنموونە ئەو بریار دادەرێژێت و یاسای نوێ دادەنێت .هەرکەسێکیش بەگوێی نەکات و سەرپێچی لەبریارەکانی بکات، ئەوا دەتوانێت سزای بدات.لەسەر سزادانیش، خاوەنی میکانیزمێکی باشە.

ڕێکخراوی تۆپی پێی جیهانی (فیفا) کەی دروست بوو/

سەرەتای دروستبوونی ڕێکخراوی Federation Internationale de Football Association ( فیفا)دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی پێشوو.لە 21.مای 1904 لە شاری پاریس، بۆیەکەمجار ئەم رێکخراوە یەکەمین مۆمی تەمەنی خۆی داگیرساند.ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵی هەردوو وەرزشەوانی ئەوروپی Carl Anton Wilhelm Hirschmann کە خەڵکی هۆڵەندا بوو، لەگەڵ وەرزشەوانی فەرەنسی Robert Guérin .ئەم دووانە بەباوکی ئەم ڕێکخراوە دادەنرێن .سەرەتا تەنها شەش یەکێتی تۆپی پێ بەشداربوون، ئەوانیش بریتی بوون لە ( سویسرا، دەنیمارک، فەرەنسا، هۆڵەندا، بەلجیکا، سوێد) .هەر لەهەمان ڕۆژیشدا لەڕێگای تەلەگرافەوە، یەکێتی تۆپی پێی ئەڵمانیش، ئامادەیی خۆی بۆ بەشداربوون لەم رێکخراوەدا پیشاندا.دیارە سەرەتا جۆری بەشداربوونی وڵاتان جیاوازبوو، بۆ نموونە ئیسپانیا لەڕێگای یانەی ریاڵ مەدرید بەشداربوو Madrid Football Club .بۆیەکەمجار ئەم ڕێکخراوە لەڕێگای یاریەکانی ئۆلۆپی هاوینەی ساڵی 1908 لە لەندەن، ناوی چووە ناوگێتی وەرزشەوە .ئەمەش سەرەتایەکی باشی بۆ دروستکرد.پاشتر کۆمەڵێک یەکێتی تۆپی پێی تر، بوونە ئەندامی ئەم ڕێکخراوە.جەنگی یەکەمی جیهانی، کاریگەری خراپی بۆسەر ئەم رێکخراوە هەبوو.لەکاتی جەنگەکەدا هیچ چالاکیەکی گەورەی وەرزشی ڕووی نەدا.بەشێک لەئەندامانیش خۆیان لەم رێکخراوە کشاندەوە، بۆ نموونە یەکێتی تۆپی پێی ئینگلتەرا، وازی لێهێنان.لەپاش مردنی یەکەم سەرۆکی ئەم ڕێکخراوە،

Daniel Burley Woolfall، وەرزشەوانی هۆڵەندی Carl Anton Wilhelm Hirschmann کارووباری ڕێکخراوەکەی گرتە ئەستۆ، ئەویش نەک وەک سەرۆک بەڵکە زیاتر خۆی وەکوو سکرتێری گشتی وەسف دەکرد.گەورەترین گەشەسەندن لەکاتی بوون بەسەرۆکی Jules Rimet فەرەنسیدا بوو.ئەم پیاوە توانی، لەگەڵ Enrique Buero کە وەرزشەوان و دەوڵەمەندێکی ئۆرۆگوایی بوو، توانی یەکەمین جامی جیهانی تۆپی پێ سازبکەن .ساڵی 1930 بۆیەکەمجار جامی جیهانی تۆپی پێ لە ئۆرگوای سازکرا.ئەمەش یەکەمین جامی جیهانی بوو.لەوکاتەوە هەتاوەکوو ئەمڕۆ ئەو ڕووداوە گرنگەی جیهان بەردەوامە.کاتێک ساڵی 1954 Jules Rimet دەستی لەکارکێشایەوە، 5 جامی جیهانی ئەنجام درابوو، ئەندامانی ئەم ڕێکخراوەش گەیشتە 85 ئەندام .رۆژ بەرۆژیش ئەم ڕێکخراوە بەهێزتر دەبوو، ساڵی 1972 لەهەموو جیهاندا 16 ملیۆن وەرزشەوان بەم ڕێکخراوەوە پەیوەست بوون .42.220 مامۆستای وەرزش، زیاتر لە 300 هەزار یانەی وەرزشی، 243.596 ( ناوبژیوان) .لەنێوان ساڵانی 1982 تا 1998، گەورەترین فراوان بوون روویدا.32 ئەندامی نوێ بوون بەئەندامی ئەم ڕێکخراوە.

چۆن ئەم ڕێكخراوە کاردەکات ؟

ئەم ڕێکخراوە لەڕێگای دوو ئەنجوومەنی گرنگەوە سیاسەتەکانی دیاری دەکرێت.ئەوانیش : کۆنگرێس، کەلەهەموو ئەندامان پێک دێت و پێشتر دووساڵ جارێک کۆدەبوونەوە، بەڵام لە ساڵی 1998 وە ساڵانە کۆدەبنەوە.دووەم، ئەنجوومەنی جێبەجێکردنە.کاری جێبەجێکردن و چاودێریکردن و سەربەپرشیکردنی کارەکانی رێکخراوەکەیە .میکانیزمی ئەم ئەنجوومەنەش بەم شێوەیەیە:

  1. سەرۆک
  2. 7 جێگر
  3. 16 ئەندامی ئەنجموونە( هەریەکەیان لە ووڵات و کیشوەرێکەوە هاتووە)
  4. چاودێرێک
  5. سکرتێری گشتی

ئەندامانی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی فیفا

 

کار

ناو

وڵاتانی ئەندام

سەرۆک

Joseph S.Blatter

سویسرا

یەکەم جێگری سەرۆک

Julio H.Grondona

ئەرجەنتین

جێگری سەرۆک

Issa Hayatou

کامیرۆن

جێگری سەرۆک

Chung Mong-Joon

کۆریای باشوور

جێگری سەرۆک

Jack A.Warner

ترینیداد

جێگری سەرۆک

Angel Maria Villar Llona

ئیسپانیا

جێگری سەرۆک

Michel Platini

فەرەنسا

جێگری سەرۆک

Reynald Temarii

تاهیتی

جێگری سەرۆک

Geoff Thompson

ئینگلتەرا

ئەندام

Michel D Hooghe

بەلجیکا

ئەندام

Ricardo Terra Teixeira

بەرازیل

ئەندام

Mohamed Bin Hammam

قەتەر

ئەندام

Senes Erzik

توورکیا

ئەندام

Chuck Blazer

ئەمریکا

ئەندام

Worawi Makudi

تایلاند

ئەندام

Nicolas Leoz

پاراگوای

ئەندام

Junji Ogura

ژاپۆن

ئەندام

Amos Adamu

نەیجیریا

ئەندام

Marios Lefkaritis

قووبرس

ئەندام

Jacques Anouma

ساحیل العاج

ئەندام

Franz Beckenbauer

ئەڵمانیا

ئەندام

Rafael Salguero

گواتیمالا

ئەندام

Hany Abo Rida

میسر

ئەندام

Witali Mutko

رووسیا

 

سەرۆک/

سەرۆک لە هەڵبژاردنێکی ئازادا، لە کۆنگرێسدا دیاریدەکرێت .جێگای ئاماژەیە هەردوو وڵاتی ئینگلتەرا و فەرەنسا، زۆرترین ماوە سەرۆکایەتی ئەم رێکخراوەیان کردووە.

سەرۆکەکانی فیفا

ناو

خووڵات

ساڵی کارکردنی

Robert Guérin

Frankreich  فەرەنسا

1904–1906

Daniel Burley Woolfall

England  ئینگلتەرا

1906–1918

Jules Rimet

Frankreich  فەرەنسا

1921–1954

Rodolphe William Seeldrayers

Belgien بەلجیکا

1954–1955

Arthur Drewry

England  ئینگلتەرا

1955–1961

Stanley Rous

England ئینگلتەرا

1961–1974

João Havelange

Brasilien  بەرازیل

1974–1998

Joseph S.Blatter

Schweiz  سویسرا

seit 1998

 

کارەکانی /

کاری سەرەکی ئەم ڕێکخراوە بریتییه لە، چاودێریکردن و لێپرسینەوەی یەکێتی تۆپی ووڵاتان و یانە وەرزشیەکان .ئەنجامدان و سەرپەرشتیکردنی جامەکانی فووتباڵ لە جیهاندا بۆ نموونە یاریەکانی یانەکانی نیشتمانی و کیشوەری .جامەکانی کیشوەری ( ئەوروپا، ئاسیا، ئەفریکا، ئەمریکای لاتین، ئەمریکای باکوور).چاودێریکردنی هەڵسووکەوتی وەرزشەوانان و ناوبژیوانان.سزادان و لێپێچینەوە لەهەریاریەک، کەلەگەڵ یاساو رێساکانی ( فیفا) نایەتەوە.

This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

 

سەرچاوە:

FIFA.www.Wikipedia.orge.Deutsch.

تێبینی /

ئەم ووتارە لە گۆڤاری واتە ژمارە 6 دا بڵاوکراوەتەوە.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.