دیارە ماوەیەکی زۆرە وڵاتە دێرینەکەی یۆنان بۆتە وێردی سەرزاری رۆژنامەو تیڤیەکانی جیهان .هەواڵەکانی ئەم دواییەی ئەم وڵاتە دێرینە، هەمووی جێگای نیگەرانی و ناخۆشیمان بوو.کاتێک کە سەیری میدیای ئەڵمانیم دەکرد، چەندە ڕق ئەستوورو بریندارکەرانە، باسی کێشەی ئابووری یۆنانی دەکرد، زۆرجار هەستم بە نارەحەتی و بێتاقەتی زۆر دەکرد.ئەڵمانیەکان وەکوو ناسراون زۆر بێ ئەدەبانە سەیری گەلانی تر دەکەن، هەربۆیە بە کەسایەتی ئاراگۆنی ناسراون .لە گۆڤار و رۆژنامهکانی وهکوو ( دێرشپیگل، بیلد، فۆکوس) نووسرابوو( یۆنانییه نابووتەکان، بڕۆن دوورگەکانتان بفرۆشن) .پێدەچێت یۆنانیەکان وەکوو ئەزمونی ئەم چەند ساڵە هەڵەی زۆریان کردبێت، بەڵام نووسینی ئەم جۆرە قسانە هەر لە میدیای ئەڵمانی و توورک دەوەشێتەوە.یۆنان تەنها وڵاتێکی ئاسایی نییه، بەڵکە مێژوو، هونەر، فەلسەفە، موزیک، تەواوی شارستانی مرۆڤایەتی، بەبێ یۆنان، کەلێنێکی گەورەی تێدەکەوێت.یۆنان هەتا ماوەیەکی زۆر قەڵای ڕووناکبیری، چرای فەلسەفەو، پایتەختی شارستانی جیهانی بوو.بەداگیرکردنی شارەمەزنەکەی قووستەنتینۆبڵ، هاتنی بەربەریە توورکەکان و داگیرکردنی کۆنترین و مەزنترین شارستانی جیهان، کۆتایی بە چەرخی زێرینی یۆنان و جیهان هانی.ماوەیەکی زۆری پێچوو، تا لە ووڵاتەکی دایکی فەیلەسسوفانەوە، هەر لە ئەکادیمیاکەی ئەسیناوە ( سوقرات، ئەفلاتون، ئەرستۆ، ڤیساگۆرس، پلاتۆن، ، سەدانی تر) .هەر لەم ووڵاتەوە، بیرمەندو رووناکبیرو رۆمانووسێکی مەزن لەدایک بوو.ئەویش ( نیکۆس کازانتزاکی.1883/1957) .کازانتزاکی توانی، بەقەڵەمە مەزنەکەی، پەلی رۆژبگرێت، جارێکی تر تیشکی پرشنگداری خۆی بەسەر ئەم ووڵاتە دێرینەدا بڵاوبکاتەوە.ماوەیەکی زۆری پێچوو تا یۆنان لە ژێر حوکمی چەتەگەری و بەربەریەتی توورکی ڕزگاری بێت.بەهاتنی ئەم قەومە، چرای ڕووناکی و بیروهونەری جوانی یۆنانی کوژایەوە.زۆری پێچوو هەتا بۆ جارێکی تر مۆمی شارستانی دابگیرسێتەوە.کازانتازاکیش ئەو مۆمە پرشنگدارەبوو، کە جارێکی تر هەموو وڵاتی یۆنانی ڕووناک کردەوە.
دیارە قسەکردن لەسەر نیکۆس کازانتزاکی هەروا ئاسان نییه، چونکە ئەو جگە لەوەی رۆمانووس و ئەدیبێکی بەتوانابووە، لەهەمانکاتیشدا لەبواری سیاسی و رۆحیشدا، رۆڵێکی ئێجگار مەزنی هەبووە.کانزانتزاکی، کەسێکی فرە بەهرە بووە.کەسێک بووە لەناو دونیای جوانی و سروشتی بێ وێنەی یۆناندا گەورەبووە.بەشی هەرەزۆری بەرهەمەکانی وەرگێڕاون بۆ زۆربەی زمانانی جیهان.بەرهەمەکانی لە هۆلیود کراون بە فیلمی، ئەکتەرە مەزنەکانی جیهان وەکو ( ئەنتۆنی کوین) ڕۆڵیان تێدابینیوە.فیلمی زۆربا سێ خەڵاتی ئۆسکاری وەرگرتووە.
لێ ئەوەی ئێمە لێی شارەزایین یان ئەو دیوەی کە نیکۆس کازانتزاکی لای پیشانی ئێمەی داوە، تەنها لەڕێگای بەرهەمەکانیەوە بووە.بەڵام ناخی یان رۆحی ڕاستەقینەی ئەم پیاوە، لای ئێمە شاراوە بووە.ئەم دیوەی ژیانی تەنها لای کەسە نزیکەکانی خۆی دەستمان دەکەوێت، کەئەویش ژنە خۆشەویستەکەیەتی .لەم ماوەیەدا لای کاک حەمید کتێبێکی نایابم بەردەست کەوت، ئەویش بیرەوەری ئیلینی کازانتزاکی، ژنەکەی نیکۆس کازانتزاکییه.لەم کتێبەدا کە بەشێکی زۆری تەرخانکراوە بۆ ئەو نامانەی کە نیکۆس بۆ ژنەکەی ناردووە.هەر لەڕێگای ئەم نامانەوە، پیاو دەتوانێت دیوە شاراوەو نادیارەکەی ئەم کەڵەنووسەرە بە دیاربخات.ئەم کتێبە هەروەکو خاتوو ئیلینی دەڵێت : ( زۆرجار کازانتزاکی داوای لێکردووە کە مرد شتێکی لەسەر بنووسێت) .جێگای ئاماژەیە ئەم خانمە دەستێکی باشی هەبووە لە بواری نووسینی بیۆگرافیدا.پێشتر کتێبێکی لەسەر رابەرو شۆرشگێڕی مەزنی هیندی گاندی نووسیوە.ئەم خانمە خۆی کەسێکی رۆشنبیرو زۆر لە دونیای سیاسەت و ئەدەب و هونەر ئاگادار بووە.لەهەمانکاتیشدا، شارەزاییەکی باشیشی لە ناسینی ناخی نیکۆسی مێردی هەبووە.لەم چەند دێرەدا هەوڵ دەدەم باس لەژیانی تایبەتی نیکۆس بکەم و بۆچوونی خۆشم دەربارەی هەندێک بۆچوونی هەڵەی ئەم کەڵە نووسەرە بخمەڕوو.دیارە من هەمووکاتێک هیچ کەسایەتیەک بە پیرۆز دانانێم، بەڵکە پێش هەموو شتێک ئەوانە مرۆڤن، بەدڵنیایشەوە مرۆڤیش دەبێت هەڵە بکات .هەربۆیە هیوادارم رەخنەکانم بە دڵێکی فراوان وەربگرن .
بۆچی نیکۆس کازانتزاکی دەنووسێت ؟
دیارە هەموومان دەزانین کاری نووسین و ژیانی نووسەران ئاسان نییه .بەڵکە لە زۆربەی کاتدا، بەتایبەت ئەو کاتی یۆنان، ژیانی نووسەران زۆر ناخۆش و زەحمەت بووە.وەلێ بۆچی نیکۆس دەستی بە نووسین کرد؟ .بۆ وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارە گرنگ و پڕ بایەخە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ لای بیرەوەریەکانی نووسەر خۆی .نیکۆس ساڵی 1921 لە دەفتەری بیرەوەریەکانیدا بەم شێوەیە وەڵامی ئەم پرسیارەمان دەداتەوە.
( ئامانجم ئەوەیە، کە مانایەکی نوێتر (تازەتر) بددەم بە ژیان و هەوڵی شیکردنەوەی بددەم .1 )
نیکۆس کازانتزاکی و پرسی نەتەوایەتی/
هیچ کاتێک ناتوانین نووسەر لە دەوروبەرەکەی دابڕێنین .هەموو نووسینێک، هەڵوێستێک، هەڵقووڵاوی ناخی میللەتەکەیەتی .کازانتزاکیش ئەندامێکی ئەکتیڤی کۆمەڵی یۆنانی بووە.لەگەڵ خۆشیەکانیان شایی کردووە، لەگەڵ ناخۆشی و کێشەکانیان، گریاوەو ئازاری چەشتووە.پرسی داگیرکردنی ووڵاتەکەی لەلایەن داگیرکەری توورکیەوە، یەکێک بووە لە پرسەگرنگەکانی ئەوکاتی کۆمەڵگای یۆنانی .ئەویش وەکوو هەموو ئەندامێکی کۆمەڵگاکەی، ڕێگای خەبات و رزگاریخوازی هەڵبژاردووە.ئەو هیچ گوێی نەداوەتەوە ترس و ڕاونان و ناخۆشی ژیان .ئەو تەنها پرسی ڕزگاریخوازی و سەربەخۆیی گەلەکەی ویستووە.لە رۆمانە مەزنەکەی ( ئازادی یان مەرگ) دا، زۆر بە جوانی وەسفی خەبات و شۆرشگێری گەلی یۆنانی کردووە.کازانتزاکی لە ڕێگای ئەم رۆمانەیەوە، توانی چیرۆکی گەلێکی قارەمان، لەدژی پیستیرین و دڕندەترین داگیرکەری جیهان، نەک بۆ یۆنانی بەڵکە بۆ هەموو جیهان باس بکات.کاتێک ئەم رۆمانەم خوێندەوە، لەگەڵ هەر سەرکەوتنێک خۆشی و سەرفرازی بە دڵمدا دەهات و حەزم دەکرد لەگەڵ ( میخایلیس) شۆرشگێر بوومایەو هاوخەباتی بوومایە.لەگەڵ هەر ناخۆشیەک و ڕووخانی شۆرشکە، تارمایی هەرەس و دڵەخوورپەی نائومێدی، جەستەم و هزرمی داگیردەکرد.کاری رۆمانوس تەنها ئەوەندە نییه، کە چیرۆک و حکایەتەکان بۆ خوێنەر بگێرێنێتەوە، بەڵکە رۆمان دەبێت وەکوو خرۆکە سوورەکانی ناو خوێن، بچێتە ناو مێشك و گیانی خوێنەرەوە.بەداخەوە هێشتا یۆنان لە دەستی چەتەگەری توورک ڕزگاری نەبوو، تا هێزێکی دڕندەترو وەحشیتر پەلاماری جەستەی ئەم ووڵاتە مەزنەی دا.ئەڵمانیەکان وەکوو دۆستە توورکەکانیان، بە دردەنترین و وەحشیترین شێوە پەلاماری ئەم وڵاتە مەزنەیان دا.سووتاندن و برسی بوون، ئاوەرایی، چیرۆکی رۆژانەی ئەم گەلە قارەمانە بوو.لەگەڵ هاتنی هێزی داگیرکەری ئەڵمانی، جارێکی تر چرای خەبات و تێکۆشان، چیاو دەریاو پێدەشتە بەرینەکانی یۆنانی ڕووناک کردەوە.خاتوو ئیلینا لە بیرەوەریەکانیدا زۆر بەجوانی وەسفی چەتەگەری ئەڵمانی کردووە، ئەو دەڵێت :
لەگەڵ هاتنی ئەڵمانیەکان برسێتیەکی گەورە وڵاتی داگیرکرد، زیاتر لە 350 هەزار یۆنانی بوونە قووربانی .بەتایبەت کریت زۆری بەرکەوت .کێشەکەمان لەوەدا بوو کە قەبرستانەکەمان بچووک بوو، جێگای ئەو هەموو مەیتەی نەدەگرت .منداڵەکان هێندە لاوازبوون، بە گۆچان فرێدەدرانە ناو قەبرەکانەوە.، ، ، ، کاتێک منداڵێک لەبەردەم بەندەری کریتدا، دەستی بۆ سندوقێکی پاشەرۆ( زبڵ) برد بە دوای ناندا دەگەڕا، عەسکەرێکی ئەڵمانی لێی نزیک کەوتەوەو پاشان بە پۆستاڵەکەی بەر لەقەیداو خستیە ناو سندوقەکەوەو پاشان لەگەڵ سندوقەکە منداڵەکەی فلیقاندەوە.، ، خۆم نەگرت و چوومە پێشی عەسکەرەکە پێم ووت:
بۆچی ئەم هەموو دڵ ڕەقیە شێتانەیە؟ ئایا ئەوە منداڵی خۆت بووایە ئاوا هەڵسووکەوتت لەگدا دەکرد.بە تووڕەیەوە وڵامی دامەوە : گەربەدەستی من بێت، هەمووتان لەناودەبەم .، ، ، ل 373.)
کریت و کازانتزاکی /
گەر چاوێک بە رۆمانەکانی کازانتزاکیدا بخشێنین، دەبینین گۆرەپانی سەرەکی قەڵەمەکەی، دوورگەجوانەکەی کریت بووە.رۆمانە مەزنەکەی ( زۆربا، ئازادی یا مەرگ)، کریت شوێنی سەرەکیانە.زۆرباو میخایلیس، هەردووکیان کوڕی قارەمانی ئەم دوورگەیەن .کازانتزاکی لە ئاوێنەی کریتەوە، تەماشای شتە جوانەکانی جیهانی دەکرد .لە دەریا پاک و ساف و شینە جوانەکەی کریتەوە، دەیویست بەناو جیهانی پان وبەریندا مەلەبکات .زۆرجار هێندە کریتی خۆشویستووە، تەنانەت نەختێک توندڕەویشتی تێداکردووە.بۆ نموونە لە یەکێک لەنامەکانیدا کەبۆ ئیلینای ژنی ناردووە، بەڕاشكاوانە دەڵێت :
( ئەوەی خودا بناسێت، دەزانێت ئێمە کریتین، نەک یۆنانی .من زۆر دڵخۆشم بە خوێنە ئەفریکیەکەم، وە زۆر چالاکانە کاردەکەم، ، ، ل151)
کۆمۆنیزم و سۆڤێت/
ئەوەی کە زۆر ڕوون وئاشکرایە هەمووکاتێک کازانتزاکی تۆمەتی کۆمۆنیزم بوونی پێدا سەپێنراوە.( چونکە جاران لە رۆژئاوا کۆمۆنیزم تاوان بووە! ) .کۆمۆنیزم بووبوە پاسپۆرتێک بۆ کازانتزاکی .هەر لەبەرئەمەش زۆرجاران هەوڵی بچووکردنەوەو ناشرینکردنی بەرهەمەکانی دەدرا.وەلێ کازانتزاکی ئەو کۆمۆنیستە دڵ ڕەق و کەلەپووتە نەبوو، کە زۆرجار وەسفی پێدەکرا.ئەو دژی بیری کۆمۆنیستی ( مارکسی، ستالینیە) بوو.ئەو بیری کۆمۆنیستی قبووڵ بوو وەکو لایەنە هومانیستەکەی، ئەو دەیوویست لەڕێگای پردی کۆمۆنیستیەوە، خۆی بگەیەنێتە هەست ونەستی هەژاران و جووتیارانی گەلەکەی .ئەو دەیویست لەرێگای کۆمۆنیستەوە، تەلارێکی جوانی ئەکرۆپۆلیس ئاسا بۆ هەژاران دروستبکات .هەر دەربارەی بیری کۆمۆنیستی، لەچەند نامەیەکیدا بۆ ژنەکەی، بەجوانی بیری خۆیمان بۆ دەردەخات .
( کۆتاییم بە ڵێکۆڵینەوەکە دەربارەی مەسەلەی کۆمۆنیست هێنا.بەم شێوەیە ناوم لەم قۆناغە نا ( میتا کۆمۆنیزم)، پاشان بڵاویدەکەمەوە، چونکە ئەمە هەنگاوێکی گەورەی ژیانم دەبێت و هەرلەبەر ئەوە دەبێت زۆربەباشی ووشەکان هەڵسەنگێنم .ئەمەش دابڕانێکی تەواوەتیە لەگەڵ کۆمۆنیزم، ئەمە هەنگاوێکە بۆ پێشەوە نەک بۆ دواوە.بەدڵنیایەوە هاوڕێ کۆمۆنیستەکانم لێم زویردەبن، بەڵام ئەوانەی کە لێم رازین، جارێکی تر گوومانی خراپیان لا دروست دەبێت، ، ، ل 150
بیر لەوە دەکەمەوە بگەڕێمەوە بۆ کریت، پاش سێ ساڵ دەمەوێت خۆم وەکوو کاندیدێکی کۆمۆنیستی بەخەڵکی بناسێنم .پێدەچێت بەم شێوەیە بتوانم لەگەڵ هەژاران و برسیەکان بەشێوەیەکی ئاسان قسان بکەم، ئەمەش ڕێگایەکی نوێیه بۆ ناساندنی ئایینەکەمان، ، ل 149 )
لێرەدا بۆم ڕوون دەبێتەوە، کەئەو جۆرە کۆمۆنیستیەکی دەخواست، کە زۆرجیاوازبێت لەو کۆمۆنیستەی کە باوە.ئەو هەموو کاتێک رۆحێکی سۆفیگەرایی رۆژهەڵاتی کاریگەری زۆری هەبووە بەسەریەوە.ئەو پێی وابوو مرۆڤ پێش ئەوەی ماددە بێت رۆحە.
رەخنە لە سۆڤێت /
رووسیاو شٶرش و سۆڤێتەکەی، پانتایەکی ئێجگار گەورەیان لە ژیانی کازانتزانکیدا داگیرکردووە.سەرەتا رووسیا خەونێکی خۆش بووە لای، ئاواتێکی گرنگ بووە، هەربۆیە یەکەمین سەردانی جێگایەکی گەورەی لە ژیان و هزرو نەستی کازانتزاکیدا داناوە.ئێمە هیچ کاتێک بۆچوونی راستەقینەی ئەم پیاوە دەربارەی سۆڤێت و کۆمۆنیستمان نەزانیوە.بەڵام کاتێک نامەکانیم خوێندەوە، دەبینم کازانتزاکی نەک بە سۆڤێت رازی نەبووە، بەڵکە زۆرجاریش دژیان وەستاوەتەوە.
( هەموو شۆرشگێرەکان بوونەتە کەسانێک کەلە خۆشگوزەرانیدا خۆیان جێگیرکردووە، وەبەشێوەیەکی ئێجگار خێراش بوونەتە کەسانی کۆنەپارێز، دەتوانم بڵێم هێدی هێدی دەبنە کۆنەپەریستیش، ، ، ل 207 )
دیارە کازانتزاکی لەژیانیدا سێ جار بۆ سۆڤێت سەفەری کردووە.هەرجارەو جۆرە بۆچوونێکی لادروستبووە.هەرجارەو کونێکی شاراوەی ئەم قەڵا ئەفسووناویەی کۆمۆنیستی بینیوە.ئەو بەحوکمی ئەوەی مسافرێکی پاسیف نەبووە، بەڵکە هەمووکاتێک بەکامێرای خەیاڵی، خاڵە نێگەتیڤ و پۆزەتیفەکانی خەزنکردووەو پاشانیش هەڵوێستی خۆی پێ ڕاستکردۆتەوە.
( پێویستە لەمۆسکۆ یان لە لینینگراد بژین، بێجگە لەو دووشارە، ئەوانی تری هەموو لادێیه، ، ، ل 179)
لێرەدا ئەوهەموو پروپاگەندە درۆیانەی کە سۆڤێت بۆخۆی دەکرد، بەدەردەکەوێت .ئەو سیاسەتە نا یەکسان و ناداپەروەرانەی، کە کۆمۆنیستە رووسەکان بەرامبەر بە گەل و نەتەوەو ناوچەکانی تر دەیانکرد، لەو جیاوازیە گەورەیەی لەنێوان مۆسکۆ و ناوچەکانی تر بەدەردەکەوێت .
بەڵام لەهەمووی گرنگتر هەڵوێستی ئەم کەڵە نووسەرەیە لەسەر دادگا شوومەکانی مۆسکۆ .ئەو دادگایانەی کەبە هەزاران شۆرشگێرو قارەمانی رووسی بوونەت قووربانی سیاسەتی پاکتاوکردنی رژێمە دڕندەکەی ستالین .ئەو نەک ستالین بەڵکە هەموو سیستەمی دادوەری و یاسای رووسی دەخاتە ژێر پرسیارو رەخنەوە.
( من لێرە راوەستاوم کە زیاتر خۆم وەکوو دیلێکی جەنگ دەبینم .بەم زوانە دەستدەکرێت بە دادگاییکردنی بەلشەفیەکان، چونکە دادوەرەکان بڕیاریان داوە، هەروەک پێیان ڕاگەیاندین، دەیانەوێت من و غلینوس، لێدان بخۆین، بۆ ئەوەی ئەوانی تر بترسێنن .ئەم دادگایانە کە دەلێیت دادگاکانی سەدەکانی ناوەراستە، هەروەک خۆیان دەڵێن، گرنگ و سەرسوورهێنەرە، ، ، ، ل 173 )
سەفەر /
سەفەر بەشێکی گرنگی ژیانی کازانتزاکی بووە.ئەو نەیتوانیوە هیچ کاتێک بەبێ سەفەر بژی .هەتاوەکوو ئێستاش هیچ نووسەرێکم نەدیوە هێندەی کازانتزاکی حەزی بەسەفەرو گەڕان بووبێت .نووسەری ناوداری میسری نەجیب مەحفوز، بەهەموو تەمەنی، تەنها بۆ ماوەی هەفتەیەک سەردانی گوندەکەی لە فەیوم کردووە، پاش ئەوە هیچ کاتێک سەفەری نەکردووە2.بە پێچەوانەوە کازانتزاکی بەشێکی زۆری تەمەنی لەسەفەردا بووە.ئەو لەهەرسێ کیشوەرەکە ( ئاسیا، ئەوروپا، ئەفریکا) میوان بووە.سەردانی ( یەکێتی سۆڤێت، ئیتالیا، ئەڵمانیا، نەمسا، چیکۆسۆفاکیا، بەریتانیا، میسر، ئیسرائیل، ئوردون، پاشان بەکەشتی لە میسرەوە چووە بۆ ژاپۆن، وڵاتانی هیند و سینگاپوور، مالیزیا، چینی بینووە) .دیارە ئەو هەموو کونج و قووشبنێکی یەکێتی سۆڤێت گەڕاوە.لە مۆسکۆوە بەرەو سیبیریا.پاشان بۆ سنووری چین و لەوێوە بۆ ئاسیای ناوەراست شارەکانی ( سەمەرقەند، تاشقەند، بوخارا) ی دیوە.و پاشان بە قەوقازدا گەڕاوەتەوە مۆسکۆ.دیارە زۆرجاریش ئەم جۆرە ژیانەی بۆتە جێگای رەخنە لای خەڵکی .لەیەکێک لەنامەکانیدا دەڵێت:
( زۆرکەس بەهۆی جۆری تایبەتی ژیانمان کە زیاتر لە مسافیر دەچین، بە شێت مان دادەنێنێن.چونکە پارەمان نییه .بەڵام ئێمە دەتوانین زۆر شوێن و ولاتی نوێ ببینینن، ئەوەش جۆرە هەستێکی زۆر جوانمان دەداتێ .زۆرکەس تاوانبارم دەکەن، کە لە لایەنێکەوە پارەمان بۆ دێت، بەڵام ئەوانە هەموویان هەڵەن، تاکە لایەنێک کە پاڵمان پێوە دەنێت ئەویش ( رۆحە) .، ، ، ل254)
رۆژهەڵات /
دیارە هیچ شوێنێکی جیهان هێندەی رۆژهەڵات کاریگەری رۆحی نەبووە بەسەر کازانتزاکیەوە.لای ئەو رۆژهەڵات قەڵای رۆح بووە.مەسیح و مێژووی کۆنی شارستانی رۆژهەڵات، کاریگەری گەورەیان لەسەر ئەم کەڵە نووسەرە داناوە.هەربۆیە یەکێک لە ئاواتە گەورەکانی ئەوەبووە، کەبە چاوی خۆی وەکوو مەلێکی ئازاد بەناو بازارەکانی ئەسکەندەریەو مزگەوتەکانی قاهیرەو کەنیسە دێرینەکانی ئیسرائیل و قبطیەکان ببینێت.ئەو هەر لە دوورەوە بۆنی رۆژهەڵاتی دەکرد، بەڵام پاشان سەفەرێکی باشی بۆ ئەم ناوە کرد.من هەتا نامەکانیم نەخوێندەوە، نەمزانی رۆژهەڵات چەندە خۆشەویست بووە لای .ساڵی 1927 بۆ یەکەمجار سەردانی میسر و پاشان ئیسرائیل دەکات .
( ئەوە رۆژهەڵاتە کە خۆشمان دەوێت، کە پڕیەتی لە ڕووناکی و عەترو لمی نەوەی بێ کۆتایی، ئەو نەوانەی کە بێرەدا تێپەڕین، پاش ئەوەی کە دڵگرانی و خۆشەویستی خۆیان کرد و پاشانیش نەمان .، ، ،
ئای لەم زەویە چەندە سەرسوورهێنەرە، چەندە هەموو شتەکانی بەشێوەیەکی جوان ڕێکخراوە، هەتاوەکوو جێژ بە چاوو مێشکی ئێمە بدات ...ل156.155)
ئینگلاند و شارستانی رۆژئاوایی/
ئەو بۆ ماوەیەکی زۆر ژیانی پاریس و رۆژئاوای بینیبوو.بەڵام لەو باوەڕەدام هیچ کاتێک هێندەی سەفەری بەریتانیا، ژیانی رۆژئاوایی ناخی نەهەژاندووە.ئەو کاتێک لە بەریتانیا دەبێت، کۆمەڵێک نامە بۆ ئینیلی دەنێرێت .لەو نامانەدا هەستی راستەقینەی خۆی دەربارەی رۆژئاوا دەردەبرێت .
( ئینگلتەرا خۆشی لەدەستدا، وە ژیانیش دەڕوات و کەسیش ناتوانێت رێگبرێت .ئامێرەکان سەرکەوتن، وە مرۆڤی ئەمڕۆش بە هیوایەکی گەورەو گەشبینیەکی هەرزەکارانە، پێشوازی لە هێرشی ماددە کرد .خۆشحالە بە کۆیلە ئاسنە نوێکانی .پێی وایە بەم شێوەیە دەتوانێت ئازادی دەستبکەوێت و رۆحیشی ئازاد بکات .بەڵام نەبەردی مرۆڤ لەوەدایە، کەهەمەیشە لە جەنگێکی بەردەوامدایە، لەدژی ئەو یاسایانەی کەدژی مرۆڤایەتین و گۆڕینیان بەو یاسایانەی کە هەڵقووڵاوی دڵن، ، ، ل 348
مانشستەر، شارێکی بێ تامە، پڕیەتی لە دووكەلی خەڵوز، دەمووچاوی مۆن و گرژ، ماڵەکان دەڵێیت بنکەی سەربازین .، ، ، ل 346
لیڤەرپووڵ، شارێکی گەورەیە، بۆنی ناخۆشە و خەڵوزاویە، تەنها یەک دوو تابلۆم بینی، ئەویش هی وێنەکێشێکی ئیتالی بوو، ، ، 346
کازانتزاکی زۆر دژی ئەو ژیانە ماددی و کەپیتالیستیەی رۆژئاوا بوو، ئەو پێی وابوو هەروەک چۆن لە سۆڤێت رۆح نەماوە، بەهەمان شێوەش رۆژئاواش رۆحی کۆچیکردووەو ئامێر جێگای گرتۆتەوە.
دژواری و ناڕوونی لە ژیانی کازانتزاکی دا/
کازانتزاکی وەکوو هەموو ڕووناکبیرێک، کۆمەڵێک دژواری و ناکۆکی لەناو ژیان و دەروونیدا بووە.ئەم ناکۆکیانە تا ڕادەیەکی زۆر لەلایەن خاتوو ئیلیناوە ئاشکرایکردوون .بە بڕوای من زاڵبوونی هزری رۆحی و مەسیحی، لەگەڵ بیری کۆمۆنیستی، ڕٶڵی سەرەکی هەبووە لەم ناکۆکیە دەروونیەی کازانتزاکیدا.ئەو هەتاوەکوو کۆتایی ژیانی پێی وابووە، کە مرۆڤ پێش هەموو شتێک رۆحە پاشان ماددە.ئەمەش بیرێکی میتافیزکی بووە، کەبەهیچ شێوەیەک لەگەڵ بیری ماتریالیستی مارکسیدا نایەتەوە.مەسیح لای ئەو هێمای ئیمان بووە، لینینیش هێمای کارکردن بووە.
خاتوو ئیلینای دەڵێت :
(هەر لەیەکەم رۆژەوە بەم شێویە کازانتزاکیم بینی، وەهەر بەم شێوەیەش مایەوە.ئەو بەکۆمەڵێک دژوار، ناکۆکی ( تناقض) خۆی شاردبۆوەوە.بەڵام بەبێ سازشکردن بۆ پێشەوە هەنگاوی دەنا .ئەو نەرم ڕەو بوو و توندڕەویش بوو، میوان دۆست بوو، تەنها پەرستیش بوو، زۆر بەشێوەیەکی بێ سنوور پارەی بە هونەرمەندەکان دەدا و زۆریش یارمەتی سەرکەوتنی دان، لەهەمان کاتیشدا دژی دەوڵەمەندەکان دەوەستایەوە، تۆمەتباری دەکردن کە یارمەتی هەژاران نادەن .ئەو گیانی سۆفیگەری قبووڵ بوو، چونکە نەیدەتوانی کاری مسیۆناری بکات، ، ، ، ل 23 )
ئەو لەکاتێکدا خۆی رەخنەی لە یەکێتی سۆڤێت دەگرت و دژی سیاسەتەکانی بوو، بەڵام کاتێک کەسێک رەخنەی لە سۆڤێت بگرتایە ئەو دژی دەوەستایەوە.بۆ نموونە کاتێک نووسەرێکی فەرەنسی بەناوی ( باناییت) ووتارێک دژی سۆڤێت دەنووسێت، ئەو دژی ئەو نووسەرە دەوەستێتەوە وپێی وایە بە شێوەیەکی ئیستفزازی باسی رووسیا دەکات، هەر شتە ناشرینەکان دەبینێت و شتە باش و جوانەکان باس ناکات .بەڵام هەر ئەم برادەرە خۆشی، ووتار لەسەر سۆڤێت دەنووسێت و بۆ رۆژنامەکانی ئەڵمانیای دەنێرێت، چونکە هەروەک ژنەکەی دەڵێت ( پارەی باشیان دەدانێ !، ل 211) .دیارە رۆژنامەکانی ئەڵمانیا بە چەپ و راستەوە، لە دیدێکی شۆڤێنیانەوە سەیری سۆڤێت و روووسیایان دەکرد، هێشتا رۆژنامە ئەمریکیەکان لە چاو ئەماندا زۆر شەریفتربوون.شتێکی جوان نەبووە کە ئەو نووسەرە بەڕێزە، لە لاپەرە زەردو ریسواکانی رۆژنامەکانی ئەڵمانیاوە، تەقە لە یەکێتی سۆڤێت و رووسیای مەزن بکات .چونکە هەر ئەو رۆژنامانە ئەمرۆ قسەی سووک و چرووک بە گەلی یۆنانی مەزن دەڵین ( بە تەمەڵ و نابووت ) وەسفیان دەکەن و پێشنیاری ئەوەشیان بۆ دەکەن کە ( دوورگەکانیان بفرۆشن !) .
ئالەوکاتەی کەئەو دژی ژیانی رۆژئاوایی و ماددیەت و ئامێرە، کەچی هەرخۆشی دژی ئەوژیانە سادەو ساکارەی رۆژهەڵاتە .بۆنموونە لەو نامەیەی کە باسی سەفەرەکەی میسر دەکات بەم شێوەیە قسە دەکات .
( دوێنی لە سەحرا بووم، لەگەڵ هاتنی شەودا، من وکابرایەکی بەدەوی لەژێر دارخورمایەکدا خەیمەیەکمان هەڵدا و ئاگرمان کردەوەو چاییمان دروستکرد، پاشانیش نانمان خوارد، ، ، ، بەڵام ئەو شەوە هەستمکرد زۆر توورەبووم، زۆر ڕقم لەژیانی مرۆڤی خاکی و قەناعەتکەر ( متواضع) و قبووڵ کردنی ئەم چارەنووسە بوویەوە.، ، ، ل 156)
فاشیزم و بینی مۆسۆلینی /
بۆیەکەمجار کاتێک ئەو لاپەرەیەم خوێندەوە باوەرم نەکرد، هەربۆیە جارێکی تریش چوومە سەر ئەو لاپەرەیە، دیسان جارێکی تریش ئەم دێرانەم خوێندەوە:
( لە 13 ئۆکتۆبەرەی 1926، مۆسولۆنی پێشوازی لە کازانتزاکی کرد، ، ، ل142)
ئایا ئێوە باوەردەکەن، کەئەو پیاوەی ئەو هەموو کتێبە ئەستوورانەی دەربارەی شٶرش و خەباتگێری نووسیبێت، ئامادەبێت بچێت، درندەترین و دڵرەقترین و سەرسەخترین دوژمنی مرۆڤایەتی ( مۆسۆلینی) ببینێت ؟ .ئەمە گەورەترین پارادۆکسە کە من لەژیانی ئەم نووسەرەدا بینیبێتم .نەک ئەوەش بەڵکە زۆر خۆشحاڵیش بووە بەم پێشوازیە، ئەوەتا خۆی دەنووسێت :
( زۆر هەست بەشەرم دەکەم هێشتا هیچ شتێکم بۆ ئەم پێشوازیە ئامادەنەکردووە.چەند رستەیەکی کورت، بیری گەورە، هەستی مرۆڤایەتی گەورە، ، ، ل142)
بەراستی ئەمە شەرمەزاریەکی گەورەیە، ئالەوکاتەی کە نووسەرانی وەکوو ( گرامشی و تۆلیاتی) لە زیندان بن، هەرچی خەباتگێرو کۆمۆنیست هەیە، بۆتە نێچیر بۆ ڕاوی پۆلیسەکانی مۆسۆلینی، کەچی کازانتزاکی نە گوێ، نەهەست بە ئازاری هاوڕێیانی ناکات .دیارە هەر پاش چەند ساڵێکی تر، مۆسۆلینی لەگەڵ ئەڵمانیە بەربەریەکانی هاوڕێیدا، دوو قۆڵی پەلاماری یۆنانیان داو، کازانتزاکیش ناچار وڵاتی جێهێشت .
پاشان بەمەش ناوەستێت، پاش ئەم سەفەرەی کاتێک خاتوو ئیلینیا دەربارەی بۆچوونی لەسەر مۆسۆلینی ورژێمی فاشیزم لێی دەپرسێت .ئەو بەم شێوەیە وەڵام دەداتەوە.
ئیلینا / چ سیمایەک دەربارەی فاشیزم هەستت پێتکرد ؟
کازانتزاکی / لەزۆر شتدا لەگەڵ کۆمۆنیزم هاوبەشن
ئیلینا/ چۆن دەبێت ئەوە؟
کازانتزاکی / هەردووکیان باوەریان بە نەمانی ئازادی تاک و باوەر بە داهاتووی باشترە .
ئیلینا / باشە ئەگەر مۆسۆلینی مرد، چی ڕوودەدات ؟
کازانتزاکی / پاش مردنی مۆسۆلینی فەوزایەکی گەورە دروست دەبێت، وە جەنگی ڕق و کینەی دروست دەبێت، ئەو کەسانەی کە بەدەست ئەم رژیمەوە چەوساونەتەوە، هەوڵی تۆڵە لەو خەڵکانە دەکەنەوە، پاشان جەنگ لەنێوان سەرکردە کۆنەکان و سەرکردە تازەکان دروست دەبێت .هەربۆیە بەبۆچوونی من مۆسۆلینی بۆ حاڵی حازر باشترین ئامێرە بۆ قۆناغی پاش کۆمۆنیزم، ، ، ، ل 146 ( لێڕەدا مەبەستی ئەوەیە کە مۆسۆلینی باشترە بۆ ئەم قۆناغە نەک کۆمۆنیستەکان )
دیارە لەم دیالۆگەی نێوان ئیلیان وکازانتزاکیدا، بۆچوونی سەقەتی و سادەیی کازانتزاکی دەردەکەوێت .ئەو لەو باوەرەدابووە، کە مۆسۆلینی بۆ ئەم قۆناغەی ئیتالیا باشترە، لەحالەتێکدا، رژێمێکی پۆلیسی، دوژمنی سەرسەختی چەپ و کۆمۆنیستەکانە، لەحالەتێکدا ئەم برادەرەمان خۆی بە چەپ دادەنێت !!!.
پاشان ئەو دێت، رژێمی فاشیزم، کەلەسەر بنەمای جەنگ و چەتەگەری بنیادنراوە، لەگەڵ کۆمۆنیزم خاڵی هاوەبەشیان بۆ دەدۆزێتەوە.واتە لەیەکتریەوە نزیکن، چونکە گەر خاڵی هاوبەش هەبوو، واتە نزیکایەتیشیان دەبێت .ئیتر من نازانم ئەم برادەرە بۆچی بە کۆمۆنیست لەقەڵەم دراوە؟ لەحالەتێکدا ئەمە بۆچوونی بوە دەربارەی کۆمۆنیزم ؟
هەڵوێستی دەربارەی جەنگی ناوخۆی ئیسپانیا/
لە شوێنێکی تردا کە هەڵوێستی خۆی دەربارەی جەنگی ناوخۆی ئیسپانیا دەردەخات، کە زۆرم پێ ناخۆش بوو ئەو هەڵوێستە ناشرینەم بینی .
لە نامەیەکدا بۆ ئیلینای ژنی دەنووسێت :
ئیسپانیا لە مێشکمدا ناڕوات، زۆر تووشی ئازاریکردووم، هەروەک بڵێیت کائینێکی زیندووبێت، زۆر هەست بە ئازارو وێرانی و نەگبەتیەکانیان دەکەم، وەهەوڵ دەدەم بەشێوەیەکی بێ لایەنانە بنووسم، دڵنیاشم هەردوو لا توورە دەبن، ، ، ل 319)
ئەمە بۆ مێژوونوسێک زۆرئاسایە ئەمە هەڵوێستی بێت، بەڵام بۆ کەسێکی وەکوو کازانتزاکی، کەخۆی بە شۆرشگێر و نووسەری بەرەنگاری دەزانێت ئەم جۆرە هەڵوێستانە شەرەمەزاریە.ئەو دەبوایە وەکوو هەموو نووسەرانی تر، خۆی بخستایە بەرەی کۆماریەکان و دژی فاشیستەکان بوایایەتەوە.چونکە فاشیستەکان دوژمنی هەموو مرۆڤایتین نەک هی کۆمۆنیست بەتەنها .
کوردو کازانتزاکی /
هیچ نووسەرێکی جیهانی هێندەی کازانتزاکی لای گەلی کورد خۆشەویست نەبووە.هیچ نووسەرێکیش هیندەی ئەو، کتێبەکانی بۆ زمانی کوردی وەرنەگێراون.زۆرجار ئەم نووسەرەو بەرهەمەکانی، بە شەوقێکی زۆرەوە پێشوازیەکی بێ وێنەیان لێکراوە.لەگەڵ هەر کتێبێکی کە کرابێتە زمانی کوردی، یەکسەر خوێنەرانی کورد پێشوازی گەرمیان لێکردووە.هەر لەساڵانی هەشتاوە کتێبەکانی کازنتزاکی لەناو توێژی خوێندەواور و نووسەرانی کورد، جێگای بایەخ و قسەوباسی زۆربووە.دیارە یەکێک لەهۆکارە گرنگەکانی ئەم پێشوازیە گەرمە دەگەڕێتەوە بۆئەوەی، کە بەشێکی زۆری بەرهەمەکانی، بریتن لە ئەدەبی بەرەنگاری و چیرۆکی خەبات و شۆرشگێری .ئێمەش بەحوکمی باری سیاسی گەلەکەمان، خۆمان لەناو جیهانی کازانتزاکیدا بینیوەتەوە.لەم چەند ساڵەی دواییدا بەشێکی زۆری کتێبەکانی ئەم نووسەرە کراون بەکوردی .
یەکەمین بەرهەم دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی هەشتاکان، رۆمانی براکوژی کە بەرێز عەبدول کەریم شێخانی کردوویەتی بە کوردی .پاشان رۆمانە مەزنەکەی ( ئازادی یا مەرگ) لەلایەن رووناکبیرو نووسەری گەورەمان هێژا کەریم حوسامی کراوە بەکوردی.پاشان چیرۆکنووسی بەتوانای گەلەکەمان بەڕێز رەئووف بێگەرد ( زۆربا) ی کردە کوردی .دیارە زۆربا پێشوازیەکی باشی لێکراو سێ جاری تر چاپکرایەوە.شاعیری گەنج و هەست ناسکی گەلەکەمان دلاوەرقەرەداغی هەرسێ رۆمانی ( فرانسیسکۆ قەدیسی من، راپۆرت بۆ کریگۆری، مەسیح لە خاچ دەدەنەوە) کردوونە بەکوردی .( دوا وەسوەسەی کریست) لەلایەن بەرێز کەریم دەشتی، ( باخچەی بەردین) لەلایەن بەرێز جەلیل کاکە وەیس کراوە بەکوردی .(سۆڤیگەرێتی) لەلایەن بەرێز رەئووف حەسەن کراوە بەکوردی .
ئێمە وەکوو گەلی کورد، بەحکومی ئەوەی لەگەڵ گەلی یۆنان یەک دوژمن، ووڵات و خاك و گەلەکەمانی داگیرکردووە، کەئەویش ( توورکە)، هەربۆیە ئاساییه هێندە تامەزرۆی بەرهەمەکانی کازانتزاکی بین .ئەو چیرۆک و پاڵەوانانەی کە کازانتزاکی باسیکردوون، لای ئێمە نامۆنین، بەڵکە رۆژانە ئەو چیرۆکانەمان بەچاوی خۆمان بینیوە.هەربۆیە کاتێک کە رۆمانەکانی کازانتزاکی دەخوێنینەوە، زۆر هەستێکی رۆحی مەزنمان پێدەبەخشێت.
هەڵوێستی خراپی کازانتزاکی بەرامبەر بە گەلی کورد /
ئالەوکاتەی کە گەلی کورد بەم جۆرە پێشوازی گەرم لە کارو بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە بەڕێزە دەکات، کەچی بەداخەوە هەڵوێست و بۆچوونی ئەم برادەرە زۆر دژی کوردە.من لەوباوەرەدانیم کە کازانتزاکی ئاگاداری ڕەوشی سیاسی گەلی کورد نەبووبێت .هیچ کاتێکیش قەناعەتەم بەوەنییه، کەئەم بەرێزە تەنها بۆ ڕازاندنەوەی رۆمانەکەی بە خراپ باسی کوردی کردبێت، یان ئەو تەنها باسی مێژووی کردووە.
لەرۆمانی زۆربا کە لەکوردستان زۆر بەگەرمی پێشوازی لێکرا و سێ جاریش چاپکرایەوە، لەم رۆمانەدا زۆر بەناشرینی باسی کورد دەکات.
( تۆپخانەی کوردەکان شارەکەیان تۆپباران دەکرد، ، ،
گەر کوردەکان بێنە ناوشارەوە، ئەوا هەموومان وەکوو ئێستر ناڵ دەکەن، ، ، هەربۆیە من شار بەجێدەهێڵم، ، ، زۆربا .ل 197 )
دیارە پێش هەمووشتێک گەر گەلی کورد تۆپخانەی هەبوایە، ئەوا خاوەنی دەوڵەتیش دەبوو.وەلێ ئەمڕۆ بەچاوی خۆمان دەبینین کە نەک تۆپخانەمان نییه، بەڵکە چەندین ساڵە هەتاوەکوو ئێستاش، گوندو شارەکوردیەکان لەهەرچوارپارچەکەدا، بەدەستی دوژمن تۆپباران دەکرێت و ماڵوێران و سووتاندن و ئاوارەیمان بەنسیب دەبێت.پێدەچێت لەکاتی خەلافەتی عوسمانیدا، چەند سەرۆک جاشێکی کورد، بەشداری چەتەگەری و دزی و تاڵانی کردبێت، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت، کەگەلی کورد تۆمەتباربکرێت، چونکە ئێمە هێشتا وڵاتەکەمان بەدەستی داگیرکەرەوە دەناڵێنێت و هێشتا ڕزگامان نەبووە.بۆ نموونە کاتێک لەرژێمی بەعسدا کۆمەڵێک کەسی فەلەستینی و لوبنانی و میسری، بەشداری دەزگاپۆلیس و ئەمنیەکانی بەعس بوون.لەهەمووشیان ناودارتر ( مولازم موحسینی) فەلەستینی بوو، کەهەموو شاری سلێمانی خستبووە زەلالەتەوە.بەڵام ئایا دەکرێت ئەمرۆ نووسەرێکی کورد بێت، سەنگەر لەگەلی فەلەستینی بگرێت؟، لەکاتێکدا ئەم گەلە خۆی بەدەستی داگیرکەرەوە دەناڵێنێت؟ .لەلایەکی ترەوە ئەم برادەرە زۆر هەڵەی گەورەشی کردووە، ئەو لێرەدا باسی شاری قارس دەکات، کەچۆن کوردەکان یۆنانیەکانیان دەرکردووە، ئەمەش هەڵەیەکی گەورەیە، چونکە لەم شارەدا جگە لە ئەرمەنی کە زۆریەنی دانیشتوان بوون، یۆنانی هەر تیانەبووە.جێگای ئاماژەیە نووسەرێکی توورکیش بەناوی ئورهان پاموک، رۆمانێکی لەسەر ئەم شارە نووسیوە( بەفر)، کوردی وەکوو ژنکوش و دواکەوتوو وەسفکردووە، هەر لەسەر ئەم رۆمانەشی خەڵاتی نۆبڵیان دایە .پارادۆکس لەوەدایە ئەم رۆمانەش لەناوکوردستاندا پێشوازی باشی لێکرا؟
بەڕاستی ئەمەشەرمێکی گەورەیە بۆ کازانتزاکی کە دێت سەنگەر لەگەلی کورد دەگرێت، ئالەوکاتەی کەئەو رۆمانەکەی نووسیوە بگرە هەتاوەکوو ئەمرۆش، کورد لەژێردەستی داگیرکەرانیدا دەچەوسێتەوە.بەخوا زۆر شەرمیشە تۆ بێیت سەنگەری خۆت لەدژی گەلێکی بێ دەسەڵات بگریت.بەپێچەوانەی کوردەوە، ئەو هیچ کاتێک نەهاتووە بچووکترین رەخنە لە بەربەریەت و چەتەگەری ئەڵمانی بگرێت.لەحالەتێکدا ئەو بەچاوی خۆی ئەم چەتەگەریەی بینیوە، بەڵام هیچ هەڵوێستی نەبووە.نەک ئەوەش بەڵکە زۆر هۆگری کەسێکی وەکوو نیتچە بووە.لە حالەتێکدا هیتلەر بە منداڵی شەرعی نیتچە دادەنرێت.نەک ئەوە بەڵکە کازانتزاکی دواساتەکانی ژیانی لەئەلمانی ژیاوە.
کازانتزاکی لەڕوانگەی نووسەرانی جیهانەوە /
ئەلبێرت کامۆ/
کاتێک ساڵی 1957 کازانتزاکی بە دەنگێک بەرامبەر ئەلبێرت کامۆ خەڵاتی نۆبڵی وەرنەگرت .پاشان کامۆ زۆر نیگەران بوو بەوەی کە لەبەرامبەر ئەودا دۆڕاوە.هەربۆیە پاش خەڵاتەکە ووتی
( من پێم وایە کازانتزاکی زۆر لە من شایستەتربوو بۆ ئەوەی خەڵاتەکە وەربگرێت )
تۆماس مان /
نووسەری ناوداری ئەڵمانی تۆماس مان، زۆر هۆگری نووسینەکانی کازانتزاکی بووە.ئەو پێی وابوو :
( کازانتزاکی هەمان ئاستی شاعیرە کۆنەکانی ئەغریقی هەیە، واتە باپیرە گەورەکانی .) پاشان دەڵێت : "، من لەو باوەرەدام کە رۆحی هۆمیرۆس لەناو ناخی کتێبەکانی کازانتزاکیدا هەیە، کتێبەکانی پڕن لە گیانێکی زیندوو مەزن، هەستێکی جوانیان تێدایە کەهەموو سروشت خاوێن دەکەنەوە )
روبیر کانتز/ رۆژنامەی ئیکسپرێس/
کازانتزاکی لەگەڵ مەسیح دەیویست بەرەنگای جیهان بێتەوە.لەگەڵ بوذا دەیویست لەجیهانی دەرەکەی رزگاری بێت.لەگەڵ لینینیش دەیویست جیهان ڕزگاربکات .
میشال دیون.گۆڤاری پاریس/
هێشتا خەریکی گەڕانین بە دوای ئەو هۆکارانەی کەوای لەم پیاوەی، کەلە رۆژهەڵاتی دورەوە هاتووە، لە تەمەنی گەنجیدا ڕقی لە رۆژئاوابێت، کە زۆرشتی لێ چاوەروان دەکرا .پاشان بەرەو ئاسیا کۆچ بکات، جارێکی تر لەپاییزی تەمەنیدا بگەڕێتەوە بۆ رۆژئاواو بۆئەوەی کارەکانی لێرە تەوابکات و لەپەنا ئەو فەرەنسیانەدا بمرێت، کە جاران ڕقی لێیان دەبوویەوە ئەویش بەهۆی ئەوەی کە ئەو زۆر هۆگری نیتچە بوو، ئەوانیش رەخنەیان هەبوو، ، ،
دوا ووشە
وابۆماوەی زیاتر لە 60 ساڵێک دەچێت ئەم نووسەرە مەزنەی یۆنان و جیهان ماڵئاویی لێکردووین، بەڵام بۆ چرکە ساتێکیش رۆحی بەجێی نەهێشتووین .ئەمڕۆ کازانتزاکی لەرێگای رۆمانە مەزنەکانیەوە، جارێکی تر خۆی دەخاتەوە ناو ژیانمان، هەستمان دەبوژێنێتەوە، حەزی شۆرش وبەرەنگاریمان ئاوو دەدات و داری ئازادی لەناخماندا سەوز دەکات .کازانتزاکی هەتا لەژیاندا بوو، دەیوویست وەکوو میخالیس، رۆحێکی شۆرشگێرانەی هەبێت بەرەنگاری دوژمنە سەرسەختەکانی یۆنانی مەزن بێتەوە.دەیویست رۆحێکی ژیان دۆستانەی وەکوو زۆربای هەبێت و لەگەڵ چیاو دەریاو ژنانی کریتدا سەما بکات .ئەو توانی لەرێگای رۆمانەکانیەوە، ئازارو مەینتەکانی گەلەکەی بە جیهان بناسێنێت.توانی چیرۆکی شۆرشگێرە یۆنانیەکان، بە زیندوویەتی بهێڵێتەوەو بۆ نەوەی نوێ ئەم چیرۆکانە بگێرێتەوە.دیارە بەداخەوە هەتاوەکوو ئەمرۆش ئەو دوژمنە سەرسەرختەی یۆنان، هەر چاوی تەماعکاری لە وڵاتە جوانەکەی یۆنانە.هێشتاوەکوو بەشێکی زۆر خاکەکەی لەلایەن توورکەوە داگیرکراوە.
لەکۆتاییدا لەچیاکانی زاگرۆسەوە، لە قەندیلی خەباتکارەوە، هەزاران سڵاو بۆ رۆحی پاکی کازانتزاکی و شۆرشگێرە قارەمانەکانی گەلی یۆنانی دەنێرین .سووپاسی ئەو دایکە قارەمانە دەکەین، کە قەڵەمێکی مەزنی وەکوو کازانتزاکی بەرهەم هانی .
سڵاو لە نیکۆس کازانتزاکی
ئەو پیاوەی کە رۆژی بۆ یۆنان گەڕاندەوە
سەرچاوەکان :
- 1. ا.ل م ن ش ق .نیکوس کازنتزاکی .سیرة حیاة.بقلم : ایلینی کازنتزاکی .ترجمة : محمد علی الیوسفی .دارالاداب -.الطبعة الاولی .1994 .بیروت.لبنان .ص.16
- سمیر عطا الله.لماذا لم یسافر.الشرق الاوسط.22.12.2010
- نیکۆس کازنتزاکی، زۆربا، وەرگێرانی رەئوف بێگەرد، چاپی سێهەم .لە بڵاوکراوەکانی چاپ و پەخشی ڕێنما .سلێمانی .2006.لاپەڕە 197.
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
