وڵاتێك جێگیر بێ به یاسا، مه‌ترسی له خۆپێشاندانی كۆمه‌ڵانیدا نییه ته‌نانه‌ت گرژیش بنێته‌وه و شێوازی توندیش بگرێته به‌ر، دواجار هه‌ر ده‌نیشێته‌وه.مه‌ترسی له ناڕه‌زاییی ئۆپۆزسیۆنیشیدا نییه چه‌ند شێوازی ناماقووڵانه‌ش بگرێته به‌ر، دواجار سه‌ر به‌لایه‌كه‌وه هه‌ر ده‌نێ.ئه‌وه‌ی ئێسته له كوردستانی ئێمه، له دۆخی نه‌بوونی یاسا و جێگیریدا سه‌ر هه‌ڵده‌دا، جێی مه‌ترسییه.گۆڕانی پێناسه‌ی كولتووری و سیاسیی به‌دوادا دێ، زه‌ندۆڵێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی لێ ده‌كه‌وێته‌وه، كۆمه‌ڵی كوردی به‌ره‌و دابڕدابڕی ده‌با و وا ده‌كا دواجار له یه‌كتر نه‌گه‌ین.له‌م مه‌ترسییه‌دا هه‌ر سێ لایه‌نی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن و رۆشنبیران، وه‌ك یه‌ك ئۆباڵیان ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆ، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌رسێك بێباكانه هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن.
ده‌سه‌ڵاتی كوردستان به گشتی دوو كێشه‌ی كاكڵه‌ییی هه‌یه، یه‌كه‌میان یه‌كگرتوو نییه و دووه‌میان به‌رپرسانه نییه.پارتی و یه‌كێتی هه‌رچه‌نده پێوه‌ندییه‌ك به‌سه‌رناوێكی قه‌به‌وه "رێككه‌وتنی ستراتیجی" كۆیان ده‌كاته‌وه، له ژێره‌وه‌دا زه‌وینه‌یه‌كی فشه‌ڵیان هه‌یه ناتوانن پێی له‌سه‌ر بچه‌قێنن.رووداوه‌یلی ئه‌م دوایییه‌ی سلێمانی ئاشكرای كرد بنكه‌ی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ گۆڕاندایه، داووده‌زگای كارگێڕیی سلێمانی گلاوه له‌و هه‌رایه‌ی روو ده‌دا.بنكه‌ی یه‌كێتی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی قۆستووه‌ته‌وه بۆ بنكۆڵكردنی دۆخی پارتی.پارتی ئه‌مه ده‌زانێ و چاوی لێ ده‌نووقێنێ له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێ له ده‌رده‌ستكردنی ده‌رفه‌تی گونجاو بۆ گێڕانی ململانه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتووانه له‌گه‌ڵ به‌غدادا، سوود له‌و ته‌بایییه وه‌ربگرێ كه ئه‌و رێككه‌وتنه به‌دیی هێناوه.بۆ پارتی سه‌ركه‌وتن له پرسی نه‌ته‌وه‌یی و گێڕانه‌وه‌ی كه‌ركووك بۆ سه‌ر كوردستان، هه‌موو هه‌وڵێكی ناحه‌زی، له كێوه بۆی هاتبێ، پووچه‌ڵ ده‌كاته‌وه.ته‌نانه‌ت دواڕۆژیشی گه‌شتر ده‌كا له ململانه‌ی حزبیدا.بێگومان ئه‌م خه‌ونه‌ی پارتی خه‌ونێكی نیوه‌چڵه، بێمتمانه‌ییی ناوه‌خۆ بوار نادا هیچ شتێك له به‌غدا بێته دی.تۆ هه‌ر سه‌ركه‌وتنێك به‌ده‌ست بێنه له‌وێ، لێره به چاووڕواو و بانگه‌شه لێت به‌تاڵ ده‌كه‌نه‌وه.
ئه‌مه بۆ پرسی نایه‌كگرتووییی ده‌سه‌ڵات، بۆ پرسی نابه‌رپرسیاره‌تیش، نموونه‌ی گۆڕینی كابینه‌ی حكوومه‌ت به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی جیاواز نه‌بین له‌سه‌ری.دكتۆر به‌رهه‌م گونجاوی ئه‌و پۆسته نه‌بوو، كه پێش ساڵ و نیوێك وه‌ری گرت.هێنده‌ی له هه‌ولێر و دهۆك ده‌ستی رۆیشت، هێنده له سلێمانی ده‌ستی نه‌ڕۆیشت.حكوومه‌ت له ساڵ و نیوی رابردوودا نه‌یتوانیوه متمانه به خه‌ڵك بێنێ كه به‌رنامه‌ی هه‌یه.ئه‌و ناڕه‌زایییه‌ی له كوردستان هه‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نه‌كاره‌ییی حكوومه‌ت.له كابینه‌ی شه‌شه‌مدا رۆڵ گه‌ڕایه‌وه بۆ دوو حزبه‌كه له هه‌موو بوارێكدا.ئه‌مه ده‌سه‌ته‌پاچه‌ییی سه‌رۆك وه‌زیران نه‌بێ چییه؟
پارتی و یه‌كێتی هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره و مێژوویییان كرد به كێشانه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی له سه‌رۆكایه‌تیی حكوومه‌ت.ئه‌م هه‌نگاوه خه‌ڵكی سارد كرده‌وه له‌و بڕوایه‌ی هه‌یانبوو به گۆڕانی دۆخی سیاسی و به‌دیهاتنی داخوازیگه‌لیان.كه‌س ناتوانێ بڵێ حكوومه‌تی كابینه‌ی پێنجه‌م پێرفێكت و نایاب بوو، به‌ڵام حكوومه‌تێك هه‌بوو.ئه‌و سیحره‌ش كه له كه‌سایه‌تیی سه‌رۆكی حكوومه‌تدا هه‌بوو بووبوو به داپۆشی كه‌موكورتییه‌كانی حكوومه‌ت و دوو حزبه‌كه‌ش، هیواشی ده‌دا به به‌رده‌وامیی گۆڕین.لاچوونی ئه‌و، هه‌موو كرێتییه‌كی خسته روو.زۆر له‌و بیانییانه‌ی ده‌یانناسم، ئه‌و ده‌مه ده‌یانگوت پارتی و یه‌كێتی ژیرترن له‌وه‌ی نێچیرڤان بكێشنه‌وه، من پێم وابوو به‌هۆی ململانه‌ی ناوحزبییه‌وه، ئه‌وله‌ویاتی له كورد و كوردستان گرینگتر سه‌ریان هه‌ڵداوه، له‌به‌رئه‌وه ئه‌م هه‌نگاوه هه‌ر روو ده‌دا.فه‌رموون ئه‌مه‌ی ئێسته به‌رهه‌مه جوانه‌كه‌ی.رای گشتی له كوردستان گرژه له ئاست حزب، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌وه‌تی كابینه‌ی شه‌شه‌مه، شتێك نه‌ماوه له ئارادا ناوی حكوومه‌ت بێ.
دیمه‌نی ئۆپۆزسیۆن ته‌ڵختره له دیمه‌نی ده‌سه‌ڵات.كێشه‌ی كوردستان نه‌بوونی ئازادیی كاری ئۆپۆزسیۆن نییه، به پێچه‌وانه‌وه نه‌بوونی سنوورێكه بۆ كاری ئۆپۆزسیۆن.له وڵاتی دیموكراسیدا، كه كوردستان هه‌نگاوێكی باشی تێدا بڕیوه، ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵات ته‌واوكه‌ری یه‌كترن، كتومت وه‌ك پێوه‌ندیی هاوسه‌ریی نێر و مێ.نموونه‌یه‌كی ساده، پێشی چه‌ند رۆژێك كه هه‌ردوو سه‌ركرده ئۆپۆزسیۆنه گه‌وره‌كه‌ی ئێران له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه هاتنه گرتن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران گوتی ئۆپۆزسیۆن كاروبارێكی ناوه‌كییه و كه‌س له ده‌ره‌وه‌ڕا بۆی نییه په‌نجه‌ی تێوه بژه‌نێ.باشه له‌گه‌ڵیدام، به‌ڵام بۆچی ئۆپۆزسیۆنی كوردی عێراقیش هه‌ر كاروبارێكی ئێرانییه؟ سه‌ركرده‌ی گۆڕان له‌ودیو كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا كردن، سه‌ڵاحه‌دین و عه‌لیش له سلێمانی.ئۆپۆزسیۆنی كوردی له ده‌ره‌وه‌ی پێوه‌ندیی جووتبه‌ندیدا "رابیته‌ی زه‌وجی" تێكه‌ڵاویی ناڕه‌وا ده‌به‌ستێ، بیانی ده‌خزێته نوێنه‌كه‌یه‌وه.ده‌سه‌ڵات بۆی بلوێ قه‌بووڵی ناكا، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆن كاروبارێكی ناوه‌كییه.
كێشه‌ی ئۆپۆزسیۆنی كوردستان پێوه‌ندیی به گه‌نده‌ڵیی دارایی و كارگێڕی و داوای چاكسازییه‌وه نییه، ده‌ركه‌وت ململانه ته‌نیا له‌گه‌ڵ پارتیدایه.له‌م باره‌دا خۆپێشانده‌رانیش بێلایه‌ن نابن، وه‌ك ده‌بینین زۆربه‌یان ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین هه‌موویان، ئه‌ندامی گۆڕان و یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵن، به‌شێك له بنكه‌ی یه‌كێتیش له پاڵیاندا.هه‌رزه و نه‌فامیش خزاونه‌ته ناویان.ئه‌وانه‌ی هاتوونه‌ته كوشتن ژماره‌یه‌كیان له ته‌مه‌نی زۆر خوار هه‌ژده‌وه‌ن كه هیچ مافێكی سیاسی و یاسایی‌یان نییه.ته‌نیاش ئه‌و كه‌سانه به‌رپرس نین كه كوشتوویانن، ئه‌وانه به‌رپرسترن كه به كوشتیان داون.ئۆپۆزسیۆنی كوردستان بۆ داوای به‌شه گه‌نده‌ڵی و بۆ ململانه‌ی حزبیی خۆی، منداڵ و رواڵ به كوشتن ده‌دا و به‌مه شیرازه‌ی كۆمه‌ڵگه له‌به‌ر یه‌ك ده‌ترازێنێ.ئه‌مه داڕمانی ره‌وشتییه له سیاسه‌ت، ئه‌نجامیشی برێتی ده‌بێ له شێواندنی پێناسه‌ی كولتووری و سیاسیمان، كه بۆ گه‌یشتن به مافی نه‌ته‌وه‌یی، كورد ته‌نیا رێگه‌ی ئه‌م پێناسه هاوسه‌رده‌مییه‌ی له پێشدایه.
ئه‌م ئۆپۆزسیۆنه، به تایبه‌تی ئه‌وه‌ی باڵی گۆڕانه، یه‌كێك له‌و كاره كولتوورییه چه‌وتانه‌ی كردی و مێژووی داهاتوو باج و پیتاكمان لێ وه‌رده‌گرێته‌وه به‌هۆی، ئه‌وه‌یه هه‌وڵیان داوه پێناسه‌ی گرینگ‌ترین شاری كوردی بشێوێنن، له كولتووری جڵه‌وكێشی خه‌باتی سه‌رده‌مییانه‌وه بیگۆڕن بۆ كولتووری بێباكی.لاوی شار فێر ده‌كه‌ن به‌رد له ته‌عه‌دودییه‌تی حزبی بگرێ كه بناخه‌ی ژیانی كۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رده‌مه.خه‌یاڵی گشتی قه‌تیس كراوه ئاخۆ هه‌ولێر گونده یان دوبه‌ی؟ گۆڕینی ئه‌م كولتووره ئۆباڵێكه ده‌بێ به‌ره‌وڕووی سه‌ركرده‌كانی گۆڕان بێته كردنه‌وه.ئه‌مه ئه‌و زه‌ندۆڵ "شه‌رخ"ه كۆمه‌ڵایه‌تییه كه له سه‌ره‌تاوه ئاماژه‌م پێی دا و ده‌بێ به مایه‌ی گه‌وره‌ترین مه‌ترسی بۆ سه‌ر یه‌كه‌تیی كۆمه‌ڵایه‌تیمان له داهاتوودا.زیاتر له ئێسته ده‌گه‌ڕێینه‌وه به‌ره‌و خێڵه‌كایه‌تی و ناوچه‌یی.
دیمه‌نی رۆشنبیر له سلێمانی له هه‌مووی بیانیتره به دۆخی كوردستان.به ناچاری زۆربه‌ی ئه‌و نووسینانه ده‌خوێنمه‌وه كه له میدیای ئه‌وێدا دێته وه‌شاندن.كۆمه‌ڵێك قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستی لاساییكه‌ره‌وه، هیچ شتێك به كۆمه‌ڵی كوردستانیان نابه‌ستێته‌وه له غه‌یری هه‌لی خۆ ده‌رخستن له‌ناو كۆمه‌ڵێكی پاشكه‌وتوودا كه لاوه داماوه‌كانی به هه‌موو بریسكه‌یه‌ك هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تین.له هه‌موویان گه‌رمتر ئه‌وانه‌ن له ئه‌وروپاوه گه‌ڕاونه‌ته‌وه، پاش راپه‌ڕین له قاتوقڕیدا وڵاتیان به‌جێ هێشت و له تێروته‌سه‌لیدا بۆی هاتنه‌وه.پاسپۆرتی بیانییان هه‌یه، بێگومان و هه‌زار جار بێگومان، له یه‌كه‌م ته‌قینه‌وه‌دا كه‌سیان لێره نایه‌نه‌وه دیتن.خوانه‌ناسن و له پشتی مه‌لاوه نوێژ ده‌كه‌ن، نوێژی بێ تارات و بێ ده‌سنوێژ له به‌ر ده‌ركی سه‌رادا.ئیخوان له گۆڕه‌پانی رزگاریی قاهیره‌دا نوێژیان داده‌به‌ست له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی حزبه‌كه‌یان نوێژه.ئه‌مه داهێنانی خۆیان بوو بۆ راكێشانی سۆزی ئاینیی كۆمه‌ڵان كه زۆربه‌ی چینی كۆمه‌ڵایه‌تیی ژێره‌وه‌ی میسر ئاینداری بناوانگره.
هه‌موومان ته‌باین، كه داخوازیگه‌لی كۆمه‌ڵان ره‌وان و ده‌بێ زوو بێنه جێبه‌جێكردن.هه‌مووشمان ده‌زانین رۆشنبیر و ئۆپۆزسیۆن كه بێباكانه به ناوی ئه‌و داخوازییانه‌وه پاڵه‌په‌ستۆ ده‌كه‌ن، به‌رنامه‌یان برێتییه له ململانه‌ی كه‌سانی و حزبی.به تاقیكردنه‌وه‌ی ژیانیش ده‌ركه‌وتووه، ئه‌م جۆرانه له یه‌كه‌مین قۆناغی داهاتوودا، بێ‌و داخوازیی خۆیان بێته دی، داخوازیی كۆمه‌ڵانیان له‌بیر ده‌چێته‌وه.لێره‌وه، به بۆچوونی من هه‌لی ده‌سه‌ڵاته تا زووه ئه‌م به‌ڕه‌یان له‌ژێر پێدا بكێشێته‌وه، به تایبه‌تیش كه له لایه‌نی پارتی دیموكراتی كوردستان و سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه ویستی رژد هه‌یه بۆ گۆڕین.نه‌یكه‌ن، ئه‌مجاره له ده‌ست ده‌رده‌چێ.ساتی خه‌مساردی و خاوه‌خاوه‌یی ته‌واو، ساتی به‌رپرسیاره‌تییه.به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وان بزانن كه گۆڕین ته‌نیا چاكسازیی كارگێڕی و بنه‌بڕكردنی گه‌نده‌ڵی نییه وه‌ك كه ئێسته بووه‌ته ویردی سه‌رزاران، ئه‌مه‌یان به‌لای منه‌وه تا راده‌یه‌ك ئاسانه و بێ ژانیش دێته دی.ئه‌وه‌ی ئه‌ركی گرانه پرسی دیموكراسییه، دیموكراسی یاسا و چوارچێوه‌یه به‌ر له‌وه‌ی ئازادی بێ.كاری ئۆپۆزسیۆن و میدیا و هه‌موو ئازادییه‌كی تر ده‌بێ بچنه ناو خانه و رێوشوونی یاسایییه‌وه ئه‌گینا هه‌موو رۆژ ئه‌م به‌زمه دووباره ده‌بێته‌وه و ده‌كه‌وینه ونگه‌یه‌كه‌وه لێی ده‌رنه‌چین.ئۆپۆزسیۆنی كوردستان و رۆشنبیرانی، ئه‌م هه‌رایه‌یان له‌وه‌وه ده‌ست پێ كرد كه داوایان كرد خۆپێشاندان بێ یاسا بێ و وڵات له نابه‌رپرسیاره‌تیدا خۆی بخواته‌وه.ئه‌وان هه‌موو كارێكیان به‌م ئاراسته‌یه‌دایه، ئه‌مه‌ش كوردستان ده‌باته دۆخێكه‌وه خراپتر له چاخی ژێرده‌سته‌یی.
4/3/2011
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
