ئه‌و جێژن و شادییه‌ی شاری هه‌ولێریان له رۆژی هه‌ینیی پێشوو، 25 شوباتدا گرته‌وه، بازوو هه‌ڵشه‌كاندنی پارتی نه‌بوو دژی ناحه‌زانی، ئه‌مه‌ش بووبێ نه‌ختێكی كه‌م بوو لێی.ته‌نیاش وه‌فاداری نه‌بوو له هه‌ولێرییانه‌وه بۆ ئه‌و په‌ره‌سندن و پێشكه‌وتنانه‌ی ئه‌زموونی كوردستان بۆی به‌دی هێناون، ئه‌مه‌ش بووبێ به‌شێكی كه‌م بوو لێی.كوردستان له‌و شوێنانه‌شدا پێش كه‌وتووه كه وه‌فایان تێدا نایه‌ته دیتن له خه‌ڵكه‌وه بۆ ئه‌زموون.ئه‌وه‌ی له هه‌ولێر رووی دا ئه‌نجامی تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌و ساڵانه بوو كه هه‌ولێریان تێدا كوێر بووه‌وه، ئه‌نجامی تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌و ساڵانه‌ش بوو كه هه‌ولێریان تێدا هاته بنیاتنانه‌وه.بۆیه شتێكی ئاسایییه دانیشتوانی ئه‌م شاره تا بۆیان بلوێ ببنه‌وه كۆسپ له پێش هه‌وڵی تێكدان.مرۆڤ گیانله‌به‌رێكی هۆشیاره و به‌رژه‌وه‌ندی خۆی لێك ده‌داته‌وه.
وه‌ك دێته زانین، كولتوور پرۆسێس و كرده‌وه‌گه‌لێكی كه‌ڵه‌كه‌یییه.ئه‌زموون به‌سه‌ر یه‌كدا كۆم ده‌بن و یاسای ژیان ده‌زێن.بیركردنه‌وه و ره‌فتاری رۆژانه به‌رهه‌م دێنن و هه‌ڵوێستی گشتی دروست ده‌كه‌ن له كاتی پێویستدا.له رۆژانی ته‌نگاویشدا یه‌كه‌تیی كۆمه‌ڵان ده‌خوڵقێنن.له‌مه‌وه، ئه‌وه‌ی له هه‌ولێر رووی دا دروستبوونی سه‌رده‌مێكی نوێیه له ئه‌نجامی كه‌ڵه‌كه‌بوونی ئه‌زموون به چه‌وت و چاكیه‌وه.به هیوای ئه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تیی حزبگه‌لی كوردی زۆر سوود له‌م رووداوه وه‌ربگرن، ببینن گه‌لێكی هۆشیار دروست بووه ده‌توانێ له كاتی گرژیدا بڕیارده‌ر و وه‌رگێڕی رووكاری رووداوگه‌ل بێ.ئه‌م ده‌رسه‌ش ته‌نیا بۆ ئه‌وانه نییه كه به‌و رووداوه‌ی شاری هه‌ولێر هیوایان كوژایه‌وه، بگره بۆ ئه‌وانه‌شه كه هیوایان پێی گه‌شایه‌وه.ده‌بێ بۆ هه‌موان ئه‌و رابوونه‌ی رۆژی هه‌ینیی هه‌ولێر ببێته بنه‌وا و كه‌ره‌سته بۆ لێكۆڵینه‌وه و به‌رنامه‌دانان له دروستكردنی گه‌لێكی به‌هێز له كوردستان.به‌هێز نه‌ك ته‌نیا له ئاست هه‌وڵی تێكده‌ران بگره به‌هێز له ئاست سه‌ركردایه‌تیی كورد خۆشی تاوه‌كو ناچاربێ پێشبڕكه‌ی كات بكا له گۆڕین و نوێبوونه‌وه‌دا، پێشبڕكه له‌گه‌ڵ هۆشیاری و پێشكه‌وتنی گه‌لی خۆیشیدا، كه ده‌ركه‌وت ئه‌و هۆشیاری و پێشكه‌وتنه‌ی له ئاستێكی به‌رزدایه.
به‌ڵام با بزانین ئه‌وه‌ی له هه‌ولێر رووی دا ئه‌نجامی چییه؟ هه‌ولێر له رووداوگه‌لی ئابی 1996ه‌وه جیابووه‌وه له سلێمانی.دوو شار به دوو كارگێڕیی جیاواز و دوو ئاوه‌زكه‌ی جیاوازه‌وه كه‌وتنه ناو كرده‌وه‌گه‌لی گۆڕان و گووران "خه‌ڵقبوون".له‌مه‌وه ده‌توانین بڵێین ئه‌و رووداوانه‌ی ئه‌و ساڵه جومگه‌یی بوون له دروستكردنی مێژووی نوێی هه‌رێمی كوردستان.مێژوو له جومگه‌كانه‌وه ده‌ست پێ ده‌كا به‌پێچه‌وانه‌ی كولتووره‌وه كه گوتمان كه‌ڵه‌كه‌یییه و سه‌تان ساڵ تین و تاو ده‌دا.دوو ئاوه‌زكه‌ی كوردی له‌و جومگه‌یه‌وه "به ره‌وانی بڵێم له 31 ئابه‌وه" به دوو ئاراسته‌ی جیا، كۆمه‌ڵگه‌یان گۆڕی.ئه‌وه‌ی له هه‌ولێر رووی دا پارتی وا به‌رهه‌مه‌كه‌ی ده‌چنێته‌وه، ئه‌وی له سلێمانیش رووی دا یه‌كێتی وا به‌رهه‌مه‌كه‌ی ده‌بینێ.
له هه‌ولێر، هه‌ڵمه‌تی به‌رفره‌وانی ئاوه‌دانی له ساڵی 1996ه‌وه هه‌رچه‌نده بودجه‌ش كه‌م بوو ئه‌و ده‌مانه، لێدانی شه‌قامی ناو شار و كردنه‌وه‌ی رێگه‌وبان له ده‌ره‌وه‌ی شار، قوتابخانه و تیمارگه و باژێڕگه و مۆڵ و باڵه‌فڕگه و پارك و رێكخستنی شار و داڕشتنی پلانی گه‌وره‌بوون، له هه‌مووی زیاتر دروستكردنی سیسته‌م و سه‌پاندنی ته‌ناهی به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رسوڕهێن و بڕینی ده‌ستی تیرۆرست له هه‌وڵی زیان گه‌یاندن، گه‌شه‌پێدانی بازرگانی و ئابووری، راكێشانی ده‌ستی ده‌سمایه‌ی بیانی به‌شێوه‌ی به‌رهه‌ڵدا، هه‌موو ئه‌مانه له ته‌مه‌نی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته كوردییه‌دا رووی دا كه بۆ خه‌ڵكی هه‌ولێر پێش ئه‌و مێژووه نه‌ناس بوو له رووی توان و ئاوه‌زكه‌ی شارگێڕییه‌وه.هه‌ولێر دانیشتوانه‌كه‌ی به ته‌بیات و خوو، هێورن، شارێكیشه به درێژای مێژوو بێ خاوه‌ن بووه، چڕنووكی رۆژان زۆری بریندار كردووه، ته‌نانه‌ت له شه‌ڕی ناوه‌خۆدا چڕنووكی كوردی ئازارێكی گه‌وره‌ی پێ گه‌یاند.كارگێڕیی پارتی له‌و ساڵه‌وه كه هه‌ولێری گرته باوه‌ش، وه‌ك دایك چۆن كۆرپه ده‌لاوێنێته‌وه لاواندیه‌وه.ئه‌م كرده‌وه پازده ساڵییه له رواڵه‌تدا وا دێته خوێندنه‌وه كه پارتی خزمه‌تی هه‌ولێری كردبێ و هه‌ولێرییه‌كانیش بۆی وه‌فادار بن، به‌ڵام له كرۆكدا گۆڕینی كولتووره بۆ هه‌ردوو لا.هه‌ولێری جاران هێور، ئێسته سه‌تان جار هێورتره، بووه به شاری ساناهی و ته‌ناهی.له شارێكی داوونه‌ریت خێڵه‌كییه‌وه بووه به خاوه‌نی داوونه‌ریتی شارییانه‌ی هاوسه‌رده‌م.رۆژانه و هه‌موو سات هه‌ست به گۆڕینی كولتوور ده‌كرێ له‌م شاره‌دا.پارتیش له به‌رامبه‌ردا له ئه‌زموونێكی كارگێڕیی مێژوویی‌دا سه‌ركه‌وتووه و متمانه‌ی به‌خۆی پته‌و بووه له ده‌وڵه‌تداری.
ئه‌مه ده‌نگ و ده‌نگدانه‌وه‌ی نێوان ده‌سه‌ڵات و گه‌له.هه‌موو پێشكه‌وتنێك له هه‌ولێر جێ په‌نجه‌ی پارتییه.پارتی له‌وه‌دا سه‌ركه‌وت شارێك دروست بكا، له رۆژی پێویست هه‌ڵوێستی مێژوویی بنوێنێ و كوردستان له لێواری مه‌ترسی بگێڕێته‌وه.بێگومان ده‌بێ هه‌ست به‌وه‌ش بكه‌ین، كه هه‌ولێریش ده‌نگی هه‌یه به‌سه‌ر پارتییه‌وه، به‌ڵام شاراوه و نهێنی زیاتریش ده‌روونی.ئه‌و خۆپێشاندانه جه‌ماوه‌رییه‌ی شاری هه‌ولێر پارتی سارد ده‌كاته‌وه له هه‌موو دڵه‌ڕاوكه و گرژییه‌ك، یان كه‌فوكوڵێك كه ره‌نگه له كاتی ته‌نگژه‌دا سه‌ر هه‌ڵبدا.ئه‌زموونی پارتی له هه‌ولێر ئه‌وه‌یه كه سه‌ركردایه‌تی و گه‌ل یه‌كتر دروست ده‌كه‌نه‌وه به به‌رده‌وامی.
به‌پێچه‌وانه‌وه له سلێمانی، بایه‌خ زیاتر به وتار و ئاخاوتنی سه‌رده‌مییانه هاته‌دان.بڵاوكراوه و میدیای فشوفۆڵ و بنووس و رۆشنبیری دوور له هه‌ڵكه‌وتی كوردستان، ئاخنینی مێشكی لاوان به پڕووپووچ و ره‌نگاندنی دنیایه‌ك له خه‌یاڵ كه به‌هیچ شێوه له‌گه‌ڵ كوردستاندا یه‌ك نایه‌ته‌وه.یه‌ك نموونه‌ی ساده، "به‌رده‌ركی سه‌را" ناوێكه زۆر شیرین و پیرۆز و دیرۆكی، ره‌نگه ته‌مه‌نی ئه‌م ناوه دووسه‌ت ساڵ ببێ، شێخ ره‌زای شاعیریش باسی ده‌كا، شوێنی به‌رخودانی كورد بووه له سه‌رده‌می ئینگلیز، ئه‌مڕۆ كه‌فوكوڵی لاساییكردنه‌وه ده‌یگۆڕێ به ناوێكی میسریی په‌نجا ساڵی.ئه‌م وتاره كه سیمای سلێمانی بووه له پازده ساڵی رابردوودا، خۆی وا نواندووه كه نیشانه‌ی سه‌رده‌می نوێی كوردستانه، به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌ولێره‌وه كه دیمه‌نێكی جه‌هاله‌ت و گوندایه‌تیی بۆ بڕاوه‌ته‌وه له خه‌یاڵ.با به‌راوردی بكه‌ین، ئه‌و نیانییه‌ی هه‌ولێر و ئاوه‌دانییه‌ی به شێنه‌یی تێیدا هاتووه‌ته ئه‌نجامدان، له‌گه‌ڵ ئه‌و وتاره بیانییه نامۆیه‌ی "فه‌یله‌سووفان"ی سلێمانی كه یه‌ك رسته و یه‌ك وشه‌ی له هه‌ناوی جڤاكی كوردییه‌وه ده‌رنه‌چووه، كامیان به‌رپرسیاره‌تییان له شه‌قامدا گووراند ئه‌گه‌ر بێنه به‌راوردكردن؟ كامیشیان نیشتمان دروست ده‌كه‌ن؟
من ته‌نیا به‌راوردی ئاوه‌زكه‌ی ئه‌و دوو هێزه كوردییه ده‌كه‌م: پارتی و یه‌كێتی، كه باری گرانیان له ئه‌ستۆدایه له‌م دۆخه مێژوویییه جومگه‌یییه‌ی رۆهه‌ڵاتی ناوین و دنیای ئیسلامی‌دا.با ده‌رسێك له ئه‌زموونی هه‌ولێر وه‌رگرن چۆن گه‌ل دێته دروستكردن و چۆن پشتی پێ دێته به‌ستن.بێگومان باسی حزبه زگورتییه‌كانی سه‌ر گۆڕه‌پانی كوردستان ناكه‌م، ئه‌مانه به‌رپرسیاره‌تییان له ئه‌ستۆدا نییه و شه‌و له ماڵی خۆیان ناخه‌ون وه‌ك ئه‌و هه‌رزه لاساره‌ی هیچ شتێك به ماڵ و داوونه‌ریتی كۆمه‌ڵگه‌وه نایبه‌ستێته‌وه.
27/2/2011
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
