سیسته‌مگه‌لی دیكتاتۆرییانه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌ب یه‌ك له دوای یه‌ك له ژێر پاڵه‌په‌ستۆی گه‌لاندا ده‌چه‌مێنه‌وه و ده‌چن به ناخی دۆزه‌خدا.سه‌ره‌تا وامان زانی ئه‌م رووداوانه بۆ كورد ده‌بن به سۆنگه‌ی شادمانی و به‌خته‌وه‌ری، وه‌ك زنجیره‌ی ته‌له‌ڤزیۆنی ده‌بن به مایه‌ی چێژ لێ دیتن و په‌ند له ده‌رس وه‌رگرتنیان.وامان زانی ئه‌مه ده‌بێ به وێستگه‌یه‌ك خۆمانی تێدا ساز بده‌ینه‌وه بۆ قۆناغی پاش له‌ناوچوونی دیكتاتۆریگه‌لی ناوچه.كورد ده‌یان ساڵه دیلی ئه‌م سیسته‌مگه‌له دیكتاتۆرییانه‌یه، هه‌یانه له‌وپه‌ڕی ئه‌فریقیاوه پیلانی له شۆڕشی كوردستان گێڕاوه.هه‌یانه له پاڵمانه‌وه بووه به مۆته‌كه و كامووسه‌ك.ده‌بوایه ئه‌مڕۆ ئێمه به‌خته‌وه‌رترین گه‌ل بین له‌سه‌ر زه‌ویدا.هه‌ر نه‌بێ له‌گه‌ڵ گه‌لانی عه‌ره‌بی براماندا جێژن بگرین و به‌شدارییان بكه‌ین له به‌خته‌وه‌ری.به‌داخه‌وه بۆ كورتبینانی ناوه‌خۆ، ته‌نیا بۆ لاساییكردنه‌وه‌یه‌كی هه‌رزه‌كارانه هاتن ئه‌و رووداوانه لێره دووباره بكه‌نه‌وه.كوردستان نه وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆیه و نه خاوه‌نی هیچ بنیاتێكی چه‌سپیو، نابه‌رپرسانه بیهه‌ژێنی له‌ناو ده‌چێ، ئه‌م راستییه منداڵ دركی پێ ده‌كا.ئه‌وه‌ی له كوردستان روو ده‌دا ده‌ق پێچه‌وانه‌ی لۆجیكی مێژووه.
با بزانین چۆن؟ ئه‌وه‌ی له سلێمانی رووی دا له رۆژی 17ی شوبات، رووداوێكه جێی نیگه‌رانی و هه‌نگاوێكی به‌ره‌ودوا له پرۆسێسی دیوكراسیی كوردستان.راسته، خۆپێشاندان و ناڕه‌زایی و داخوازیی جه‌ماوه‌ر ئاسایین، كوردستان كه‌موكورتیی هه‌یه بێگومان، ئه‌مانه راستن و دوو كه‌س نییه كۆك نه‌بن له‌باره‌یانه‌وه.هه‌روه‌ها رژانه سه‌رشه‌قامیش نیشانه‌ی جیاوازیی ئه‌زموونی كوردستانه كه تاكه ناوچه‌یه‌كه هێنده‌ی له‌پێك له دنیای عه‌ره‌ب و ئیسلامدا چووزه‌ره‌یه‌كی بچووكی دیموكراسیی تێدا هاتبێته‌ده‌ر، به‌ڵام په‌لاماردانی باره‌گای حزبێك له‌ناو ئه‌م شاره كوردییه گه‌وره‌یه‌دا، پاشان دووباره‌بوونه‌وه‌ی په‌لامار بۆ سه‌ر باره‌گای هه‌مان حزب له چه‌ندین شارۆكه‌ی هه‌مان شاردا، ته‌نیا یه‌ك واته‌ی لێ دێته خوێندنه‌وه ئه‌ویش لێدانی ته‌عه‌دودییه‌ته له كوردستان.رۆشنبیری كورد به‌ناوی وتاری سه‌رده‌مییانه و داوای ئازادییه‌وه، راشكاوانه بانگه‌واز ده‌كا بۆ لێدانی فره‌یی له كاتێكدا كه ئازادی و فره‌یی دوو رووی یه‌ك دراون.
رووێكی لێڵی تری ئه‌و رووداوه، دیسانه‌وه هه‌ر وتاری رۆشنبیری كوردستانه كه پاساوده‌ر و بگره هانده‌ری توندوتیژییه.یه‌كێك ره‌وایی بدا به به‌رده‌فڕكێ و سووتاندن، ره‌وایی بدا به پۆلیس كوشتن، ده‌بێ ئه‌م هه‌ڵسوكه‌وته‌ی ئه‌و ده‌رفه‌ت به ئێمه‌ش بدا بۆ گومانكردن له راستوێژیی په‌یامی ئه‌و.كوشتنی پۆلیس له‌لایه‌ن خۆپێشانده‌ره‌وه ره‌نگه بۆ وڵاتانی عه‌ره‌ب تا راده‌یه‌ك گونجاو بێ، كه پۆلیس به‌شێكه له ئامێری سه‌ركوتینه‌وه له‌لای ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه، به‌ڵام بۆ كوردستان پێچه‌وانه‌كه‌ی راسته.له هه‌ڵه‌بجه كوشتنی پۆلیس په‌ڵه‌یه‌كی ره‌شه به ته‌وێڵی رۆشنبیره‌وه.له دنیای ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا وتاری رووناكبیری به‌ره‌و نه‌رمونیانی و لێبوورده‌یی ئاراسته‌ی وه‌رگرتووه، رووناكبیری كوردی به‌رده‌ركی سه‌رای سلێمانی هانده‌ری سووتاندنی ئاوایی و كوشتنی پۆلیسی كورده، ئه‌ویش له هه‌ڵه‌بجه كه خۆی هێمای قوربانیی توندوتیژییه.
بێگومان ئه‌م رۆشنبیرانه جارێكی تر ناتوانن ئه‌م گومانانه‌ی من و من ئاسا بڕه‌وێننه‌وه، كه هه‌مانبوو له ئاست ئه‌و په‌یامانه‌ی به ساڵانه بانگه‌شه‌یان بۆ ده‌كرد.وه‌ك نه‌ریتی باو، رۆشنبیر له‌گه‌ڵ خه‌می هه‌ژاراندا ده‌ژی، نه‌ك له‌گه‌ڵ پلان و به‌رنامه‌ی سیاسی و حزبی یان له‌گه‌ڵ خه‌ونی پووچكه‌ڵه‌ی كه‌سانیدا.شاری سلێمانی وه‌ك هه‌ر شارێكی تر، هه‌زاران ماڵی وای تێدایه له‌سه‌ر ئه‌و داهاته كه‌مه به‌ڕێوه ده‌چن كه ئێواران بۆیان ده‌چێته‌وه ماڵ.كرێكارێك، شاگردێك، وه‌ستایه‌ك، شوفێرێك، یان هه‌ر پیشه‌یه‌كی تری خاوه‌ن داهاتی رۆژی، ره‌نگه بژێوی ماڵ و منداڵیان ئه‌و ده هه‌زار یان پازده هه‌زار دیناره بێ كه رۆژانه به ئاوڕه‌گی ناوچه‌وان ده‌گاته‌وه ماڵ و رۆژێك ببڕێ ژیان ده‌وه‌ستێ، ده‌سته‌وئه‌ژنۆ ده‌مێنن نازانن كرێی خانوو چۆن پڕ بكه‌نه‌وه.چه‌ندان رۆژه رۆشنبیر نان و پێخۆری ئه‌مانه‌ی بڕیوه.باسی كۆمپانیا و باژێڕ و مامه‌ڵه‌ی گه‌وره ناكه‌م كه چ زیانێكیان پێ گه‌یشتووه.ئه‌مه نابه‌رپرسیاره‌تیی ئه‌و رۆشنبیرانه‌یه كه وڵاتێك له پێناوی به‌رنامه‌ی حزبێك و لایه‌نێك ده‌هه‌ژێنن و تۆقین ده‌به‌نه هه‌ناوی خه‌ڵكه‌وه.نموونه‌یه‌كیش له خه‌ونی پووچكه‌ڵانه و كه‌سانیی رۆشنبیری كورد، كه بووه به مایه‌ی كوشتنی خه‌ڵك و شێواندنی ته‌ناهیی وڵات ئه‌وه‌یانه "بێگومان پێویست به‌ناوهێنانی ناكا" ده‌زگایه‌كی وه‌همیی هه‌بووه و ئه‌و ده‌زگایه پێشی ساڵێك به‌ر چاكسازیی گه‌نده‌ڵی كه‌وتووه، له داخا ده‌رژێته سه‌ر گۆڕه‌پان و داوای هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌كا.
پاساو هه‌بێ بۆ هه‌موو ئه‌مانه، پاساو بۆ ئه‌وه نییه كه له په‌رله‌مانی عێراقدا ئه‌زموونی كوردستان له‌كه‌دار بكه‌ی.عێراق خۆی له قوڕی تایفه‌یی و شۆڤێنییه‌تی نه‌ته‌وه‌ییدا چه‌قیوه، په‌رله‌مانی عێراق چاوهه‌ڵاتووێكی تێدا نییه به دیموكراسیی كوردستان، كوردێك نییه ئه‌م راستییه نه‌زانێ.رۆشنبیری كورد دادی خۆی بۆ ئه‌وان ده‌با و سكاڵا له وڵاتی خۆی ده‌كا.تا پێچكه‌ی مێژوو بسووڕێته‌وه وه‌ڵامی ئه‌مه نایه‌ته دانه‌وه.له‌مه‌ش به‌ولاوه‌تر، پاساو نییه بۆ رۆشنبیری كورد درز بخاته یه‌كگرتووییی كورده‌وه و كوردستان له یه‌كتر بترازێنێ تا خێڵانی شۆڤینیست و هێزگه‌لی قاعیده له‌و دیوی كه‌ركووكه‌وه هه‌ل بقۆزنه‌وه و پلان دابنێن بۆ ده‌رپه‌ڕاندنی كورد له كه‌ركووك.من گله‌یی له بزاوگه‌لی ئاینی ناكه‌م، ئه‌مانه تا سه‌ر ئێسكان دوژمنی ئازادیی كوردستانن، ئاماده‌ن هه‌موو شت بكه‌ن بۆ له‌باربردنی خه‌ونی نیشتمانییانه‌ی كوردی.گله‌یی له ئاوه‌زكه‌ی كودێتاكارانه‌ی حزبی كوردیش ناكه‌م، نیو سه‌ده زیاتر له‌گه‌ڵ ئه‌م ئاوه‌زكه‌یه‌دا ده‌ژین و چاوه‌ڕوانین هه‌موو ساتێك لێمان راپه‌ڕێ و له شیرینیی خه‌ودا بمانگرێ.په‌ژاره‌ی ئه‌وانه‌مه كه ده‌بوایه له رۆژی وادا ویژدانیان قیبله‌نوما بێ، هه‌ر نه‌بێ له‌به‌ر ئه‌و وتارانه‌ی دوێنێ لاوانیان پێ فریو ده‌دا.له مێژه‌یه دیاره ئه‌مانه بێلایه‌ن و سه‌ربه‌خۆ نین، خۆیان له په‌نا وتاری سه‌رده‌مییانه شاردووه‌ته‌وه.گه‌نجانیان هه‌ڵخه‌ڵه‌تاند، وه‌چه‌یه‌كیان به‌لاڕێدا برد، به‌ڵام دواجار "ئۆخه‌ی" راستییان له‌م روودانه‌دا ده‌ركه‌وت.ده‌ركه‌وت چه‌ند ناوچه‌په‌روه‌ر و كینه له دڵ و تا بینه‌قاقا نقوم له قوڕی ململانه‌ی حزبایه‌تین، به‌پێچه‌وانه‌ی ته‌نانه‌ت ره‌شوڕووتی خه‌ڵكه‌وه كه له پاش شه‌ڕی ناوه‌خۆوه ده‌یه‌وێ به‌رگی حزبایه‌تی له‌به‌ر خۆی و وڵات داكه‌نێ.
هه‌موو شتێك، له هه‌ر به‌رگێكدا بێته شاردنه‌وه، زۆر نابا راستییه‌كه‌ی دێته‌ده‌ر.ئه‌وه‌ی له‌م رووداوه سه‌رسامكه‌رانه‌ی هه‌فته‌یه‌ی پێشوو له سلێمانی روویان دا به شه‌قام و به میدیایه‌وه، ئه‌وه‌ش كه راگه‌یاندنی بزاوگه‌لی ئاینی بۆ مه‌رامی ناڕه‌وا قۆستیه‌وه، راستییه ونه‌كانی هه‌ڵدایه‌وه.ده‌ركه‌وت كێ چییه و چی ده‌كا.ئه‌مه وێستگه‌یه‌كه هیوادارین به خێر بگه‌ڕێته‌وه بۆ داهاتوومان و شوێنی هه‌موومان له جواگرافیای كوردستاندا روون بكاته‌وه بۆ كۆمه‌ڵانی گه‌ل.به‌ڵام دیسانه‌وه حه‌یف، كاتیان له ده‌ستمان چواند و نه‌یانهێشت چێژی ته‌واو له رمانی دیكتاتۆرگه‌لی عه‌ره‌ب وه‌رگرین و به‌شداریی برایانمان بكه‌ین له‌و جێژن و خۆشییه‌دا.
26/2/2011
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
