ئێمه‌ی رۆشنبیران هیچ كێشه‌یه‌كمان له‌گه‌ڵ ئاینی ئیسلامدا نییه.ئیسلام ئاینی كۆمه‌ڵگه‌ی خۆمانه و رێزی لێ ده‌گرین.رۆشنبیران كێشه‌یان له‌گه‌ڵ هیچ ئاینێكدا نییه.كێشه‌مان له‌گه‌ڵ مه‌لایه‌كانیشدا نییه، ئه‌وانیش به‌لامانه‌وه وه‌ك هاووڵاتیی ئه‌م كوردستانه خاوه‌نی مافی خۆیانن له ئازادیی راده‌ربڕین و روونكردنه‌وه‌ی بیری خۆیان، جا ئه‌و بیره پێوه‌ندیی به‌هه‌ر پرسێكه‌وه بێ ئاین، ئه‌ده‌ب یان سیاسه‌ت.بێگومان كێشه‌مان له‌گه‌ڵ مزگه‌وته‌كانیشدا نییه.ئێمه كێشه‌مان هه‌یه له‌گه‌ڵ هه‌ندێك ناولێنان و پێناس و دۆخ كه بوونه‌ته هۆی تێك نه‌گه‌یشتن له نێوانماندا و به‌رده‌وامیش وامان لێ ده‌كه‌ن رووبه‌ڕووی یه‌كتر ببینه‌وه، له ئه‌نجامی ئه‌مه‌شدا ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تیی كوردستان ده‌شێوێ.ئێمه‌ش ئه‌م شێوانه‌مان ناوێ به‌تایبه‌تی له‌م هه‌لومه‌رجه ناسكه‌ی هه‌رێم و ناوچه‌كه.به‌كورتی كێشه‌كانی نێوانمان ئه‌مانه‌ن:
یه‌كه‌م: ده‌مانه‌وێ بزانین ئاخۆ سه‌كۆی مزگه‌وت به‌شێكه له هۆیه‌كانی راگه‌یاندن وه‌ك هه‌ر هۆیه‌كی تری راگه‌یاندن له دنیا؟ یانیش پیرۆزگه‌یه و سه‌كۆی پێغه‌مبه‌ره و ئه‌و كه‌سه‌ی قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كا پیاوێكی پاكه و به‌ناوی خوا و پێغه‌مبه‌ر و ئاینێكی به‌رز و پیرۆزه‌وه ده‌دوێ؟ ئه‌مه بنه‌ڕه‌تی كێشه‌ی نێوان رۆشنبیران و مه‌لایه‌كانه، جیاوازییه‌كه له‌م پێناسه‌یه‌دایه كه روون نییه بۆ هیچ هاووڵاتی و بۆ هیچ ده‌زگایه‌كی كوردستان.داوا له سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم و حكوومه‌ت و په‌رله‌مانی كوردستان و لایه‌نگه‌لی پێوه‌ندیدار ده‌كه‌ین، ئه‌م پێناسه‌یه‌مان بۆ یه‌كلا بكه‌نه‌وه.ئه‌گه‌ر سه‌كۆی مزگه‌وت هۆی راگه‌یاندنه، ئێمه زۆرمان به‌لاوه ئاسایییه و هیچ لارییه‌كمان لێی نییه.كوردستان هه‌رێمێكی ئازاده له بواری راگه‌یاندن، راگه‌یاندنێكی هه‌مه‌جۆرمان هه‌یه، شانازیشی پێوه ده‌كه‌ن.مه‌لاش وه‌ك هه‌ر هاووڵاتییه‌كی كوردستان یان وه‌ك هه‌ر رۆژنامه‌نووس یان وه‌ك هه‌ر خاوه‌ن بیرێك، ده‌توانێ له‌سه‌ر ئه‌م سه‌كۆیه‌وه ره‌خنه له حكوومه‌ت و داووده‌زگایه‌كانی وڵات بگرێ، یان ریسوایان بكا ئه‌گه‌ر بیه‌وێ.ره‌خنه له رووناكبیر و شاعیر بگرێ، یان تووك و نزایان لێ بكا ئه‌گه‌ر بیه‌وێ.ده‌توانێ باسی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر بكا وه‌ك چۆنی به‌لاوه مه‌به‌سته.هه‌موو ئه‌مانه ئێسته روو ده‌ده‌ن له‌سه‌ر سه‌كۆی مزگه‌وته‌كانی كوردستان به‌تایبه‌تی له شاری هه‌ولێر.به‌ڵام ده‌بێ بێته زانین كه‌وا هۆیه‌كانی راگه‌یاندن رێزلێگیراون نه‌ك پیرۆز.هیچ هۆیه‌كی راگه‌یاندن پیرۆز نییه.ئه‌و كه‌سه‌ش كه قسه ده‌كا له هۆیه‌كانی راگه‌یاندن یان نووسینیان تێدا بڵاو ده‌كاته‌وه، قسه‌كانی سه‌نه‌د نین، له‌وانه‌یه قسه‌ی باش و به‌ڕێ و جێ و به‌سوود بن، له‌وانه‌شه قسه‌ی نابه‌جێ و زیانبه‌خش بن.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌كۆی مزگه‌وت سه‌كۆی پێغه‌مبه‌ره و پیرۆزگه‌ی ئاینییه، ده‌بێ ئه‌و كه‌سه‌ی قسه‌ی تێدا ده‌كا، نێزیكی ئه‌و باسانه نه‌بێته‌وه كه ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ریاندا ناشكێ و شاره‌زا نییه تێیاندا.ناشێ به‌ناوی خوا و پێغه‌مبه‌ره‌وه بابه‌تێكی گرینگی وه‌ك كتێبێك كه له ده‌زگایه‌كی رێزدار ده‌رچووه، هه‌ر بۆ هه‌وای نه‌فس و بۆ خۆ پێشاندان، بكرێ به‌نیشانه و به‌ڵگه‌ی لادان له ئاین.مه‌لا هیچ شاره‌زایییه‌كی نه‌بێ له بوارێكدا، ناتوانێ سه‌كۆی مزگه‌وتی بۆ به‌كار بێنێ.بۆ نموونه كاتێ حكوومه‌تی هه‌رێم دامه‌زراندنی كارمه‌ند ده‌وه‌ستێنێ، دیاره ئه‌م حكوومه‌ته به‌رنامه‌یه‌كی هه‌یه، دیاره كۆسپی له پێشه بۆیه ئه‌م كاره ده‌كا، دیاره ماوه‌یه‌كی تر بڕیار ده‌دا كارمه‌ند وه‌ربگرێ.مه‌لایه‌ك له سه‌كۆی مزگه‌وته‌وه په‌لامار و هێرش ده‌با بۆ سه‌ر ئه‌م به‌رنامه‌یه، یان له خۆیه‌وه و بێ ئاگاداریی ته‌واو، باسی هه‌موو به‌رپرسانی وڵات ده‌كا و تیر و تانه‌یان لێ ده‌دا به‌بێ به‌ڵگه و دزێویان ده‌كا، ئه‌مه شێواندنی ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تییه.بێگومان مه‌لا ده‌توانێ ئه‌م قسانه بكا به‌ڵام نه‌ك له‌سه‌ر ئه‌م سه‌كۆیه كه سه‌كۆی پێغه‌مبه‌ره و خه‌ڵكی هه‌ڕه‌مه‌كی و ساده‌ش پێیان وایه ئه‌و كه‌سه‌ی وا له‌وێ دوان ده‌دا، شاره‌زایه و تێگه‌یشتووه و پاك و بێگه‌رده.مه‌لا ناوبه‌ناو كه لا اله الا الله یان الله اكبر ده‌خاته ناو توێی قسه‌كانی و به‌خه‌ڵكه‌كه‌یان دووباره ده‌كاته‌وه، ئه‌مه جاڕی شه‌ڕه و بۆ شێواندی ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تییه.
مه‌لاش با وه‌ك ئێمه‌ی رۆشنبیران، له هه‌موو هۆیه‌كانی راگه‌یاندندا بیری خۆی بخاته روو به‌و شێوه‌یه‌ی حه‌ز ده‌كا.مه‌لایه‌ك كتێبێك دابنێ هه‌مووشی چه‌وت و هه‌ڵه بێ كێشه‌مان نییه له‌گه‌ڵیدا، كتێب بۆ بژارده‌ی كۆمه‌ڵه و ناگا به‌ده‌ستی ره‌شوڕووت و كه‌سیش هه‌ڵنافریوێنێ.رۆشنبیرانیش ده‌توانن وتووێژێكی شارستانییانه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن به‌نووسین و به‌گفتوگۆ.
دووه‌م كێشه‌مان له‌گه‌ڵ مه‌لایه‌كاندا، به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ داووده‌زگای ئاینی و مه‌لای هه‌ولێر، ئه‌وه‌یه ته‌نیا له هه‌ولێر كێشه ده‌نێنه‌وه.ئه‌وان یه‌كێتییه‌كه‌ی خۆیان یه‌ك خسته‌وه، دوو ئیداره‌یی نه‌ماوه له پرسی ئاین.بۆچی له سلێمانی شتێك ئازاده و له هه‌ولێر قه‌ده‌غه‌یه.ئاخۆ بووه و رووی داوه له دنیا، دوو یاسا هه‌بێ بۆ دوو شار له بواری ئازادیی بیركردنه‌وه و ده‌ربڕین؟ ئه‌م كه‌رتكردنه‌ی كوردستان بۆ دوو هه‌رێمی "یه‌كیان ئازاد" و ئه‌وی تریان "جێی سه‌رپانكردنه‌وه‌ی شیعر و هزر"، ئۆباڵه‌كه‌ی له ئه‌ستۆی مه‌لایه‌كانه.ئێمه هه‌ولێرمان ده‌وێ ببێ به‌كانگه‌ی بیری ئازاد و نوێخوازی، ده‌مانه‌وێ بیكه‌ین به‌مه‌ڵبه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستییانه، به سه‌رچاوه‌ی دیموكراسی، نامانه‌وێ رووی ئه‌م شاره له هه‌موو بوارێكدا گه‌شاوه بێ و له بوارێكدا، كه له هه‌موویان گرینگتره، بچێته ژێر نیشانه‌ی پرسیاره‌وه.
ده‌بێ ئه‌م ئیزدواجیه‌ت و جووته‌وه‌رییه له بواری مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كتێب و رۆژنامه و بیركردنه‌وه له نێوان شاره‌كانی كوردستاندا، دروست نه‌بێ.خوا یه‌كه و ئاین یه‌كه، ئه‌م دوو شێوازییه نایه‌ته قه‌بووڵكردن.كارێكی چه‌وت و نابه‌رپرسانه‌یه و ئه‌نجامه‌كه‌شی زۆر خراپ ده‌شكێته‌وه بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو.
كێشه‌ی سێیه‌م نه‌ختێك بچووكتره له‌مانه، ره‌نگه گه‌وره‌تریش بێ و ئێمه نه‌یزانین، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه زۆربه‌ی مه‌لایه‌كان رۆژ به‌ڕۆژ، پله و پایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی خۆیان ده‌هێننه خواره‌وه.مه‌لای یه‌كگرتوو هه‌یه، مه‌لای كۆمه‌ڵ هه‌یه، مه‌لای گۆڕان هه‌یه، مه‌لای یه‌كێتی هه‌یه، مه‌لای پارتی هه‌یه.بیستوومانه مه‌لاش هه‌یه سرف قاعیده‌یه.راسته مه‌لا مرۆڤه و مافی خۆیه‌تی هه‌ر یه‌كێك له‌مانه بێ، به‌ڵام كێشه له‌وه‌دایه مزگه‌وت بكا به بنكه و باره‌گای ئه‌م لایه‌نانه و به‌ناوی ئه‌وانه‌وه بدوێ.ئه‌م دۆخه كه خۆیان دروستیان كردووه، زۆری له پایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی ئه‌وان دابه‌زاندووه، ئه‌نجامه‌كه‌شی خراپ ده‌بێ بۆیان.ئێمه زۆر سوورین له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی ئه‌م توێژه به رێزلێگیراوی، هه‌ر كه‌سێك له ئێمه چه‌ندان مه‌لای هه‌ڤاڵ و خزمی هه‌یه و به په‌رۆشه بۆیان، مه‌لامان خۆش ده‌وێ و ده‌مانه‌ێ له جیاتی ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌نده به‌ئێمه‌دا ده‌چنه‌وه، جارێكیش به‌خۆیاندا بچنه‌وه و بزانن چی‌یان كردووه به خۆیان.ئه‌وان داوا ده‌كه‌ن ئێمه رێزیان لێ بگرین و وه‌ك فریشته‌یان سه‌یر بكه‌ین، باشه ده‌یكه‌ین و زۆریشمان پێ خۆشه مه‌لا فریشته بن، به‌ڵام با تۆزێك له گه‌مه‌ی دنیایی دوور بكه‌ونه‌وه، كاری ئه‌وان له‌گه‌ڵ سیاسه‌تدا زۆر ناڕێك و ناكۆكه.ته‌نیا مه‌لا دوور بكه‌ونه‌وه له سیاسه‌ت، ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تی له كوردستان ناشێوێ.
11/2/2011
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
