راگه‌یاندنی ئۆپۆزسیۆن له كوردستان له دوای كه‌وتنی رێژیمی زه‌ینه‌لعابدین بن عه‌لییه‌وه، وێنه‌ی تونس وا پێشانی جه‌ماوه‌ری خۆمان ده‌دا وه‌ك بڵێی باسی ئێره‌یان بۆ ده‌كا و هان ده‌دا هه‌مان شت له نێوان به‌رشه‌و و پارشه‌وێكدا له كوردستان دووباره ببێته‌وه.ئه‌م خه‌یاڵڕانییه له نه‌زانییه‌وه بێ یان به مه‌به‌ست، ئه‌نجامه‌كه‌ی ئه‌رێنی نابێ له‌به‌رئه‌وه‌ی خراپترین ئۆپۆزسیۆن له هه‌موو دنیا ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه‌یه كه جه‌ماوه‌ری وڵاته‌كه‌ی خۆی ده‌سخه‌ڵه‌ت ده‌دا و پێی واده‌بێ له‌مه‌دا ده‌سكه‌وتێكی سیاسی ده‌چنێته‌وه.ئۆپۆزسیۆنی له‌مجۆره زۆر زوو راسته‌ڕۆیی "مێداقیه"ی خۆی له‌لای خه‌ڵك له ده‌ست ده‌دا.وه‌ك نه‌ریت ده‌بێ زۆربه‌ی هه‌قیقه‌ت له‌لای ئۆپۆزسیۆن ده‌ست بكه‌وێ، له دۆخی كوردستاندا ده‌ق پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه راسته.ده‌سه‌ڵاتی كوردستان به هه‌موو كه‌موكورتییه‌كی خۆیه‌وه راستیوێژتره له ئۆپۆزسیۆن و له هه‌موو رووێكه‌وه له‌و زیاتر جێی متمانه‌یه.ئه‌و سیناریۆ خه‌یاڵییه‌ش كه ئۆپۆزسیۆن كێشاویه‌تی له‌باره‌ی كوردستانه‌وه به‌هیچ جۆر روو نادا.شڵه‌ژاندنی كوردستان راپه‌ڕینی گه‌لی لێ ناكه‌وێته‌وه، شتێكی تری لێ ده‌كه‌وێته‌وه كه زۆر جێی مه‌ترسییه، با سه‌ره‌تا به‌راوردێكی تونس و كوردستان بكه‌ین، بزانین شتی هاوبه‌ش و ناوكۆمان چییه و له چیشدا ناكۆكین.
له تونس حزب پاوانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی كردووه و له‌وێشه‌وه په‌لی هاوێشتووه بۆ سه‌رجه‌م بواره‌یلی تری ژیان.سه‌رتاپێی ئابووریی وڵات به ده‌ستی گرووپێكه‌وه بووه له ماوه‌ی زیاتر له بیست ساڵی رابردوودا.باشیشیان به‌ڕێوه نه‌بردووه، وڵات داڕزیوه به‌ده‌ستی ئه‌م گرووپه‌وه و گه‌نده‌ڵی بووه به سیمایه‌كی گشتیی وڵات.تا ئێره مافم به ده‌سته‌وه‌یه له‌گه‌ڵ كوردستاندا تا راده‌یه‌ك به‌یه‌كتریان بچووێنم.تونس وڵاتێكه بێكاری و هه‌ژاری پرزه‌ی له گه‌له‌كه‌ی بڕیوه، ئێره وا نییه، له كوردستاندا ته‌نبه‌ڵی و كارنه‌كه‌ری هه‌یه به‌ڵام بێكاری نییه.بۆ پرسی هه‌ژاریش جێی نكووڵی نییه كه باری بژێویی خه‌ڵكی كوردستان رۆژبه‌ڕۆژ له باشیدایه.سێ شاره‌كه‌ی كوردستان خه‌ریكه له‌به‌ر زیادبوونی ژماره‌ی ئۆتۆمۆبێل بته‌قن.له تونس ئازادیی ده‌ربڕین سفر بووه و میدیای پێچه‌وانه‌ی میدیای ده‌سه‌ڵات بوونی نه‌بووه.له كوردستان دۆخه‌كه ناكۆكه له‌گه‌ڵ ئه‌مه، ئێره جمه‌ی دێ له میدیای پێچه‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵات و پڕفرۆشتریشه و به‌هێزتریشه له میدیای ئه‌و و نووزه‌شی له ده‌سه‌ڵات بڕیوه، رۆژانه گریانت دێ بۆ ده‌سه‌ڵات به ده‌ست كه‌ڵه‌گاییی ئه‌م میدایایه‌وه.
له زۆر بواری تریشدا كوردستان ناكۆكه له‌گه‌ڵ دۆخی تونس، له‌وێ ئۆپۆزسیۆن یان له گرتیگه بووه یان له ژێر زه‌وی و یانیش له دووره‌وڵاتی و هه‌نده‌ران.راپه‌ڕینی گه‌ل ده‌لیڤه‌ی هه‌ناسه‌دانی بۆ كردنه‌وه ئه‌گینا رێژیمی زه‌ینه‌لعابدین نه‌یده‌هێشت چاو به‌هیچ ئازادییه‌كدا هه‌ڵێنن.را‌شد ئه‌لغه‌نووشیی رێبه‌ڕی ئیسلامییه‌كان پاشی زیاتر له بیست ساڵ ده‌ربه‌ده‌ری، به‌ر له چه‌ند رۆژێك گه‌ڕایه‌وه وڵاته‌كه‌ی.با ئه‌مه به‌راورد بكه‌ین له‌گه‌ڵ كوردستان، لێره گرتیگه‌ی سیاسی نییه، هیچ هاووڵاتییه‌كی كوردستانیش به‌هۆی راوه‌دوونانی سیاسییه‌وه كوردستانی به‌جێ نه‌هێشتووه.ئۆپۆزسیۆنی كوردی نه‌ك هه‌ر ئازاده له كاری سیاسی و رێكخراوه‌یی و پێوه‌ندی به‌ستن له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌دا، بگره رۆژانه گێچه‌ڵ ده‌نێته‌وه و سه‌ره‌ڕێ ده‌گرێ له ده‌سه‌ڵات، ده‌چێ له به‌غدا سكاڵا ده‌كا و راپۆڕت له كوردستان ده‌دا و له گوڵ كاڵتریشی پێ نایه‌ته گوتن.ئۆپۆزسیۆنی كوردستان به‌ئابوونه‌ی ئه‌ندامانی خۆی ناژی، ته‌رخانی مانگانه‌ی هه‌یه له ده‌سه‌ڵاته‌وه.ئۆپۆزسیۆن له تونس له ژێری زه‌ویدا به ملكه‌چییه‌وه خۆی حه‌شاردابوو، ئه‌وه‌ی كوردستان له‌سه‌ر گردێك سه‌ربه‌رزانه رۆنیشتووه و گرده‌كه‌شی له‌سه‌ر خۆی تاپۆ كردووه كه موڵكی گشتییه.
كوردستان هیچی له تونس ناچێ ئه‌وه نه‌بێ كه حزبی ده‌سه‌ڵات "پارتی و یه‌كێتی" له به‌ڕێوه‌بردندا نه‌شاره‌زان.به پێشمه‌رگه‌ی كۆن و كادیری لادێیی وڵاتداری ده‌كه‌ن و حكوومه‌ت به‌ڕێوه ده‌به‌ن.ئه‌م پێشمه‌رگه كۆنانه له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌هێزی بازوو و به‌ڕێكردنی ساڵانی ته‌مه‌نیان له خه‌بات، گه‌یشتوونه‌ته سه‌ر كورسی، ناتوانن ره‌چاوی یاسا و داوونه‌ریتی به‌ڕێوه‌بردن بكه‌ن، هه‌موو شتێك به‌مافی خۆیان ده‌زانن.حزب له كوردستان خۆی به‌سه‌ر هه‌موو شتێك‌دا پان كردووه‌ته‌وه و وا ده‌زانێ ئه‌وه‌ی لایه‌نگر نه‌بێ هاووڵاتی نییه، ئه‌وه‌ی نه‌چووبێته شاخ به‌عسی بووه، ئه‌وه‌ی له ئاواره‌یی نه‌ژیابێ كورد نییه.وا ده‌زانێ ته‌نیا پێشمه‌رگه‌ی كۆن و دڵسۆزانی حزب مافی پشكدارییان هه‌یه له كاتێكدا كوردستان پڕه له كادیری لێهاتوو بۆ به‌ڕێوه‌بردن، ده‌بێ حزب ئه‌وه‌ی بۆ یه‌كلابێته‌وه كه‌وا لێهاتوویی بنچینه‌ی دڵسۆزییه نه‌ك قوربانیدانی سیاسی، ئه‌وه‌ی لێهاتوو نه‌بێ بۆ به‌ڕێوه‌بردن، ناتوانێ به‌كرده‌وه دڵسۆز بێ با ده‌یان ساڵیش خه‌باتی سیاسیی هه‌بێ.له‌مه‌ش به‌ولاوه‌تر، ره‌نگه له‌ناو خوتی حزبه‌كانیشدا كادیری لێهاتوو زۆربن به‌ڵام ده‌رفه‌ت و ده‌لیڤه بۆ به‌شدارییان له به‌ڕێوه‌بردن، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌سه‌ر بنه‌وای لێهاتوویی نییه، نه‌یانتوانیوه به‌شدار ببن له باشكردنی كارگێڕی.ئه‌م دۆخه‌ی كوردستان كه دۆخه‌كه‌ی شڕ و شیتاڵ كردووه، گۆڕانیش وه‌ك باڵێكی جیابووه‌وه له ده‌سه‌ڵات لێی به‌رپرسه و ناتوانێ خۆی له‌م به‌رپرسییه بدزێته‌وه.
كێشه‌ی كوردستان ئه‌وه‌یه ئۆپۆزسیۆنی تێدا نییه ئه‌گینا دۆخه‌كه وا شڕ نه‌ده‌بوو، ده‌سه‌ڵات به هه‌بوونی ئۆپۆزسیۆنێكی كاراوه پته‌و ده‌بێ و لێپێچینه‌وه له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌كا.ئه‌وه‌ی له كوردستان هه‌یه ململانه‌ی نێوان لایه‌نگه‌له له‌سه‌ر دابه‌شكردنی ده‌سكه‌وت و ده‌سه‌ڵات.بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌یه‌وێ شه‌قام پێشانی پارتی و یه‌كێتی بدا بۆ تۆقاندنیان و به‌بیرهێنانه‌وه‌ی تونس و هه‌ڵاتنی زه‌ینه‌لعابدین بن عه‌لی.سه‌ركرده‌كانی گۆڕان له‌م وێنه‌كێشییه‌دا بیریان زۆر كوله، دیاره ئه‌مانه ناتوانن به‌رپێی خۆشیان به‌باشی ببینن.كوردستان نابێ به تونس، له‌به‌رئه‌وه‌ی له تونس هه‌روه‌ها ره‌نگه له میسر و یه‌مه‌نیش ئه‌وه دووباره ببێته‌وه كه سوپا بێلایه‌نی بنوێنێ له نێوان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆندا.له كوردستان پێشمه‌رگه سوپای حزبه، له كاتی ته‌نگانه‌دا دێته گۆڕه‌پانه‌وه و خۆی بۆ به‌خت ده‌كا.ئه‌و هاندانه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌یكا بۆ جووڵاندنی شه‌قام، راپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ریی لێ نایه‌ته به‌رهه‌م تا كۆشكی ده‌سه‌ڵات بهه‌ژێنێ، بگره ده‌بێ به مایه‌ی شه‌ڕ و پێكدادانی نێوان لایه‌نگه‌ل به هێزی پێشمه‌رگه‌شه‌وه.سه‌رئه‌نجام ده‌سه‌ڵات به‌هۆی ئه‌م دۆخه‌وه جارێكی تر ده‌چێته‌وه قۆناغی شۆڕشگێری و ئه‌و زڕه‌دیموكراسییه‌ی به‌دیش هاتبوو له‌بار ده‌چێته‌وه.بڵاوبوونه‌وه‌ی بانگه‌وازی گۆڕان له رۆژی 29 كانوون (2) بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و حكوومه‌ت و هه‌موو شت، له هه‌مان كات دنه‌دانی جه‌ماوه‌ر بۆ خۆپێشاندان و پاشانیش راپه‌ڕین، كورسیی ده‌سه‌ڵات وه‌رناگێڕێ، بگره ده‌بێ به‌مایه‌ی پێكدادانی نێوان لایه‌نگه‌ل، كه ره‌نگه به گرتنی گرده‌كه‌یان ده‌ست پێ بكا و پاشان شه‌ڕی ناوه‌خۆ جارێكی تر وه‌ك ساڵانی 1995 و 1996 بكه‌وێته مله و یاڵی كێوان.ئه‌مه‌یه وێنه‌ی راسته‌قینه‌ی كوردستان كه زۆر جیایه له دیمه‌نی تونس، ئه‌مه بوو گوتم ئۆپۆزسیۆنی خراپ له دنیا ئه‌وه‌یه جه‌ماوه‌ری وڵات ده‌سخه‌ڵه‌ت ده‌دا و كۆمه‌ڵگه بۆ لێواری مه‌ترسی پاڵ ده‌نێ.
30/1/2011
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
