ئاخاوتنی كێش و سه‌روادار هه‌ستێكی خۆش له‌لای گوێگردا په‌یا ده‌كا. واش ده‌كا تا ماوه‌یه‌ك له بیری نه‌چێته‌وه، كارتێكه‌ریشی بۆ سه‌ر باوه‌ڕی مرۆڤ زیاتره. بۆ نموونه قسه‌ی نه‌سته‌ق و گوتنی پێشینان له‌به‌رئه‌وه‌ی كورت و به‌كێش و سه‌روان، ناوه‌ڕۆكیشیان پته‌وه، زۆرتر له‌بیر ده‌مێننه‌وه له ئاخاوتنی ئاسایی. شیعریش هه‌ر ده‌چێته ئه‌م چوارچێوه‌یه‌وه. له‌م ساڵانه‌ی دواییدا جۆرێكی تر په‌یدا بووه ئه‌ویش كورته نامه‌ی شیعرینه كه خه‌ڵك به مۆبایل ده‌ینێرن بۆ یه‌كتر. من له‌گه‌ڵ ئه‌و زاراوه‌یدا نیم "مۆبایله شیعر" له‌به‌رئه‌وه‌ی پێش داهاتنی مۆبایلیش ئه‌م جۆره شیعره هه‌بووه، بۆ نموونه شیعری یه‌ك دێری یان چوارینه. دووریش نییه رۆژانێك بێ ئامێری مۆبایل بگۆڕێ به‌شتێكی تر، وه‌ك چۆن ده‌بینین فاكس نه‌ما.
من و هه‌ڤاڵی هێژام كاك حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن زۆرجار به‌كورته نامه‌ی كێش و سه‌روادار پرسیار و هه‌واڵ بۆ یه‌كتر ده‌نێرین. من ناوم له‌م جۆره نامانه ناوه شیعرێنه له‌سه‌ر كێشی نیسكێنه و ماشێنه. ئه‌مانه جۆره چێشتی سووكه‌ڵه‌ی كورده‌وارین، چێشتی گرینگ و به‌ڕاستی نین و ناوه‌كه‌شیان جۆرێك له گاڵته‌وگه‌پی پێوه دیاره. ئێمه‌ش، واته من و كاك حه‌مه‌سه‌عید زیاتری پرسیار و هه‌واڵه‌یلی خۆمان له شێوه‌ی گاڵته‌وگه‌پدا ده‌گوازینه‌وه هه‌رچه‌نده باسه‌كان گرینگ و به‌ڕاستیش بن.
پێشانگه‌ی ده‌زگای ئاراسمان له سلێمانی كرده‌وه، رۆژی 8ی ئادار بوو كه رۆژی ئافره‌تانه، پێشانگه‌كه پڕ و قه‌ره‌باڵغ بوو. ئه‌و هه‌واڵه‌م وا نووسی بۆ كاك حه‌مه‌سه‌عید: "پێشانگه‌ی ئاراس له شار كرایه‌وه، ئازیزان زۆربوون ماندووم سایه‌وه". ئه‌ویش وا وه‌ڵامی دامه‌وه: "سڵاو له خه‌جێ و له كه‌تانه‌وه، به‌بۆنه‌ی رۆژی ئافره‌تانه‌وه". من رۆژه‌كه‌م له‌بیر چووبوو ئه‌و به‌یادی هێنامه‌وه. جارێكیان چووبووم بۆ توركیا، مرۆڤ له ده‌ره‌وه له هه‌واڵی ناوه‌خۆ به‌دوور ده‌بێ و هه‌ست به‌بۆشایی و دڵه‌ڕاوكه ده‌كا. نامه‌م بۆ كاك حه‌مه‌سه‌عید نارد: "نامه نانێرن هه‌واڵتان نییه، ده‌نگوباسی كورد له‌لاتان چییه؟"، له ئوردنیشه‌وه نامه‌یه‌كی ترم بۆی نارد: "بۆ خۆم له عه‌ممان دڵ له هه‌ولێره، هه‌تا پێت ده‌كرێ نامه بنێره. سه‌عات گه‌یشته ده‌وروبه‌ری دوو، وا به‌ڕێ كه‌وتین بۆ ده‌ریای مردوو". وه‌ڵامه‌كانی ئه‌وم له‌بیر نه‌ماوه چی بوون ئه‌گینا ده‌منووسینه‌وه.
جارێكیش ئه‌و نامه‌یه‌كی وای بۆ ناردم: "نامه‌كه‌ت گه‌یشت هه‌رچه‌نده بۆش بوو، به‌ڵام تۆزقاڵێ دڵم پێی خۆش بوو. ئه‌ی كاكه به‌دران حورمه‌ت و سڵاو، زه‌نگێ لێ بده بۆ منی فه‌وتاو. " منیش بۆیم نووسی: "شه‌رواڵت هه‌ڵكه هه‌تا سه‌ری چۆك، خۆت ئاماده بۆ رێگه‌ی دهۆك. سبه‌ی سه‌عات هه‌شت هاین به‌ڕێگاوه، ئۆتۆمبێل و شت هه‌مووی ته‌واوه. " ئه‌مه‌ش وه‌ڵامی ئه‌و: "شه‌یدای سه‌فه‌رم پیاوێكم گه‌ڕۆك، سبه‌ی ئاماده‌م بۆ گه‌شتی دهۆك. " جارێكی تر هه‌واڵی نه‌شته‌ركاریی خۆی به‌م شێوه‌یه به‌من گه‌یاند: "من رۆژی شه‌ممه گشت گیانم به‌نجه، بۆ نه‌شته‌ركاریی یه‌ك تاقه په‌نجه. " له‌لای جه‌له‌ولا گرژی هه‌بوو له نێوان كورد و سوپای عێراقدا، ئه‌مه پێش سێ ساڵ، نامه‌یه‌كم بۆی نارد و ده‌نگوباسمان گۆڕییه‌وه، شیعرێنه‌كی بۆم نارد ئه‌مه ده‌قه‌كه‌یه‌تی: "پێ میم له جێی خۆی ده‌مێنێته‌وه، سه‌ری بۆ قاوغ ناكێشێته‌وه. " منیش هه‌واڵی به‌جێگربوونی مام جه‌لالم له رێكخراوی ئینترناسیۆنالدا، به‌م شێوه‌یه پێی گه‌یاند: "سه‌ركۆماری كورد هه‌ڤاڵ مام جه‌لال، بوو به‌جێگری ئینترناسیۆنال. "
ماوه‌یه‌ك بوو بیرم ده‌كرده‌وه په‌یكه‌رێك بۆ كاك حه‌مه‌سه‌عید دروست بكه‌ین، به‌ڕاستیشم بوو. زۆر بنووس و هونه‌رمه‌ن هه‌ن له ژیاندان و په‌یكه‌ریان هه‌یه بۆ نموونه سه‌لفادۆر دالیی به‌ناوبانگ. كاك حه‌مه‌سه‌عید هاوه‌ڵێكی نێزیكمه و زۆر خۆشم ده‌وێ، بنووس و ره‌خنه‌گرێكی به‌ناوبانگ و پیاوێكی رێزداریشه له‌رووی پێوه‌ندیی كه‌سانییه‌وه، زۆریش گاڵته‌وگه‌پ ده‌كه‌ین به‌یه‌كه‌وه. له‌باره‌ی په‌یكه‌ره‌كه‌وه وام بۆی نووسی: "په‌یكه‌رت بۆ بكه‌م چاو به‌چاویلكه، رووت به‌ره‌و ئاسۆ ده‌س به‌نامیلكه. " من و كاك دڵشاد عه‌بدوڵڵا و كاك عه‌بدوڕه‌زاق عه‌لی به "هه‌ڤالی هێژا" بانگی ئه‌و ده‌كه‌ین. بڕیار بوو هه‌ڤاڵ سه‌روتارێك بۆ كۆواری واته بنووسی، سه‌روتار دوا كه‌وت، بۆیم نووسی: "قه‌ڵه‌م به‌پیتی سایت و كۆوار، واته وه‌ستاوه له‌سه‌ر سه‌روتار. " وه‌ڵامی دامه‌وه: "قامكم ژان ده‌كا، توانای نووسینم، سفره ببووره هاوڕێی شیرینم. " ئه‌مه كاتی نه‌شته‌ركارییه‌كه بوو. جارێكی تریش بارودۆخی سیاسیی كوردستان له ناوچه‌یلی جێ ناكۆكیدا ناجۆر بوو، بۆمی نووسیبوو: "هیچت دیار نییه هه‌ڤاڵ له‌مێژه، ناسكه قۆناغه ده شتێ بێژه. " منیش وا وه‌ڵامیم دایه‌وه: "ره‌وش ناسكه سه‌رۆك له كه‌ركووك، مام له ئه‌مه‌ریكایه كێشی ده‌كا سووك. " بێگومان ئه‌مانه ته‌نیا بۆ گه‌یاندنی ده‌نگوباس بوون به شیعرێنه و له شێوازێكی گه‌پئامێزدا.
چووبووین بۆ سلێمانی، دیسانه‌وه بۆ پێشانگه‌ی كتێب. هه‌ڤاڵی هێژا نامه‌یه‌كی بۆم نووسی: "له شاری شێخی یان له هه‌ولێری؟ سبه‌ی ئازادی یاخۆ ئیش دێری؟" منیش وا وه‌ڵامیم دایه‌وه: "ئێمه سه‌عات هه‌شت ده‌كه‌ین ته‌مننا، ته‌شریفتان بێنن بۆ ئه‌بووسه‌نا. " پاش ماوه‌یه‌ك هه‌ڤاڵ چووه‌وه بۆ سوێد، له‌وێ نه‌ساغ كه‌وت و كه‌وته نه‌خۆشخانه. نیگه‌ران بووین و نه‌مانده‌زانی چۆن هه‌واڵی بزانین، زۆرم نامه بۆی نارد، له‌مانه: "نه‌ده‌نگت هه‌یه نه‌كورته نامه، هه‌رچی ده‌نووسین گشت بێ وه‌ڵامه"، یاخۆ: "ئازاری چۆنه جه‌سته‌ی نه‌ساغت، بێ خوڵكی یانیش به‌رزه ده‌ماغت؟" دواجار وا وه‌ڵامی دایه‌وه: "ئه‌گه‌رچی وه‌زعم شڕ و شلۆقه، به‌ڵام به‌وره‌م زۆر لێم مه‌تۆقه".
چووین بۆ میسر له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوه‌ڵێكدا. له‌وێوه وازم له كاك حه‌مه‌سه‌عید نه‌ده‌هێنا و شیعرێنه‌م بۆی ده‌نارده‌وه. بۆیم نووسی (گوایه به‌زاراوه‌ی هه‌ورامی وه‌ك مه‌وله‌وی بێسارانی ده‌نووسم) : "دوێ شه‌و له ئه‌هرام یادی تۆم كه‌رده‌ن، ده‌نگوباس ماچۆ هه‌ولێر فره سه‌رده‌ن". ده‌قه‌كه زیاتر بوو، ئه‌وانی ترم لێ ون بووه. شێخ جه‌عفه‌ر به‌رزنجی، كارمه‌ندی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری، نه‌ساغ كه‌وتبوو، شێخ جه‌عفه‌ر زۆر هاوه‌ڵمانه و چه‌ند جارێك به‌زستان، ئێمه ئه‌م چواره‌ی له‌م وتاره‌دا ناوم هێناون، بانگهێشتن ده‌كرد بۆ ماڵی خۆی بۆ خواردنی سه‌روپێ، هه‌ڤاڵ حه‌مه‌سه‌عید هه‌واڵه‌كه‌ی به‌شێوه‌یه‌ك پێ راگه‌یاندم كه نه‌مده‌زانی خه‌م بۆ شێخ جافه‌ر بخۆم یان به‌نامه‌كه پێ بكه‌نم: "ئه‌و شێخ جه‌عفه‌ره‌ی گیپه‌كه‌ی باشه، جه‌ڵته لێی داوه وا له ئینعاشه. "
ئێسته من و كاك حه‌مه‌سه‌عید ساڵێك ده‌بێ شیعرێنه‌مان نه‌كردووه، پێش چه‌ند مانگێك، سه‌یری تیڤیم ده‌كرد، چه‌ندین دیمه‌نی له مالیزیا پێشان ده‌دا كه وڵاتێكی فره جوان و به‌هاری و به‌ئاو و داره، به‌ڕاستی دڵڕفێنه مالیزیا. پایه‌ته‌خته‌كه‌ی ناوی كولالامپووره كه وشه‌یه‌كی زۆر شیرینه به لامه‌وه، هه‌ر ده‌ڵێی ناوی گوندێكی كوردییه. ئه‌م نامه‌یه‌م بۆ هه‌ڤاڵ نارد به‌ڵام وه‌ڵامی نه‌دامه‌وه: "بێره با بڕۆین بۆ كولالامپوور، به‌ره‌و به‌هه‌شتی جوانی بێ سنوور. لێره وا فه‌وتاین به‌ده‌س نان و توور، با رزگار ببین له گش چه‌قه و لوور. "
21/12/2010
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
