بڕیارێكی بوێرانه‌ی دا، مه‌سعوود بارزانی ئه‌و رۆژه‌ی ساڵی 2005 كه خه‌بات و سه‌روه‌ریی شێست ساڵه‌ی خۆی و حزبه‌كه‌ی وه‌لا نا و وه‌ك هاووڵاتییه‌ك چووه ناو پێشبڕكه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم. یاسای ئه‌و هه‌ڵبژاردنه مه‌رجه‌یلی دژواری دانه‌ناوه له پێش پاڵاوك "مرشح"دا، هاووڵاتییه‌ك ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له رابردووی خه‌بات و سیاسیی خۆیدا زۆر رووت و ره‌جاڵیش بێ ده‌توانێ خۆی بخاته ناو ئه‌و گه‌مه‌یه‌وه و پێشبڕكه‌ی گه‌وره گه‌وره‌كان بكا. بارزانی ده‌یتوانی، بێگومان تاڵه‌بانیش له‌گه‌ڵیدا، هه‌تا مردن سه‌رۆك بن و گه‌لی كوردستانیش ئه‌مه‌ی بۆ به‌شایان ده‌زانین. ئه‌و ده‌مه‌ش میدیا وه‌ك ئه‌مڕۆ هاروهاجانه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا نه‌ده‌كردن.
ئه‌و بڕیاره‌ی بارزانی وه‌ك چۆن له رووی كه‌سانییه‌وه بڕیارێكی بوێرانه بوو، له رووی مێژووییشه‌وه هه‌ر وابوو. جارێ با له رووی كه‌سانییه‌وه باسی بكه‌ین: گره‌وی هه‌ڵبژاردن ریسكێكه له ریسكی قومار ده‌چێ، به‌تایبه‌تی له‌ناو گه‌لانی بێ سه‌ردا كه راست و چه‌پی خۆیان له‌یه‌ك جیا ناكه‌نه‌وه. له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی وادا زۆرجار هه‌ڵبژاردن بردنه‌وه به‌كه‌سێك ده‌دا كه مگێز"مزاج"ێكی كاتیی شه‌قام یان كه‌فوكوڵێكی جه‌ماوه‌ری، رۆڵیان تێدا بینیوه نه‌ك رابردووی دره‌وشاوه‌ی ئه‌و كه‌سه، یاخۆ به‌رنامه تێروته‌ژییه‌كه‌ی له‌مه‌ڕ داهاتووی وڵات.
ئه‌و بڕیاره‌ی بارزانی به‌خۆ كاندیدكردن و ده‌رفه‌تدان به‌خه‌ڵكی تر كه پێشبڕكه‌ی بكه‌ن، له رووی مێژووییشه‌وه بڕیارێكی بوێرایانه بوو، هه‌نگاوێك بوو ده‌یان ساڵی له مێژووی بزاوی دیموكراسیی كوردستان كورت كرده‌وه. رێبه‌رانی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لان تا خۆیان له ژیاندان ده‌رفه‌ت ناهێڵنه‌وه بۆ كه‌سێكی تر پێشبڕكه‌یان بكات یان چاو له كورسییه‌كانیان ببڕێ، بۆ ئه‌مه سوودیش له دواكه‌وتووییی كۆمه‌ڵگه وه‌رده‌گرن. گه‌لانیش ئه‌وه به‌خۆشحاڵییه‌وه په‌سند ده‌كه‌ن هه‌ر به‌سه‌رۆك بیانهێڵنه‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ی شه‌رعیه‌تی مێژوویی له‌لای ئه‌و گه‌لانه‌دا، هیچی كه‌متر نییه له شه‌رعیه‌تی هه‌ڵبژاردن، بگره زیاتر و پیرۆزتریشه. ئه‌م كولتووره هاوسه‌رده‌مه تازه‌یه مه‌سعوود بارزانی دای هێنا كه گوتی ئه‌و كورسییه پیرۆزی ئه‌و كه‌سه بێ سیپه "سندووق"ی هه‌ڵبژاردن و ده‌نگی گه‌ل بۆی یه‌كلا ده‌كاته‌وه.
بۆ پڕۆژه‌كانی به‌رده‌ستی بارزانی، چ وه‌ك سه‌رۆكی بزاوی رزگاریخوازی كوردستان له رابردوو چ وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم، ئه‌م پاڵپشتییه‌ی گه‌لی كوردستان به‌هه‌ڵبژادنه‌وه‌ی دوو جاری بۆ ئه‌م سه‌رۆكایه‌تییه له رێی ده‌نگدانه‌وه، ره‌واییدانێكی پێویست بوو. ئه‌و ده‌یه‌وێ له پرسی وه‌رگرتنه‌وه‌ی كه‌ركووكدا، جگه له‌وه‌ی كه ده‌ستووری عێراقی له پشته، ده‌نگی گه‌لی كوردستانیشی له پشت بێ، ئه‌ویش بێگومان له رێی هه‌ڵبژاردنه‌وه نه‌ك له رێیه‌كی تر. هه‌روه‌ها له پرسی بڕیاردانی چاره‌نووسی كوردستانیشدا به‌هه‌مان شێوه خاوه‌ن ره‌وایی بێ ئه‌گه‌ر هاتوو عێراق رۆژێ له رۆژان له جێبه‌جێكردنی ئه‌و ده‌ستووره‌دا كه‌وته پاشه‌كشێ و كلكه‌له‌قێ. به‌كورتی بارزانی له‌سه‌ر زه‌وینه‌یه‌كی پاك و پته‌ودا خه‌بات ده‌كا بۆ ئامانجێكی ره‌وا كه رزگاركردنی گه‌لێكی چه‌وساوه و وڵاتێكی له‌تله‌ته، ئه‌مه راستییه‌ك نییه هاووڵاتیی هه‌رێمی كوردستان هه‌ستی پێ نه‌كا، بگره هاووڵاتیی كوردستان نییه له‌و جۆره پرسانه‌دا متمانه‌ی به سه‌رۆك نه‌بێ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و هاووڵاتییه له رووی سیاسییه‌وه بیروباوه‌ڕیشی لێی جیا بێ.
به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه، میدیایه‌ك له كوردستان به‌ناوی میدیای ئازاده‌وه شه‌و و رۆژ له‌گه‌ڕدایه بۆ شێواندن و هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی راستی. گومان ده‌خاته سه‌ر هه‌موو هه‌ڵوێست و كرده‌وه و ته‌نانه‌ت ئاخاوتنێكی سه‌رپێییش. لێڵی ده‌خاته سه‌ربینایی بۆ ئه‌وه‌ی راستی نه‌یه‌ت دیتن. به‌هه‌موو واتایه‌ك ئه‌م میدیایه میدیایه‌كی ده‌ست و پێگره و هه‌ر سیسته‌مێكی تر بێ له دنیا قه‌بووڵی ناكا. به‌ڵام وێڕای ئه‌مانه‌ش، سه‌رۆك بارزانی كارێكی چاكی كرد به‌كێشانه‌وه‌ی هه‌ندێك له‌و دۆزانه‌ی له دادگه كرابوونه‌وه له ئاست ئه‌و میدیایه‌دا، نه‌ك له‌به‌ر ره‌چاوكردنی ئازادیی ده‌ربڕین، به‌بۆچوونی من پرسه‌كه پێوه‌ندیی به‌و ئازادییه‌وه نییه. ئازادیی ده‌ربڕین به‌گوێره‌ی یاسایه و یاساش چوارچێوه‌ی هه‌یه كه شاسوارانی ئه‌و میدیایه نه یاسا و نه لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی، قه‌بووڵ ناكه‌ن. ده‌شێ له‌مه‌ولا بێ گوێدانه ئه‌م میدیایه، سه‌رۆك په‌ره به‌كاروانه مێژوویییه‌كه‌ی خۆی بدا و نێزیكمان بكاته‌وه له وێستگه‌ی رزگاریی نیشتمانی. به‌تایبه‌تیش له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م میدیایه له شوێنێكدا كار ده‌كا و ده‌گه‌ڕێ كه نه‌ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆك و نه‌ده‌سه‌ڵاتی پارته‌كه‌ی بوونیان تێیدا نییه، گومانم هه‌یه له‌وه‌ی كه حكوومه‌تی هه‌رێمیش له‌و شوێنه‌دا ده‌ستی بڕوا.
میدیای ئازاد "میدیای ئازادی راسته‌قینه نه‌ك چه‌واشه"، ئه‌ركی ئه‌وه‌یه كارێك بكا كۆمه‌ڵگه له په‌ره‌سه‌ندنی دیموكراسیدا هه‌نگاوی گورج و درێژتر بنێ. وا بكا تاكه‌یلی كۆمه‌ڵ راست و چه‌پی خۆیان له‌یه‌ك هاوێر بكه‌ن له ئاست چاره‌نووسی كۆمه‌ڵگه‌یان و وڵاتیان. بێ ئه‌م میدیایه، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی هاوسه‌رده‌م و بڕوابه‌خۆ له كوردستان نایه‌ته دی. ده‌شێ سه‌رۆك له‌م بواره‌شدا هه‌نگاوێكی سه‌رمه‌شقانه بنێ و به‌شێك له میدیای حزبه‌كه‌ی خۆی بگۆڕێته‌وه به‌میدیایه‌كی ئازادتر و كراوه‌تر به‌تایبه‌تیش كه ئێسته پاشی كۆنگره‌یه و گۆڕین له زۆر شت‌دا دێته‌كردن. بۆ بارزانی ئه‌مه هه‌نگاوێكی بوێرانه ده‌بێ ته‌بای هه‌نگاوه‌كانی تری كه رێگه‌ی دووریان كورت كرده‌وه له بزاوی دیموكراسیدا. چی تریش ئه‌م میدیا چه‌واشه‌یه به‌ناوی میدیای ئازاده‌وه ناتوانێ ره‌نگ و رووی كوردستان لێڵ و مژاوی پێشان بدا. ئه‌وه چه‌قێن و به‌ستێنی میدیای حزبییه كه ده‌رفه‌تی هه‌موار كردووه بۆ زاین و ڕسكانی ئه‌و میدیا نابه‌رپرسیاره له ئاست هه‌ردوو پرسی گرینگی "یه‌ك" چاره‌نووسی سیاسیی كوردستان و "دوو" چاره‌نووسی دیموكراسی له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا.
9/1/2011
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
