بیست ساڵه ئێمه ده‌پاڕێینه‌وه و ئێوه وا ده‌زانن ته‌نازولتان بۆ ده‌كه‌ین، بیست ساڵه ئێمه غه‌م ده‌خۆین له نیشتمان، ئێوه‌ش عه‌وداڵن بۆ پڕ كردنی گیرفان، بیست ساڵه ئێمه داوای گۆڕانكاری و چاكسازی ده‌كه‌ین ئێوه‌ش جڕتمان بۆ لی ده‌ده‌ن، بیست ساڵه ئێمه په‌ست ده‌بین له گه‌نده‌ڵیتان، ئێوه‌ش مه‌ست ده‌بن له تاڵانیمان، بیست ساڵه ئێمه ده‌ستمان له سه‌ر دڵمانه بۆ ئه‌زموونه‌كه‌مان، ئێوه‌ش ده‌ستتان له سه‌ر گیرفانتانه و به‌شی كه‌سی لی ناده‌ن، بیست ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ئێمه و ئێوه یه‌ك بووین و ئێوه ماڵتان له‌گه‌ڵمان جودا كرده‌وه، ئێمه له گه‌ڕه‌كێكی قوڕ و لیته‌دا، ئێوه‌ش كه‌وتنه تاڵانی له به‌هه‌شتێكی بێوێنه‌دا، بیست ساڵه ئێمه به چاوه‌ڕوانییه‌وه له خانوویه‌كدا ڕۆژ ده‌كه‌ینه‌وه و كه ساپیته‌كه‌ی بۆته مۆڵگه‌ی مشك و مۆرانه، ئێوه‌ش ساپیته‌ی ڤێللاكانتان پڕ چل چرای چراخانه.
ئێمه و ئێوه ته‌واو لێك جودا، ئێمه گوڵ و ئێوه فیشه‌كتان كردووه به خودا، ئێوه هه‌ڵتان چنیوه دیوارێكی وه‌كو به‌رلین، وا ده‌زانن خۆتان خاوه‌ن چه‌كدار بن ئیتر ئێمه هیچ نین، ئه‌وا گه‌نج و لاوانی وڵات له ده‌ستی بێدادی، ڕژاونه‌ته مه‌یدانی ئازادی، چاو نه‌ترسن له چه‌ك و جبه‌خانه، هوتاف ده‌چڕن بێباكانه، ئه‌وه‌تا لاوێك هاوار ده‌كات: وا پێتان ده‌ڵێم، ئه‌ی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت و په‌رله‌مان و هه‌رێم، ئه‌وه‌ی به بێوه‌ژنی ده‌یكه‌ن به كچێنی بتانكردایه، تا كار به‌م ڕاده‌یه نه‌گه‌ییشتایه، ئێوه ئێستا هه‌رچییه‌ك بڵێن، ئێمه ده‌زانین ئێوه كێن، ده‌زانین نابه‌نه سه‌ر وه‌عد و به‌ڵێن، بۆیه سه‌رای ئازادی به‌ر ناده‌ین، به‌رۆكتان ده‌گرین و به‌ری ناده‌ین، تا جێبه‌جی نه‌كه‌ن خواست و داوامان، دڵنیا بن چۆڵ ناكه‌ین ڕێگاتان، با ئه‌مجاره‌یان به سمێڵه‌وه ڕیشیش نه‌نێنه بانی، وه‌رنه پێشه‌وه به جوانی، ئیتر پیشت ئه‌ستوور مه‌بن به چه‌كدار و باره‌گا، به‌خوا ئیتر هیچ به هاناتان ناگا، نه جه‌ندرمه‌ی تورك و نه پاسداری قه‌رارگا، ئێمه جه‌ماوه‌ری توڕه‌ی له بن نه‌هاتووین، به ده‌ست به‌ڵێنی پڕ درۆی ئێوه‌وه ماندووین، ناگه‌ڕێینه‌وه به ده‌ستی به‌تاڵ، ناخولێینه‌وه له بازنه‌ی مه‌حاڵ، ئه‌مجاره هاتووین و ناگه‌ڕێینه‌وه، تا دوا وه‌ڵام وه‌رنه‌گرینه‌وه
07701309524
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
