كاتێك ناوی پارتی و یه‌كێتی دێنه پێش، ڕێك ئه‌م قسه‌یه‌م بیر دێته‌وه: ( (كابرایه‌ك له دوكانێكدا مامه‌ڵه‌ی شت ده‌كات و له ئاكامدا له‌گه‌ڵ دوكانداره‌كه‌دا ڕێك ناكه‌وی و كه‌لله‌یی ده‌بێت و شه‌قێك له ته‌نه‌كه‌یه‌كی به‌رده‌م دوكانه‌كه ده‌دا كه ئاگری تێدا كراوه‌ته‌وه، گڕی تی به‌ر ده‌دا و دوكانداره‌كه ده‌سووتێنی، ئینجا كابرا ده‌یه‌وی ڕا بكا، به‌ڵام دراوسی دوكانی سووتاوه‌كه پڕ به كابراكه‌دا ده‌كات و ده‌یگری، كابرا ده‌ست بۆ خه‌نجه‌ری به‌ر پشتێنی ئه‌ویش ده‌بات و ده‌یكات به لاسكیدا و ده‌یكوژێت، له دواییدا به خه‌نجه‌ری خوێناوییه‌وه هه‌ڵدی و له ڕێگادا دوو پۆلیس باڵانگژی ده‌بنه‌وه، به ڕاست و چه‌پدا خه‌نجه‌ر ڕاده‌وه‌شێنێت و ئه‌وانیش به لادا ده‌خا، هه‌رچی چۆنێك بێت ده‌یگرن و پاشان ده‌درێته دادگا، له ڕۆژی دادگایی كردنه‌كه‌یدا هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌ی ده‌خه‌نه به‌رده‌م كه ئه‌نجامی داوه، له وه‌ڵامدا ده‌ڵی: جه‌نابی حاكم به‌خوا گوناهم نیه و بێ‌تاوانم، من چی بكه‌م ئه‌و خه‌ڵكه خۆیان توڕه‌هاتن و ناتوانن له‌گه‌ڵ مندا بژین، دادوه‌ریش پێی ده‌ڵێت: ڕاست ده‌كه‌ی كوڕم، تۆ له‌سه‌ر هه‌قی و بێتاوانی و ئه‌و خه‌ڵكه ناهه‌ق و توڕه‌هاتن، ئه‌سته‌مه تۆ بتوانی له‌گه‌ڵیاندا بگوزه‌رێنی، بۆیه بڕیارماندا ژوورێكی تاكه‌كه‌سیت بۆ ته‌رخان بكه‌ین و بۆ هه‌تاهه‌تایه له‌و خه‌ڵكه دوورت بخه‌ینه‌وه) )، سه‌رباری ئه‌و هه‌موو دزی و تاڵانی و گه‌نده‌ڵی و ناڕوونی و به‌رته‌سك كردنه‌وه‌ی دیموكراتییه‌ت و به‌كه‌ڵه‌گا كردنی حیزبه‌ی له لایه‌ن پارتی و یه‌كێتیه‌وه پیاده كراوه و ده‌كری، كه‌چی هێشتا بێشه‌رمانه خه‌ڵكی خۆپیشانده‌ر به ئاژاوه‌چی و گێره‌شێوێن له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، ئه‌مه‌یه كه ده‌ڵێن: (هه‌تا خاوه‌ن ماڵ دزی گرت، دز خاوه‌ن ماڵی گرت)، بێگومان ڕۆژێك مێژوو ده‌بێته دادوه‌ر و له تۆڵه‌ی دابڕان و سته‌مه‌كانیان له خه‌ڵك، فه‌رمانی زیندانیی هه‌تا هه‌تاییان له زبڵدانی مێژوودا به‌سه‌ردا ده‌دا.
قسه‌یه‌كی كورده‌واری هه‌یه ده‌ڵی: (یه‌كجار زستان سه‌خته و بڕایه‌وه)، سه‌باره‌ت به ده‌سه‌ڵاتی كوردیش یه‌كجار سته‌مكاره و بیبڕینه‌وه باشتره له‌وه‌ی بیڵێینه‌وه و ده‌بی عه‌وداڵی ڕێگا چاره‌ی ئازادی بین، ئه‌ویش سانا نیه و ده‌بی وه‌كو شێرپه‌نجه سستمه‌كه له ڕه‌گه‌وه ده‌ربهێنین و نه‌هێڵین به دروشم و به‌ڵێنی سڕكه‌ر ساردمان بكه‌نه‌وه و دووباره ڕه‌فتاره ناشرینه‌كانیان سه‌ر هه‌ڵداته‌وه و مه‌رگه‌ساته‌كانمان به‌سه‌ردا دووباره بكه‌نه‌وه.
با بێینه سه‌ر ئۆپۆزیسیۆن كه ئه‌مڕۆكه خۆیان كردووه به قازی و به پێی بالۆره‌ی حیزبایه‌تی خۆیان ده‌ڵێی: هه‌وری به‌هارانن یان ده‌ڕه‌وێنه‌وه یان پڕ بارانن، ئه‌مانیش میزاجی به‌رژه‌وه‌ندی حیزبیی چۆنیان لی بخوازێت ئاوها ڕه‌فتار ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر له حوجره داخراوه‌كانی كۆبوونه‌وه‌كانیان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا به ده‌میانه‌وه پی بكه‌نن، ئه‌وا ئه‌وسا پێكه‌نینیان به خواستی ڕه‌وای جه‌ماوه‌ر دێت و زوڕنای (نه‌یار) ه‌كانیان به گوێی جه‌ماوه‌ری بێمافدا ده‌ده‌ن و به ئاژاوه‌چی و گێره‌شێوێن به قاڵبی ده‌سه‌ڵاتدارێتی تاڵانچی مه‌حكومیان ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ریش بیانبوغزێنن و قاچی كورسییان له‌ق بكه‌ن و ده‌می قاسه‌یان لی كلۆم بده‌ن، سواری شه‌پۆڵی ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ر ده‌بن و به‌ره‌و نغرۆ كردنی خواسته ڕه‌واكانیان سه‌رشێتانه و بێگوێدانه ئایینده و چاره‌نووسی ئامانجه‌كانی خه‌ڵك ملی ڕێگه‌ی هات و نه‌هات ده‌گرن و له ڕاگه‌یاندنه‌كانیانه‌وه له بری جه‌ماوه‌ر داد و فیغان ده‌كه‌ن.
له نێو به‌رداشی دز و قازی‌دا ده‌بی جه‌ماوه‌ر به وریاییه‌وه ڕه‌فتار بكه‌ن:
1 – جگه له نوێنه‌رانی خۆیان ئیعاز له هیچ لایه‌نێك وه‌رنه‌گرن و بڕواش به به‌ڵێنی هیچ لایه‌نێك نه‌كه‌ن و بی له نوێنه‌ره‌كانی خۆیان متمانه‌ش به هیچ لایه‌نێك نه‌به‌خشن.
2 – ده‌بی هه‌ڵسوكه‌وت و گوتاری نوێنه‌رانیان ده‌ربڕی ناخی جه‌ماوه‌ر بێت.
3 – ڕێككه‌وتن و موجامه‌له‌ی نێوان حیزبه‌كان ڕه‌ت بكه‌نه‌وه كه ده‌یانه‌وی جه‌ماوه‌ر بكه‌نه به‌رده‌باز بۆ گه‌ییشتن به به‌رژه‌وه‌ندییه حیزبییه‌كانیان.
4 – هه‌وڵ بدری مۆركێكی سه‌رتاسه‌ری و به دوور له ناوچه‌گه‌ریی بئاڵێندرێته خۆپیشاندانه‌كانه‌وه و هه‌ماهه‌نگیی ته‌واو له نێوان گشت كوردستانییاندا بنیات بنری.
5 – ڕێگه نه‌دری سه‌رای ئازادی بكری به مینبه‌ری پڕوپاگه‌نده‌ی حیزبی.
6 – سیاسه‌تی – خورمیش – ی ئۆپۆزیسیۆن ته‌نگه‌به‌ر بكری و داوای هه‌ڵوێستی ڕوونیان لی بكری، چونكه كۆی ده‌نگه‌كانیان له هه‌ڵبژاردن به گوێره‌ی كورسییه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن – گۆڕان، كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو - خۆی له (000 750 – حه‌وتسه‌د و په‌نجا هه‌زار) ده‌دا، ئه‌مه‌ش هێزێك نیه ده‌سه‌ڵاتداران بتوانن چاوی هه‌ڕه‌شه‌یان لی سوور بكه‌نه‌وه، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیان بی نه‌ك ده‌سه‌ڵاتداران ناچاری به‌خۆداچوونه‌وه ده‌كه‌ن به‌ڵكو عه‌رشی جه‌به‌روتیان ده‌هێننه له‌رزه، به‌ڵام وه‌كو ده‌رده‌كه‌وێت نایانه‌وی جه‌ماوه‌ری خۆیان – استهلاك – بكه‌ن، به‌ڵكو ده‌یانه‌وی له ڕێگه‌ی كه‌ناڵ و میدیاكانی ڕاگه‌یاندنه‌كانیان و هه‌ندێك ڕمۆزنی خۆیانه‌وه خاوه‌ندارێتی خۆپیشاندانه‌كان و بازرگانی به خوێنی ڕۆڵه‌كانمانه‌وه بكه‌ن.
7 – ده‌بی له به‌رنامه‌ی چاكسازی و به‌خۆداچوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا نوێنه‌رانی خۆپیشانده‌ران ته‌ره‌ف بن و ڕاسته‌وخۆ چاودێریی نیه‌تپاكیی ده‌سه‌ڵات بكه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆن جێگه‌ی متمانه نین تا بتوانن له نێوان خۆیاندا دڵسۆزانه كار بۆ ئه‌م مه‌به‌سته بكری، چونكه ئه‌وان مارن و ئێمه‌ش مارانگاز، دروشم و هه‌ڵوێست و به‌ڵێنه‌كانی ڕابردوویان گه‌واهیی ڕووی ڕاسته‌قینه‌یانه.
8 – پێویسته پێشهات و پێشخستنی ڕووداوه‌كان ڕۆژانه بۆ جه‌ماوه‌ر ڕوون بكرێته‌وه.
9 – دروشم و داوای جه‌ماوه‌ر ڕێك بخری و دیار و ئاشكرا بن و خۆ به‌دوور بگیری له شتی ناشرین كه ببێته مایه‌ی گاڵته‌جاڕی به كه‌س و حیزبێكی دیاریكراو.
10 – گفتوگۆ و دانوستان ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ سی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه (هه‌رێم، په‌رله‌مان و حكومه‌ت) بكری و له‌گه‌ڵ ئه‌م و ئه‌و حیزب و لایه‌ن ڕه‌ت بكرێته‌وه و له ده‌رگیان نه‌دری.
بۆ ئه‌وه‌ی به‌رداشی دز و قازی نه‌مانهاڕێت، ده‌بی خۆمان خاوه‌نی خۆمان بین و له خۆمان به‌ولاوه كه‌س به ڕیشسپی نه‌گرین.
ئه‌مڕۆ بی یا سبه‌ی سه‌ركه‌وتن هه‌ر بۆ گه‌له
07701309524
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
