دوای شه‌هید كردنی – ڕیژوان – و پێكرانی ده‌یان لاوی تر له به‌رده‌م لقی چواری پارتی له سلێمانیدا، ڕه‌وایه‌تی ته‌واوم به‌و په‌لاماره دا، وێنه‌ی خۆپیشاندانه‌كانی وڵاته پێشكه‌وتووه‌كانی ئه‌وروپاشم به پاساو ده‌هێنایه‌وه، به تایبه‌تی له وڵاتێكی وه‌كو فه‌ره‌نسا كه له سه‌روبه‌ندی مانگرتن و ناڕه‌زایه‌تی و خۆپیشاندانه‌كاندا نه‌ك كار و هاتوچۆ ئیفلیج ده‌كه‌ن به‌ڵكو زۆرجاران هه‌رچییه‌ك بێته سه‌ر ڕێی خۆپیشانده‌ران داروپه‌ردووی به‌سه‌ر یه‌كه‌وه تێكوپێك ده‌شكێنن، بۆیه له‌و بڕوایه‌دا بووم، ئه‌و كاته‌ی ڕه‌وتی خۆپیشاندانه‌كه‌ی 17 ی شوبات بزوا و گه‌ییشته ده‌وروبه‌ری لقی چوار، وا تێده‌گه‌ییشتم كه به بینینی ئه‌و باره‌گایه كه بارگه‌یه‌كی حیزبیی حیزبێكی گه‌وره‌ی ده‌سه‌ڵات زۆری كوردستانه، هه‌ڵچوونی په‌نگخواردووی جه‌ماوه‌ر به درێژایی ڕه‌وته‌كه سه‌ری كردووه و له به‌رده‌م باره‌گایه‌كی هه‌ڵتۆقیو كه حیزبه‌كه‌ی، پشكێكی فره‌ی گه‌نده‌ڵی و نادادپه‌روه‌ری و نه‌هامه‌تییه‌كانی گه‌لی كوردستانی له ئه‌ستۆدایه، له‌وێدا ته‌قیوه‌ته‌وه و كه‌وتۆته به‌ر ڕقی جه‌ماوه‌ری بێ‌ماف و بێبه‌ش.
ڕِووداوه‌كان و بردنی خۆپیشاندانه‌كان به ئاقاری جیاكاری و به ئامانج كردنی لایه‌نێك و چاندنی دووبه‌ره‌كی و ناكۆكیی له نێو یه‌كڕِیزیی خه‌ڵكدا تابلۆی هاوكێشه‌كه‌ی له به‌رچاومدا گۆڕی و سه‌ره‌نجامێكی جودا له پێشووی كرده میوانی بیركردنه‌وه‌م، هه‌رچه‌نده سووربوون له سه‌ر په‌لاماردانی لقی چواریشم به تۆڵه كردنه‌وه له خوێنی قوربانییه‌كانی خۆپیشاندانه‌كه و ڕیسوا كردنی بڕیارده‌رانی گولله هاوێژه‌كانی باره‌گاكه‌م ده‌زانی، به‌ڵام به‌رده‌وامیی به‌رنامه‌یه‌كی شارراوه له په‌لاماردان و هه‌ڵكوتانه سه‌ر باره‌گاكانی تری پارتی له ناوچه جیاجیاكانی دیكه‌دا و جیاكردنه‌وه‌ی له هه‌موو لایه‌ن و حیزبه به‌رپرسه‌كان كه ئه‌و بارودۆخه ناهه‌موار و ناله‌باره‌ی به سه‌ر گه‌لی كوردستاندا هاتووه به تایبه‌تی له‌م ده‌ڤه‌ره‌دا، له (یه‌كێتی و گۆران و ئیسلامی و شیوعی و سۆشیالیست و زه‌حمه‌تكێشان) و هه‌ریه‌كه‌یان به گوێره‌ی قه‌واره‌ی خۆی پشكێكی به‌ر ده‌كه‌وێت له گه‌نده‌ڵی و بواردنیان له تۆڵه و په‌لامار مایه‌ی سه‌رسوڕمانه! دیدێكی جیاوازی لا گه‌ڵاڵه كردم و پرسیاری (بۆچی ته‌نها پارتی ئامانجه؟) ی له لا ورووژاندم، كه ده‌توانم بڵێم له‌م ده‌ڤه‌ره‌دا ئه‌گه‌ر پارتی ده‌سه‌ڵاتی له‌وان كه‌متر نه‌بووبێت زیاتر نه‌بووه و ئه‌وان خۆیان به خاوه‌ن ماڵ زانیبی پارتی وه‌كو میوانێكی شه‌رمن وابوو، ئه‌گه‌ر پارتی موڵكی گشتیی داگیر كردبێت خۆ ئه‌وان مه‌لائیكه‌ت نه‌بوون، ئیتر بۆچی ده‌بێت پارتی بخرێته نێو قه‌ڕه‌وڵه‌وه و سێره‌ی لی بگیری؟ له هه‌مان كاتدا به‌مه‌ش هه‌ر نه‌ده‌گه‌ییشتمه قه‌ناعه‌ت و هێشتاش بڕوام وا بوو قینی جه‌ماوه‌ر له ڕه‌فتاره خوێناوییه‌كه‌ی لقی چوار هه‌روا به سانایی به‌سه‌ریاندا تێناپه‌ڕی و دانامركێته‌وه و شایسته‌ی شاربه‌ده‌ر كردنن، چونكه ده‌ستیان چۆته خوێنی جه‌ماوه‌ر! به‌ڵام هه‌ڵسوكه‌وتی نامۆ و نه‌خوازراوی ئه‌وتۆ پاڵی پێوه‌نام له‌گه‌ڵ ورد كردنه‌وه‌ی ڕووداوه‌كاندا بڵێم: ئه‌گه‌ر پارتی هێنده تاوانبار بێت بۆچی له باتی ئاڵای پارتی، جه‌مه‌دانه‌ی سوور ده‌سووتێنرێت؟ ئه‌مه ڕه‌هه‌ندێكی گوماناوییه و ته‌واوی بیر و جه‌سته‌ی داگرتووم، ئایا جه‌مه‌دانی سوور سووتاندن، ئیهانه نیه به پیرۆزییه‌كانی كادیر و ئه‌ندام و هه‌واداری حیزبه‌كان و جه‌ماوه‌ری شه‌به‌ك و ئێزیدی و گشت تیره و عه‌شیره‌ته‌كانی دیكه‌ی ده‌ڤه‌ری بادینان و جه‌مه‌دانه سوور به‌سه‌ره‌كان به گشتیی له‌هه‌ر شوێنێك هه‌بن؟
بۆیه پێویسته هه‌وڵه‌كان چڕ بكه‌ینه‌وه له‌وه‌ی پیرۆزیی خۆپیشاندانه‌كان و ئامانجه‌كانی بپارێزرێن و نه‌هێڵین له‌كه‌دار بكرێن، ئه‌مه‌ش ئه‌ركێكه و له ئه‌ستۆی دڵسۆزان و غه‌مخۆری ڕاستگۆ و بێمه‌رامی خۆپیشانده‌ران و جه‌ماوه‌ری سه‌ربه‌خۆخوازه بۆ ڕێگه گرتن له پێنج پارچه كردنی كوردستان.
07701309524
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
