هه‌ڵكه‌وته‌ی سلێمانی به درێژایی مێژووه‌كه‌ی خۆی وا نواندووه، مه‌ڵبه‌ندێك بێت بۆ ڕۆشنبیریی، شارێك بێت پڕ جۆش و خرۆش، نمونه بێت له داهێنان، سه‌رقافڵه بێت له شۆڕش و هه‌ستانه‌وه --- كه ده‌ڵێم: سلێمانی، مه‌به‌ستم ناوه‌ندی شار، شارۆچكه، شاره‌دی، گوند، چیا و گرد و تاوێره به‌رده‌كانیشیه‌تی، ئه‌مه وای لێكردووه هه‌میشه ژماره‌یه‌كی گرنگ بێت له هاوكێشه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا و ببێته سه‌رقافڵه‌ی به‌رخودان و پێشه‌نگی قوربانیدان، له خۆڕا نیه پێی ده‌وترێت: شاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانی.
ڕوخساری سلێمانی شایه‌نی ئه‌و پێدا هه‌ڵدانه‌یه كه به باڵایدا بڕاوه: به‌یانی زوو بوو كه هه‌ستام ڕوانیم به‌فره و باریوه _ سلێمانی ئه‌ڵێی به‌ڵقیسه تارای زیوینی پۆشیوه، هه‌رگیزیش سوخره‌كێشیی عه‌جه‌م و ئالعوسمان و پیاوه‌كانیانی قبوڵ نه‌كردووه، سلێمانی جێگه‌ی شانازی ئێمه و ئیره‌یی ناحه‌زانی كورد بووه، بۆیه هه‌میشه به (ملازم محسن) ه‌كان ته‌نراوه، تاوانی بێوێنه‌ی ده‌رهه‌ق كراوه،
سلێمانی، كاتێك تارای سپی داده‌پۆشێت، ده‌بێته دایكه سه‌رسپییه جگه‌رسووتاوه‌كه‌ی قه‌ڵادزه و هه‌ڵه‌بجه، هه‌ر له خوشكی گه‌وره‌ی ده‌سته خوشكانی كوردستان ده‌چێت، گه‌وره‌یی خۆیه‌تی پاڵی پێوه ده‌نێت یه‌كه‌م بێت له ڕابوون، ڕاپه‌ڕین، خۆپیشاندان، مانگرتن و به‌ڕه‌نگاربوونه‌وه، به‌ڵام نه‌یارنی وه‌كو به سه‌ری ما شوبهاندویانه، بۆیه كراوه‌ته نێو قه‌ڕه‌وڵی په‌لاماردانه‌كان و قژه سپییه‌كه‌یان سوور و خوێناوی كردووه، وه‌كو كارمامز به‌ر كه‌ڵبه دراوه.
سلێمانی، سیمبوله، سه‌رقافڵه و پێشه‌نگه، دیاری به‌خشی ده‌سكه گوڵی سه‌ركه‌وتنه، ئه‌مانه ئاكاری مه‌زنی ئه‌ون، پزیسكی پێشڤه‌چوون و سه‌ركه‌وتنه‌كان به‌ره‌و كه‌ركوك و هه‌ولێر و دهۆك ده‌نێرێت، سلێمانی په‌یامبه‌ری ئاشتی و خۆشه‌ویستییه، سلێمانی، بانگۆزی دڵ و زه‌نگوڵه‌ی عیشق و سرووشی ئیلهامه‌كانه، سلێمانی كانگای نه‌به‌ردی و داڵده‌ی دڵدارانه، سلێمانی، پیاهه‌ڵدانی من و خه‌فاندنی كاڵفامان كاری تی ناكات، چونكه خۆی مه‌زنه و سه‌رداری سه‌ردارانه، سلێمانی شای شارانه و تاجی سه‌روه‌رییه‌كانه.
سلێمانی پڕه له جوانی، جێگه‌ی شانازی هه‌مووانه، قیبله‌ی عاشقانی نیشتمان و نه‌ته‌وه‌په‌روه‌رانه، ڕووناكی چاوانه، كفره له سه‌نگ و قورسایی كه‌م بكرێته‌وه، گوناهه جوانییه‌كانی له ژێر زمانی له‌نگدا بشاردرێته‌وه، مه‌هێڵن كاڵفامان به – سلێمانچێتی –، سیمای شاره حه‌یاته‌كه تێك بده‌ن و بیكه‌نه ماشه‌ی دوو ئیداره‌یی و دوو حكومه‌تی، ڕێگه مه‌ده‌ن گه‌نده‌ڵكاران زاوزی بكه‌ن و سوپایه‌كی دیكه‌ی بێشوماری گه‌نده‌ڵكاران بهێننه به‌رهه‌م و وه‌ر ببنه جه‌سته‌مان و ده‌م بنێنه گیرفانمانه‌وه، چونكه سلێمانی بزوێنه‌ره و دڵنیام، به ئاراسته‌ی قه‌ڵاچۆی سته‌م و گه‌نده‌ڵیی هه‌نگاوی ناوه، سلێمانی بۆ خۆشی خۆی ڕانه‌په‌ڕیوه، زوڵم و زۆر زۆری بۆ هێناوه، بۆیه بڕیاری داوه، هه‌ر به‌ره‌و پێش بڕوات و نه‌گه‌ڕێته‌وه، هه‌مووانیش به دوای خۆیدا ڕِابكێشێت و له پێشمانه‌وه هه‌ڵبه‌ستی – داری ئازادی به خوێن ئاو نه‌دری، قه‌د به‌ر ناگری – بڵَێته‌وه، ، سلێمانی، گوڵی سووری خوێنین له به‌رۆكی دراوه، سلێمانی مه‌ته‌رێزی شه‌ره‌ف و سه‌نگه‌ری پێشمه‌رگه و قه‌ڵغانه، بۆیه هه‌رده‌م چۆكی به نه‌یارانی داوه.
كوردستان به تۆوه جوانه سلێمانی، ڕێگه مه‌ده به پارتی و گۆڕان و یه‌كێتی نیشتمانی، مه‌هێڵه له پێناوی گه‌نده‌ڵی و گیرفان، دوورت بكه‌نه‌وه و داتبڕن له نیشتمان، پارچه‌تری بكه‌ن چوار پارچه‌كه‌ی كوردستان، ئه‌ی سلێمانی: ترپه‌ی دڵ و گلێنه‌ی چاوان.
07701309524
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
