تێڕامانی ورد و به‌دواداچوونی ڕووداوه‌كانی میسر بۆته میوانی ناخ و ده‌روونمان، چركه به چركه و سات به سات له نێو كۆڕ و كۆمه‌ڵه جیاجیاكاندا زیاتر و گه‌رمتر خۆی ده‌ئاخنێته نێو گفتوگۆ و ده‌مه‌ته‌قه‌كانمانه‌وه، ئه‌وه‌ی بۆته مایه‌ی ڕامانم ڕه‌فتاری هێزه چه‌كداره‌كانی ئه‌و وڵاته‌یه كه به تانك و زرێپۆشه‌وه ڕژاونه‌ته نێو شه‌قامه‌كان، به‌ڵام نه‌ك به نیازی سه‌رپان كردنه‌وه‌ی ڕۆڵه خۆپیشانده‌ره‌كان و خوێنڕشتنیان، به‌ڵكو بۆ پاراستنیان له ده‌ستدرێژی به‌كرێگیراوانی ڕژێمه‌كه و پاراستنی ده‌زگاكانی حكومه‌ت و موڵكی گشتی له تاڵانی و وێرانی، هه‌رچه‌نده هێزه‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ له ئه‌من و شوڕته، هه‌وڵی گۆڕینی ئاراسته‌ی توڕه‌یی خه‌ڵكیان دا تا به ئاقارێكی ناشرینیدا ببه‌ن و به تۆبزی و چاوسووركردنه‌وه و هه‌ڕه‌شه و برینداكردن و كوشتن و گرتن ویستیان سنوربه‌زێنی بكه‌ن و ته‌قه‌یان له هاوڵاتییان كرد به‌ڵام ڕووڕه‌شییان بۆ مایه‌وه، چونكه له گوتاره‌كه‌ی – حوسنی موباره‌ك – ی دیكتاتۆره‌كه‌ی میسریشدا له باتی ڕێزلێنانی پیاوه گزگله‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ كه به‌رگرییان له كورسییه شلۆقه‌كه‌ی كردووه، ڕاشكاوانه له پێناوی مانه‌وه‌ی خۆیدا داوای به‌سزا گه‌یاندنی ئه‌وانه‌ی ده‌كرد كه به‌ڕووی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی گه‌لدا هه‌ڵگه‌ڕاونه‌ته‌وه، ئه‌مه ده‌ق ئه‌وه‌ی به باڵایاندا بڕی كه ده‌وترێت: ئه‌گه‌ر بۆ ناپیاو خۆت بده‌ی به كوشت، ده‌ڵی به قه‌زاو قه‌ده‌ر مرد.
بێلایه‌نی و تا ڕاده‌یه‌ك پشتیوانیی هێزه چه‌كداره‌كانی میسر له خواست و داواكانی گه‌ل كه ته‌نانه‌ت ڕێگه ده‌ده‌ن به هاوڵاتییان له‌سه‌ر تانكه‌كان دروشمی خۆیان دژ به ڕژێمی نغرۆ له گه‌نده‌ڵی میسر بنووسن به بێئه‌وه‌ی دووچاری بچووكترین په‌رچه‌كرداری ته‌نها سه‌ربازێكیش ببنه‌وه، ئه‌مه ئه‌وپه‌ڕی نیشتمانپه‌روه‌ریی سوپا ده‌نوێنێت و شایه‌نی ئه‌وه‌ن پێیان بوترێت وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، چونكه ته‌نها پێشمه‌رگه‌ی ڕاسته‌قینه هه‌میشه له به‌ره‌ی گه‌ڵدا ده‌بێت و هه‌رگیز ئاماده نابێت كه خۆی پشت له گه‌ل و چه‌كه‌كه‌ی ڕوو له گه‌ل بكات، سوپای میسریش به كردار سه‌لماندیان.
لێره‌دا ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌وانه‌ی به هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدانی ته‌زویر هاتوونه‌ته ده‌سه‌ڵات چه‌نده له‌رزۆك و بێهه‌ڵوێستن، په‌رله‌مان و حكومه‌ت چه‌نده ئه‌ڵقه له گوێی سه‌رۆكی دیكتاتۆر و حیزبه‌كه‌ین! سوپاش سوپای گه‌ل و نیشتمانه و به ئه‌ركی نیشتمانپه‌روه‌ریی خۆی هه‌ڵده‌ستی و گوی له تۆمه‌تبار كردنی ڕژێمه‌كه و سه‌رۆكه‌كه‌شی ناگرن كه به سیاسه‌تی له ناڵ و له بزمار دان ڕه‌فتار ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وی ڕوخساری ناڕه‌زایه‌تیی جه‌ماوه‌ر قێزه‌ون بكه‌ن به‌وه‌ی گوایه: ( (له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی داوای خه‌ڵك ڕه‌وایه، به‌ڵام ڕێگه ناده‌ین ده‌ستی ده‌ره‌كی گه‌مه به چاره‌نووسی وڵاته‌وه بكات!!!) ) و هه‌موو جوانییه‌كانی جه‌ماوه‌ر تێكه‌ڵ به ناشرینییه‌كانی خۆیان بكه‌ن، ئه‌م بنێشته‌خۆشه‌یه‌ی سه‌روژێر زمانی ڕژێمه دواكه‌وتووه‌كان ئه‌مڕۆ له‌لای سوپای میسر ئاشكرا بووه و به مه‌هزه‌له داده‌نرێت، بۆیه لێره‌وه درود و سڵاو بۆ سوپای میسر كه تا ئێستا توانیویه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی باڵای گه‌ل و نیشتمانی میسر بخاته سه‌رووی وێنه ناشرینه‌كانی دیكاتۆره‌وه.
07701309524
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
