ئه‌مه‌ی سه‌ره‌وه نه واژه‌یه‌كی بیانییه و نه ڕۆژێك له ڕۆژان بیرم لێی كردۆته‌وه به‌ر گوێم بكه‌وێت، ئه‌و ده‌مه من سه‌رپه‌ل بووم، بڕوا بكه‌ن زیندانی به‌عسییه‌كان كارێكیان پی كردووم زۆربه‌ی شته‌كانیان بیر بردوومه‌ته‌وه بۆیه داوای لێبووردن له خوێنه‌ران ئه‌كه‌م له دیاری كردنی كاته‌كه و ده‌ستنیشان كردنی شوێنه‌كه و ناوهێنانی هاورێكان، تۆ بڵێی ئه‌مه هۆنینه‌وه‌ی خه‌یاڵ بێت! یان زۆرێك له‌و هاوڕێیانه‌ی وه‌كو من هێشتا تاجی شه‌هاده‌تیان له‌سه‌ر نه‌ناوه و ماون شایه‌تحاڵی ڕووداوه‌كانن؟ئای له‌و ده‌مانه خۆزیا منیش شه‌هید ده‌بووم و ئه‌م ڕۆژه‌ی ئێستا هاتۆته دی وه‌كو ئاواتێكی وه‌دینه‌هاتوو ده‌مبرده ژێر گڵه‌وه چش له‌وه‌ی دایك و باوك و خوشك و برام له‌به‌رده‌م باره‌گا حزبییه‌كاندا ده‌ست وه‌ڕوویانه‌وه ده‌نرا و له پاشمله‌یاندا پێیان ده‌گووتن: ( (ئه‌مانه زۆر سه‌یرن كی پێی وتوون كوڕه‌كانتان شه‌هید بن، خۆ بۆ ئێمه شه‌هید نه‌بوون؟!) ) .
به هه‌رحاڵ ( (بێن تی، بێن تی) ) سه‌ره‌تا و بۆ جاری یه‌كه‌م له زاری هاوڕێی تێكۆشه‌ری خاكی و پشوودرێژم هاوڕی – مام ئه‌سكه‌نده‌ر – ژنه‌فتم، له‌م كاته‌ی ئه‌و به‌عسییانه‌ی ئێستا له‌سه‌ر ده‌ستی سه‌رانی كورد خه‌ریكه هێدی هێدی دێنه‌وه سه‌ر شانۆی سیاسی ئه‌وان خاوه‌ن دروشمی = امه عربیه واحده.ذات رساله خالده = بوون و ئاڵای قڕ كردنی گه‌لی كوردیان به – ئه‌نفال – ی ریساله‌كه‌یانه‌وه گیرسابۆوه، ئه‌و كاته به توانای هێزی جه‌ماوه‌ر و پێشمه‌رگه پارێزگاریی له – قه‌ره‌داغ – ی جێده‌ستی داگیركاریی ئیسلامتوركی عوسمانلییه‌كان ئه‌كرا نه‌بادا قه‌ره‌داغ له سه‌ر ده‌ستی ئیسلامعه‌ره‌ب ناوی بگۆڕدری بۆ – جبل اسود -!
ئێمه‌ی به ژماره كه‌م و به چه‌ك و تفاقی ساده‌وه قه‌راغی لانكه‌ی شۆڕشه یه‌ك له دوا یه‌كه‌كانمان ئازاد كرد و له چنگی به‌عسییانمان ده‌رباز كرد و ئه‌وانیش وه‌كو هه‌میشه پیشه‌ی ترسنۆكانه‌یان په‌نایان وه‌به‌ر چه‌كی كیمیاوی برد.
له یادمه، وا ئه‌زانم ئێستایه! هه‌ندێك شت هه‌ن بۆ ئه‌زه‌لی له یادم ناچن! ئه‌و ده‌مه‌ی 8 فڕۆكه‌ی جه‌نگیی به‌عسییه فاشیسته‌كان گه‌ییشتنه ئاسمانی ناوچه‌كه و هێنده‌ی نه‌برد له نزیكمانه‌وه گرمه و لرمه په‌یدا بوو، ئه‌مجاره‌یان جیا له زرمه زرمی تر، دوكه‌ڵێكی چڕ و ده‌نگێكی نزمتر ده‌وروبه‌رمانی ته‌نی، و بی ئه‌وه‌ی د‌رك به كاره‌ساتێكی چاوه‌روانكراو بكه‌ین، شه‌هید سیڤه‌ر هاواری كرد::: هاوڕی هیوا با ناوچه‌كه جێبهێڵین مام ئه‌سكه‌نده‌ر ئه‌ڵێت ( (كیمیاوییان لێداین) )، ئه‌وسا له مه‌به‌ستی ( (بێن تی، بێن تی) ) ی مام ئه‌سكه‌نده‌ر نه‌گه‌ییشتم كه بۆنی كیمیاوی میوانی به‌رلووتمانه تا شه‌هید سیڤه‌ر بۆی ڕاڤه كردم كه مام ئه‌سكه‌نده‌ر ده‌ڵێت: بۆن دی.بۆن دی! جێگه‌ی ئاماژه پێدانه كه كاریگه‌رترین به‌ركه‌وتووی كیمیاوی له‌م مه‌یدانه‌دا و له‌و هاوڕێیانه‌ی له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا بوون كاكه – ئاسۆ بیاره‌یی – بوو، لێره‌وه ئه‌وپه‌ڕی ڕێزم بۆ مام ئه‌سكه‌نده‌ر و سڵاو و حورمه‌تیشم بۆ هاوڕی ئاسۆ كه له‌وی ده‌مه‌دا به – ئارام هه‌ورامی – ناسرابوو، به‌و هیوایه‌م ئه‌م سه‌ره‌داوه‌ی سه‌ربورده‌ی نه‌هامه‌تیمان زیندوو بكه‌نه‌وه و له فه‌تان بیانپارێزن تا مێژووی به‌رخودانی هێزی پێشمه‌رگه و جه‌ماوه‌ر نه‌كه‌ونه خانه‌ی نه‌مانه‌وه.
07701309524
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
