دوای زیاتر له چاره‌گه سه‌ده‌یه‌ك حوكمڕانیی ده‌سه‌ڵاتدارانی تونس و به‌ڵێنی باقوبریق، دوێنێكه و له ڕۆژانی نیوه‌ی یه‌كه‌می ساڵی نوێ‌دا به گیانی پڕ حه‌ماسه‌ت و به‌رخودان، گه‌لی تونس ساڵی تازه و داڕمانی حوكمی كۆن و چاوه‌ڕوانی حوكمی تازه‌یان پیرۆز كرد، ئه‌و دیمه‌نانه‌ی موچڕكی شادی به جه‌سته‌مدا هێنا زۆر بوون، كاتێك چه‌كدارێكی وه‌زاره‌تی ناوخۆ له باتی ئه‌وه‌ی ده‌ست بۆ تفه‌نگه‌كه‌ی ببات ده‌ستی ئه‌خسته نێو ده‌ستی خۆپیشانده‌ران و ڕوومه‌تی یه‌كتریان ماچ ئه‌كرد، ئه‌و كاته‌ی وێنه‌ی سیمبولی شۆڕشگێڕیی جیهانیی ( (گیڤارا) ) هه‌میشه ئاماده بوو له كات و ساته پڕ هه‌ڵچوون و ڕابوونه‌كانی سته‌م به ده‌ستی پیر و لاوی توڕه له ناعه‌داله‌تی ئه‌شه‌كایه‌وه، خوێنی لاوێك و گرانییه‌كی ناكاوی بازاڕ موعجیزه‌ی خوڵقاند، ده‌سه‌ڵاتێكی دیكتاتۆر و گه‌نده‌ڵی ڕاماڵی، دوێنێكه‌ش بوو له ئه‌ماره‌تێكدا كه ئێمه به دواكه‌وتوو ناوزه‌دی ئه‌كه‌ین، وه‌زیری ناوخۆ به سۆنگه‌ی گیان له ده‌ست دانی لاوێكه‌وه له ژێر كاریگه‌ریی ئه‌شكه‌نجه‌دا ده‌ست له كار كێشانه‌وه‌ی خۆی ڕاگه‌یاند.
لای ئێمه، له نیشتمانی ئه‌نفال و كیمیا باران و جینۆسایددا، دوای پێشكه‌ش كردنی به‌هادارترین سه‌رمایه‌ی خه‌بات كه گیانی ده‌یان هه‌زار له ڕۆڵه‌كانی گه‌له‌كه‌مان بوو. به (پیره‌مێرد – پیره‌ژن – كچ – كوڕ – لاو – مناڵ – سڤیل – چه‌كدار – هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌ند) ه‌وه، به ته‌واوی چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگاوه، وا بیست ساڵمان به‌سه‌ر ده‌ربازبوونمان له سته‌می نه‌ته‌وایه‌تیدا تێپه‌ڕاند، كه‌چی تا دێت، بێكار تر، بێ‌ئاو تر، بێكاره‌با تر، بێخزمه‌تگوزار تر ئه‌بین و هاوشانی ئه‌وانه‌ش ناعه‌داله‌تی، نایه‌كسانی، ناشه‌فافی، نادیموكراسی، نائارامی و ناڕه‌حه‌تی زیاتر ڕوومان تی ئه‌كات.
بمبوورن له‌وه‌ی له دوێنی شه‌وه‌وه سه‌رقاڵی ئه‌م نووسینه‌م بووم به‌ڵام بێكاره‌بایی مۆڵه‌تی نه‌دام بیخه‌مه به‌رچاوی خوێنه‌رانی ئازیز، له دوێنێوه مناڵه‌كانم له‌به‌ر تاریكی سه‌عی ئه‌كه‌ن و به‌و چوار به‌رمیله نه‌وته‌ی له خاكی نغرۆ له نه‌وتدا 500 هه‌زار دیناری پێدراوه بۆ گه‌رمبوونه‌وه‌ی مناڵه‌كانم 2 سۆبه‌ی هیسكه‌ر به نه‌وتی چه‌ورم بۆ گڕ داون، له دوێنێوه تاو نا تاوی سه‌رێك ئه‌كێشمه ده‌ره‌وه و دڵم بۆ دراوسی نه‌داره‌كانم ئه‌بێت به بریان و ئه‌ڵێم خۆزگه بمزانیبایه كامیان بێنه‌وت و بێچرا و بێسۆبایه تا میسقالێك له باری قورسی سه‌رشانی ئه‌م شه‌وه ئه‌نگوسته چاوه‌ی بته‌كێنم، غه‌می من و هه‌موو تاكێكی گه‌له‌كه‌م به‌س هی دوێنێی سه‌رما و سۆڵه‌ی بیكاره‌با نیه، به‌ڵكو غه‌می هه‌زاران شه‌وی چاوه‌ڕوانییه له ڕزگار بوون له گه‌نده‌ڵی، ناعه‌داله‌تی، ده‌ركردنی سامانی سه‌ر و ژێر زه‌وی و ئاسمان له چنگی حزب و گێڕانه‌وه‌ی بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی، به‌ڵام ئه‌وه‌تا له باتی وه‌دیهێنانی ئاواتی له مێژینه‌مان تازه به تازه چاوشاركی له‌گه‌ڵ بودجه‌دا گه‌رمتر ئه‌كرێت، ئازادی له قاڵب ئه‌درێت، سامانی زیاتر به سكاڵا له ڕۆژنامه و ڕۆژنامه‌وان و نووسه‌رانی گه‌له‌كه‌م كۆ ئه‌كرێته‌وه، مووچه‌ی زیندانیانی سیاسی لووش ئه‌درێت، یه‌ك حكومه‌تی دوو ئیداره‌یی و دوو ئاساییش و دوو پۆلیس و دوو چاودێری دارایی و دوو هێزی پێشمه‌رگه و دوو ڕه‌نگیی دووڕه‌گیی بره‌وی پی ئه‌درێت!!! هه‌موو ئه‌مانه به لایه‌ك، تۆ بڵێی سه‌رانی پارتی و یه‌كێتی و په‌رله‌مانتاره هه‌میشه ده‌ستبه‌رزه‌كانیان تا كه‌ی خۆیان له ئاستی داوای ڕۆڵه سه‌ربه‌رزه‌كانی گه‌ل له گێلیی بده‌ن، تۆ بڵێی بیر له‌وه نه‌كه‌نه‌وه كه ناتوانن به پرۆژه یاسای ڕێكخستنی به مۆڵه‌تی خۆپیشاندان به‌ر به توڕه‌یی جه‌ماوه‌ر بگرن؟ ئه‌وه‌تا خۆ ڕاپه‌ڕیوانی تونس مۆڵه‌تیشیان وه‌ر نه‌گرت و ڕژانه سه‌ر شه‌قامه‌كان و ڕوخساری قێزه‌ونی دیكتاتۆر و گه‌نده‌ڵكارانیان ڕه‌ش كرد، جا كه میلله‌ت توڕه بوو له كوی چاوه‌ڕێی مۆڵه‌ت ئه‌كات؟!
ئه‌گه‌ر بیست ساڵ له‌مه‌وبه‌ر چاره‌نووسی ئایینده‌ی گه‌له‌كه‌مان نادیار و له مه‌ترسیدا بووبێت ئیتر نازانم دوای بیست ساڵ چاوپۆشی تا كه‌ی چاوه‌ڕوانیی؟ ئه‌مه پرسیارێكه و پێویسته پارتی و یه‌كێتی هه‌ڵوه‌سته‌ی جددی له‌سه‌ر بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به سۆنگه‌ی ئه‌وانه‌وه جارێكی تریش كه‌لێن بۆ دوژمن دروست نه‌بێته‌وه دزه بكاته ناومان و نیشتمانه‌كه‌مان ئه‌نفال بكه‌نه‌وه، قیرووسیاه له‌وه‌ی كه‌ركوك 3 ئیداره‌یه و به‌عسییه‌كانیش هێدی هێدی ئه‌گه‌ڕێندرێنه‌وه سه‌ر شانۆی سیاسی، ده‌با بیر له لا بردنی سته‌مه سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی سه‌ر گه‌له‌كه‌مان بكرێته‌وه چونكه ده‌مێكه پێشینان وتوویانه: هه‌موو شتێك له باریكیدا ئه‌پچڕێت ته‌نها زۆرداریی له ئه‌ستوریدا، به دڵنیاییه‌وه سبه‌ی له ئه‌مڕۆ دره‌نگتره.
07701309524 Hewarash1@yahoo. com
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
