به به‌رده‌وامی گوێبیستی وشه‌ی وڵاته پێشكه‌وتوه‌كان ده‌بین، كه زیاتر وڵاتانی ئه‌وروپی و ئوستورالی و ئه‌مریكی و كه‌مێكیش وڵاتانی ئاسیا ده‌گرێته‌وه.
لێره‌وه مه‌به‌ست له پێشكه‌وتن به‌ته‌نها له ڕوی باڵه‌خانه و ته‌كنه‌لۆجیاوه نیه، به‌ڵكو له زۆربه‌ی بواره‌كانی ڕێكخستنی كۆمه‌ڵه‌گه و ڕێكخستنی هاتوچۆ و سیسته‌می ئابوری و بانك و سیسته‌می دادگا و چه‌ندین بواری تره، كه له ڕوكه‌شدا به‌شێكیان ڕاسته‌وخۆ كۆمه‌ڵگه لێی به‌رپرسه و به‌شێكیشیان په‌یوه‌سته به سیسته‌می حوكمڕانی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر بنچینه‌ی بابه‌ته‌كه، پێموایه ئه‌مانه هه‌ر هه‌مووی به‌ستراونه‌ته‌وه به ئاستی هۆشیاری تاكی ناو كۆمه‌ڵگا، چونكه ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگا هۆشیار بێت و له ئاستێكی مامناوه‌ند و یاخود به‌رزی ڕۆشنبیری بێت، بێگومان سیسته‌می حوكمڕانیه‌كه‌شی هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م شێوازه ده‌بێت و حوكمی نا ته‌ندروست و سیسته‌می ناڕێك هه‌رگیز جێگای قه‌بوڵی میلله‌تێكی هۆشیار نیه، له لایه‌كی تریش هه‌ر نه‌وه‌ی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌یه ده‌بێته كه‌سی كاربه‌ده‌ست.
لێره‌وه ده‌مه‌وی چه‌ند نمونه‌یه‌ك باس بكه‌م، كه هێمایه بۆ دواكه‌وتویی به‌شه زۆره‌كه‌ی میلله‌ته‌كه‌مان، چونكه هه‌ر شتێك زۆر دووباره بۆوه و بو به‌دیارده ئه‌وا به‌سه‌ر گشتی كۆمه‌ڵگادا ده‌شكێته‌وه.
ئه‌گه‌ر نمونه‌ی هاتوچۆ وه‌ربگرین كه‌م كه‌س هه‌یه له ئێمه‌مانان ڕۆژانه ئۆتۆمبێڵ لێنه‌خوڕی یا سواری ئۆتۆمبێل نه‌بێت یاخود به پیاده گوزه‌رێك به شه‌قامه‌كانی شار نه‌كات، ئه‌گه‌ر كه‌مێك به وردی سه‌یری ده‌وروپشتمان بكه‌ین تاكو گه‌یشتن به شوێنی مه‌به‌ست، بێگومان به ده‌یان كاری ناڕێك و ناڕه‌وا له شه‌قامه‌كان ده‌بینین كه هه‌ندێكیان ئه‌وه‌نده ترسناكن كه ڕه‌نگه ببێته هۆی كاره‌ساتێكی گه‌وره و كۆتاكه‌ی به زامداركردنی یا گیان له‌ده‌ستدانی مرۆڤێك بێت، زۆربه‌ی شوفێری ئۆتۆمبێله‌كان گوی به‌هیچ ڕێنماییه‌كی هاتوچۆ ناده‌ن و ڕه‌نگه هه‌ندێكیان بۆ كورتكردنه‌وه‌ی ڕێگاكه‌یان گه‌وره‌ترین سه‌رپێچی ئه‌نجامبده‌ن و به پێچه‌وانه‌ی ئاراسته‌ی ڕۆیشتن ئۆتۆمبێله‌كه‌یان لێخوڕن، یاخود چه‌پ و ڕاستكردنی ئۆتۆمبێل به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام و خێرا لێخوڕین له ناو شه‌قامه‌كانی شار و یاخود زۆر له‌سه‌رخۆ لێخوڕین له شه‌قامه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی شار و ده‌یان سه‌رپێچی تر له‌م وڵاته‌ی ئێمه زۆر به‌دی ده‌كرێت و به بی هیچ گوێپێدانی شوفێره‌كه، كه له ئه‌نجامدا كاره‌ساتی دڵته‌زێنی لێده‌كه‌وێته‌وه، ته‌نانه‌ت پیاده ڕۆیه‌كانیشمان له شوفێره‌كان بێگوناحتر نین، چونكه زۆربه‌یان له شوێنی دیاریكراو ناڕۆن یا له شه‌قامه‌كان ناپه‌ڕنه‌وه، زۆر جار خه‌ڵكمان بینیوه له‌به‌ره‌می ئه‌نده‌رپاسێك یا كۆتایی پردێك ده‌په‌ڕێته‌وه، كه ئه‌م شوێنه له لایه‌ك شوێنێكی كتوپڕه بۆ شوفێر و له دوره‌وه لێی دیار نیه و له لایه‌كی تره‌وه ئۆتۆمبێله‌كه به‌بێ ویستی شوفێره‌كه خێراتر ده‌بێت، بۆ ئه‌م هه‌موو سه‌رپێچیه‌ی ڕۆژانه كه له بواری هاتوچۆوه ده‌كری، ئه‌وا ناكری بۆ هه‌ر ئۆتۆمبێلێك پۆلیسێكی هاتوچۆ ده‌ستنیشان بكرێت تاكو ڕێگه‌ی پێنه‌دات سه‌رپێچی بكات، یاخود هه‌ر چه‌ند مه‌ترێك یه‌كێك له پیاوانی هاتوچۆ له‌سه‌ر شه‌قام و شۆسته‌كان چاودێری خه‌ڵك بكه‌ن و له هه‌ڵه و سه‌رپێچیه‌كانیان ئاگادار بكه‌نه‌وه، له وڵاتانی ئه‌وروپی یا پێشكه‌وتوه‌كان زۆر به‌ده‌گمه‌ن پۆلیست به‌رچاو ده‌كه‌وێت، كه‌چی هه‌م شوفێر و هه‌م پیاده‌ش یاسای هاتوچۆی بۆ سه‌لامه‌تی گیانی خۆی و ده‌وروبه‌ری به ڕێكوپێكی پیاده ده‌كات، بێگومان ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر هۆشداری كۆمه‌ڵگاكه و په‌روه‌رده‌ی منداڵ چ له ماڵ و یا خوێندگا و ڕاهێنانیان له‌سه‌ر ئه‌م شتانه.
نه‌ك ته‌نها ده‌رباره‌ی هاتوچۆ به‌ڵكو ڕۆژانه ده‌یان سه‌رپێچی و كاری نا ڕه‌وا به‌به‌ر چاوی هه‌ر یه‌كێكمان ده‌كه‌وێت، ئه‌مه دوكانداره هه‌موو شته‌كانی هێناوه‌ته سه‌ر شۆسته‌كه و جێگای ڕۆیشتنی خه‌ڵكی به ته‌واوی داگیر كردوه، به‌نسبه‌ت چایخانه و خواردنگه‌كانیش كورسی و مێزیان به‌سه‌ر شۆسته‌كه بڵاوكردۆته‌وه به‌بی ئه‌وه‌ی حیساب بۆ هیچ شتێك بكه‌ن، كه‌سێك خانوێك له كۆڵانی گه‌ڕه‌كێك دروست ده‌كات یاخود ده‌ستكاری ده‌كات، هیچ باكی نیه بۆ ماوه‌ی هه‌فته و بگره زۆر زیاتریش هه‌موو كۆڵانه‌كه به كه‌ره‌سته‌ی بیناسازی دابخات و لای ئه‌و نه بای دێت و نه باران، چه‌ندین جار ویستومانه به كۆڵانێك گوزه‌ر بكه‌ین و بینومانه ئه‌م كۆڵانه‌یان به هه‌ڵدانی خێمه‌یه‌ك به‌مه‌به‌ستی تازیه یا بۆنه‌یه‌كی تر وا داگیر و قه‌پات كراوه، ته‌نانه‌ت جێگای پیاده‌ڕۆیشیان نه‌هێشتۆته‌وه، ئه‌م دیاردانه و به‌سه‌دانی تر ئه‌وه‌نده زۆرن له‌م وڵاته‌ی ئێمه كه ڕه‌نگه باسكردنی كاتێكی یه‌كجار زۆری بوێت و له لایه‌كی تریشه‌وه خۆ ڕه‌نگه وه‌كو یاسا ئه‌م شتانه لای ئێمه‌ش نایاسایی بێت، به‌ڵام نه سه‌ر پێچیكار گوی به یاسا ده‌دات و نه ده‌سه‌ڵاتیش به بایه‌خه‌وه ته‌ماشای ئه‌م جۆره سه‌رپێچیانه ده‌كات.
مه‌به‌سته‌كه‌ی ئێمه بۆ باسی ئه‌م نمونانه ئه‌وه‌یه كه جیاوازیه‌كی یه‌كجار زۆر له نێوان وه‌عی كۆمه‌ڵگای ئێمه و كۆمه‌ڵگه پێشكه‌وتوه‌كان هه‌یه، خۆ ڕه‌نگه و به‌تایبه‌تی ئێستا له ڕوی جوانی ناوشار و باڵه‌خانه و ئۆتۆمبێلی گرانبه‌ها و جل و به‌رگ و شته كه‌مالیاته‌كانی تر، ئه‌وه‌نده له دوای وڵاته خۆرئاوایی و پێشكه‌وتوه‌كان نه‌بین، به‌ڵام ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نی ئێمه له ئاستی پێشكه‌وتنی ئه‌وانین، به‌ڵكو جیاوازیه‌كی یه‌كجار زۆر له نێوان ئێمه و ئه‌وان هه‌یه، ئێمه زۆر خۆمان به‌وه هه‌ڵده‌ده‌ینه‌وه شانازی پێوه‌ده‌كه‌ین، كه شیرازه‌ی خێزان له ناو ئێمه ڕێك و پێكتر و جوانتر پارێزراوه و، له ڕووی ئه‌وه‌ی ئێمه ناومان ناوه ئه‌خلاق و لای ئێمه له‌سه‌ری ده‌ڕژێته‌وه به‌ڵام لای ئه‌وان ده‌گمه‌نه، به‌ڵام نابی ئه‌وه‌مان له بیر بچێت لێره‌و له هه‌واڵه‌كان چه‌ند جار گوێبیستی ئه‌وه بوینه برا برایه‌كی یا كوڕباوكی و باوك كوڕی خۆی له‌سه‌ر مه‌بله‌غه پاره‌یه‌كی كه‌م و میرات دابه‌شكردن كوشتیه، یا ئه‌گه‌ر سه‌رژمێریه‌ك بكه‌ین ئینجا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت برا له‌گه‌ڵ خوشك و باوك له‌گه‌ڵ كوڕ و كچی خۆی به‌گشتی له ناو یه‌ك خانه‌واده چه‌ندین كه‌س ئه‌و په‌یوه‌ندیه نزیكیه‌ی پچڕاوه و بگره به‌چاوی دوژمن سه‌یری یه‌كتر ده‌كه‌ن، كه‌چی له‌وی سه‌ردانی كردن و لێپێچینه‌وه‌ی كه‌س و كار كه‌مه و بۆته كه‌لتورێك، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ش دژایه‌تی یه‌كتر ناكه‌ن و خه‌ڵكیش له‌یه‌ك ناكوژن و له‌وی كه‌س له‌سه‌ر كه‌س په‌كی ناكه‌وێت و ئه‌گه‌ر دایك و باوكیش پیر بوون باكیان به مناڵه‌كانیان نیه به‌خێویان بكه‌ن، چونكه شوێنی وایان بۆ دابینكراوه كه زۆر به‌جوانی خزمه‌ت ده‌كرێن، ئێمه له‌سه‌ر شه‌ره‌ف ژن ده‌كوژین و ئافره‌ت له‌تاو كه‌س و كار و هاوسه‌ره‌كه‌ی خۆی ده‌سوتێنی كه ئه‌مه‌ش بێده‌سه‌ڵاتی ژن و بی مافی ئه‌وانه لای كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه، كه‌چی نه كۆمه‌ڵگا سزای تاوانباران ده‌دات و نه یاسا‌و ده‌سه‌ڵاتیش به شێوه‌یه‌كی شایسته به‌رگری له ئافره‌ت ده‌كات، به‌ڵام چونكه لای ئه‌وان ڕێژه‌ی لێكجیابونه‌وه‌ی هاوسه‌ری زیاتره له لای ئێمه، بۆیه ئه‌وان بی ئه‌خلاق و ئێمه به ئه‌خلاقین، ئێمه له‌سه‌ر گومانێك یا قسه‌یه‌كی لابه‌لا ئاماده‌ین ژیانی مرۆڤێك بسڕینه‌وه، به‌ڵام ئاماده نین فشار بخه‌ینه سه‌ر ده‌سه‌ڵات یاخود ته‌نانه‌ت به چاوێكی سوكیشه‌وه سه‌یری گه‌نده‌ڵكاران بكه‌ین و بتوانین به سزایان بگه‌یه‌نین، باشه كامه‌یان له سه‌ر وڵات و كۆمه‌ڵگا ترسانكترن، ئافره‌تێكی بێ ئه‌خلاق یا یه‌كێك پاره‌ی میلله‌ت بخوات و بیه‌وی له‌سه‌ر حیسابی میلله‌تێك خۆی ده‌وڵه‌مه‌ند بكات و ژێرخانی ئابوری وڵات به‌ره‌و لاوازی ببات، یا بازرگانێكی بێ‌ویژدان خواردنی به‌سه‌رچوو بێنێته ناو وڵاته‌كه و خه‌ڵكی پێ بكوژێت یاخود توشی شێرپه‌نجه‌ی بكات، خۆمان به‌ئیماندار ده‌زانین و ساڵانه ده‌یان ملیۆن دۆلار ده‌خه‌ینه سه‌ر بودجه‌ی وڵاتێكی وه‌كو سعودیه به مه‌به‌ستی عومره (مه‌به‌ستم فه‌رمانه بنه‌ڕه‌تیه‌كانی ئیسلام نیه) و به مه‌لایین دۆلار له دروستكردنی مزگه‌وت به فیڕۆ ده‌ده‌ین، كه‌چی خه‌ڵكی هه‌ژاری ده‌ورو پشتی خۆمان نابینین و گوی به‌وه ناده‌ین مناڵه‌كانمان شوێنی دانیشتنی له قوتابخانه نه‌بێت كه جێگای زانست و په‌روه‌رده‌یه و بیر له‌وه ناكه‌ینه‌وه ئه‌گه‌ر مناڵه‌كه‌مان نه‌چوه قوتابخانه، له پاشه‌ڕۆژ ده‌بێته بارگرانی به‌سه‌ر میلله‌ت و وڵات، به‌ڵام ئه‌وان له جیاتی دروستكردنی مزگه‌وت و كلێسا و شوێنی عیباده‌ت، پاره‌و كۆمه‌ك بۆ خه‌ڵكی هه‌ژار و لێقه‌وماو له كاتی كاره‌ساتی سروشتی و ده‌ستكرد كۆده‌كه‌نه‌وه و له‌هه‌ر كونجێكی دونیا به‌بی گوێدانه ڕه‌گه‌ز و ئاین، به هانایانه‌وه دێن.
به‌ڵی ڕاسته له هه‌موو شوێنێك سه‌رپێچیكه‌ر هه‌ر ده‌بێت، به‌ڵام له كاتی سه‌رپێچیه‌كه‌ی هه‌م خه‌ڵك لێی به ده‌نگ دێت و ده‌سه‌ڵاتی شوێنه‌كه‌ی لی ئاگادار ده‌كاته‌وه، له لای خۆشیه‌وه ده‌سه‌ڵات ڕه‌حم به سه‌رپێچیكار ناكات له سزادانی به تایبه‌تی سزایه‌كی ماددی وای ده‌دات كه نه‌خۆی جارێكی تر شتی وا دووباره ده‌كاته‌وه و له لایه‌كی تر خه‌ڵكیش ده‌رسێك له‌م سزادانه وه‌رده‌گری، چونكه ئاستی هۆشیاری ئه‌و كاربه‌ده‌سته یاخود داڕێژه‌رانی یاساش وه‌كو به‌گشتی كۆمه‌ڵگاكه‌یه‌تی بۆیه مه‌به‌ستیه‌تی سه‌رپێچی نه‌هێلێت و سه‌رسه‌ختانه دژایه‌تی ده‌كات.
بێگومان كرانه‌وه و پێشكه‌وتنی عه‌قلیه‌تی كۆمه‌ڵگا، ته‌نها به لایه‌ن و كه‌سێك ناكرێت، به‌ڵكو دابه‌ش ده‌بێت به‌سه‌ر هه‌ر كه‌سێك له تاكه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگا، پێش هه‌موو شتێك ئه‌و میلله‌ته به‌گشتی ده‌بێت ئاماده‌یی ئه‌وه‌ی تێدا بێت كه قبوڵی ئه‌و پێشكه‌وتنه بكات و، ئه‌وه‌نده شه‌یدای به‌ره‌للای و شتی نایاسایی و هه‌ركه‌س خه‌می خۆی و لۆخۆی بژیت نه‌بێت و هه‌ست به خۆشه‌ویستی میلله‌ت و خاك و نیشتمانه‌كه‌ی بكات، ئینجا زه‌مینه‌سازی له لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و حزبه سیاسیه‌كان و كه‌سانی ڕۆشنبیر و پیاوانی ئاینی و هونه‌رمه‌ندان و به‌گشتی ئه‌وانه‌ی ده‌توانن جی ده‌ستیان له‌هه‌ر كارێك دیار بێت و ده‌ور و كاریگه‌ریان له‌سه‌ر خه‌ڵك هه‌بێت.
كاكۆ عه‌بدوڵا
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
