سیاسه‌تكردن و بیركردنه‌وه به ئاراستیه‌كی دیاریكراو له هه‌ر شوێن و وڵاتێك، بی كێشه و سه‌ریه‌شه نابێت و هه‌رگیز ئه‌وه ڕونادات كه هه‌موو خه‌ڵكانی ناوچه‌یه‌ك و وڵاتێك یا زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆریان هه‌ر چه‌نده ته‌نانه‌ت له یه‌ك نه‌ته‌وه و ئاین و مه‌زهه‌بیش بن، هه‌مان تێڕوانینی سیاسیانه‌یان هه‌بێت و یه‌ك ئایدۆلۆژیا كۆیان بكاته‌وه، یا ڕونتر هیچ حزبێكی سیاسی هه‌رچه‌نده مۆدێرن و كراوه و پرۆگرامێكی وردی داڕشتبی كه ده‌رگای له هه‌موو لایه‌نه كۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌ته‌وه‌یی و سیاسی و ئاینی و... ... ... . هه‌تاد كردبێته‌وه، به‌ڵام دیسان ناتوانێت هه‌موو خه‌ڵكی له‌دوتۆی حزبه‌كه كۆبكاته‌وه، به‌ڵام سیاسه‌تمه‌داران و حزب و ڕێكخراوه سیاسیه‌كان ده‌توانن له‌سه‌ر چه‌ند هێڵێكی گشتی نیشتمانی كۆك بن و هه‌موو میلله‌تانی چوارچێوه سنورداره‌كه له ده‌وری كۆبكه‌نه‌وه.
له دونیای سیاسه‌تی ئه‌مڕۆ، سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی وڵات هه‌تادێت له دیموكراسی نزیك ده‌بێته‌وه، وه عێراقی نوێش ئه‌م ئاڵایه‌ی هه‌ڵكردوه و ئه‌گه‌ر به‌سه‌دانیش نه‌بێت به‌ڵام به‌ده‌یان حزب و ڕێكخرا و بزوتنه‌وه‌ی سیاسی له چوارچێوه‌ی ئه‌م وڵاته و به‌شێوه‌یه‌كی ئاشكرا و ڕاسته‌وخۆ كاری سیاسی خۆیان ده‌كه‌ن و كێبڕكی له هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كه‌ن، ڕاسته وه‌كو سیاسه‌تێكی سه‌رده‌میانه ئه‌م سیسته‌مه‌یان كردۆته بناغه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی وڵات و كێشه له سیسته‌مه‌كه نیه، به‌ڵكو له سیاسه‌تمه‌داره‌كانه، چونكه ئه‌وه‌ی سیاسه‌توانانی ئه‌م وڵاته له سیاسیه‌كانی وڵاتانی پێشكه‌وتو جیا ده‌كاته‌وه ئه‌وه‌یه، كه سیاسه‌ت وه‌كو مانا ستانداره‌كه‌ی له لایه‌ن سیاسیانی ئه‌م وڵاته په‌یڕه و ناكری، لێره‌وه ناتوانین بڵێین له سیاسه‌ت ناگه‌ن، چونكه ئه‌وانه‌ی ده‌بنه سیاسه‌تمه‌دار و سه‌ركرده، بێگومان بیریان فراوانتره له خه‌ڵكی ساده و هیچ نه‌بێت له هێله گشتیه‌كانی سیاسه‌ت زانیاریان هه‌یه‌و له چۆنیه‌تی سیاسه‌تی حزب و به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتانی تر شتێك ده‌زانن، به‌ڵام سه‌یره‌كه و جیاوازیه‌كه له‌وه‌دایه سیاسه‌تمه‌دارانی وڵاتی عێراق له جیاتی ئه‌وه‌ی هه‌ریه‌ك له‌لای خۆیه‌وه خه‌ڵك له پرۆگرامێكی پوخت و شایسته و سه‌رده‌میانه له چوارچێوه‌ی حزبێكی سیاسی كۆبكه‌نه‌وه و به به‌رنامه‌ی كار و خیتابه جه‌ماوه‌ری سیاسیه‌كان خه‌ڵك هۆشیار بكه‌نه‌وه و، ئه‌و كه‌لێن و كه‌له‌به‌رانه‌ی ناو خه‌ڵك و چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگا له گشت بواره‌كان، به ئه‌لته‌رناتیفی گونجاو و سه‌رده‌میانه پڕبكه‌نه‌وه، وه تاكه ئامانجیان پێگه‌یاندنی میلله‌ت و وڵاته‌كه‌یان بێت به ئاستی میلله‌ت و وڵاتانی پێشكه‌وتو و، هه‌موو هه‌وڵ و تێكۆشان و خۆبه‌خشینێكیان له پێناو به‌كه‌نار گه‌یاندنی ئارامی وڵات و خۆشگوزه‌رانی میلله‌ته‌كه‌یان بێت، به‌كورتی قه‌ناعه‌ت به خه‌ڵك بێنن له‌سه‌ر ڕاست و دروستی به‌رنامه و پرۆگرامی حزبه‌كه‌یان، كه‌چی له جیاتی ئه‌مانه زۆربه‌ی سیاسیه عێراقیه‌كان له په‌راوێزی ئه‌م كون و كه‌له‌به‌رانه كه هه‌رچه‌نده بونه‌ته هۆی دواكه‌وتوویی میلله‌ت و ڕێگرن له به‌ره‌وپێشچوونی وڵات، له‌و بۆشاییه‌وه خۆیان ده‌خزێننه ناو جه‌ماوه‌ر و سیاسه‌تمه‌داره‌كان ده‌چنه ڕیزی ئه‌وان، ئه‌ویش نه‌ك بۆ چاككردن و ئیسلاحكردنیان به‌ڵكو بۆگه‌یشتن به ئامانجێكی تایبه‌ت و شه‌خسی و گه‌یشتن به‌كورسی ده‌سه‌ڵات، هه‌ڵده‌ستن به‌گوێره‌ی سۆز و هه‌ستی ئه‌وان هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن، ئه‌و چینه یاخود ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه له میلله‌ت حه‌ز به چ بكات ئه‌وانیش ئاراسته‌ی خۆیان ئاوالێده‌كه‌ن، بۆ نمونه چ سیاسیه‌ك له‌و سه‌رده‌مه‌ی ئێستا هه‌یه له‌وه تێنه‌گات كه نه‌ته‌وه و ئاین و مه‌زهه‌ب په‌رستی به‌و واتایه‌ی دان به‌هیچ له‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی خۆت نه‌نێی و ڕه‌تیان بكه‌یه‌وه و هیچ مافێكیان پێڕه‌وا نه‌بینی و به ته‌نها ئه‌و ئایدۆلۆژیه‌ت پێڕاست بێت كه خۆت باوه‌ڕت پێیه‌تی، كه چه‌ند كاره‌ساتێكی گه‌وره‌یه و ترسناكه و به‌هیچ جۆرێك له‌گه‌ڵ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستا یه‌كتر ناگرنه‌وه، به‌ڵام دیسان سیاسیه عێراقیه‌كان ده‌نگیان ده‌خه‌نه پاڵ ده‌نگی ئه‌وان و به ئاراسته و ویستی كۆمه‌ڵگه سیاسه‌ت ده‌كه‌ن، ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك له خۆیان زویر نه‌كه‌ن و له هه‌ڵبژاردن ده‌نگی ئه‌وان مسۆگه‌ر بكه‌ن، هه‌رگیز بیر له‌وه ناكه‌نه‌وه كه سیاسه‌ت پرۆژه‌یه‌كی به‌رده‌وام و درێژ خایه‌نه و سه‌بر و ته‌حه‌مولێكی ته‌واوی ده‌وی به‌تایبه‌تیش له‌ناو كۆمه‌ڵگه دواكه‌وتوه‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه، تاكو بتواندری هه‌موو میلله‌ت و تاكی وڵات بخه‌یه سه‌ر چه‌ند هێڵێكی گشتی ڕاست و ڕه‌وان، پێویست ناكات سیاسه‌تمه‌دار بیر له بینینی به‌ئامانج گه‌یشتنی سیاسه‌ته‌كه‌ی یاخود سیاسه‌تی حزبه‌كه‌ی بكاته‌وه، به‌ڵكو پێویسته بۆ زه‌مه‌ن و به‌رده‌وامی حزبه‌كه‌ی له كاره باشه‌كان لێبگه‌ڕێت.
كاكۆ عه‌بدوڵا
kako_k67@yahoo. com
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
