ده‌ڵێن: جارێكیان به مه‌لای مه‌شهووریان گوت: مامۆستا كابرایه‌ك سینیه‌ك خوارده‌مه‌نی پێ‌بوو به‌ره‌و ماڵی ئێوه چوو، مامۆستا گوتی: جا به ئێوه چی؟ دوایی گوتیان، مامۆستا له ماڵی ئێوه‌ش ڕه‌تبوو، مامۆستا گوتی جا به من چی.
به‌هاری عه‌ره‌بی ئه‌وه‌نده‌ی له كوردستان ڕیكلامی بۆ ده‌كرێ نیو ئه‌وه‌نده له وڵاتانی عه‌ره‌بی و به تایبه‌تیش له‌و وڵاتانه‌ی به لێكدانه‌وه سیاسیه هه‌ڵه‌كان به‌و به‌هاره گه‌یشتوون گرنگی پێنادرێ و ڕیكلامی بۆ ناكرێ، هه‌رچه‌نده ئه‌و به‌هاره‌ی عه‌ره‌بی هێشتا له ناو ڕووداوه گه‌رمه‌كانی به به‌هار بوون له نێوان به‌سته‌ڵه‌كی زستان و گه‌رمای هاویندا ده‌ركه‌وتنی نیشانه سه‌ره‌تاییه‌كانی له ژێر پرسیارگه‌لێكی بێ وه‌ڵامدان، ئه‌وه‌ی ده‌بینرێ له وڵاتانی عه‌ره‌بی به‌هار خواز‌و زستانخواز، به‌هار ویست و هاوین دۆست ئاو له گه‌رۆمه‌ی یه‌ك ئاش ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌تا شۆڕگێڕانی لیبیا و كه‌تیبه‌كانی (قه‌زافی) دوو مێرووله‌ی یه‌ك كونن، گه‌نجانی میسریش له میسری دوای (موباره‌ك) له مه‌یدانی ته‌حریر به‌دوای حه‌زو ویسته دزراوه‌كانی خۆیاندا ده‌گه‌ڕێن، به میلیشیا بوونی شۆڕشگێڕان له لیبیای دوای قه‌زافی و كوشت و كوشتار له میسری دوای موباره‌ك باشترین به‌ڵگه‌ی ئه‌و ڕاستیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ن، به‌ڵام گریمان ئه‌وه‌ی ده‌یلێن: به‌هار بوو، خۆ به‌هار به‌هاری عه‌ره‌بییه؟!
پرسیار ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر به‌هار به‌هاری عه‌ره‌بی به‌منی كورد چی؟ ئه‌وه‌ی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌یه هێشتا ئه‌و به‌هاره له وڵاتانی عه‌ره‌بی له باوه‌شی به‌سته‌ڵه‌كی زستاندا هه‌ڵده‌له‌رزێ، كه‌چی هه‌ندێ ده‌سته‌و گروپ له كوردستان باڵتۆی كوردایه‌تی فڕێ ده‌ده‌ن و ده‌رگاو په‌نجه‌ره به ڕووی به‌هارێكی نامۆ به‌ژینگه‌ی سیاسی كوردستاندا واڵا ده‌كه‌ن!
گه‌لان ئازادن له‌وه‌ی چۆن بڕیاری چاره‌نووسی خۆیان ده‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕووداوێك له‌گه‌ڵ مافه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌كانم هاوته‌ریب نه‌بێ سه‌مای سیاسی بۆ ناكه‌م، به‌هه‌شتێكم ناوێ كه له سوچێكیه‌وه دۆزه‌خ بۆ من بده‌فن و خه‌ڵكانێكیش به ده‌م ماچ و مووچی كوڵمه‌ی حۆریانه‌وه سه‌یری سوتانی من بكه‌ن.
ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه بیڵێم: با ئیسلامی بین، به‌ڵام كوردی ئیسلامی بین، با ماركسی بین، به‌ڵام كوردی ماركسی بین، ئه‌گه‌ر وا نه‌بین ئه‌وا له بیابانی ئایدۆلۆژیادا سه‌رگه‌ردان ده‌بین، با دیموكراتخواز بین، به‌ڵام كوردی دیموكراتخواز بین، ئه‌گه‌ر وا نه‌بین ئه‌وا له دنیای دروشمگه‌ری و خه‌یاڵبازیدا ئامانجی پووچ هه‌ڵده‌گرین.
سه‌رده‌مانێك ماركسیه‌ت چه‌كی ده‌ستی بن ده‌ستان بوو، به‌ڵام ئێمه‌ی كورد به هه‌ڵه وه‌رمان گرتوو كوردی ماركسی نه‌بووین، ماركسیه‌ت له ڕوسیا (قه‌یسه‌ر) ی ڕووخاند، كورد نه‌یده‌زانی ڕوسیا كوێیه‌و (قه‌یسه‌ر) كێیه! له كوردستان هه‌ڵده‌په‌ڕین و دروشمی بژی دیكتاتۆریه‌تی پرۆلیتارمان ده‌گوته‌وه، دوای ئه‌وه‌ی ماركسیه‌ت له دنیای سیاسه‌تدا ڕه‌فزی درایه، ئه‌وجار گوتمان: هه‌ڵه بووین و با كه‌یسه‌كه‌مان بگۆڕین، ئێستاش خه‌ریكین هه‌مان مێژوو دووباره ده‌كه‌ینه‌وه، ده‌ڵێن: له میسر‌و تونس و لیبیا به‌هاره! له سوریاش وا به‌ڕێوه‌یه، كه‌سانێك هه‌ن له كوردستان له هه‌ڵمی زاریان گه‌واڵه هه‌ور دروست ده‌كه‌ن و نوێژه به‌هاره‌ی سیاسی داده‌به‌ستن، به‌ڵام ئه‌وه‌نده كورت بینن له سوریا كورد نابینن، هێشتا به‌هار نه‌هاتووه به كورد ده‌ڵێن: به‌هار به‌هاری عه‌ره‌به‌و بۆ كورد نییه، ڕۆژێك دادێ َئیسلامی سیاسیش وه‌ك ماركسیه‌ت دنیای سیاسیه‌ت ڕه‌فزی بداتێ، بۆیه بۆ كورد گرنگه هه‌ڵه‌كانی مێژوو دووباره نه‌كاته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌رده‌مانێك كه‌سانێك بێ ناسنامه‌ی كوردایه‌تی له‌سه‌ر مێزی ماركسیه‌ت ده‌ستیان كرد به قوماری سیاسی، دوای ئه‌وه‌ی مایه‌كه‌یان دۆڕاند گوتیان: هه‌ڵه بووین، نه‌ده‌بوو كورد بوونمان له بیر بچێ، ئێستاش كه‌سانێك هه‌ن پێیان وایه بێ ناسنامه‌ی كوردایه‌تی ده‌توانن له به‌هاری عه‌ره‌بیدا بله‌وه‌ڕێن، ئه‌وه‌ش ڕاستییه‌كمان پێده‌ڵێ: به‌هاری كه‌س نابێ به هی كه‌س، كورد به‌هاری خۆی هه‌یه، ئه‌و به‌هاره‌ش دروستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردیه، ده‌وڵه‌تی كوردیش به هه‌ڵوێست و گوتاری نه‌ته‌وه‌یی دروست ده‌بێ، بۆیه پێویسته كورد به ئیسلامی و عه‌لمانیه‌وه، به ماركسی و چه‌پ و ڕاستیه‌وه، به هه‌موو چین و توێژه‌كانیه‌وه، به‌رژه‌وه‌ندیه حزبی و بۆچوون و جیاوازیه سیاسیه‌كانی له‌ناو به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی و په‌یام و هه‌ڵوێست و گوتاری نیشتیمانیدا یه‌كبخات و پشت له به‌هاری عه‌ره‌بی و ڕوو له به‌هاری خۆی هه‌نگاو هه‌ڵگرێ.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه.
