ئاگر … به‌ندی عه‌لی.. پاییزی 2011

 له‌شێوه‌دا

سیحرێکی شێتانه‌ی هه‌یه

کۆکتێلێ له‌سۆزی عیشق و

شکۆی پادشایه‌کی دڵڕق

له‌له‌نجه‌دا

جارێ سه‌مای بالێی ئه‌کاو

جارێ به‌ده‌م زیکری خواوه

هاتۆته‌ فێ و ده‌ف ئه‌ژه‌نێ

له‌ناخیدا

هه‌زاران کورته‌چیرۆک و

سه‌دان شیعرو ده‌یان ڕۆمان

سه‌ری خۆیان حه‌شارداوه‌و

به‌قرچه‌ی ژان

به‌چرپه‌ی سوێ

هه‌ر یه‌که‌یان نهێنیه‌ک  

ئه‌دا به‌گوێی شنه‌بادا

ده‌شێ ئه‌و له‌چیرۆکێکدا

فریادڕه‌سی ڕێبوارێ بێ

کڕێوه‌ی وه‌رزێکی حه‌سره‌ت

ڕێی سه‌فه‌ری لێگرتووه‌و

ئه‌وی په‌ریش بۆی ده‌خه‌نێ

یان ده‌شێ ئه‌و له‌شیعرێکا

کڵپه‌ی دڵی شاعێرێ بێ

زیندانی تاریکیی بکا

به‌چراخانی ئازادی و

چاوه‌ڕێی هیچ

گوڵی پاداشتێکیش نه‌کا

ده‌شێ ئه‌و له‌ڕۆمانێکا

پاڵه‌وانی داستانێ بێ

له‌ڕۆژانی چاخه‌ به‌ردینه‌کانه‌وه

له‌به‌رکه‌وتنی دوو به‌ردی

گچکه‌وه‌ له‌دایک بووبێ و

له‌ئه‌شکه‌وته‌ نسرمه‌کانی مێژووا

عومری پشکۆ به‌سه‌ربه‌رێ

یان ئه‌شێ ته‌لیسمی نوری

خودابێ لای زراده‌شت و

شه‌وی یه‌ڵدای روحی بکا

به‌ڕۆژی ڕوون

که‌بوو به‌پیری موغانیش

له‌سه‌رده‌می حوکمڕانیی

میری میران زاده‌کانا

ده‌شێ به‌ده‌ر له‌ویستی خۆی

ببێ به‌دارعه‌سای ده‌ستی

نیرۆنێکی هه‌وه‌سبازو

ته‌ڕو ووشکی نیشتمان و

گوناهبارو بێ گوناهیش

به‌ده‌ردی کوپه‌ی قه‌قنه‌سی

باده‌خانه‌و  

سوتماکی ڕه‌شماڵه‌کانی

نه‌یارانی والی به‌رێ  


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه‌.