له ململانێی ئیستای نێوان خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵات له سه‌ر ئازادی، توێژی رۆشنبیران قسه‌كه‌ری خه‌ڵكن له‌به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا. كشانه‌وه‌ی مه‌سعود بارزانی له‌داواكه‌ی له‌سه‌ر ئاراس فه‌تاح و مه‌ریوان وریا قانع سه‌ركه‌وتنێكی ئه‌م ده‌نگه ئازاده بوو. به‌ڵام ئه‌م قسه‌كه‌ره كێشه‌ی زمانی هه‌یه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا و به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ سه‌رۆك دا. له‌زمانی ئه‌م توێژه‌دا مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكیشه و دیكتاتۆریشه. پشتیوانی جیهانی له ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵك دژ به هێرشه‌كانی پارتی بۆ سه‌ر ئازادی گرنگه و به‌ده‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م سه‌ركوتانه‌ی ده‌سه‌ڵات وێنه‌ی كورد له‌ده‌ره‌وه ناشیرین ده‌بێ. بارزانی مه‌حكوم ده‌كرێ كه له په‌رله‌ماندا شاوری هێرشكردنه سه‌ر ئازادی لێده‌دا و به‌ڵام كه‌مپینی "سه‌رۆك ئیمزای مه‌كه" داوا ده‌كا سه‌رۆك واژۆی یاسای دژی خۆپیشاندان نه‌كا. ناڕه‌زایه‌تی به‌رامبه‌ر ئه‌م ده‌سه‌ڵاته هه‌یه كاتێك له‌به‌ر ڕێزگرتن له ئیسلام یاسای بێڕێزگرتنی ژنان به‌پێی یاسای فره‌ژنی ده‌سه‌پێنێ كه‌چی لیستی ڕۆشنبیران داوا ده‌كه‌ن حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌زمونی ده‌سه‌ڵاتی كوردستان له‌ده‌ستدرێژی مه‌لا و حزبه ئیسلامیه‌كان بپارێزێ. ئه‌مانه كێشه‌ی زمانی ئازادیه به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات. ئازادیه‌ك كه له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی جدی ده‌سه‌ڵات و سه‌رۆكه‌كه‌یدایه ناتوانێ به‌م زمانی "نه‌شیش بسوتێت نه كه‌باب"ه سه‌ركه‌وتن مسۆگه‌ر بكات.
سه‌ره‌تا ده‌بێ ئه‌و ڕاستیه باس بكه‌ین كه بنه‌مای ئه‌م كێشه‌یه‌ی پارتی له‌گه‌ڵ ئازادی و میدیای ئازاد‌دا چیه؟ پارتی دیموكراتی كوردستان كۆنترۆلی ساحه‌ی سیاسی كوردستانی كردوه و یه‌كێتی وه‌ك هێزی دووه‌م شه‌ریكی ده‌سه‌ڵاتێتی، وه هه‌روه‌ها گۆڕان و ئیسلامیه‌كانیش هه‌م ئۆپۆزسیۆنن و هه‌م له‌سایه‌شیدا كار بۆ گرتنی ئیمتیازاتی ده‌سه‌ڵاتیش ده‌كه‌ن. سیناریۆی پارتی بۆ سه‌قامگیركردنی ئه‌م پاوانخوازیه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كه به‌شی شێری له‌داهات و سه‌رۆكایه‌تی و ده‌سه‌ڵاتدا هه‌یه دروستكردنی مه‌مله‌كه‌تێكی بنه‌ماڵه‌یی یه له‌چه‌شنی شێخ نشینه‌كانی خلیج. لیستی دوردودرێژی داوا تۆماركردن له‌سه‌ر میدیای ئازاد و كوشتنی رۆژنامه‌نوسان و پشتیوانی مه‌لاكان و نانه‌وه‌ی جه‌وی ترس له‌كاتی هه‌لبژاردنه‌كان و قه‌ده‌غه‌كردنی خۆپیشاندان به‌یاسا و ته‌نانه‌ت شیوازی كۆنگره‌ی حزبه‌كه‌یان، ئه‌مانه سیناریۆی سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتێكی دیكتاتۆریانه‌یه و په‌یامی بارزانی له‌په‌رله‌ماندا دژ به‌و ئازادیانه‌ی ئیستا له كوردستاندا بونه‌ته ئه‌مری واقیع له تیشكی رۆژ رۆشنتره. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر سیناریۆی پارتی و ده‌سه‌ڵات به‌م شێوه‌یه ڕۆشنه ئه‌ی بۆچی هێشتا زمانێك كه ئازادی خه‌ڵكی پێ به‌یان ده‌كرێ ئاوا ڕاشكاو و رادیكال نیه بۆ به‌رگری كردن له‌خۆی؟له‌به‌رامبه‌ر هێرشی پارتی و ده‌سه‌ڵاتدا هێشتا ده‌بێ ئامۆژگاری ده‌سه‌ڵات بكرێ كه ڕووی ناشیرینی خۆی بۆ جیهان ده‌رنه‌خات و دیموكراسی كوردی له‌كه‌دار نه‌كا؟
ئازادی له كوردستاندا پیداویستی ژیانی خه‌ڵكێكه كه ده‌یان ساڵ له سایه‌ی سه‌ركوت وشه‌ڕدا ژیاون و ئیستا كه بوژانه‌وه‌یه‌كی ئابوری و جێگیریه‌كی نیسبی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه، خه‌ڵك ده‌یه‌وێت له‌و ئیمكاناته‌ی له كوردستاندا هه‌یه به‌هره‌مه‌ند بێت و ژیانێكی خۆشگوزه‌ران و مۆدێرن دابین بكا. به‌ڵام ئه‌م ئاستی خواست و داوایه‌ی خه‌ڵكی كوردستان پیچه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئیستایه و له‌سه‌رووتری عه‌قڵیه‌تی پاوانخوازی و میلیشیایی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌یه و ئه‌م مافه بۆ خه‌ڵكی كوردستان به‌ڕه‌وا نابینن و ڕوبه‌ڕوی ده‌بنه‌وه. هه‌ربۆیه له دوای ڕوخانی به‌عسه‌وه شه‌پۆلێك له خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی به‌رامبه‌ر به ده‌سه‌ڵات له كوردستاندا سه‌ری هه‌ڵداوه و ئازادی بوه‌ته پیویستیه‌كی خه‌ڵك بۆ ده‌ربڕینی خواست و كێشه‌كانی، وه میدیای ئازادیش به‌شێك له‌م واقعیه‌تیه. كێشه‌ی خه‌ڵك له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر دابینكردنی پیداویستیه‌كانی ژیانی پایه‌ی ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه‌یه و به‌ره‌ی خه‌ڵك له‌سه‌ر جاده و میدیا ئازاده‌كانه‌وه و به‌ره‌ی ده‌سه‌ڵاتیش له سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و حكومه‌ت و وه‌زاره‌ت و مزگه‌وت و شوینه‌كانی ده‌سه‌ڵاته‌وه زۆر ڕاشكاوانه به‌رژه‌وه‌ندی جیاواز و دژبه‌یه‌كی خۆیان به‌یان ده‌كه‌ن. لیره‌دا ئه‌وه‌ی خه‌لك ده‌ستی ده‌كه‌وێت له به‌شی ده‌سه‌ڵات كه‌م ده‌بێته‌وه و ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتیش پاوانی ده‌كا له‌سه‌ر حسابی سفره وئازادی خه‌ڵكه. ئه‌وه‌ی پارتی ده‌یه‌وێ كردنی كوردستانه به مه‌مله‌كه‌تی كه داهات و سوپا و حكومه‌ت و فه‌رهه‌نگ و بازاڕ ودراو وحزب ویاسا و هه‌موو شتێكی مۆری بنه‌ماڵه‌یه‌ك و دیكتاتۆرێكی لێدرابێ. ئه‌وه‌ی خه‌ڵكیش نایه‌وێ حوكمی میلیشیایی و عه‌شیره‌تی و نا عه‌داله‌تیه‌كه كه كوردستانی كردۆته به‌هه‌شتێك بۆ سه‌رمایه‌دارانی حزبی و سه‌رزه‌مینی نائومێدی و نه‌هاتنه‌دی چاوه‌ڕوانیه‌كانی خه‌ڵك بۆ ئازادی ویه‌كسانی و خۆشگوزه‌رانی و مه‌ده‌نیه‌ت. هه‌ربۆیه له‌م شه‌ڕه‌دا كه هه‌ردوو به‌ره له نیاز و مه‌رامی یه‌كتر له‌ڕیشه‌وه تیگه‌یشتوون و ئیتر ده‌ورانی موجامه‌له‌ی ئاشتكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات وجه‌ماوه‌ر به‌سه‌ر چوه و هه‌ر دوولا ڕادیكاڵانه قسه‌ی دڵی خۆیان به‌رامبه‌ر یه‌كتر ده‌كه‌ن. جه‌ماوه‌ر ده‌ڵێ "دیكتاتۆریكمان ڕوخان ئه‌توانین بیكه‌ین به‌دوان " و "سه‌رۆك"یش باكی نیه له‌وه‌ی بڵێ" ئه‌م ئازادیه فه‌وزایه وقبوڵی ناكه‌ین". ئه‌مه زمانی ڕاسته‌قینه‌ی بزوتنه‌وه جیاوازه‌كانی كوردستانه كه هه‌ركامه‌یان ته‌عبیر له خواستی خۆی ده‌كا و یه‌كێكیان به "سه‌رۆك" ده‌ڵێ سه‌رۆك و ئه‌وی تر پێی ده‌ڵێ دیكتاتۆر. ئه‌و رۆشنبیرانه‌ی ده‌یانه‌وێ وه‌ك قسه‌كه‌ری جه‌ماوه‌ر بمێننه‌وه و به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ر ده‌بیننه‌وه ئه‌وا پیویسته زمانی دوانه‌ی ئازادی بكه‌ن به زمانی ڕاشكاوی ئازادی و به‌سه‌رۆك بڵێن دیكتاتۆر.
08/01/2011
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
