پێشه‌کی:
بۆ ئاشنابوونی زیاتر له‌گه‌ڵ نه‌خۆشی ئاڵکوڵیسم و که‌سایه‌تی ئالکولیست بێجگه له سوود وه‌رگرتن له به‌ڵگه‌کانی زانستی، هه‌وڵم داوه وه‌ک نموونه یارمه‌تی له شێعره‌کانی ماموستایان "بێکه‌س" و "هێمن" وه‌رگرم. واتا له زمان خودی ئه‌وانه‌وه باسه‌که شیبکه‌مه‌وه. تاکی ئاڵکوڵیست یان گیرۆده‌ی ئاڵکۆڵ چ له شارۆچکێکی کوردستان یا له گه‌وره‌ترین شاری جیهان بێ له باری پرۆسه‌ی گیرۆده‌بوون و که‌سایه‌تی گیرۆده‌یی هیچ جیاوازییه‌کیان له ته‌ک یه‌کدا نییه. من بۆ ئه‌م مه‌به‌سته له به‌شێک له شێعره‌کانی "هه‌ستی ده‌روون"، له کتێبی "دیوانی فایق بێکه‌س" که‌ڵکم وه‌رگرتووه. هه‌روه‌ها تاکوو ئه‌و جێگایه‌ی توانیومه هه‌موو شێعره‌کانی "هێمن"م به‌سه‌ر کردوونه‌ته‌وه و ئه‌و شێعرانه‌ی که پێموابووه کارتێکه‌ری ئاڵکۆڵی پێوه دیاره، که‌ڵکم وه‌رگرتووه.
مێژووی ئالکۆڵ:
مێژووناس و دێرینناسان له‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌ن وا وێده‌چێ که مرۆڤ ئالکۆلیشی هه‌ر وه‌ک زۆربه‌ی خواردن و خواردنه‌وه‌کانی دیکه به هه‌ڵکه‌وت - له شیڕه یان شه‌ربه‌تی دارێک، میوه‌یه‌ک - دۆزیبێته‌وه و، کاتێک خواردوویه‌تێیه‌وه گۆڕانکاری له هه‌ست و تواناییه‌کانیدا وه‌دیهاتووه.
ئالکوڵ ناوی ئاسایی و ڕۆژانه‌ی "ئێتانۆل"ه و فورموڵه شیمیاییه‌که‌شی C2H5OHیه. ئالکولێ خواردنه‌وه له سێ چه‌شنی سه‌ره‌کی ئاره‌ق، شه‌ڕاب و بیره‌دا هه‌یه.
ده‌گوترێ شه‌ڕاب له دواییه‌کانی چاخی به‌ردینه‌وه له میسر و میسۆپوتامیا دیتراوه‌ته‌وه واتا 10000 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر. هه‌روه‌ها له هه‌مان شوێندا بیره له جۆ و گه‌نم سازکراوه و ته‌مه‌نی ده‌گاته سێسه‌دسال به‌ر له مه‌سیح. سازکردنی شه‌ڕاب له ترێ، 6000 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له ئه‌رمه‌نستانه‌وه گه‌یشتووه‌ته ئورووپاوه.
ناوی شه‌ڕاب و کارتێکه‌رییه‌کانی له کتێبه ئاسمانییه‌کاندا به‌رچاوه که به‌دمه‌ستی حه‌زره‌تی نو‌وح له ته‌وڕاته‌وه ده‌ستپێده‌کا تاکوو ده‌گا به حه‌رام کردنی له قورئاندا.
ئاڵکوڵ به بۆنه‌ی تایبه‌تمه‌ندییه شیمیایی و ده‌رمانییه‌کانی له یۆنانی کۆندا نازناوی "ئاوی حه‌یات"ی پێیدرا. نه‌خۆشی چڵکی، کێمگرتوو و تاعوون به ئاڵکوڵ عیلاجکراوه و، به تایبه‌ت له سه‌ده‌ی 18دا دنیای پزیشکی نرخێکی گرینگی پێداوه. ده‌ڵێن یه‌کێک له هۆیه‌کانی ئاسایی بوونی خواردنه‌وه‌ی ئاڵکوڵ ده‌توانێ بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر بوونی ئاوی ناپاک. خواردنه‌وه‌ی ئاوی ناپاک ده‌بووه هۆی زگ ئێشه، زگچوون و ته‌نانه‌ت مردن، ئه‌م گرفته‌ش زیاتر خه‌ڵکی هانداوه به جێگای خواردنه‌وه‌ی ئاوی ئاسایی په‌نا بۆ خواردنه‌وه‌ی ئالکوڵ وه‌ک ئاره‌ق، شه‌ڕاب و بیره به‌رن. خاوه‌ن زه‌وی به‌شێکی زۆر له ده‌ستمزدی
جوتیاره‌کانی به دانی ئاره‌ق بۆ حیساب‌کردوون. له سه‌ده‌ی 18 له باکووری ئورووپای باکووردا، هه‌ر سه‌ره‌ی له ساڵدا 50 لیتری ئاره‌ق خواردووته‌وه. واتا ئاڵکوڵ خواردنه‌وه له‌و سه‌رده‌مه‌دا هه‌روه‌ک خواردنه‌وه‌ی قاوه له سه‌رده‌می ئێستادا ئاسایی بووه، خه‌ڵک وه‌خت و بێ وه‌خت بۆ ده‌ستپێک و ته‌واوکردنی کاری ڕوژانه و به هه‌ر بیانوویه‌ک خواردوویانه‌ته‌وه.
ئالکولیست نه‌خۆشییه یان بێ ئه‌خلاقییه؟
سه‌ڕه‌ڕای ئه‌وه‌یکه تێورێکی به‌هێز له پشت فاکته‌ره‌کانی گیرۆده‌بووندا هه‌یه، به‌ڵام تاکوو ئێستا نه‌توانراوه بگووترێ چ که‌سێک گیرۆده ده‌بێ یان نابێ. چوونکو هه‌ر ئینسانێک خوێ له خوێدا نایابه و بێوشیمی و هه‌ست و مشووری تایبه‌ت به خۆی هه‌یه. له هه‌مان کاتدا خۆشی و ناخۆشییه‌کانی ژیان کارتێکه‌ری جوراوجۆری له‌سه‌ر که‌س تا که‌س هه‌یه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که له لایه‌ن شاره‌زایانی ئه‌م دیارده‌یه‌وه ده‌گووترێ ئه‌وه‌یه که به گشتی باری نه‌فسی، فیزیکی، ژنێتیکی، کۆمه‌ڵایه‌تی و له‌به‌رده‌ستانبوونی ماده‌که له گیرۆده‌بوون یان نه‌بوونی تاکدا ڕۆڵی خۆی هه‌یه. گیرۆده‌بوون به ماده یان به کرده‌ویه‌ک گرفتێکی ئاڵۆزی به‌رفراوانی کۆمه‌ڵایه‌تییه که زانست و ئاسته‌کانی کۆمه‌ڵناسی، ده‌روونناسی، تاوانناسی، ده‌رمانی، پزیشکی و ته‌نانه‌ت بایولۆژیی ده‌گرێته‌وه.
کاتێک تاک گیرۆده ده‌بێ به‌ر له وه‌ی که‌س به گرفتی گه‌وره‌ی گیرۆده‌یی ئه‌و بزانێ گۆڕانکاری قووڵی نه‌فسی لای قه‌وماوه که بووه‌ته هۆی گۆڕانی که‌سایه‌تی ئه‌م که‌سه. گیرۆده ڕوانگه‌ی دیتن و هه‌ڵسه‌نگاندنی سه‌باره‌ت به خۆی و به دنیا و ده‌ورووبه‌ری ده‌گۆڕدرێ. که‌سایه‌تێکی تازه‌ی تێدا ده‌خوڵقێ که بۆ خۆی و ئه‌وانی تر بێگانه‌یه. له زانستی گیرۆده‌ییدا کاتیک باس له که‌سایه‌تی تاکی گیرۆده ده‌کرێ به واتایه نییه باس له "لاوازی که‌ساییه‌تی" ئه‌و تاکه‌یه، به‌لكو باس له‌م گۆڕانکارییانه‌یه که له سوێنگه گیرۆده‌بووندا لای ئه‌و ده‌خولقێ و ده‌بێته هۆی گۆڕانی که‌سایه‌تی ئه‌و که‌سه.
پێشتر که‌سێک که ئالوده و گیرۆده‌ی ئالکول ده‌بوو وه‌ک ناسازێکی نه‌فسی و یان وه‌ک بێ ئه‌خلاقییه‌ک ناویان ده‌برد. به‌ڵام له ده‌یه‌کانی په‌نجا و شێستدا دووکتور E. M. Jellineks و تاقمێک دوکتووری دیکه‌ی ئه‌مریکایی سه‌لماندیان که ئالکولیسم نه‌خۆشییه و تاکی ئاڵکۆڵیست نه‌خۆشه. دوایی له لایه‌ن ئه‌نیستیتۆی سڵامه‌تی خه‌ڵک، یه‌کێتی سایکۆلوژان، ڕێکخراوه‌ی خه‌سته‌خانان له ئه‌مریکا و ئورگانیزاشونی سڵامه‌تی جیهانی "WHO" وه‌ک نه‌خۆشی چاوی لێ‌کرا. ئه‌مڕۆ له دنیای پزیشکیدا هه‌موو لایه‌نێک له‌سه‌ر ئه‌مه ڕێک و هاوبیرن که نه‌خۆشی گیرۆده‌یی - به که‌ره‌سه یان کرده‌وه‌یه‌ک- نه‌خۆشییه‌کی بایۆ، سایکۆ و سوسیاله.
Terence T. Gorski یه‌کێک له به‌ناوبانگترین دووکتوران و پسپۆڕانی پرسی گیرۆده‌یی و تووشبوونه‌وه‌یه و ده‌ڵێ: "ئالکوڵ دۆڕگێکی پیسه - ژارێکه بۆ سلووله‌کانمان".
ئالکوڵ بێجگه له‌وه‌ی که به قووڵی کاری نه‌رێنی له‌سه‌ر مێشک ده‌کا، کار له‌سه‌ر ئه‌ندام و سلوله‌کانی ماسووله، جه‌رگ، گورچیله، مووخی ئێسک، خرۆکه‌ی سپی و سووری خوێن، هۆرمونی پیاوێتی، ستروکتوری ئێسک، ددان و قژ ده‌کا.
ئه‌مه ڕوونه که تاک به هه‌ر مه‌به‌ستێک ده‌ست بۆ ئاڵکۆڵ خواردنه‌وه به‌رێ، به مه‌به‌ستی به‌د بکارهێنان و خۆ ئالوده‌کردن یان تووشبوون به گیرۆده‌یی ده‌ستی بۆ نابا. نه‌خۆشی ئالکولیسم به نه‌خۆشی شه‌کره یان نه‌خۆشی شێرپه‌نجه شوبارهێنراوه، که‌س نازانێ کێ تووش ده‌بێ و که‌ی سه‌رهه‌ڵده‌دا.
خاڵه‌کانی هاوبه‌شی ژیانی بێکه‌س و هێمن
ماموستا علاالدین سجادی له کتێبی "ئه‌ده‌بی کوردی"دا به ناوی گه‌وهه‌ری شه‌وچرا ناو له "بێکه‌س" ده‌با. بێکه‌س له ساڵی 1905 هاته دنیا و له 18/12/1948 واتا له 43 ساڵیدا سه‌رینایه‌وه. بیکه‌س هه‌رچه‌ند به‌گزاده‌بووه له باوه‌شی گه‌رمی دایکوبابی خۆیدا چاوی به دنیا هه‌ڵێناوه به‌ڵام چه‌رخی گردوون زۆر زوو هه‌ر له منداڵییه‌وه به دژی سووڕا، له ناز و دلنه‌وایی خست. بێ سه‌روشوێنبوونی باوک، جوانه‌مه‌رگبوونی دایک و برا فایقی منداڵی بیکه‌س کرد.
هێمن له به‌هاری ساڵی 1921 هاته دنیا و له به‌هاری 1986 کوچی دواییکرد. هێمن له بنه‌ماڵه‌یه‌کی زه‌نگین و ئایینی به‌دنیا هاتووه. هیمن به شێوه‌یه‌کی دیکه که‌وتووته به‌ر بێنازی و ته‌نیاییه‌وه هه‌روه‌ک خۆی له "له کوێوه بۆ کوێ"دا ده‌ڵێ: "مێژووکم له مه‌مک دایکم نه‌کردووه و فرچکم به شیری دایه‌ن گرتووه. ". هه‌روه‌ها کاتێک باس له سه‌رده‌می منداڵی و میرمنداڵی خۆی ده‌کا ده‌ڵی: "به منداڵی زۆر تێروته‌سه‌ل و کۆک و پۆشته بووم. به‌ڵام کوێله و دیل بووم، کوێله‌ی ناو قه‌فه‌زی زێڕ، کوێله‌ی ڕێ و شووێنی کۆن. ".
دیسان هه‌ر له سه‌رچاوه‌ی ئاماژه پێکراودا هاتووه که بێکه‌س یه‌کێک له سه‌رکرده‌کانی ڕاپه‌ڕینی شۆڕ‌شی ئه‌یلولی 1930 بووه و به برینداری گیراوه و له زێدی خۆی دوور خراوه‌ته‌وه. بێکه‌س هه‌م له جوڵانه‌وه‌ی "ژ-ک" و هه‌م له "پارتی دێموکراتی کوردستان"دا زۆر نزیک بووه و شێعری "داری ئازادی"، به‌رهه‌می کارتێکه‌ری ئه‌و سه‌رده‌مه‌یه. هیمن ئه‌ندامی "ژ-ک" و یادگاری کۆماری کوردستان و شاعیری نیشتمان و ئه‌ندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان بووه.
هه‌روه‌ک له‌سه‌ره‌تاوه ئاماژه‌ی پیکرا فاکته‌ر و هۆکاره‌کانی گیرۆده‌بوون چه‌ندن که یه‌کێک له‌وان باری نه‌فسی تاکه. Craig Nakken" تراپێڤتی ناسراوی گیرۆده و ڕاوێژکاری بنه‌ماڵانی ئه‌مریکی له‌م پێوه‌ندییه‌دا ئاوا ده‌ڵێ: "که‌س هه‌یه که له که‌سێکی دیکه زیاتر له مه‌ترسی تووشبوونی گیرۆده‌یی دایه، بۆ وێنه ئه‌و تاکه‌ی که ناتوانێ و نازانێ چۆن له‌گه‌ڵ شتێک یان که‌سێکدا له پێوندییه‌کی درووستدا بژی و فێربووه باوه‌ڕ و مه‌تمانه به که‌س نه‌کا. ئه‌وش ڕاسته‌وخۆ پێوه‌ندی به‌ئه‌مه‌وه هه‌یه که چۆن له منداڵی‌دا هه‌ڵسوکه‌وتیان له ته‌ک کردووه، ئه‌و قه‌ت فێر نه‌بووه چۆن به شێوه‌یه‌کی درووست تیكه‌ڵاوی خه‌لک بێ. "
به گشتی ژانی ژیانی تاکی خۆیان و ده‌ردی کوردی زه‌بری خۆی له هه‌ناوی ئه‌م دوو ئه‌ستێره‌ی ئه‌ده‌بیی داوه و، به‌ره‌وه ئه‌وه‌ی بردن که ڕێگای ئه‌وان نه‌بوو.
دووکتور "Lars sjöstrand " پسپۆڕی گیرۆده‌یی ده‌ڵێ: - "من دڵنیام گیرۆده‌یی له ئازاری ژیان را ده‌ستپێده‌کا، ئه‌وه‌ش هێچ به‌م مانایه نییه که لایه‌نی باش به گیرۆده‌یی بدری. ". بێکه‌س له شێعری "عاره‌ق بخۆم"دا ده‌لێ:
"هه‌قمه گه‌ر ئاره‌ق بخۆم تۆ خوا ڕه‌فیق لۆمه‌م مه‌که‌ن
زه‌حمه‌ته بێ مه‌ی ژیانم به‌م دڵه تاریکه‌وه"
هه‌روه‌ها هێمن له ناڵه‌ی جودایی دا ده‌ڵێ:
"ئه‌و شه‌ڕابه تاڵه ده‌رمانی خه‌مه. . .
بۆ که‌سێکه مه‌ی: دڵی پڕ بێ له خه‌م".
ئه‌ده‌بیات و مه‌ستی
له ئه‌ده‌بیاتی کۆنی جیهانییه‌وه تاکوو ده‌گاته ئه‌م سه‌رده‌مه پڕ له باسی کارتێکه‌ری باش و نه‌باشی ئالکوڵه له‌سه‌ر مشووری ئینسان. دووکتوری تایبه‌ت به گیرۆده‌یی ئاڵکول "لارس خوێستراند" له وتارێکی زانستیدا زۆر به وردی باس له پێوه‌ندی کارتێکه‌ری ئاڵکوڵ و داهێنه‌ری ده‌کا. شاعیران و داهێنه‌رانێکی زۆر له جیهاندا کارتێکه‌ری مه‌ی و مه‌ستی له هونه‌رکانیاندا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه.
له کۆمه‌ڵگای کورده‌واریدا سه‌ڕه‌ڕای ئه‌وه‌ی ئایینی ئیسلام به‌سه‌ریدا زاڵه، به‌ڵام دیسان هه‌ر وه‌ک زۆربه‌ی کۆمه‌ڵگاکانی دیکه‌ی ئیسلامی، خواردنه‌وه‌ی ئاڵکوڵ که‌م یان زۆر "ئیزن"ی خۆی وه‌رگرتووه و تاکوو ڕاده‌یه‌ک په‌سه‌ند کراوه. کارتێکه‌ری ئاره‌ق و شه‌ڕاب له ئه‌ده‌بیاتی نووسراوه‌ی کوردی به تایبه‌ت شێعر - نه‌ک له به‌یت و حه‌یراندا – دا له لایه‌ن تاقمێکی زۆر له شاعیرانه‌وه تا ڕاده‌یه‌کی به‌رچاو ره‌نگی داوه‌ته‌وه و، باس له شکۆ و توانایی ئه‌م ئاوه کراوه.
ماموستا "گۆران"ی شاعیر له شێعڕی "هاوڕێم بێکه‌س"دا، که به بۆنه‌ی کۆچی دوایی ماموستا بێکه‌س گوتوویه‌تی، به‌م چه‌شنه باس له گیرۆده‌بوونی ئه‌و ده‌کا:
به‌ڵێ بێکه‌س نابووت بوو
جار جار برسی بوو، ڕووت بوو
. . .
له پاشانا، ئه‌ی په‌ری
نابێ له بێکه‌سی بگری
که گیرۆده‌ی مه‌ستی بوو
مه‌ستی ئه‌و مه‌به‌ستی بوو
ناوچه‌و و سه‌رده‌می ژینی
پڕبوو له ناشیرینی
. . .
ناچار خۆی سه‌رخۆش ئه‌کرد
جارجار که زۆر په‌ست ئه‌بوو
که‌مێکیش به‌دمه‌ست ئه‌بوو
داخی دڵی خۆێ ئه‌رشت
به جوێن، توانج، سه‌رزه‌نشت
شادڕه‌وان "دوکتوور قاسملو" به‌شێوه‌یه‌کی دیکه گرفتی ئاره‌قخواردنه‌وه‌ی هێمن ده‌درکێنێ. دوکتوور قاسملو له پێشه‌کی کتێبی "تاریک و ڕوون" دا ده‌ڵێ: "له "ناسۆری ته‌شه‌نا"دا ڕاکردن له ژیانی واقعی، له و حه‌قیقه‌ته تاڵه‌ی که شاعیر تووشی بووه و نایه‌وێ قه‌بووڵی بکا، به ته‌واوی دیاره. هێزی ئه‌وه‌ی نییه ژیان بگۆڕێ، ڕێگای نییه خۆی دووربخاته‌وه، ده‌یه‌وێ ڕابکا و به یارمه‌تی مه‌ی ڕوو له دنیایه‌کی خه‌یاڵی ده‌کا. "
گیرۆده کێیه و، گیرۆده‌یی چییه؟
به گشتی به شێوه‌ی جوراوجۆر باس له گیرۆده و گیرۆده‌یی کراوه. گیرۆده‌یی به نیشانه‌ی بێ ئه‌خلاقی، لاوازی که‌سایه‌تی، که‌موکوڕی له توانایی بریاڕدان، نه‌توانین له ڕووبه‌روو بوونه‌وه له‌ته‌ک گرفته‌کانی ژیان و به نه‌خۆشی جه‌سته‌یی و ڕوحی ناوبردراوه. هه‌ڵبه‌ت ئاساییه که یه‌ک یان چه‌ند له‌م نیشانانه له که‌سیکی گیرۆده‌ییدا ببیندرێ. به‌ڵام شاره‌زایان بۆچوونێکی دیکه‌یان له‌سه‌ر ئه‌م دیارده‌یه هه‌یه و له‌سه‌ر ئه‌م ئه‌ساسه دا‌مه‌زاوه؛ که زۆربه‌ی زۆری ئینسانان ئاوات و ئاره‌زوویانه له ژیاندا به‌خته‌وه‌ربن و له ئارامیش و هارمونییدا بژین. شاره‌زایانی گیرۆده‌یی له بۆچوونه‌که‌یانه‌وه به‌م تیۆرییه ده‌گه‌ن که ڕیشه‌ی گیرۆده‌یی له‌مه‌وه دێ که تاک ده‌یهه‌وێ خۆی له ئازار دوور بکاته‌وه، واتا توێ که‌سایه‌تی گیرۆده‌یی له ناخی هه‌موو که‌سدا هه‌یه.
"Craig Nakken" له‌م پێوه‌ندییه‌دا ئاوا ده‌ڵێ: " زۆر جار به شێوه‌ی ئاسایی له ژیانماندا ده‌قه‌ومێ که ئه‌م هه‌سته به هارمونی بکه‌ین، به‌لام به‌داخه‌وه نه‌ک هه‌میشه. به ئاوات ده‌بین ئه‌و هه‌سته‌مان بۆ بگه‌رێته‌وه و به‌رده‌وام بێ، ده‌نا خه‌م دامانده‌گری. له ژیانێکی ئاسایی و سالمدا ئه‌م هه‌سته دێ و ده‌ڕوا، واتا بازنه‌یه‌کی ئاسایی ژیانه. به‌ڵام تاک هه‌یه که دیانهه‌وه‌ێ به‌هه‌ر نرخێک بێ ئه‌م خۆشییه وه‌ده‌ستبێنن و ڕایگرن، واتا له ئیختیار و کونتڕۆڵی خۆیانیدا ڕایبگرن. که وایه گیروده‌یی هه‌وڵ و ته‌قه‌لایه‌که بۆ کونتڕۆڵی ئه‌م بازنه ناکونترۆڵه و گه‌یشتن به‌و ده‌رک و هه‌سته‌ی که ئاره‌زوویه‌تی و ناخوازێ له چه‌نگی بدا. هه‌ڵبه‌ت ته‌نیا له سه‌ره‌تاکانه‌وه به‌م هه‌سته‌ی که ده‌یانهه‌وێ ده‌گه‌ن. ".
بێکه‌س له شێعری "به‌شاره‌ت بێ له قه‌ومی کورد. . . ئه‌یلولی 1927" دا ده‌ڵێ:
" سه‌عاده‌ت بوو به به‌رگێک و کرایه به‌ر هه‌موو فه‌ردێ
نه‌ما ئه‌خباری ناخۆشی، له دڵ ده‌رچوو هه‌موو ده‌ردێ"
هه‌روه‌ها له شێعری "به‌هاری سلێمانی" دا که باس له جوانی سروشت و خۆشی وڵات و، بێخه‌می و ئازادی خۆی و خه‌ڵک ده‌کا ده‌ڵێ:
"کاشکی هه‌روا بووایه"
به‌م چه‌شنه ده‌بینین هێمنیش له هه‌ڵبه‌ستی "ڕێبه‌ندان و شاعیر" دا ده‌ڵێ:
"ئه‌و ساڵ به‌هاره بۆ ئیمه زستان".
تۆ بڵێی ڕاگرتن و دووپاتکردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌ستانه هانی نه‌دابێن که ده‌ست بۆ باده و مه‌ی به‌رن. بێکه‌س شه‌ڕابی ده‌وێ:
" شه‌ڕابێ با بێ بۆ دڵه‌ی ماتم
ڕه‌ونه‌قێ، شه‌وقێ با به حه‌یاتم"
هێمن هاوار ده‌کا:
"ساقیا کوشتمی خه‌م و مه‌ینه‌ت"
و، "به باده با په‌ژاره و غه‌م به‌باده‌م".
نه‌کێن له کۆتایی ئاوا پێناسه‌ی گیرۆده‌یی ده‌کا: "گیرۆده‌یی عیشقێکی نائاسا و نه‌خۆش واتا پاتولۆژیکه - و پێوه‌ندییه‌کی جێ مه‌تمانه و بڕوایه به که‌رسه یان کردارێک". واتا تاکی گیرۆده ئه‌و پێوه‌ندییه نزیکه‌ی به ماده‌که یان کاره‌که هه‌یه به هیج شتێکی دیکه‌وه نییه. ئه‌م ئه‌وینه نائاسایییه لای بێکه‌س و هێمن ئاوا خۆ ده‌نوێنێ، بێکه‌س ته‌نانه‌ت نایانهه‌وێ دوای مردنیش له‌م ئه‌وینه جیابێته‌وه هه‌ربۆیه وه‌سیه‌ت ده‌کا:
"ساقی ئوباڵی منت به ئه‌ستۆ
دنیایه وه‌سیه‌ت ئه‌که‌م له لای تۆ
که مردم توخوا هه‌ر به مه‌ی بمشۆ"
هێمن گلێنه‌ی خۆی ده‌نێڕێته خزمه‌تی و ده‌ڵێ:
"گلینه‌ی خۆم ده‌نێرمه خزمه‌تت، بۆم تێکه تا بیبا".
"بازنه‌ی شوومی ئاڵکوڵیست"
"گورسکی" گیرۆده‌بوون به ئاڵکوڵ به بازنه‌ی شووم ناوده‌با و له شه‌ش خاڵان‌دا شیده‌کاته‌وه: 1- که‌یفی هه‌نووکه 2- ئازاری دواڕۆژ 3- شێوه‌ی بیکردنه‌وه 4- تولێرانس و ئابستینیێنس؛ 5- له‌ده‌ستدانی کونتڕوڵ 6- کارتێکه‌ری زیانبه‌خش له سه‌ر باری بایۆ- سایکۆ- سوسیال. "گورسکی" ده‌ڵێ: "ئه‌گه‌ر ئالکولیست تووشی خاڵی وه‌چه‌رخان نه‌بێ، مانه‌وه و خولخواردن له‌م بازنه‌یه‌دا به مردنی ته‌واو ده‌بێ.
بێکه‌س له ساڵی 1936 واتا له 35ساڵیدا له شێعڕی "ساقی فیداتم"دا به گووتنی: "دڵ په‌سته، هه‌سته ساقی فیداتم . . . "، و هێمن له کۆتایی شێعری ( "موو ناپسێنم" شه‌وانه هاونشینی جامی باده‌م. . . ) و له شێعری ("تووڕه‌یی" ساقیا کوشتمی خه‌م و مه‌ینه‌ت ده‌وه‌ره له‌و شه‌ڕابه مه‌ستم که) دا باس له ئاڵکۆڵخواردنه‌وه‌ی خۆیان ده‌که‌ن. شێعری "مووناپسێنم"، ڕێکه‌وتی به ژێره‌وه نییه، به‌ڵام شێعری "تووڕه‌یی"، که به‌دوای شێعری "مووناپسێنم"دا هاتووه ڕێکه‌وتی ساڵی 1957 به ژێره‌وه‌یه، واتا هێمن ئه‌و کاته ته‌مه‌نی 36 ساڵ بووه.
کاتێک تاک به ئاشکرایی باس له "هاونشینی" و گیرۆده‌یی خۆی له‌ته‌ک ئاڵکوڵ ده‌کا به‌م مانایه که ده‌مێکه ئاشنایه له‌ته‌ک ئه‌م خواردنه‌وه‌یه و، ته‌نانه‌ت له قۆناخی به‌دبه‌کارهێنان ڕا ده‌رچووه و گه‌ێشتوو‌ته قۆناخی گیرۆده‌یی.
هه‌روه‌ها "تولێرانس" واتا ته‌حه‌موول - و "ئه‌بستینێنس" واتا ئازاری پێنه‌گه‌ێشتن له نیشانه به‌هێزه‌کانی گیرۆده‌ییه. تولێرانس به‌م مانایه‌یه که تاک له به‌رامبه‌ر ئاڵکوڵدا ته‌حه‌موولی ئه‌وه‌نده زۆر بووه که ئیدی به پێوه‌ری ژه‌می ئاسایی تێرنابێ واتا نشئه/ مه‌ست نابێ، ده‌بێ له جاران زیاتری بخواته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ست بکا، که‌یفی پێی سازبووه و، هه‌روه‌ها به‌رده‌وام زیاتر و زیاتری پێویسته. له کۆرده‌واری خۆماناندا کاتێک ئاڵکۆلیست تولێرانسی له زیادبوون ده‌دا و سه‌رئه‌نجام له‌م سوێنگه‌یه‌دا ده‌مرێ، ده‌ڵێن؛ به عاره‌قی دڕا.
بێکه‌س له شێعری "ساقی فیداتم"دا به حه‌یرانی له‌نجه و به‌ژن و باڵای ساقی ده‌بێ که: " قه‌ده‌ح په‌یایه‌ی پڕکه لێواولێو" بکا و، هێمن داوا له ساقی ده‌کا که: " به‌شی خۆم بۆ له لوێچی ده‌ستم که". هه‌ردووک به‌مه‌یان زانییه‌وه که ده‌بێ زۆرتر له جاران بخوێنه‌وه تاکوو سه‌رخۆش بن.
بێکه‌س باس له‌مه ده‌کا که حاڵی چ حاڵێکه کاتێک ئاڵکۆڵی پێناگا واتا ئه‌بستینینسی هه‌یه. بێکه‌س ئه‌وه‌نده له به‌یانی شه‌رحی حاڵی خۆیدا ڕاستگوویه، که ده‌بێ سه‌ری نوازیشت بۆ ئه‌م ڕاستگووییه دابندرێ. ئه‌و له هونراوه‌ی "زه‌حمه‌ته بێ مه‌ی بژیم" (ته‌شرینی دووه‌می 1939) دا ده‌ڵێ:
". . . هه‌ر که ڕۆژئاوا ئه‌بی من بۆ عه‌ره‌ق سمکۆڵ ئه‌که‌م
وه‌ک وڵاخێ بێته وه‌ختی کاو و جۆ و ئالیکه‌وه. . . ".
ئه‌بستنێس یه‌کێک له‌م حاڵه‌تانه‌یه که به گشتی گیرۆده لێی ده‌ترسێ و، ئازاره‌کانی فیزیکی و ده‌روونی ئه‌وه‌نده به هێزه که گیرۆده پێوایه توانایی ئه‌م ململانییه‌ی نییه، په‌نا بۆ ماده‌که ده‌باته‌وه.
"لارس خوێستراند " وتارێکی له سه‌ر شێعری "کاتژمێرساز"ی، "بێلمه‌ن" شاعیری ڕۆمانتێکی گه‌وره‌ی سه‌ده‌ی 17ی سوئید نووسیوه. ئه‌و پێوه‌ندی کارتێکه‌ری و توانایی ئالکۆڵی له‌سه‌ر تێگه‌یشتن و لێکدانه‌وه‌ی بێلمه‌نی له ئاست گرینگه‌کانی ژیان وه‌ک کات، مه‌زاج، هه‌سته‌کانی ئینسانی و مردن. . . شیده‌کاته‌وه - بێلمه‌ن ئالکولیست بووه. ده‌کرێ خوێندنه‌وه‌یه‌کی ئاواش که‌م یان زۆر له ئاست ئه‌م پرسانه له‌سه‌ر شێعره‌کانی بیکه‌س و هێمن بکرێ.
پێوه‌ندی نێوان زه‌مان و مه‌ستی:
لای سه‌رخۆش گرینگی له "ئێستا" دایه، ڕابردوو و داهاتوو وه‌ک له‌کیسچوو چاولێده‌کرێ. له دنیای مه‌ستیدا ته‌نیا ئێستا بوونی هه‌یه. بێکه‌س له شێعری "ساقی فیداتم" دا ده‌ڵێ: " . . . ساقی فرسه‌ته . . . ساقی فرسه‌ته. . . ده‌خیل مه‌وه‌سته ساقی فرسه‌ته. . . کوا فرسه‌تێکی هه‌ر وه‌ک ئه‌مجاره" و یان هێمن له "گلێنه‌ی شاعیر"دا ده‌ڵێ: "هه‌موو عومری ئه‌به‌د تێیدا نییه خۆشی ده‌مێک مه‌ستی".
به گووته‌ی "خۆستێن"؛ ئالکولیست ده‌ستکاری زه‌مان ده‌کا، کات دابه‌ش ناکا و ئێستایه‌کی بێ سنوور بۆ خۆی سازده‌کا. "خۆستێن" به‌رده‌وامه و ده‌ڵێ؛ گیرۆده به هۆی په‌ژیوانی له
دوێنی و په‌رێشانی له سبه‌ی، خۆی خاوه‌نی ژیانی خۆی نییه. به‌ڵام جادووی مه‌ستی ته‌واوی ژیانی بۆ ده‌کاته ئێستا و، وای لێده‌کا که هه‌ست بکا خاوه‌نی ژیانی خۆیه‌تی و له‌ته‌ک ژیان ئاشتی ده‌کاته‌وه.
بێکه‌س و هێمن توانایی کارتێکه‌ری ئالکۆڵیان له سه‌رخۆیان دۆزیوه‌ته‌وه. هه‌ردووک هه‌ستیاری جادووی مه‌ستین، که مه‌ستی هه‌م خه‌مڕه‌وێنه و هه‌م کات شکێنه. مه‌ستی ئێستایه‌کی له‌زه‌تبه‌خشه. بێکه‌س که‌سێک به خاوه‌ن "ئێدراک و هۆش" داده‌نێ که مه‌ێ بنۆشێ و له "مازی و پاشه‌ڕۆژ" چاوبپۆشی و له سه‌عاده‌تی له‌حزه‌دا بژی، هه‌ر وه‌ک خۆی ده‌ڵێ.
"ئه‌گه‌ر تۆ خاوه‌نی ئیدراک و هۆشی
له مازی و پاشه‌ڕۆژ چاوت ئه‌پۆشی
سه‌عاده‌ت له حزه‌ێیه‌که تۆ به خۆشی
له سه‌حرا ڕابوێری و مه‌ی بنۆشی"
هێمن له کۆتایی شێعری "گلێنه‌ی شاعیر"دا ده‌ڵێ:
"هه‌موو عومری ئه‌به‌د تییدا نییه خۆشی ده‌مێک مه‌ستی"
خدر ئاوی حه‌یاتی بۆ چ ده‌بوو؟ فێری شه‌ڕابی با"
تاریکیی مه‌ستی
هه‌رچه‌ند لای گیرۆده ئاڵکۆڵ ده‌ماری ژیانه، کات شکێن، خه‌مڕه‌وێنه‌یه و ته‌نانه‌ت ڕاماڵده‌ری ترس له مردنیشه، به‌ڵام خۆشی مه‌ستی ده‌توانێ دڵه‌له‌ره‌زه و دڵنه‌سه‌روتوویی پێوه‌بێ که به "تاریکیی مه‌ستی" ناوده‌بردرێ. تاریکیی مه‌ستی ده‌بێته به‌شێک له که‌سایه‌تی گیرۆده به ئاڵکۆڵ. دڵه‌ڕاوکه‌ی نێوان ئه‌غیاری و مه‌ستی، هومێد لێ بڕاوی به‌ر له مه‌ستی، دیوار له نێوان باشه‌کانی ئه‌غیاری و نه‌باشه‌کانی مه‌ستیدا ده‌کێشی.
"کارتێکه‌ری زیانبه‌خش له سه‌ر باری بایۆ- سایکۆ- سوسیال" له لایه‌ن پسپۆڕ و لێکوڵێنه‌رانی ئه‌م بابه‌ته‌وه ئاوا پێناسه‌ی کراوه؛ به خواردنه‌وه‌ی ئالکوڵ ئاگایی، وشیاری و تێگه‌یشتن سڕ ده‌بێ، خه‌یال و بیر سه‌باره‌ت به داهاتوو زۆرتر و زۆرتر ناڕوون ده‌بێ. کاته‌کان ده‌بن به یه‌ک کات. ته‌نگی و ته‌سکی ده‌که‌وێته نێو مانای به‌ڵگه و ده‌لێله ئینسانییه‌کانه‌وه. به‌شێک له توانایی شرۆڤه‌کردن و لێکدانه‌وه‌کانی ئینسانی، بیر و شعووری ئینسانی له نێوده‌چێ. مێشک ده‌که‌وێته ئاستێک که جیاوازیی له نێوانی ئه‌وه‌ی بیر ده‌که‌مه‌وه و ئه‌وه‌ی که من هه‌م، نابینێ. هه‌روه‌ها مێشک جیاوازی له نێوان ئه‌وه‌ی که من هه‌م و ئه‌وه‌ی که من ده‌یکه‌م، ناکا. هه‌ست و بیر و کرده‌وه هه‌مووی ده‌بێ به یه‌کدانه و، یه‌کیشان ده‌بێته هه‌ر هه‌موویان.
بێکه‌س: له "بێزاری"دا:
"له حاڵم بۆیه بێزارم، ته‌ماش که‌ن که چه‌ند عه‌کسم
له په‌ستی به‌ختی ناپوخت و له به‌رزی عیززه‌تی نه‌فسم"
هێمن: له "ته‌پڵی ئه‌مان" دا:
"هونه‌رگه‌ر خۆێ په‌رێشانی نه‌بایه له‌م وڵاته‌ی دا
به‌شی من بۆ ده‌بوو چاره‌ڕه‌شی و خانه خڕاپی با"
هێمن: له "تووڕه‌یی"دا:
"حاسڵی تێگه‌ێشتن و زانین
چ بوو بۆ من جگه له کوێره‌وه‌ری"
بێکه‌س له سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌یه که به هۆی "به‌رزی عیززه‌تی نه‌فس"یه‌تی که "په‌سته به‌ختی ناپوخت"ی و، لێکدانه‌وه‌ی هێمن له‌سه‌ر حاڵ و ڕۆژی ئه‌وه‌یه که به‌هۆی "هونه‌ر"، تێگه‌یشتن و زانین" به‌م "چاره‌ڕه‌شی و خانه خراپی" و "کوێره‌وه‌ری"یه گه‌یشتووه.
- لای که‌سایه‌تی گیرۆده ماڵی دنیا گرینگی پێنادرێ، ئه‌رک و کاری ڕۆژانه وه‌پشتگوێ ده‌درێ، هه‌ستی به‌رپرسیاریه‌تی له به‌رامبه‌ر خۆی و ئه‌وانی دیکه‌دا که‌م ده‌بێته‌وه.
بێکه‌س له شێعره‌کانی:
"ده‌ردی ده‌روون"
ده‌مێکه، یاران، مات و خامۆشم
وێنه‌ی تلیاک کێش مه‌ست و بی هۆشم
خۆم له ته‌نقیدات دوور خستۆته‌وه
هه‌واڵی دنیام له بیر چۆته‌وه
نازانم دنیا ڕۆژه یان شه‌وه
هه‌موو کارێکم خواردن و خه‌وه
له ده‌نگ و باسی خه‌لقی بی خه‌به‌ر
وه‌ک حه‌یوان ئه‌ژیم، دوورم له به‌شه‌ر
خه‌ریکی چی بم غه‌یره‌ز خواردنه‌وه
باسی قومار و پاره وبردنه‌وه
"عاره‌ق ئه‌خۆم"
"بامن به عاره‌ق تووشی زه‌ره‌ر بم. . .
. . . ئاواته‌خوازم که له سه‌قه‌ر بم
نامه‌وێ به‌رگی ڕیا و زاهیدی
ئه‌گه‌ر به‌و به‌رگه‌ش زۆر موعته‌به‌ر بم
کورسی مه‌یخانه‌م له لا خۆشتره
له‌وه‌ی که له‌سه‌ر ته‌ختی قه‌یسه‌ر بم. . .
. . . عاره‌ق و پاره له هه‌ر دوو گه‌ر سه‌ر و ڕووبعم هه‌بێ
چیمه ئیتر من بوسه‌ر ئه‌لمان و ڕووس و چیکه‌وه"
له "سه‌ردانه‌وێنم" ده‌ڵێ:
"من که ڕازی بم به نه‌ختێ عه‌ره‌ق
به چۆڕێ چێشت و له‌تێ نانی ڕه‌ق"
له "من و ئیفلاس"دا:
"من و ئیفلاس و به‌دبه‌ختی و ده‌ری چاخانه تا مردن. . .
ژیانی زه‌حمه‌ته "بێکه‌س' که سه‌رگه‌ردانه تامردن"
هێمن: له "ناسۆری ته‌شه‌نا"دا:
"تا نه‌ڕووخاوه، بڵا پڕ بێ له خۆشی و مه‌ستی
تازه پێی ناوێ ئه‌من هۆده‌یی خۆم مه‌حکه‌م که‌م. . .
ئێسته بۆ چاری خه‌مم گۆشه‌یی مه‌یخانه‌یه جێم
من که ڕۆژێ ده‌مه‌ویست میلله‌ته‌که‌م بێ خه‌م که‌م"
ئالکۆڵ وا له هێمن ده‌کا که نه "هۆده"که‌ی که سه‌رپه‌نایه‌تی به‌لایه‌وه گرینگ بێ و، نه ئه‌و کاره‌ی که ده‌یویست "ڕۆژێ" بیکا، بتوانێ بیکا. ئالکۆڵ هه‌ستی به‌رپرسیارێتی که‌م ده‌کاته‌وه و، بابه‌ته گرینگ و سه‌ره‌کییه‌کان له سێبه‌ره‌وه چاوی لێده‌کرێ.
هه‌روه‌ها لای که‌سایه‌تی گیرۆده به ئاڵکۆڵ زۆربڵێیی، دم به‌دمی و توڕه‌یی ئاسایی ده‌بێ، هه‌مووشت ڕه‌ش یان سپی ده‌بیندرێ. له هه‌مانکاتدا به هۆی دڵناسکی و جێنگه‌نه‌بوون، به‌رده‌وام مه‌ترسی هه‌ڵچوون و تووندووتیژی له ئاستێکی به‌رزدایه. محه‌مه‌دی مه‌لا که‌ریم له پێشه‌کی دیوانی فایق بێکه‌س چاپی یه‌که‌م 2008 دا ده‌ڵێ: "زیاد له‌وه گه‌لێ شێعریشمان بڵاو نه‌کرده‌وه چونکه بۆ ناو و ناتۆره پیاهه‌ڵدانی ئه‌و که‌سانه‌ی وتوه که خراپه‌پان له‌گه‌ڵی کردووه. . . ". س. چ. "هێرش"، له کتێبی "هێمن و من"دا ده‌ڵی: " تا بڵێی ڕوح سوک و دڵناسک و مێهره‌بان بوو، . . . زوو هه‌لده‌چوو، زووش ئاشت ده‌بووه . . . "
- هه‌ڵسووکه‌وتی گرووپی و ته‌نانه‌ت مێگه‌ل به سه‌ر تاکدا زاڵده‌بێ. ڕووداماڵدراوی و حه‌ز و ویستی سێکس و جووتبوون خۆی له زیاده‌ڕۆیی ده‌دا – هه‌رچه‌ند کارتێکه‌ری ئالکۆڵ له‌سه‌ر هۆرمونی جنسی پیاو ده‌بێته هۆی لاوازی و له ده‌ستدانی توانایی سیکس. ئازاری ویژدان و عه‌یبه له مه‌ستیدا وه‌ڵا ده‌چێ، خۆی له بێعاری ده‌دا، به‌ڵام له ئه‌غیاریدا په‌ژیوانی سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه.
شێعری "ژوانی ئاغا"ی هێمن ڕێکه‌وتی 1327 پێوه‌یه واتا، ئه‌و ده‌م ده‌مێک بووه که هێمن ئالوده‌ی ئاڵکۆڵ بووه. هێمن له‌م شێعره‌دا باس له ده‌ستدرێژی جنسی له‌سه‌ر "نادییه"ده‌کا له لایه‌ن "جه‌عفه‌ر ئاغا"وه. له‌م وتاره‌دا من ناچمه نێو قووڵایی باری نامرۆڤانه‌ی ڕووداوه‌که‌وه. به‌ڵام ده‌کرێ بگووترێ هێمن له ژێر کارتێکه‌ری ئاڵکۆڵدا ئه‌م شێعره‌ی نووسیبێ، هه‌رچه‌ند بۆخۆێ ده‌ڵێ:
"کاکه! بمبه‌خشه له بێ‌کاری یه
ئه‌و قسانه، ئه‌و هه‌موو بێعاری یه. . .
. . . پێم مه‌فه‌رموو شاعێرێکی هه‌رزه‌یه. . . "
- گیرۆده‌یی وێڕای مشوور گۆڕین هه‌ستی دوودڵی و گومان، ڕق له‌خۆبوون و شه‌رمه‌زاری، خه‌مۆکی، بیری مردن و خۆکووشتن ده‌خولقێنێ.
بێکه‌س: له "جه‌ژنی من" دا ده‌ڵێ:
"جه‌ژنی من گریانه ئه‌مڕۆ، میحنه‌ته جه‌ژنانه‌که‌م
به‌رگی من جه‌ور و جه‌فایه، شیوه‌نه سه‌یرانه‌که‌م
دڵ که ناخۆش بوو براده‌ر جه‌ژنی ئه‌و ته‌عزێیه هه‌ر
عاله‌مێ شایی بکا، من به‌سته‌یه گریانه‌که‌م
خه‌ڵك هه‌موو مه‌سروور و شادن ده‌سته ده‌سته دێنه خوار
من خه‌ریکی ده‌ردی خۆمم، ته‌رکی ناو یاران ئه‌که‌م"
له عیشق و ئازادی"دا هێمن ده‌ڵێ:
". . . که وا ئه‌مشۆ سه‌رهه‌ڵدا له ناخمدا خه‌مێکی تر
له باده ئه‌م ژه‌مه تێرکه‌م منی تینووی جگه‌ر سووتاو
به چی دیاره که ده‌بینم شه‌وێکی تر، ژه‌مێکی تر. . .
. . . له‌سه‌ر کێکی ته‌من هه‌ڵناگری تازه شه‌مێکی تر. . . "
هه‌روه‌ها هێمن له نامه‌ی "گیانه‌که‌م"دا بێ پێچ و په‌نا باس له باریی ڕووحی خۆی ده‌کا، "زۆر خه‌مناک و په‌رێشان بووم، دڵم زۆر شکابوو. . . "، باس له خۆکووشتن ده‌کا "من ئیتر به هیوا نیم له‌م دنیایه خۆشی ببینیم" دیسان باس له مردن ده‌کا "من ئێستا نه‌ک له مردن ناترسم، به‌ڵکه به ئاواتم بمرم. . . پێم خۆش نییه خۆم بکوژم. . . ". نیشانه‌کانی خه‌مۆکی و سێبه‌ری مه‌رگ له‌سه‌ر شێعره‌کانی بێکه‌س و هێمن خۆیان به نامۆ نازانن.
وه‌ک ده‌بینین گیرۆده‌یی ته‌نیا له چوارچێوه که‌یف و نشئه‌بوون یان پێوستییه‌کی جه‌سته‌ییدا خۆی نانوێنێ، به‌ڵکوو ده‌بێته هۆی خولقاندنی که‌سایه‌تییه‌کی نوێ به ناوی "که‌سایه‌تی گیرۆده". که‌سایه‌تی ئالکوڵیست بیر و هه‌ست و هه‌ڵسوکه‌وتی ئالکولیست به‌خۆیه‌وه ده‌گرێ. Tommy Hellsten تراپێڤت و پیاوی ئایینی ناسراو له سوئێد و فینلاند له کتێبی ”Flod hästen i vardags rummet” وێرای ئه‌وه‌ی باس له تێگه‌یشتنی هه‌ڵه‌ی کۆمه‌ڵگا له‌سه‌ر ئالکۆڵیست ده‌کا باس له پێوه‌ندی که‌سایه‌تی ئالکولیست له‌ته‌ک ئاڵکۆڵ ده‌کا:
- مه‌ست یان خۆی وه‌ک قاره‌مانێک و یان وه‌ک خێڕیک ده‌بینێ. مه‌ست یان شانازی به ئاڵکوڵخواردنه‌وه‌ی خۆی ده‌کا و خۆی پیهه‌ڵده‌کێشێ و یان حاشای لێده‌کا و ده‌یشارێته‌وه.
- مه‌ستی کردن لایان نیشانه‌ی پیاوه‌تییه له هه‌مانکاتیشدا نیشانه‌ی سه‌رنه‌که‌و‌تووییه. " ئالکولیست گومان له ئاره‌ق و مه‌ی ده‌کا، یان پێیهه‌ڵده‌ڵێ یان زه‌می ده‌کا.
بێکه‌س له "چوونه مه‌یخانه"دا:
"چوونه مه‌یخانه هه‌میشه کاری پیاوی عاقڵه
هه‌رکه‌سێ بێت و بڵی ئه‌م ئێشه عه‌یبه جاهیله"
له شێعری "تیاترۆ ببێ چاتره" دا ده‌ڵێ:
". . . ئه‌وانیش هه‌موو به شه‌و سه‌رخۆشن
لاکه‌ی سه‌ریان دێ مه‌ست و بێ هۆشن
ده‌سووڕێنه‌وه تا ڕۆژ وه‌کو نار
به‌دوای هه‌تیو و عاره‌ق و قومار"
به‌شی هه‌ره زۆری شێعری دوور و درێژی "ناڵه جودایی" هێمن باس له تایبه‌تمه‌ندییه باشه‌کانی باده‌یه، به‌ڵام له کۆتاییدا دێ و ده‌ڵی "دێم و ده‌شکێنم له‌وێ جامی شه‌ڕاب".
"تۆمی هێلستێن" ده‌ڵێ؛ ئاڵۆزی نیوان هه‌ست، بیر و کردار لای ئاڵکۆڵیست ده‌بێته هۆی سه‌رلێشوایی ئه‌و. هه‌روه‌ها ده‌ڵێ: "هه‌ر بۆیه کاتێک ده‌خوێنه‌وه هه‌میشه له سه‌ر زه‌وییه‌کی بێ متمانه‌دا ده‌جوڵێنه‌وه. "
کۆتایی:
باری روحی و بابه‌تی ناوه‌ندی شێعره‌کانی بێکه‌س و هێمن یه‌کجار له یه‌ک نزیکن.
هه‌وه‌ها جیاوازی له نێوان شێعره‌کانی کاتی ئه‌غیاری و مه‌ستی هه‌ردووک به‌دیده‌کرێ به‌ڵام ناکرێ حاشا له کاریگه‌ری ئه‌م نه‌خۆشییه له سه‌ر ژیانی تاکی، ئه‌ده‌بی ئه‌وان بکرێ.
مه‌رزه جه‌وانمه‌رد 2011-01-13
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
