ئه‌م بابه‌ت خویندنه‌وه‌یه‌کی فکری یه به ڕه‌هه‌ندێکی جیاواز بۆ بۆ پێکهاته‌و سروشتی کاری سیاسی و ڕه‌وتی ئاینی له کوردستان. ده‌پرسم: ئایا له واقیعی کوردستاندا چه‌مکی عه‌لمانیه‌ت بوونی هه‌یه؟مانای ئیسلام چی یه؟ ئایا ده‌کرێ ئیسلام به‌رامبه‌ر عه‌لمانیه‌ت ڕاڤه‌ی بۆ بکرێت؟ ئایا مه‌لا وه‌ک سیبمولی ئاینی ئیسلام له‌گه‌ڵ چه‌مکی عه‌لمانیه‌ت ته‌بایه یان دژ؟ عه‌لمانیه‌ت له کوێی ئیسلامدا جێی ده‌بێته‌وه یاخو ئیسلام له کوێی عه‌لمانیه‌ت دا جێی ده‌بێته‌وه؟ ئایا له کوردستاندا ئه‌م دوو ڕه‌گه‌زه تێکه‌ڵ کراون؟ بێ لایه‌نگری له عه‌لمانیه‌ت یان ئیسلام، بێ به‌رزنرخاندی عه‌لمانیه‌ت به‌سه‌ر ئیسلامدا، یان ئیسلام به‌سه‌ر عه‌لمانیه‌تدا، له‌خواره‌وه راڤه و لیکدانه‌وه بۆ وه‌لامی ئه‌م پرسیارانه ده‌که‌ین.
ده‌سپێك:
عه‌لمانیه‌ت (العلمانیه) چی یه؟
له ڕووی زمانه‌وانی یه‌وه عه‌لمانیه‌ت واتا دونیا گه‌رایی (الدنیویه)، دونیا ویستی، دونیا خوازی، دوره په‌رێزی ئاینی، بێ ئایینی (اللادینیه)، بێ باوه‌ڕی، خوانه‌ناسی (الالحادیه).
ووشه‌ی عه‌لمانیه‌ت که له ئینگلیزی‌دا به (secularism) ناوده‌برێت، له بنه‌ڕه‌تدا له وشه‌ی سیكولاریزمی لاتینی یه‌وه هاتووه، وه که‌سێکیش هه‌ڵگری ئه‌و ئایدۆلۆژیایه بێت به سێکیولاریست ناوده‌برێت.
له‌ڕووی زمان‌ناسی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه (سۆشیۆلینگیویستیک)، عه‌لمانیه‌ت واتا بڕوا بوون به كاروباری ژیان و دونیایه‌كی ماددی ڕووت، دونیایه‌کی دوور له به‌ها ڕوحی و سروشی و بیروباوه‌ڕه ئاسمانیه‌كان. واتا نه‌بوونی بڕوا به ئایینه ئاسمانیه‌كان و دوا ڕۆژ و قه‌بر و قیامه‌ت و به‌هه‌شت و جه‌هه‌ننه‌م و زیندووبونه‌وه و لێپرسینه‌وه و په‌ری و فریشته و سه‌رجه‌م جیهانی نادیار و میتافیزیك (عالم الغیبیات)، به ڵكو ته‌نها بڕوا بوون به ژیان و دونیایه‌كی ماددی ڕووت و به‌رجه‌سته و له‌به‌رچاو، واتا له عه‌لمانیه‌تدا جیهانی پێنج هه‌سته‌کان سه‌نگی مه‌حه‌کن، ئه‌وه‌ی به چاو نه‌بینرێ و به گوێ نه‌بیسترێ و به ده‌ست هه‌ستی پێ نه‌کرێ و ده‌م تام نه‌كرێ و به لووت بۆن نهركێ بوونی نیه و جێگه‌ی باوه‌ڕ پێکردن نیه.
لای هه‌ڵگرانی بیری عه‌لمانی له ڕۆژهه‌لات، جۆرێکی تر لێکدانه‌وه‌ی بۆ ئه‌م چه‌مکه ده‌کرێت و عه‌لمانیه‌ت ده‌گێڕنه‌وه بۆ ووشه‌ی (علم) ی عه‌ره‌بی و به مانای زانست و زانستی بوون و زانست دۆستی لێکی ده‌ده‌نه‌وه، به‌ڵام نکۆڵیش له‌وه‌ناکه‌ن که ناوه‌ڕۆکی چه‌مکه‌که هه‌ڵگری بیری دنیاویستی و دنیا گه‌رایی و به‌دوورگرتنی کایه‌کانی ژیانی دنیا و کارگێڕی و سیاسه‌ت و حوکمداری یه له به‌ها ئاینی و ئاسمانی و ڕوحی یه‌کان.
به‌هێزترین سه‌رچاوه بۆ پێناسه‌ی عه‌لمانیه‌ت دائیره‌ی مه‌عاریفی به‌ریتانی یه به‌و پێ یه‌ی سه‌رچاوه‌یه‌کی زانستی فه‌رمی بێ لایه‌ن و پڕ زانسته. ئه‌م سه‌رچاوه‌یه ده‌ڵێت: (سێکیولاریزم) بزووتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی لادینی یه، كار ده‌كات بۆ دور خستنه‌وه‌ی (مرۆڤایه‌تی) له ئایینه ئاسمانیه‌كان، بۆ ڕووكردنه دونیایه‌كی ماددی ڕووت و لیبڕل و ئازادیه‌كی بێ په‌رده و بێ سنور.
عه‌لمانیه‌ت له کوێی ئیسلامدا جێی ده‌بێته‌وه یاخو ئیسلام له کوێی عه‌لمانیه‌ت دا جێی ده‌بێته‌وه؟
ئیسلام وه‌ک خۆی خۆی پێناسه ده‌کات، واتا دواین ئاین بۆ مرۆڤایه‌تی وه‌ك به‌رنامه‌یه‌ک بۆ ڕێکخستنی ژیان و بواره‌کانی ژیان به‌گوێره‌ی یاسا و به‌رنامه‌ی خوا که له په‌ڕوای ئاسمانی ئیسلام (قورئان) دا هاتووه. ئیسلام بریتیه له به‌رنامه‌ی رێکخستنی ژیانی دونیا بۆ گه‌یشتن به ژیانێکی تر و جیهانێکی تر. بۆ باوه‌ڕ بوون به‌م به‌رنامه‌یه، مرۆڤی موسوڵمان باوه‌ڕی به به‌ها ئاینی وسروشی و میتافیزیک و جیهانی نادیار هه‌یه، باوه‌ڕی به قه‌ده‌ر و په‌ری و به‌هه‌شت و زیندوو بوونه‌وه و لێپرسینه‌وه و سزا و پاداشت هه‌یه. ئه‌م په‌یوه‌ست کردنی ئیسلام و به‌رنامه‌ی ژیانه له ئایه‌تی قورئانی (إن ا‌لدین عند الله السلام ) دا به‌رجه‌سته ده‌بێت، به‌واتای (به ڕاستی ئاین لای خوا ئاینی ئیسلامه) واتا جگه له ئیسلام ئاینێکی تر لای خوا په‌سه‌ندکراو نیه. هه‌ندێ له شاره‌زایانی بواری قورئانناسی لێکدانه‌وه‌یه‌کی تر ده‌که‌ن و ده‌ڵێن ئه‌م ئایه‌ته واتا ته‌نها ڕێبا ز و به‌رنامه‌یکی په‌سندکراو لای خوا به‌رنامه‌ی و ڕێبازی ئیسلامه. بۆ به‌هێزکردنی لێکدانهوهکهشیان ئه‌م ئایه‌ته به‌به‌ڵگه دێننه‌وه: (ومن یبتغ غیر الاسلام دینا فلن یقبل منه وهو فی الاخره من الخاسرین)، به‌واتای (هه‌رکه‌س جگه له ئیسلام دینێکی تر ( به‌رنامه‌یه‌کی تر یان ڕێبازێکی تر) په‌یڕه‌و بکات، ئه‌وا لێ ی وه‌رناگیرێت و له دواڕۆژدا له زهرهرمهندا ده‌بێت).
به‌م پێناسه‌یه بۆ ئیسلام و پێشتریش پێناسه‌ی عهلمانیهتمان کردبوو، ده‌گه‌ینه ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی عه‌لمانیه‌ت گرنگی دانه به دنیا له پێناوی دنیادا، به‌ڵام ئیسلام کارکردنه له دنیادا بۆ گه‌یشتن به دواڕۆژ. له عه‌لمانیه‌تدا به‌ها ئاینی و سروشی و قه‌ده‌ر و زیندووبوونه‌وه‌و جیهانێکی تر و لێپرسینه‌وه و پاداشت و سزا جێگه‌یان نابێته‌وه. به‌ڵام له ئیسلامدا قه‌ده‌رو سروش و مانا ئاینی و ئاسمانیه‌کان و زیندووبوونه‌وه‌و جیهانێکی تر و لێپرسینه‌وه و پاداشت و سزا ڕۆحی ئیسلام و مه‌رجی باوهڕبوونن. ده‌ره‌نجام، ئه‌گه‌ر ئیسلام و عه‌لمانیه‌ت به‌ئاڕاسته‌ی دژیش کار نه‌که‌ن، ئه‌وا به دوو ئاڕاسته کار ده‌که‌ن که به‌هیچ کڵۆجێ ناچنه‌وه سه‌ریه‌ک، واتا نه له‌ئیسلامدا جێگه‌یه‌ک هه‌یه بۆ عه‌لمانیه‌ت، نه له عه‌لمانیه‌تدا جێگه‌ی ئیسلام ده‌بێته‌وه، مه‌گه‌ر به زۆر و بێ پاساو و بۆ مه‌به‌ستی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری، جه‌ماوه‌ری، به‌زۆری زۆرداری ئیسلام بئاخنینه عه‌لمانیه‌ته‌وه، یان به پێچه‌وانه‌وه عه‌لمانیه‌ت بئاخنینه ئیسلامه‌وه.
به کێ ده‌ڵێن مه‌لا؟
ووشه‌ی مه‌لا که ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ووشه‌ی (ملاء) ی عه‌ره‌بی و به مانای (پڕ) دێت، واتا که‌سی پڕ عیلم به عیلمی شه‌رعی له قورئان و فه‌رمووده و سه‌رچاوه‌کانی تری فه‌رهه‌نگی ئیسلام. له‌چه‌ند ساڵی رابردوودا له جێگه‌ی ووشه‌ی مه‌لا زاراوه‌ی (زانای ئاینی یان مامۆستای ئاینی) هاته فه‌رهه‌نگی کوردیه‌وه‌و له نوسراوه فه‌رمیه‌کاندا به‌کار ده‌هێنرێت. له‌ڕووی پیشه‌ییه‌وه و له کورده‌واریدا به که‌سێک ده‌وترێت مه‌لا که زانستی شه‌رعی و قورئانناسی و فه‌رمووده‌ناسی خویندووه له کۆلیژ و زانکۆکان یاخود له حوجره‌و مزگه‌وته‌کان وه خاوه‌ن بڕوانامه‌ی زانستی یان ئیجازه‌ی مه‌لایه‌تیه.
پیشه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی مه‌لا چی یه؟
ناوڕۆکی پیشه‌ی مه‌لایه‌تی واتا که‌سایه‌تیه‌کی ئاینی، کۆمه‌ڵایه‌تی پڕ زانست به زانستی شه‌رعی له قورئان و فه‌رمووده و سه‌رچاوه‌کانی تری زانست له ئیسلامدا. مه‌لا واتا کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کی کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی که ئاماده‌گی به‌رچاوی هه‌یه له گردبوونه‌وه‌ی مزگه‌وت و ڕێنوێنیکردنی موسوڵمانان له پێدانی وانه‌ی ڕۆحانی و ئه‌خلاقی و کارکردن له‌سه‌ر مانا روحی و به‌ها ئاینی و ئاسمانی ودهروونیهکانی خه‌ڵکی و ئاڕاسته‌کردنیان له ژیانی دونیادا تا مرۆڤی باش و به‌سود بن هه‌ڵبه‌ت به پێوه‌ری ئیسلام، وه له‌دونیادا به‌جۆرێک کاروباری ژیانیان ڕیکبخه‌ن تا دواجار له ژیانێکی تر‌و جیهانێکی تردا به‌خته‌وه‌ر بن. بۆ ئه‌وه‌ی ووته‌کانی مه‌لا له‌ناو خه‌ڵکیدا ڕواجیان هه‌بێت، ده‌بێت مه‌لا هه‌موو ئه‌و وانه روحانی و ئاکاریانه‌ی به گوتار پێشکه‌شیان ده‌کات، له واقیعی ژیانی خۆیدا پیادهکی کردبن، ئه‌گه‌ر نا ووته‌کانی نه مانایه‌کیان ده‌بێت نه ڕهواجێک.
لێکدانه‌وه‌ی بابه‌تیانه:
ئایا ده‌گونجێ مه‌لا عه‌لمانی بێت؟ به مانایه‌کی تر، دیندار بێ دین بێت؟
به تێگه‌یشتن له عه‌لمانیه‌ت و ئیسلام و مه‌لا، ده‌گه‌ینه ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ی که مه‌لا و پیشه‌ی مه‌لایه‌تی و په‌یامه روحانی و ئاسمانی و وانه په‌روه‌رده‌ییه ئه‌خلاقیه‌کانی مه‌لا که هه‌موویان به‌شیکن له روحی ئاین، له هیچ سوچێکی ئایدۆلۆژیای عه‌لمانیه‌تدا جێگه‌یان نابێته‌وه (مه‌گه‌ر مه‌لا به پاسپۆرتی ساخته‌وه خۆی بکات به ماڵی عه‌لمانیه‌تدا). به‌دیوێکی تردا، عه‌لمانیه‌تی ڕاسته‌قینه (که ناوه‌ڕۆکه‌که‌ی نه‌شێوێنرابێت) له هیچ بڕگه‌و سوچ و قوژبنێکیدا، شوێنێکی ته‌رخان نه‌کردووه جێگه‌ی مه‌لاو پیشه‌ی مه‌لایه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی تیابێته‌وه (مه‌گه‌ر دهرگهوانهکانی عه‌لمانیه‌ت چاوپۆشی بکه‌ن له پاسپۆرتی ساخته).
ئایا له کوردستان که‌ره‌کته‌ری مه‌لا و چه‌مکی عه‌لمانیه‌ت تێکه‌ڵکراون؟
بێ گومان به‌ڵێ! زۆرێک له‌و پارتانه‌ی بانگه‌شه‌ی عه‌لمانی بوون ده‌که‌ن و خۆیان به عه‌لمانی دیموکراتخواز ده‌زانن چه‌ندین مه‌لا له دوهریان کۆبۆتهو، ئه‌م تێکه‌ڵاو بوونه‌ش کاره‌ساتێکی گه‌وره‌یه چونکه وه‌ک له‌سه‌ره‌وه سه‌لماندمان عه‌لمانیه‌ت و مه‌لا دوو ره‌گه‌زن له‌یه‌ک که‌شتیدا کۆنابنه‌وه. که‌واته بوونی پارتی عه‌لمانی له‌کوردستاندا که ئه‌ندامی مه‌لای هه‌بێت له دوو خویندنه‌وه و ئه‌گه‌ر زیاتر هه‌ڵناگرێت:
ئه‌گه‌ری یه‌که‌م: ئه‌و حیزبانه‌ی مه‌لا له پێکهاته‌ی ئه‌ندامه‌کان و خانه و شانه وڕێكخستنهکانیاندا هه‌یه، له ڕاستیدا حیزبی عه‌لمانی نین و درۆ له‌گه‌ڵ خۆیان و ئه‌ندامانیان و جه‌ماوه‌ردا ده‌که‌ن هه‌ربۆیه‌ش له‌ناویاندا جێگه‌ی مه‌لا و دیندار و بێ دین و مه‌شروب خۆر و ئیماندار و بێ باوه‌ڕ و باوه‌ڕدار ده‌بێته‌وه.
ئه‌گه‌ری دووه‌م: به‌ڵێ ئه‌و پارتانه ڕاستگۆن له بانگه‌شه‌ی عه‌لمانی بوونیاندا وه خیانه‌تیان له چه‌مکی عه‌لمانیه‌ت نه‌کردووه، به‌ڵکو ئه‌وه مه‌لاکانن شوناسێکی ساخته‌یان هه‌ڵگرتووه‌و له‌ڕاستیدا مه‌لا نین (واتا کاره‌کته‌ری ئاینی نین) به‌ڵکو مرۆڤی عه‌لمانی ڕه‌سه‌نی نائاینی دنیاخوازن و په‌یوه‌ستن به په‌یڕه‌و و پڕۆگرامی حیزبه عهلمانیهکهیانهوه، به‌ڵام له ژێر ماسکی مه‌لادا خۆیان حه‌شارداوه له‌به‌ر هه‌ر هۆکارێکی سیاسی، ئابوری، پله‌وپایه، هتد.
دوماهی:
به‌بێ ئیهانه کردن به بیر‌و باوه‌ڕی هیچ که‌سێک، جا ئه‌و که‌سه عه‌لمانیه‌تی کردبێته به‌رنامه و پڕۆگرام یان ئیسلام، وه بێ هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ هه‌رکام له‌م دوو به‌رنامه‌یه و به‌رزڕاگرتنی عه‌لمانیه‌ت به‌سه‌ر ئیسلام دا یان ئیسلام به‌سه‌ر عه‌لمانیه‌ت دا، وه به ڕیزگرتن له‌هه‌ر دوو به‌رنامه و پڕۆگرام، له‌ژێر ڕۆشنایی ئه‌و لێکدانه‌وه بابه‌تی و زانستیه‌ی سه‌ره‌وه، ده‌گه‌ینه ئه‌و ڕاستی و ده‌ره‌نجامه‌ی که نابێت مرۆڤی عه‌لمانی مه‌لا بێت، وهنا بێت مه‌لا عه‌لمانی بێت. ئه‌گه‌ر مه‌لایه‌ک عه‌لمانی بوو ئه‌وا به سیفه‌تی مهلابوونهکهی دینداره، باوه‌ڕداره، ڕوحانی یه، وه به‌سیفه‌تی عه‌لمانی بوونه‌که‌ی بێ دینه، دنیاخوازه، ماتریالیسته. به‌مه‌ش دژیه‌کی دروست ده‌بێت و سه‌ر له خۆیان و هاوڵاتیان و عه‌لمانیه‌ت و ئیسلام و په‌یڕه‌وانی هه‌ردوو ڕێباز ده‌شێوێنن. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م دژیه‌کی و سهرلێشیوانه نه‌مێنیت، که وه‌ک مۆرانه له کۆمه‌ڵگای کوردی داوه هه‌م له‌جه‌سته‌ی عه‌لمانیه‌ت هه‌م له جه‌سته‌ی ئیسلام، داوا له مه‌لا به‌ڕێزه‌کان، مامۆستا ئاینیه به‌ڕێزه‌کان، زانا ئاینیه به‌ڕیزه‌کان ده‌که‌م خۆیان یه‌کلایی بکه‌نه‌وه که کامیان هه‌ڵده‌بژێرین: ڕێبازی عه‌لمانیه‌ت و سیفه‌تی مه‌لایی له خۆیان ده‌که‌نه‌وه، یانیش ڕیبازی مه‌لا بوون و سیفه‌تی عه‌لمانی له‌خۆیان ده‌که‌نه‌وه. به‌مه‌ش ڕێز له خۆیان و پیشه‌که‌یان و ئایدۆلۆژیه‌که‌یان و خه‌ڵکیش ده‌گرن وه ئیشکالیه‌تی شوناسی فکری گومان ناخاته سه‌ر گوتاریان.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه.
