کوردستان به حوکمى دابه‌شبونى به‌سه‌ر پێنج ده‌وڵه‌ت، يان باشتر بڵێم داگيرکردنى له لایه‌ن چوار نه‌ته‌وه‌ى سه‌رده‌سته‌وه، تورك، فارس عه‌ره‌ب و ئه‌رمه‌ن، ئيمڕۆ که‌وتۆته نێوان به‌رداشى ئه‌م ده‌وڵه‌تانه‌و پلانه‌کانى ئه‌مريکا و ڕۆژئاوا له رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست.
پاش رووخانى هه‌ردوو ئیمراتۆریه‌تى داگيرکه‌رى عوسمانى و سه‌فه‌وى وبه‌رپه‌چدانه‌وه‌ى سۆڤيه‌ت و کشانه‌وه‌ى بۆ نێو سنورى ئه‌رمينياو دورستکردنى ده‌وڵه‌تى نه‌ته‌وه‌يى، له لايه‌ن داگيرکه‌رانى ئه‌وروپى، وه‌ك به‌ريتانيا، فه‌ره‌نسا وه، نه‌ته‌وه‌ى کورد جارێکى تر بوه قوربانى، به‌ڵام ئه‌مجاره‌يان قوربانى ده‌ستى داگيرکه‌رانى فه‌ره‌نگى و ئينگليکانى له جياتى سه‌فه‌وى و عوسمانى.
پاش چه‌ند ده‌یه‌یه‌ك له‌و داگيرکاريانه، عه‌ره‌به‌کان، له ڕێگه‌ى بزواندنى سۆزى ئاينيه‌وه، توانيان وڵاته‌کانيان له ده‌ست ( رزگارکه‌رانيان له داگيرکه‌رى عوسمانى و سه‌فه‌وى) داگيرکه‌رانى تازه‌يان رزگار بکه‌ن. به‌ڵام به‌ريتانى يه‌کان و فه‌ره‌نسيه‌کان نه‌يانهێشت ئه‌م هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌يه‌يى عه‌ره‌ب لێيان بێ سزا به‌سه‌رياندا تێپه‌ڕێ، و له رێگه‌ى رواندنى ئسرائيل له ناودڵيان، گورزێکى جه‌رگبڕيان ئاراسته کردن.
فه‌شه‌لهێنانى ئیسلاميه‌کان، ده‌رگاى بۆ نه‌ته‌وه په‌رسته‌کانى عه‌ره‌ب خسته سه‌رپشت، و ئه‌وانيش چه‌ندين کۆدێتاى سه‌ربازيان به‌سه‌ر رژێمه شاهنشاييه ئه‌ڵقه له گوێکانى ئه‌وروپا و ئه‌مريکا دا کرد. بۆ نه‌گبه‌تى کورد یه‌که‌م و دوو کۆدێتايان له سه‌رده‌ستى دوو ئه‌فسه‌رى کورد، له هه‌ریه‌که له عێراق و سوريا ئه‌نجام دران، ئه‌وانيش زه‌عيم به‌کر سدقى و حسنى زه‌عيم بوون، له‌دواى ئه‌م کۆدێتایانه‌وه، بير‌ى نه‌ته‌وه په‌رستى عه‌ره‌بى له سه‌رده‌ستى که‌سانى وه‌ك ساتع ئه‌لحوسه‌رى و ميشيل عه‌فله‌ق و سه‌لاح به‌يتار وسه‌دان ئه‌فسه‌رى تر‌ى عه‌ره‌ب بره‌و ده‌ستێنێ. ئه‌وروپا و ئه‌مريکاش له سه‌ره‌تادا پشتيوانيه‌کى بێ ئه‌ندازه‌يان له‌و رژێمه ديکتاتۆريه عه‌ره‌بيانه کرد، به‌ڵام کاتێ رژێمێکى وه‌ك ئه‌وه‌ى سه‌ددام، کوێت داگير ده‌کا و زيان به به‌رژه‌وه‌نديه ئابوریه‌کانى ئه‌مريکا و ئه‌وروپا ده‌گه‌یه‌نێ، ماشێنى راگه‌ياندنى لێده‌خرێته کار و گه‌لانى جيهان له تاوانه کۆن و تازه‌کانى ئاگادار ده‌کرێته‌وه، و پێشکه‌وتنخوازى کۆمه‌ڵایه‌تى و مافى ژنان و عه‌لمانيه‌ت و سۆسياليزم دادى سه‌ددام نادن، و وورده وورده سه‌روگوێلاکى ده‌کوتنه‌وه‌و تا له به‌هارى 2003 به یه‌کجارى رژێمه‌که‌ى سه‌ره‌ونگون ده‌که‌ن. رووخانى رژێمى به‌عس له عێراق، به خاڵى وه‌رچه‌رخانى سياسه‌ته‌کانى ئه‌مريکا و ئه‌وروپا له ناوچه‌ى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ده‌ژمێردرێ، چونکه نه‌ك هه‌ر سه‌ددام به‌ڵکو ته‌واوى رژێمه ديکتاتۆريه‌کان، یه‌ك له دواى یه‌ك له‌ناو ده‌برێن و له شوێنى ئه‌وانيش حوکم به ئیسلامى سياسى ده‌سپێردرێن!
له‌وانه‌یه زۆر که‌س به‌لایه‌وه سه‌یر بێ، که ئه‌مريکاو ئه‌وروپا بيانه‌وێ ده‌سه‌ڵاته ديکتاتۆريه عه‌لمانيه‌کان به ده‌سه‌ڵاتى ئیسلامى دواکه‌وتوو کۆنه‌په‌رست بگۆڕننه‌وه. به‌ڵام ئه‌وه راستيه‌که‌و ئێستا له هه‌ریه‌که له ميسر و تونس به‌کرده‌وه به‌رجه‌سته‌کراون.
له‌م قۆناغه‌دا، واته له قۆناغى سپاردنى ده‌سه‌ڵات به ئیسلامى سياسى، کوردستان پروشکى ئه‌م ئاگره‌ى به‌رده‌کوێ، ئينجا ئيسلاميه‌کانى کوردستان نمونه‌ى مه‌لا ئومه‌ره کوێرى ئه‌فغان بن يان غه‌نوشى و ئه‌ردۆغان، ده‌سه‌ڵاتدارانى کوردستان و گه‌لى کوردستان ده‌بێ خۆيانى بۆ ئاماده‌بکه‌ن.
سپاردنى ده‌سه‌ڵات به ئیسلاميه‌کان هۆکارى خۆى هه‌یه له‌وانه:
1- ده‌سه‌ڵات هه‌رده‌م زمان کورت و پڕ عه‌يب و عاره، له‌به‌رامبه‌ريشدا ئۆپۆزسيۆن زمان درێژه و هاره، مايه‌يى هيواو ئاواتى به‌شخوراوانه، بۆيه ئه‌گه‌ر بێت‌و ئیسلاميه‌کان له حوکمدابن رۆژ به‌رۆژ خه‌ڵك لێيان ده‌ته‌کێته‌وه‌و پێچه‌وانه‌که‌شى راسته.
2- هه‌ڵماڵينى په‌رده‌ى ئاين و نيشاندانى رووى راسته‌قينه‌ى ئیسلامى سياسى به گه‌لانى ناوچه‌که.ئێران و سعوديه وه‌ك دوو نمونه‌ى ده‌سه‌ڵاتى ئیسلامى، پڕن له گه‌نده‌ڵى و ناعه‌داله‌تى کۆمه‌ڵایه‌تى و ئه‌خلاقى. تا ئێستا چه‌ندين جار ئابڕوتکانى پياوانى ده‌سه‌ڵآت له‌م دوو وڵاته ئاشکرا بونه، به‌ڵام تا ئێستا په‌رده‌پۆشکراون و بۆ رۆژى خۆى هه‌ڵگيروان. ئه‌گينا حوکم دانى برازاى شاى سعوديه له سه‌ر هه‌تيوبازى (لواطه) و کوشتنى هاوبازه‌که‌ى (غلمان) له له‌نده‌ن، ئايا هى ئه‌وه يه به‌دوو دێر له رۆژنامه‌کانى به‌ريتانيا به‌سه‌رى داتێپه‌ڕببن؟!. يان گرتنى به‌رپرسى پۆليسى چاودێرى ئاداب وڕه‌وشتى ئیسلامى له تاران، به‌سه‌رخۆشى و رابواردن له گه‌ل کۆمه‌ڵێ ئافره‌تى رووت، بۆ ده‌بێ ئه‌مريکا و ئه‌وروپا چاو پۆشى لێبکه‌ن وجاڕى بۆ لێنه‌ده‌ن؟! که‌چى له‌وڵاتانى خۆيان‌دا، گه‌وره‌ترين به‌رپرس سوك و ريسوا ده‌که‌ن، له سه‌رته‌نها گرته‌یه‌کى ڤيديۆيى که ئيشاره‌ت به بونى په‌يوه‌ندى سێکسى بکا، ئه‌مه له کاتێکدایه سێکس و سێکسبازى بۆ کۆمه‌ڵگه‌کانيان کارێکى ئاساييه‌و تابو (حه‌رام) نيه و هه‌روها به‌رپرسه‌کانيان ئیديعاى شه‌ره‌ف ناکه‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ى جيهانى ئیسلامى خۆمان.
3- نه‌هێشتنى جياوازى له نێوان رژێمێکى دواکه‌وتوو و ئه‌لقه له گوێی وه‌ك سعوديه‌و باقى ده‌وڵه‌ته ئیسلاميه‌کان. واته داماڵينى ئالى سعود له قودسيه‌ت و پيرۆزى دۆحه‌ى موحه‌مه‌دى.
من گومانم له پاکى و راستى هيچ ئاينێك دانيه، چونکه ئاينه‌کان هه‌موويان بۆ ده‌سته‌به‌رکردنى پێکه‌وه‌ژيان به‌ئاشتى و خۆشگوزه‌رانى خه‌ڵك هاتوون، ئه‌گينا په‌روه‌رده‌گار چ پێويستيه‌کى به عيباده‌تى به‌نده‌یه‌کى ده‌ستکردى خۆى يه‌تى!
کوردستان وه‌ك هه‌رێمێكى بچکۆله‌ى نێمچه رزگاربوو له داگيرکه‌رى، ئێستا به‌ده‌ست هه‌رچى جۆرى گه‌نده‌ڵى هه‌یه ده‌ناڵێنێ و ئیسلاميه‌کانيشى بۆنى ئه‌وه‌يانکردووه، که ئه‌مريکا و ئه‌وروپا هيچ لاريه‌کيان نه‌بووه له ده‌سه‌ڵآت گرتنه‌ده‌ستى ئیسلاميه‌کانى تونس، مه‌غريب و ميسر. ئه‌مه‌ش ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێمى کوردستانى توشى قوتدانى گوێزان کردووه، نه‌ده‌وێرن چاکسازيه‌کى راسته‌قينه ئه‌نجام بده‌ن و نه‌هيچى تريش به پينه‌وپه‌ڕۆ خه‌ڵکيان بێ قانيع ده‌کرێ. ئه‌مه له‌لايه‌ك و له‌لايه‌کى تريشه‌وه، خۆيان ئيديعاى بونى ترسى ده‌ره‌کى له سه‌ر ئه‌زمونى کوردستان ده‌که‌ن و دانيش به‌وه داده‌نێنن که تاکه رێگه‌یه‌ك بۆ پاراستنى ئه‌زمونه‌که، یه‌كریزيه، که ئه‌ويش به عه‌داله‌تى کۆمه‌ڵایه‌تى نه‌بێ نايه‌ته‌دى، که‌چى هيچ گه‌وره به‌رپرسێکيان زاتى ئه‌وه ناکا بێته سه‌ر ته‌له‌فزيۆن و دان به‌گه‌نده‌ڵیه‌کانى خۆى دابنێ، به‌بێ ئێعترافکردنى گه‌وره به‌رپرسانى هه‌رێمى کوردستان به گه‌نده‌ڵیه‌کانى خۆيان، نه هيچ مانايه‌ك بۆ ئيديعاى چاکسازى ده‌مێنێته‌وه و نه هيچ متمانيه‌کيش به‌وکه‌سانه. هه‌رێمى کوردستانيش که ده‌که‌وێته خوار سونييزمى ئه‌ردۆغانى و باکورى که‌وانه‌ى شيعييزمى خامه‌نه‌ئى –ماليکى – به‌شار- نه‌سروڵا، ترسى ئه‌وه‌ى هه‌یه له ئه‌نجامى هه‌وڵى تێکشکانى که‌وانه‌که‌و کاردانه‌وه‌کانى توشى مه‌ترسيه‌کى گه‌وره ببێته‌وه، نه‌خاسمه ئه‌گه‌ر بێت‌و هێزه ئیسلاميه‌کانى به‌و ئه‌رکه هه‌ڵسن، که له سعوديه‌و تورکياوه پێيان ده‌سپێردرێ، خۆئه‌گه‌ر بێت‌و ده‌سه‌ڵات خۆشى بيه‌وێ ئه‌و رۆله‌بگێڕێ، که ده‌وربه‌ر ده‌يانه‌وێ به کۆمه‌ڵ و یه‌کگرتووى بسپێرن، ئه‌وا له‌ترسى ئێران نا‌وێرن ده‌ست بکه‌ن به‌م جۆره کونانه.
بۆ ده‌رچون له‌م قه‌يرانه ده‌ڵێم ئێوه خۆتان ئيديعايى ئه‌وه ده‌که‌ن، به‌بێ پارته‌کانتان هاوڵاتیه‌کى ساده‌ن، پارته‌کانيشتان به‌بێ جه‌ماوه‌ر رۆڵى له هى جه‌معيه‌تێکى عه‌شایه‌رى پتر نيه، له‌م سه‌روبه‌نده‌ش ئه‌وه تێده‌گه‌ين که به‌قسه باوه‌ڕتان به هێزى له بن نه‌هاتووى جه‌ماوه‌ر هه‌یه، نه‌ك خه‌ڵکانى بنڕدێن و کاسه‌لێسى به‌رژه‌وه‌ندخواز!!!بۆيه ده‌ڵێم ته‌نها قسه‌کانتان بکه‌نه کرده‌وه، له هه‌موو مه‌ترسيه‌ك به‌دوورن، به پێچه‌وانه‌ش هه‌رگيز ئه‌و درۆيه‌ى دڵتان خۆشده‌کا مه‌گۆڕنه‌وه به‌سه‌د ڕاستى که دڵتان توند بکا.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه.
