روداوه دڵته‌زێنه‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ی ناوچه‌ی بادینان، زه‌نگێكی ئاگاداركردنه‌وه بوو له ره‌وشی نائارام و ناجێگیری كوردستان، هه‌ردو وشه‌ی نائارم و ناجێگیر له روی مانا زماوانییه‌كه‌یه‌وه به‌كار نابه‌م، به‌ڵكو وه‌كو دو زاراوه و چه‌مكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی به‌لامه‌وه جێی مه‌به‌ستن.
ئه‌و روداوه پێویست ده‌كات به چاوێكی زۆر وردتر و قوڵتر له سه‌رجه‌م ژیان و گوزه‌ران و سیستمی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كارگێڕیی و په‌یوه‌ندییه مرۆییه‌كان بڕوانین و سه‌رنجی بده‌ین.
پاش (20) ساڵ له ده‌سه‌ڵاتدارێتی خۆیی، به‌هه‌مو ئه‌و رابردوه جه‌رگبڕ و خوێناوییانه‌ی كه‌له‌ئه‌نجامی شه‌ڕی یه‌كدی و برا له‌گه‌ڵ برادا كراوه و بوه‌ته مێژوی نه‌خوازراوی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه، له كاتێكی زۆر ناسك و هه‌ستیاردا، له رۆژگارێكدا كه هه‌مو سه‌رنج و زومه‌كانی جیهان و ناوچه‌كه خراوه‌ته سه‌ر وڵات و سیستمی حوكمڕانی میلله‌تی ئێمه، روداوی له‌م چه‌شنه و به‌م شێوه ناشارستانی و نا مه‌ده‌نییانه په‌لاما و هێرش بكرێته سه‌ر یه‌كدی و ماڵ و شوێنی نان په‌یداكردن و باره‌گای حیزبی بسوتێنرێت؟ نه‌ك بۆ هه‌ر لێپرسراوان و سیاسه‌تمه‌داران، به‌ڵكو بۆ هه‌مو تاكێكی خه‌مخۆر و په‌رۆشی ئازادیی و پێشكه‌وتنی ئه‌م وڵاته جێی هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ركردن و هه‌ڵوێست وه‌رگرتنه و ده‌كرێت زیاد له خوێندنه‌وه و لێكدانه‌وه‌یه‌كی بۆ بكرێت.
ئایا بۆ كه‌سێك كه دور له‌م وڵاته بژیت، ده‌بێت چ خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ شێواز و سیستمی كارگێڕیی ئه‌م وڵاته بكات، ئاخۆ ناپرسێت، ئه‌ری له‌م وڵاته‌دا چ یاسا و ده‌ستورێك كاری پێده‌كرێت؟
ئه‌م روداوه ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای تیۆری (كار ــ كاردانه‌وه) ته‌ماشا بكه‌ین و شیكاری بكه‌ین، ده‌بێت بپرسین ئاخۆ، ئه‌م كاره كاردانه‌وه‌ی چ كارێكه؟ ئه‌گه‌ر وه‌كو تاوانیش ته‌ماشای بكه‌ین، پێویسته دیسانه‌وه ئه‌و پرسیاره له‌خۆمان بكه‌ین، ئاخۆ هۆكار و ده‌ره‌نجام و ده‌رهاویشته‌ی چ هه‌لومه‌رجێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه؟ چونكه تاوانه‌كه تاوانێكی سیاسی ــ كۆمه‌ڵایه‌تییه؟
له‌هه‌ردو باردا ناتوانین خۆمان له‌وه ببوێرین و چاو بنوقێنین كه چاو نه‌گێرێن به مێژو و رابردوی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی شێواز و سیستمی سیاسی و كارگێڕیی و كلتور و په‌روه‌رده له كوردستاندا.
كێ بوون ئه‌وانه‌ی به‌م كاره هه‌ڵسان؟ كه ئه‌وه‌ی له‌م نوسینه‌دا من مه‌به‌ستمه تیشكی بخه‌مه سه‌ر به پله‌ی یه‌كه‌م وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌یه.
لای هه‌وان ئاشكرا و روونه و به‌به‌رچاوی هه‌موانه‌وه بوو كه ئه‌وه كۆمه‌ڵه گه‌نجێك بوون له به‌رهاری ته‌مه‌نیاندا بوون، هه‌ر ئه‌مه‌ش جێگای نیگه‌رانی و دڵته‌نگی من بو، چونكه ئه‌و گه‌نج و لاوانه نه‌وه‌ی دوای راپه‌ڕین و ئازادیی كوردستانن.
له‌دوای راپه‌ڕینی ساڵی 1991 ه‌وه و به‌تایبه‌ت دوای پرۆسه‌ی روخانی به‌عس، ساڵانه ملیاران دینار بۆ رێكخراوه (NGO ) كان خه‌رج ده‌كرێت، ملیاران دینار و دۆلار ده‌درێته ئه‌و رێكخراو كۆمه‌ڵانه‌ی گوایه كلتور و چه‌مكه‌كانی مافی مرۆڤ و دیموكراسی و مه‌ده‌نیه‌ت په‌ره پێده‌دات و لێهاتویی و توانا مه‌عریفی و زانستییه‌كانی لاوان و گه‌نجان گه‌شه و پێشده‌خات! به‌ڵام ئه‌و روداوه نیشانی داین و سه‌لماندی كه ئه‌م رێكخراوانه له ئاست و خواست و ئه‌ركه‌كانی خۆیاندا نه‌بونه، بۆیه پێویسته حكومه‌ت چاو به كار و به‌رنامه‌ی ئه‌م رێكخراوانه‌دا بخشێنێته‌وه.
لاوی ئێمه بۆچی پێیوایه سڕینه‌وه‌ی ئه‌وی دی، مانای ئازادی و سه‌رفرازی ئه‌وه، ئه‌وه چ هێزێكی ئه‌فسوناوییه لاوێك كێش ده‌كات بۆ سوتاندنی شوێنی حه‌وانه و عیلاج كردن و نان په‌یداكردن یان باره‌گایه‌كی حزبی؟ ئایا ده‌بێت ئه‌و لاوه له چ ئاستێكی هۆشیاری و مه‌عریفیدا بێت كه به ئیعازێك په‌لكێشی كاری له‌و جۆره بكرێت؟ بۆچی نه‌توانراوه فێری ئه‌وه بكرێت كه ئازادیی مرۆڤ چه‌نده پیرۆزه؟ رێزگرتنی له مافی به‌رامبه‌ر نه‌ك هه‌ر ئاكارێكی به‌رزی مرۆییه، به‌ڵكو ئه‌ركێكی گرنگه و ده‌بێت پێوه‌ی پابه‌ند بێت.
ئه‌م روداوه ئه‌وه‌ی دوپات كرده‌وه كه په‌یوه‌ندییه مرۆییه‌كانی كۆمه‌ڵی ئێمه هێشتا له‌ئاست و قۆناغێكی زۆر دواكه‌وتودایه، كه پێویسته به جددی به‌رنامه‌ڕێژی بۆ بكرێت، پێویسته رێزگرتن له‌ماف و ئازادییه‌كانی مرۆڤ ببێت به كلتور و ئاكار و یاسا به‌وپه‌ڕی هێز و تواناییه‌وه به‌رگرییان لێبكات و بیانپارێزێت. هه‌ر لێره‌شه‌وه هه‌ست ده‌كه‌م ره‌وشی ئازادیی زۆر له مه‌ترسیدایه و هه‌ڕه‌شه‌ی جدی له‌سه‌ره، ژیانی تاك به‌ته‌واوی نائارام و ناجێگیره.
ئه‌م روداوه هه‌روه‌ها ئه‌و راستییه‌ی نیشانداین كه ئایین و ئایینداریی له كۆمه‌ڵی ئێمه‌دا، هێشتا ئامرازێكه ده‌توانرێت زۆر به‌سانایی بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی و خواستی تایبه‌ت به‌كاربهێنرێت و له بری ئه‌وه‌ی فاكته‌ری پته‌وكرنی په‌یوه‌ندییه مرۆیه‌كان بێت، بكرێت به ئامرازی پشێوی و ناسه‌قامگیریی.
ره‌هه‌نده سیاسییه ناوخۆی و ده‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م روداوه بێگومان كارگه‌ریی زۆر نه‌رێی و نه‌خوازراوی له‌سه‌ر ئاینده‌ی كۆمه‌ڵ و سیستمی سیاسی، هه‌روه‌ها ئاینده‌ی ئابوری و گه‌شت و گوزاری هه‌رێم ده‌بێت و زیانێكی زۆر به‌و بواره ده‌گه‌یه‌نێت.
پێموابێت گرنگترین په‌ند وانه كه پێویسته له‌م روداوه وه‌ربگیرێت، ئه‌وه‌یه كه ئاخۆ ئه‌و حزبانه‌ی له‌م وڵاته‌دا ناویان له‌خۆیان ناوه سكۆلار، چ وه‌ڵام و لێكدانه‌وه‌یه‌كیان بۆ ئه‌م جۆره روداوه هه‌یه كه به به‌رچاویانه‌وه روده‌دات؟ ئاخۆ ده‌بێت بیر له‌وه نه‌كه‌نه‌وه به ستایل و فۆرم و ناوه‌ڕۆكی كاری سیاسیی خۆیاندا بچنه‌وه و ئه‌و پرسیاره له‌خۆیان بكه‌ن، ئه‌ری تائێستا ئێمه چیمان كردوه و چی ده‌كه‌ین؟
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه.
