درێژه‌ی ژیانی ڕزگار پاشا … ئاسۆ عه‌زیز

که‌من ئه‌و مرۆڤانه‌ی ئاماده‌ن به‌شێک له جه‌سته‌ی خۆیان بکه‌نه قوربانیی بۆ هێشتنه‌وه‌ی مرۆڤێکی تر له ژیاندا. مرۆڤ په‌نجه‌یه‌کی، پێیه‌کی، مه‌مکێکی تووشی نه‌خۆشییه‌کی کووشنده ده‌بێت و له‌پێناو مانه‌وه‌یدا له ژیاندا ئاماده‌یه ئه‌و به‌شه‌ی جه‌سته‌ی فڕێبدات، به‌ڵام کاتێک به‌شێک له جه‌سته‌ی مرۆڤێک ساغه و هیچ مه‌ترسیی بۆسه‌ر ژیانی نییه و ئاماده‌یه له خۆی بکاته‌وه، ئه‌وا بێگوومان نه‌ک ته‌نها لۆگیکێک له‌پشتی ئه‌م کرده‌یه‌وه‌یه، به‌ڵکوو دڵێکی گه‌وره‌ش. من هه‌میشه له‌گه‌ڵ دۆستێکمدا گفتووگۆی خۆشویستن و خۆشویستنی خودمه، به‌ڵام ئه‌م ڕووداوه‌‌ی نێوان سۆزان سدیق و ڕزگار پاشا زیاتر چ کێشه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی بۆ دروستکردووم و چ له وه‌ڵامی پرسیارێک نزیکیشی کردوومه‌ته‌وه. سۆزان سدیق خۆی خۆشده‌وێت، به‌ڵام به‌شێک له جه‌سته‌ی خۆی ده‌کاته‌وه و ده‌یدات به ڕزگار، ئه‌گه‌ر خۆی خۆشده‌وێت چۆن به‌شێک له خۆی ده‌کاته‌وه و ده‌یدات به که‌سێکی تر؟ بڵێی سۆزان خۆی له ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا خۆشبوێت؟ ده‌کرێت به به‌خشینی گورچیله‌یه‌کی به ڕزگار بڵێین به‌ڵێ. ڕزگار به‌شێکه له سۆزان به‌ڵام له ده‌ره‌وه‌ی سۆزاندا، سۆزان به‌شێک له خۆی ده‌دات به خۆی له ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا. سۆزان و ڕزگار گیانێک نین له دوو جه‌سته‌دا، به‌ڵکوو دوو گیانن له دوو جه‌سته‌‌دا، به‌ڵام له ڕێگای خۆشویستنی یه‌کترییه‌وه ده‌بن به یه‌ک.

کێشه‌ی پێشمه‌رگه‌ی دێریینی که‌مئه‌ندام، نه‌خۆش، هه‌ژار...هتد. لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که وه‌ک پێویست به‌ته‌نگیانه‌وه ناچین. بۆچیی ده‌بێت پێشمه‌رگه‌یه‌کی دێریینی ئاوها، که جوانیی ژیانی خۆی له‌پێناوی ئازادیی نیشتماندا خه‌رجکردبێت، به‌ڵام له‌ دوای ئازادیی ئه‌و کاتانه‌ی، که ئه‌و پێویستی به یارمه‌تیی ئێمه‌یه، که‌سمان ویستی ئه‌وه‌مان نییه به‌ته‌نگ هاواره‌کانیه‌وه بێین، به‌ڵام دڵنیام ئه‌و کاتانه‌ی، ئه‌م مرۆڤانه ده‌مرن هه‌موومان ده‌بین به خاوه‌نیان و ده‌یانکه‌ین به بازاڕێکی پڕفرۆشی میدیاکانمان. ئه‌مه‌یان جێگای داخه، به‌ڵام ڕاستییه‌کی تاڵیشه. چی ده‌بوو، ئه‌گه‌ر بهاتبا پێشئه‌وه‌ی کار بگاته ئه‌م باروودۆخه، ئێمه چاره‌سه‌رێکی گوونجاوترمان بۆ ڕزگار بدۆزیایه‌ته‌وه، به‌بێئه‌وه‌ی ژیانی که‌سێکی تریشی له‌گه‌ڵدا بکه‌ینه مه‌ترسییه‌وه؟ ڕزگار ڕۆژێک و دوو ڕۆژ و مانگ نییه نه‌خۆشه، به‌ڵکوو ساڵانێکی درێژه. به‌درێژایی ئه‌م ساڵانه، ڕزگار پێویستی به خاوێنکردنه‌وه‌ی خوێن و گورچیله‌کانی بووه، له بازاڕی مێدیسیندا به‌دڵنیاییه‌وه به‌شێکی گه‌وره‌ی ئۆرگانه‌کانی مرۆڤ هه‌یه، که چه‌نده‌ها مرۆڤی نه‌خۆشی وه‌ک ڕزگار سوودی لێده‌بینن، به‌ڵام بۆچیی ئێمه وه‌ک یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان له ده‌ره‌وه‌ی وڵات نه‌مانتوانی کارێکی ئاوها بۆ ڕزگار بکه‌ین؟ چه‌ند ڕزگاری تر له ئه‌وروپادا هه‌یه؟ چه‌ند ڕزگاری تر له کوردستانن؟ ڕزگار ته‌نانه‌ت له بێ ئومێدییدا په‌نای بۆ جادووی ئه‌وانه‌ش برد، که پێیانوابوو، ئه‌مانه به قودره‌تی قادر ده‌ستێک ده‌که‌نه سه‌ر گورچیله‌یه‌کی وه‌ستاو و چاکیده‌که‌نه‌وه.

من ناتوانم ڕێگا به خۆم بده‌م سووپاسی خاتوو سۆزانی ژنی ڕزگار بکه‌م، که گورچیله‌یه‌کی خۆی پێشکه‌ش به ڕزگارکردووه، به‌ڵام ده‌توانم ڕێگا به خۆم بده‌م و بڵێم: نموونه‌ی ئه‌م مرۆڤانه که‌من، که له‌پێناوی ڕزگارکردنی ژیانی مرۆڤێکی تردا ئاماده‌ن به‌شێک له جه‌سته‌ی خۆیان بکه‌ن به قوربانیی. کێشه لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که من له‌کاتی بینینی خاتوو سۆزاندا خاوه‌نی هیچ قسه‌یه‌ک نابم پێیبڵێم. هه‌ربۆیه لێره‌وه من وه‌ک پێشمه‌رگه‌یه‌کی دێرین و هاوڕێیه‌کی ڕزگار به یه‌کێتیی نیشتمانیی ده‌ڵێم: ئاخۆ تۆ هیچ وته‌یه‌کی گوونجاوت هه‌یه بۆ خاتوو سۆزان؟ ئاخۆ تۆ ده‌توانیت له ئاینده‌دا ژیانی ئه‌م و ڕزگار له مردن ڕزگاربکه‌یت؟ ئاخۆ تۆ چیده‌که‌یت بۆ درێژه‌دان به ژیانی ڕزگار پاشا و سۆزان سدیقی ژنی؟!!!

  10.12.2012


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه‌.