دكتۆر مەریوان وریا قانیع: لەناو زۆربەی سیاسییەکانی کورددا سەدام حوسەینی بچووک ھەیە
ژیانی سیاسی و حیزبی لە کوردستاندا ژیانێکە ھەمیشە لەھەناوی خۆیدا ئەگەری دروستکردنی سەدامێکی تێدایە
هیچ كام لە حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، بە عەلمانی و ئیسلامییەوە، بە راست و چەپ و نوێخواز و نەتەوەخوازەوە، لە پەیڕەوی ناوخۆیاندا ماوەی خول و ساڵەكانی (سكرتێر، سەرۆك، ئەمیندار، رابەر، ئەمیر، رێكخەر) یان دیاری نەكردووە. كۆنگرەی هیچ حزبێكیش نەیتوانیوە كەسی یەكەمی حزب بگۆڕێت.
دیارینەكردنی خول و ماوەی سەرۆكی حزبەكان و مانەوەیان لەو پۆستە تا مردن، بە بڕوای نووسەر و روناكبیر، دكتۆر مەریوان وریا قانیع ئەمە یەکێک لە کێشە گەورەکانی دونیای ئێمەیە. ئەو لە لێدوانێكی تایبەتدا بە چەتری راگەیاند "لەمەش خراپتر ئەوەیە ئەو سەرۆک و کەسی یەکەمانە بەردەوام خەریکی ئەوەن دوای خۆیان کوڕەکانیان، براکانیان، برازاکانیان، کەسێکی ناو خێزانەکەیان، گەر ھەرنەبوو ھاوڕێییەکی نزیکیان بخەنە شوێنەکانی خۆیان". ناو براو ئەمەشی بە نەخۆشییەکی سیاسی گەورە ناوبرد. ھێما بۆ ئەوەش دەکات تا ئێستا دەسەڵات لە دونیای ئێمەدا وەک موڵکیەت تەماشا دەکرێت، نەک وەک وەزیفەیەکی کاتی.
هەندێك لە چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، دیاری نەكردنی ماوە و خولی سەرۆك لای حزبە كوردییەكان دەرخەری ئەوەیە كە: ئەوان بڕوایان بە دیموكراسی و دەستاودەستكردنی دەسەڵات نییە و مەیلی دیكتاتۆری و تاكڕەوییان هەیە و ئەمانە حزبی شەخسی و كۆمپانیای بنەماڵە و خێڵ و دوكانی بارزگانین. دكتۆر مەریوان لەمبارەوە وەهای وت "لەناو زۆربەی سیاسییەکانی کوردا سەدام حوسەینی بچووک ھەیە، بەڵام ئەوەیەی مایەی خۆشحاڵییە ئەوەیە ھەم دونیای دروستبوونەوەی سەدام حوسەین لەئارادا نەماوە، ھەم کۆمەڵگای ئێمە قبووڵی دروستبوونی سەدام حوسەینێکی کوردی ناکات. دەنا ژیانی سیاسی و حیزبی لە کوردستاندا ژیانێکە ھەمیشە لەھەناوی خۆیدا ئەگەری دروستکردنی سەدامێکی تێدایە".
ناوبراو زێتر بۆچوونەكەی رووندەكاتەوە و دەڵێت "سەدام بەرھەمی رۆژگار و سەردەم و مۆدێلێکی تایبەتی دەوڵەت و کۆمەڵێک حیکایەت بوو کە ھیچیان لەمڕۆدا نەماون. ئەمڕۆ دیکتاتۆر دروستدەبن، بەڵام لەو شێوازانە نابن کە لە پەنجا ساڵی دووھەمی سەدەی بسیتدا بینیمانن. دیکتاتۆریەت تەنھا ھێز و دەزگا و پۆلیس و سەرباز دروستی ناکات، تەنھا حیزبی سیاسی و زیندانیش بەس نییە، بەڵکو ھەمیشە حیکایەتێکیش پێویستە کە بەشێکی گەورەی کۆمەڵگا باوەڕی پێیبێت، یان لانی کەم بە ماقوڵی بزانێت. ئەوەی ئەمڕۆ نەماوە بوونی ئەو حیکایەتەیە کە دیکتاتۆرەکان بە کۆمەڵگای بفرۆشن. وەک گرامشی دەڵێت: دیکتاتۆر پێویستی بە ھێز و بە ئایدیۆلۆژیا ھەیە. ئەوانەی ئەمڕۆ نە ئەو ھێزەی سەدامیان ھەیە، نە ئەو ئایدیۆلۆژیایەش کە بتوانن بە کۆمەڵگای بفرۆشن، ئەمە جگە لەوەی کە ئەو بونیادە نێودەوڵەتییەی جەنگی سارد نەماوە کە ئەم دیکتاتۆرانە بتوانن گەمەی لەسەر بکەن و بەکاریبھێنن لە قازانجی خۆیان".
لە كۆتایی لێدوانەكەیدا لەمەڕ ناوەرۆكی بابەتەكەمان، روناكبیری كورد دكتۆر مەریوان وریا، ئەوەشی وت "ئێمە لەمەولا لەبەردەم شێوازی نوێی دیکتاتۆریەتداین، شێوازە کۆنە سەدامییەکەی تەواو بووە " .
لەم راپۆرتەدا هەر كام لە حزبەكان پاساوی خۆیان هەیە بۆ ئەو دیاردەیە.
پارتی دیموكراتی كوردستان، لهساڵی 1946 دامهزراوه و ماوهی 65 ساڵه دهسهڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستان، بهدهست بنهماڵهی بارزانییهوهیه، لهساڵی 1979شهوه تائێستا مهسعود بارزانی سهرۆكی پارتییه، واتە ماوهی 32 ساڵه. تائێستا 12 كۆنگرەی بەستووە، بەڵام لە پەیڕەوی ناوخۆی خۆیدا ماوەی سەرۆك و خولەكانی دیاری نەكردووە. چەتر پەیوەندی كرد بە سێ ئەندامی سەركردایەتی ئەو حزبەوە، بەڵام ئامادە نەبوون لەم بارەوە لێدوان.
یهكێتی نیشتیمانی كوردستان، لهساڵی 1976 دامهزراوه. لهبهرواری دامهزراندنییهوه تائێستا كه دهكاته ماوهی 36 ساڵ پۆستی سكرتێری گشتی یهكێتی، هەر بهدهست جهلال تاڵهبانییەوەیە.
حاكم قادر ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، سەبارەت بە هۆكاری دیاری نەكردنی ماوەی خولی سكرتێر بە چەتری وت "هەموو حزبێكی سیاسی سەربەستە لە دارشتنی پەیڕەو و پرۆگرامی، پاش ئەوەی لە كۆنگرە گفتوگۆی لەسەر دەكرێت و پەسەند دەكرێت. ئێمەش وەك (ی. ن. ك) كە لە كۆنگرەدا پەیڕەو و پرۆگرامی یەكێتیمان دارشتووە، كەس پێشنیاری دیاریكردنی ماوەی سكرتێری حزبی نەكرد، بۆیە ماوەی خولەكانی سكرتێرمان دیاری نەكردووە. بەتایبەتی كە مام جەلال كەسێكی خاوەن ئەزموون و شارەزایە و رۆڵێكی گرنگی بینیوە لە بزوتنەوەی كوردایەتی و ئێستاش لە عێراق و ناوچەكەدا، بۆیە ئێمە بەپەسەندمان زانیوە كە لە پۆستەكەی بمێنێتەوە". ئەوەشی وت "تا ئێستاكە بەدیلی جەنابی مام جەلال لەناو یەكێتیدا نییە " .
حزبی بزوتنەوەی گۆڕان، كە ماوەی دوو ساڵە خۆی راگەیاندووە و زۆربەی سەركردەكانی ئێستای ئەو حزبە، لە كادیرە كۆنەكانی یەكێتی پێكهاتووە. هەر چەندە دروشمی ئەم حزبە گۆڕانە، كەچی لە رەشنووسی دەستووری حزبەكەدا ماوەی خول و ساڵەكانی سەرۆكی حزبەكەی دیاری نەكراوە. محەمەد رەحیم محەمەد تۆفیق، وتەبێژی پێشووی بزوتنەوەی گۆڕان بە چەتری رایگەیاند "هەر چەندە لە رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی بزوەتنەوەكە دیاری نەكراوە، بەڵام ئێستا دەستوورەكە لە گفتوگۆ و موناقەشەدایە و هێشتا تەواو نەبووە، بەڵام دیاری دەكەین " .
یهكگرتووی ئیسلامی كوردستان وهكو حیزبێكی بێچهكی ئیسلامی لهساڵی 1994 دروستبووه، لهوكاتهوه تائێستا كەدەكاتە 17ساڵ، سهلاحهدین بههائهدین ئهمینداری ئێستای یهكگرتوو كهسی یهكهمی ئهو حیزبهیهو لهلوتكهی دهسهڵاتدا ماوهتهوه. ئەم حزبەش كە خۆی بەنوێخواز و فۆرمێكی جیاواز لە حزبایەتی دەزانێت، كەچی نەیتوانیوە ماوەی خولەكانی ئەمیندار دیاری بكات و ئەمیندارەكەی بگۆڕێت. لەمەڕ ئەم بابەتە هیوا میرزا سابیر، ئەندامی سەركرایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، بەمجۆرە پاساوی هێنایەوە "تائێستا ئەوە پێشنیار نەكراوە كە خولەكانی ئەمیندار دیاری بكرێن، ئەو كەسەشی كە بە ئەمینداری گشتی ماوەتەوە، بەكەسێكی شایستە زانراوە، كۆنگرەش لەسەر ئەو بنەمایە هەڵیبژاردۆتەوە". ئاشكراشی كرد "ئەگەرێك هەیە كە لە كۆنگرەی شەشەمدا ئەو بابەتە بخرێتە بەرباس و گفتوگۆ " .
حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، له 8/8/1976 دروستبووهو سهیدا ساڵح یوسفی دامهزرێنهری ئهو حیزبهیه.
لهساڵی 1994ەوە محهمهدی حاجی مهحمود تائێستا، كه ماوهی 17 ساڵه سكرتێری حزبەكەیە. هەر چەندە تائێستا 6كۆنگرەیان بەستووە، بەڵام لە پەیڕەودا ماوەی سكرتێر دیار نەكراوە. عەبدوڵا حاجی مەحمود، ئەندامی مەكتەبی سیاسی (حسدك) بۆێەتر وتی "لە كۆنگرەدا سكرتێری حزب هەوڵیدا كە خۆی كاندید نەكاتەوە، بەڵام بەدیل نەبوو، لەبەر ئەوە لە لایەن ئەندامانی كۆنگرەوە جەختی لەسەر كرایەوە كە خۆی كاندید بكاتەوە، لەبەر ئەمەش تائێستا پێشنیاری دیاریكردنی خولی سكرتێر نەكراوە، لە هەر شوێنێكیش ركابەر نەبێ، بیر لەوە ناكرێتەوە ماوەی ساڵ وخولەكانی سكرتێر دیاری بكرێت " .
حیزبی زهحمهتكێشانی كوردستان (سەربەخۆ) لهساڵی 1985 دامهزراوهو لهو بهروارهوه تائێستا، قادر عهزیز سكرتێری حیزبی زهحمهتكێشانی سهربهخۆیە. ئەمە وێرای بەستنی چەندین كۆنگرە كەچی هێشتا نەیتوانیوە ماوەی سكرتێر دیاری بكات. چەتر هەوڵیدا لەم بارەوە رای خودی قادر عەزیز زوربگرێت، بەڵام هەوڵەكان بێسوود بوون.
بزووتنهوهی ئیسلامی لهساڵی 1978 دروستبووه، لهساڵی 1987 بهستووه و عوسمان عهبدولعهزیز وهكو كهسی یهكهمی بزووتنهوهكه ههڵبژێردراوه، لهوكاتهوه تائێستا كە دەكاتە 25 ساڵ، لوتكهی دهسهڵاتی ئهو حیزبه بهدهست بنهماڵهی عهبدولعهزیزهوهیه، ئێستاش مهلا سدیق عهبدولعهزیز رابهری ئهو حیزبهیه. ئەم حزبە تائێستا (9) كۆنگرەی بەستووە، هەر چەندە لە پەیرەودا ماوەی ساڵ و خولەكانی دیاری نەكراوە، بەڵام سەرۆكی ئەم حزبە راستەوخۆ لە كۆنگرە هەڵنابژێردرێت، بەڵكو كۆمیتەی ناوەندی دەسەڵاتی دانان و گۆڕێنی سەرۆكی هەیە، هەر بۆیە لەم حزبەدا چەندین سەرۆك گۆڕاون.
شوان قەڵادزەیی، وتەبێژی بزوتنەوەی ئیسلامی تایبەت بە چەتر وتی "لای ئێمە ئەنجومەنی سەركردایەتی رابەر دیاری دەكات، واتە لە كۆنگرەدا رابەر دیاری ناكرێت، بۆیە لە پەیڕەودا ماوەی خولەكانی دیاری نەكراوە. بەڵام لە پراكتیكدا لە مێژووی بزوتنەوەی ئیسلامیدا شەش رابەر گۆڕاوە، واتە ئەنجومەنی سەركردایەتی دەسەڵاتی گۆڕینی رابەری هەیە، ئیتر پێویست ناكات لە پەیڕەودا ئاماژەی پێبكرێت ".
ئەم راپۆرتە لە ژمارە 82ی رۆژنامەی چەتر بڵاوبۆتەوە.
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانن، کوردستان نێت لێیان بهرپرسیار نییه.
