له‌م ڕۆژانه‌دا و به‌وردی دوای ڕووداوه‌كانی ده‌ڤه‌ری بادینان زۆر به چڕی باس له چه‌مكی پێكه‌وه‌ژیان ده‌كرێت و كورت ده‌كرێته‌وه له پێكه‌وه‌ژیانی ئایینی و ڕێزگرتن له هه‌ڵگرانی باوه‌ڕی مه‌سیحی و ئێزیدی و كاكه‌یی... كه‌چی زۆر به زه‌قی ئه‌و ڕاستییه نادیده ده‌گیرێت كه پێكه‌وه‌ژیانی ئایینی به‌بی پێكه‌وه‌ژیانی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تی... نه‌ك هه‌ر پرۆسه‌یه‌كی ناكامڵ و نه‌خه‌مڵیوه، به‌ڵكو پتر ده‌بێته هوتاف و دروشمی موزه‌یه‌ف و ئه‌وه‌نده‌ی وه‌ك ماسك و پڕوپاگه‌نده‌ی سیاسی ده‌بیندرێت، هه‌رگیز هێنده وه‌ك قه‌ناعه‌ت و بڕواپێبوون ده‌رناكه‌وێت.
كه‌س ناتوانێت نكوڵی له‌وه بكات كه شه‌ڕی تایه‌فی و دووبه‌ره‌كی ئایینی له كوردستان و هه‌ر شوێنێكی دیكه‌ی جیهاندا هه‌موو مانا جوانه‌كانی ژیان و ئاشتی و ئاساییش و لێبورده‌یی ده‌كوژن، وه‌لی باوه‌ڕنه‌هێنان به پێكه‌وه‌ژیانی سیاسی له‌پاڵ پێكه‌وه‌ژیانی ئایینی‌دا هه‌مان ئه‌و ماك و كاركرد و ده‌رهاویشتانه‌یان ده‌بی كه له دووبه‌ره‌كی ئایینی‌دا دروست ده‌بن. به واتایی دیكه هه‌ر شه‌ڕێكی سیاسی له ده‌ره‌وه‌ی ململانی یاسایی و ڕێپێدراوه‌كان، زیانی كه‌متر نییه و نابی له‌و ئاشوبه‌ی له دووبه‌ره‌كی ئایینی و تایه‌فیدا په‌یدا ده‌بی. هه‌ر بۆ نموونه شه‌ڕی نێوان یه‌كێتی و پارتی ئه‌گه‌رچی شه‌ڕی ئایینی و تایه‌فی نه‌بوو، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی سنووره ئاسایی و یاساییه‌كانی به‌زاند، بۆیه دوای تێپه‌ڕبوونی زێتر له سێزده ساڵ به‌سه‌ر ڕێكه‌وتنی ئاشتیدا، هێشتا زۆرێك له ئاسه‌وه‌ره‌كانی ئه‌و شه‌ڕه نه‌گریسه هه‌ر ماوه، كه دیارترینیان به‌فیعلی یه‌كنه‌گرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو ئیداره‌ی حكومه‌ته.
ئه‌وه بۆ پێكه‌وه‌ژیانی نه‌ته‌وه‌ییش هه‌ر ڕاسته، باشترین نموونه‌ش وه‌ك زۆرێك له چاودێران به‌به‌رده‌وامی باسی ده‌كه‌ن، كه سیاسه‌تی گشتی سه‌ركردایه‌تی كوردستان نه‌یتوانیوه ئه‌وه بۆ عه‌ره‌ب و توركمانی كه‌ركوك بسه‌لمێنی كه ژیان و ئازادی و داهاتوویان له هه‌رێمی كوردستاندا پارێزراوه، بۆیه هه‌موو ده‌م دژی ئه‌زموونی هه‌رێم ده‌وه‌ستنه‌وه، به‌كورتی كورد نه‌یتوانیوه له كه‌ركوك پێكه‌وه‌ژیانی نه‌ته‌وه‌یی سه‌قامگیر بكات.
جگه له پێكه‌وه‌ژیانی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی و سیاسی، ده‌بی سیاسه‌تی گشتی هه‌رێم و گوتاری سیاسی حیزبه‌كان به‌و ئاراسته‌یه‌دا كار بكه‌ن به‌ریه‌ككه‌وتن و حه‌ساسیه‌ت له‌نێوان ئه‌م شار و ئه‌و شار، یا ئه‌م ناوچه و ئه‌و ناوچه ڕوونه‌دات، به‌ڵام له زۆر ڕووداودا و به‌تایبه‌تی دوای ڕووداوه‌كانی 17ی شوباتدا دیمان هه‌وڵی تۆخكردنه‌وه و و زیادكردنی ئه‌م به‌ریه‌ككه‌وتنه ده‌درێت، ئه‌مه بی ئه‌وه‌ی بیر له‌وه بكرێته‌وه كه ڕێخۆشكردن بۆ وه‌ها ململانێیه‌ك هاوتای هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی تایه‌فی مه‌ترسیداره.
له‌به‌رئه‌وه ئه‌وه ئه‌گه‌ڕ بڕیار بی بۆ ڕێگه‌نه‌دان به دووبه‌ره‌كی و چه‌وساندنه‌وه‌ی ئایینی له كوردستاندا ته‌نانه‌ت شه‌ڕیش بكه‌ین، ئه‌وا ده‌بی ئه‌م شه‌ڕه بۆ سه‌قامگیری سیاسیش ئه‌نجامی بده‌ین، چونكه به‌رگری كردن له مافی كه‌مینه نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌كان چه‌نده ئه‌ركێكی پیرۆزه، به هه‌مان شێوه ڕێگه‌نه‌دان بۆ سته‌مكردن له كه‌مینه سیاسییه‌كانیش هه‌مان پیرۆزی هه‌یه.
زیاد ڕه‌شاد قادر
Zirak1974@yahoo. com
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانن، کوردستان نێت لێیان به‌رپرسیار نییه.
