ڕووداوەکانی زاخۆ و تەنینەوەیان بەو خێراییە، ئەوەدەردەخەن کە کوردستان و کۆمەڵگای کوردستانیش لە گەڵ مۆدێڕنیتە لە حاڵی ململانێ و زۆرانبازیەکی توند دان.
لە هەر دوولای کێشەکەدا ناحاڵی بوون و زیادە ڕۆی و کەڵکی خراپ وەرگرتن لە وەزعەکە دەبینرێ. لایەکی ئەو ململانێ یە بریتیە لەوکۆڕوکۆمەڵانەی کە ئامانجە سیاسیەکانی خۆیان لە لەفافەی دین وەردەپێچن. هەر لەو بەرەیەدا دارو دەستە کۆنەپەرست و دواکەوتوەکانی دیکەی نێوکۆمەڵگاش خۆیان مەڵاس داوە کە خورافات و جەهل و نەزانی و تەخەلوف دەگەڵ دین تێکەڵ دەکەن یان بە عەینی دینی لە قەڵەم دەدەن وتێ دەکۆشن دەرخواردی خەڵکی بدەن. لایەکەی دیکەی ئەو ململانێ یەش ئەو بۆ چوون و ڕوانگانەن کە دەیانەوێ دین و مەزهەب و بایەخە مەزهەبیەکان لە نێو کۆمەڵگادا خاشەبڕبکەن.
دەستەو تاقمەمەزهەبیەکان و ئەوانەی کە خۆیان لە پەنای ئەواندا حەشارداوە، زمانیان هەڕەشەو توندوتیژی ئاگر خستنەوەیە. ئەوان وشیاریەکیان سەبارەت بە مۆدێڕنیتە نیە وهیچ سەرنج نادەنە وەزعی تازەی کۆمەڵگای ئینسانیی هاوچەرخ و پێداویستیەکانی. لەو لاشەوە هەندێک ڕەوتی دیکەی نیوکۆمەڵ لە دین و ڕۆلی دین و ئاینی ئیسلام لە کۆمەڵگادا بێ خەبەرن. بەم جۆرە ئەو دوو ڕەوتە دەستەویەخەی یەکترن. ئەم وەزعە خەریکە میللەتەکەمان و کوردستانی خۆشەویست وئەمونە سیاسیە گرانبەهاکەی دەخەنە مەترسیەوە. بۆیە دەبێ ڕێگاچارەیەک بۆ چونەدەر لەو وەزعە و بۆ لە نێوبردنی ئەو مەترسیە بدۆزینەوە.
حکومەتی هەرێم، هێزە سیاسیەکانی کوردستان، کۆمەڵگای مەدەنی کوردستان، ڕووناکبیرانی کوردستان و خەڵکی کوردستان نە دەبێ بکەونە سەنگەری ئەو دەستەوتاقمانەی کە ئینکاری دین و ڕۆڵی دین و بایەخە دینیەکان لە کۆمەڵگای کوردستاندا دەکەن و نە دەبێ بکەونە لایەنی ئەو ڕەوتەش کە جەهل و تەخەلوف و نەزانی و دواکەوتوویی و خورافات بە ناوی دین و ئیسلام دەرخواردی خەڵک دەدەن.
ئێمەش لە کوردستان دەگەڵ ئیسلام سەروکارمان هەیە. بەڵام سەرتاسەری تاریخی ئیسلام ئەوەمان پێ دەڵی کە ئیسلام بە گوێرەی ئەو وەزعە کە تێی دەکەوێ، ڕەنگ دەگۆڕێ. هیچ وەختێک ئیسلام یەک جۆر نەبووە. ئیسلام بە گویرەی زەمان و هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی و بە گوێرەی ئەوە کە بەدەست کێ وە بوە، خوێندنەوەی جیاجیا و تەنانەت ناتەبا لە گەڵ یەکیشی بۆ کراوە. زۆر جار لایەنگرانی مەکتەب و ڕێبازە جۆراوجۆرکان لە ئیسلام دا دەستیان بە خوێنی یەکتر سووربووە. جیا لەوە چ لە قورئان و چ لە حەدیس و سونەتی پێغەمبەر و ئەسحابە و ئیمامەکاند، ا مەیدان بۆ وەبەرچاوگرتنی مەسڵەحەت و خۆ سازگارکردن لە گەڵ وەزع ئاواڵایە. لە مەککە پەیامی قورئان ئیستلال و دیالۆگ و وتوێژ و گفتوگۆیە. لە مەدینە لەحنی قورئان هەڕەشە و کوشتنە. لە مەککە هیچ ئیکڕاهێک لە دیندانیە. کەچی لە مەدینەدا هەمووی هەڕەشەیە. پیاوانی بەنی قوڕەیزە لە مەدینە بەتاوانی هەبوونی پێوەندی دەگەڵ قوڕەیش سەردەبڕدرێن و ژنان و منداڵەکانیشیان دەکرێنە کۆیلەو دەفرۆشرێن. کەچی چەندساڵ دواتر خودی قوڕەیش لە مەککە لە گوڵێ کاڵتری پێناگوترێ. ئیمامی دووهەمی شیعەکان بەیعەت لە گەڵ خەلیفەی ئەمەوی دەکات. کەچی ئیمامی سێهەم لەگەڵ خەلیفەی ئەمەوی شەڕدەکات. لەوبارەوە نمونە زۆرن. لە پەنا ئەو خوێندنەوە جۆراوجۆرانە کە بۆ قورئان و سوننەت و حەدیس هەن و رێگایان بۆ ئاواڵەیە. لە ئیسلامدا ئیجماعیش هەیە کە بە گوێرەی عەقڵ دەکرێ لێکدانەوەی جۆراوجۆر لە وەزعەکەبکرێ و دەشزانین عەقڵەکانیش جۆراوجۆرن و ئاستی گەشەو پەروەردەبونیشیان جۆراوجۆرە. هەموو ئەوانە پایەکانی شەریعەتی ئیسلام پێک دێنن. ئەوانەش ئیمکانی ئەوە بۆ موسوڵمانان و هەموو ئەوکەسانە پێکدێنن کە دەیانەوێت ئیسلام و دین و مەزهەب لە گەڵ پێشکەوتنەکانی کۆمەڵگای ئینسانی سازگاربکەن. بەوجۆرە کوردیش حەقی خۆیەتی خوێندنەوەی کوردی و کوردستانی و تایبەت بە خۆی لە ئیسلام هەبێ و لە گەڵ پیداویستیەکانی کۆمەڵگای ڕوولە گەشەی کوردستان و ئەو وەزعە کە میللەتەکامانی تێدایە قەڕائەتی خۆی لە دین و مەزهەب سازگار بکات. لەو نێوەدا مامۆستایانی ئایینی کوردستان ڕۆڵی ئەسڵی دەبێ بگێڕن.
ئەوانەی داوادەکەن کە کۆمەڵگای کوردستان لە دین و مەزهەب ئازادبکرێ و بیانوشیان بۆ ئەو داوایەیان ئەوەیە کە هەندێک ئەسڵی دین لە گەڵ عەقڵ و ئەخلاق نایەنەوە، دەبێ چاک بزانن کە بە هیچ جۆر ناکرێ دین لە کۆمەڵگا دەرباوێین و ریشەکێشی بکەین. یان لە ژیانی خەڵکیدا بیسڕینەوە. دەبێ دین و مەزهەب بکرێنە شتێکی خسوسی و تایبەتی و ئیختیاری بەڕێوەبردنی ئەسڵە دینی و مەزهەبیەکان بدرێتە دەستی خەڵکانی موسوڵمان. دەبێ رێگا بدرێ خەڵکانی موسوڵمان و تەنانەت کاربەدەستانی حکومەتی کوردستانیش ئەو ئیختیارەیان هەبێت ئەو قەرائەتەیان لە دین و مەزهەب هەبێت کە لە گەڵ ژیان و ئاستی گۆڕانکاریە هاوچەرخەکان و پێداویستیەکانی کوردستانی ئەمڕۆ سازگارە. واتە دەبێ بە گوێرەی ئەوزاع و ئەحواڵی سیاسی کوردستان دین و مەزهەبی خۆشمان رێکخەینەوە. بەواتایەکی دی دەبێ ڕێگاچارەی سیاسی بۆ ناسازگاری دین لە گەڵ پێشکەوتن و مۆدێرنیتە لە کوردستان بدۆزینەوە. کوردستانی عێڕاق کەوتۆتە سەرسکەی چونەپێش و یەکێک لە زیندوترین و گەورەترین ئۆکۆنۆمیەکانی ناوچەکەیەو بە هەزار و یەک کاناڵەوە بە بازاری جیهانیەوە بەستراوەتەوە. بەو پێ یە کەوتۆتە سەر جادەی پێشکەوتنی ئابووری و فەرهەنگی و کۆمەلایەتی و سەنعەتی بوون و چوون بەرەو مۆدێڕنیتە. بۆیە پێویستە ڕۆشنگەری سیاسی بکەین و خوڕافات و جەهل و تەخەلوف لە قاودەین و کاری فەرهەنگی بکەین کە دین و مەزهەب لە رێگای ڕۆشەنگەری و فەرهەنگسازیەوە لە فۆلکلۆری دینی و تەخەلوف پاککەینەوە. بەڵام نابێ بەرخورد لە گەڵ دین بکەین. چونکە ئەوە خەڵکی عەوام بەرەو لای هێز و لایەنە توندڕەوەکان دەبات و بە قازانجی ئەوانە تەواو دەبێت کە دین وەک وەسیلەی بردنەپێشی مەبەستە سیاسیەکانیان بەکار دێنن.
هیچ پێویست ناکات تێکۆشین لە کوردستان مۆدێڕنیتە لە منداڵدانی دین و مەزهەبدا پەروەردەکەین و بیهێنینە سەر دونیا یا ڕەنگی ئاینی و مەزهەبی لێبدەین. تاقی کردنەوە نیشانی داوە کە مۆدێڕنیتە ناتوانێ لە گەڵ دین و مەزهەب سازگاربێ. بەڵام دین و مەزهەب ئەگەر بیانەوێت بمێنن دەبێ خۆیان لە گەڵ مۆدێڕنیتە سازگارکەن. ئەوە لە کوردستانیش دا هەر ڕاستە. ئەوەتا تورکەکان مۆدیلی خۆیان لە دینی ئیسلام هەیە. فارسەکانیش هەرئاوا. عەرەبەکانیش لە هەر وڵاتە قەڕائەتی تایبەت بە خۆیان لە ئیسلام هەیە. لە بەنگلادیش و پاکستان و ئەندنۆزی و ئەفغانستان و ولاتانی شیمالی ئەفریقاش هەر بەو جۆرە. کۆڕوکۆمەڵە موسوڵمانەکانی دانیشتوی ڕۆژئاواش خوێندنەوەی تایبەت بە خۆیان لە ئیسلام هەیە. مەبەستی من ئەوەنیە کە ئوسولەکانی ئیسلام وەلابنرێن. مەبەستم ئەوەنیە کە بڕوا بە خوا و پێغەمبەر دەسکاری بکرێ. مەبەستی من ئەویە کە جگە لە ئەسڵە بنەڕەتیەکانی ئیسلام و بڕوا بە خوا و پێغەمەر نەبێ، دەکرێ ئەموو ئەو شتانەی دیکە کە لە قورئان و سوننەت و حەدیسدا هاتوون، بە گوێرەی ئەوزاع و ئەحواڵی سیاسی کوردستان و پێداویستیەکانی ئێستای کۆمەڵگای کوردستان لێکبدرێنەوە.
لە سەر تاسەری وڵاتانی ئیسلامی دا هەروایە و هەموو حکومەتەکانی دیکەش هەروادەکەن. خۆ ئێمە لە پاپ کاتۆلیکتر نین. بە ملیۆن موسوڵمان لە ئوروپا و ئەمریکا و کانادا دەژین و نوێژو تاعەتی خۆشیان دەکەن و سەردانی مزگەوتیش دەکەن و کەسیش موزاحیمیان نیە. کۆمەڵگای مۆدێڕن هیچ گرفتێکی لە گەڵ دین و مەزهەب و خواپەرستی نیە. ئەوەش لە بەر ئەوەیە کە کۆمەڵگای مۆدێڕن لە سەر بناخەی پلۆڕالیزمی فەرهەنگی و سیاسی و دینی و مەزهەبی دامەزراوە. لە بەرئەوەیە کە تۆڵێڕانسە و دێموکڕاسی جەوهەر و هەوێنی کۆمەڵگای مۆدێرنن. بەڵام مەرج ئەوەیە کە کەسانی مەزهەبی و دینداریش بە تەعەسوب وشکبیری و توندوتیژی خۆیان، موزاحەمەت و گرفتاری بۆ کۆمەڵگای مۆدێرن و دێمکڕاتیک دروستنەکەن. کوردستان بۆ ئامێزی مۆدێرنیتە بەڕێوەیە. دین و مەزهەب لە کوردستانیش وەک هەموو ئەو دونیایە ناچارە خۆی لە گەڵ ئەو ڕەوتە سازگاربکات. ئەزمونی گەشەسەندنی مەسیحیەت لە ئوروپاو خۆ سازگارکردنی ئیسلام لە گەڵ کۆمەڵگا جۆراو جۆرەکان، ئەوەمان پی دەلێ کە لە کوردستانیش ڕەوتەکە هەرئاوا دەڕواتە پێش. دیارە لەو پرۆسیەدا ڕووداوی ناخۆشی وەک ئەوەی ڕۆژی هەینی ڕابردوو لە زاخۆ ڕووی دا جار جار ڕوودەدەن. بەلام ئەوانە تەنیا پەلەقاژەی سەرەمەرگی ئەوڕوانگە و بیرو جەرەیانە دواکەوتوانەن کە لە بەرامبەر ڕەوتی مۆدێرنیتە و پێشکەوتن و دێموکڕاسی لە کوردستاندا، لە حاڵی گیانەڵادان.
ئیبڕاهیم لاجانی
٣.١٢.٢٠١١
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانن، کوردستان نێت لێیان بهرپرسیار نییه.
