
زۆر به‌ڕێز سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان
سڵاوی خه‌بات و ئازادی و مرۆڤایه‌تی..
من وه‌کو پێشمه‌رگه‌یه‌کی دێرین و که‌مئه‌ندامی حزبی شیوعی دوای ئه‌وه‌ی به مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی به‌شێك له مافه (ئاسایی و یاسایی) یه‌کانی خۆم که ئه‌مڕۆ له سایه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌وه به‌ده‌ستهاتوون و خۆتان وته‌نی به‌ری ڕه‌نجی خه‌باتی چه‌ند ساڵه‌ی پێشمه‌رگه‌کانی کوردستانه‌و به‌ڕێزیشتان له چه‌ندین بۆنه‌دا وتووتانه: (که‌مئه‌ندامانی سه‌نگه‌ر، شه‌هیدی زیندوون) که‌چی منی که‌مئه‌ندامی سه‌نگه‌ر، تا ئێستا له چه‌ندین ده‌رگای ئه‌و لایه‌نه په‌یوه‌ندیدارانه‌م داوه، تاکو منیش وه‌کو هاوسه‌نه‌گه‌ره‌کانی دیکه‌م به‌شێك له مافه‌کانی خۆم وه‌ربگرم، به‌ڵام به‌داخه‌وه سه‌ره‌ڕای باری نائاسایی ژیانم که ماوه‌ی (25 ) ساڵه به هۆی برینداربوونم به سه‌ختی له داستانێکی گه‌وره له دژی ڕژێژمی به‌عس له ساڵی (1986 ) له ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان و هه‌ر له‌و کاته‌شه‌وه که‌مئه‌ندامبوونم به ڕێژه‌ی (%100 ) و به‌رسه‌ربردنی ژیان له‌سه‌ر عه‌ره‌بانه‌ی که‌مئه‌ندامی، هه‌سه‌ت ده‌که‌م کۆسپ و ته‌گه‌ره ده‌خرێته به‌رده‌م ته‌واوکردنی داواکارییه‌که‌م، چونکه به پێی نوسراوی هاوپێچ که له ڕێکه‌وتی (2010/5/17 )ه‌وه به ئیمزای به‌ڕێز وه‌زیری پێشمه‌رگه له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌و تا ئێستا پله‌که‌م عه‌میده، به‌ڵام موچه‌ی نیه.لێره‌وه داوا له به‌ڕێزتان ده‌که‌م که به‌رزترین ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستانن، به‌ر له مردنم وه‌ڵامی داواکارییه‌که‌م بده‌نه‌وه و (پله‌و موچه‌که‌م) وه‌کو یه‌کتر لێبکرێت و چیتر له ناخی خۆمدا هه‌ست به سته‌م و غه‌درێك نه‌که‌م که به ئاشکرا هه‌ستی پێده‌کرێت.
له‌گه‌ڵ رێزی دووباره‌م ..
عه‌میدی که‌مئه‌ندام قادر عمر غفور
ناسراو به: ئاشتی

