بە قوڵینەیەک گوڵەوە
بە کۆڵانەکانا دێم و دەچم
بە بەرچنەیەک ووتافەوە
تا قوڵای ژیان
تا ناوەڕاستی ( سەرای ئازادی )
بە شەقامەکانا رادەکەم
یاسەمین و
گەزۆی رزگاربون دەبەخشمەوە
بەچاو
جنێو و زەردەخەی
سەر لێوەکان دەچنمەوە
وەک ئەوەی شەرمبکەم
بە ئەسپایی
چڵێ لە نێرگزی دڵنەوایی
دەدەم لە پەرچەمی کچێ
کە سنگی خۆی
کردوە بە قەڵغانی گوللە و *
رێک،
لە شاشیعری ( گۆران )* دەچێ
****
نە پێکهاتەیەکم لە بەرد
نە رق لە دڵما پلدەدا
نە خوێن بەرچاوی گرتوم وەک ئەوان
تەماشا، چۆن !
نەغمەم لەگەڵ نەغمەی بولبول و
هەناسەم ..
لەگەڵ هەناسەی گیا
چرپەم ..
لەگەڵ چرپەی ئاودا تێکەڵبوە
گەرچی !
لەم سەرەتای بەهارەدا گژ رۆژی
لەبەر قاپی باخچەی گشتی
شارۆچکەیەک ..
یا شاشارێ
مناڵێکی ئەز دەکوژرێ
****
تا قوڵای ژیان
تا ناوەڕاستی ( سەرای ئازادی )
بە قوڵینەیەک گوڵەوە
بە شەقامەکانا رادەکەم
بە جۆرێک باڵندەکان دەفڕن
خۆشی دەخەنە دڵەوە
رۆشناییەک ..
نزیک لە رەنگی کازیوەی ئاسۆ
لە فڕینیانا دەبینرێ
سەرسامییەک ..
نزیک لە دەنگی پشکۆ
لەسەر مەچەکێکی داخکراو
لە دەنگیانا دەبیسرێ
خودایە
چەن جوانن !
چەن خۆشی دەخەنە دڵەوە !!
من بە بەرچنەیەک گوڵەوە
وەک ئەوەی شەرمبکەم
بە پەلە
چەپکێ لە گوڵی سوری دڵنیایی
دەدەم بە شەکرە ژنێ
بۆ بەرپەنجەرەی تەنیایی
کە لەپێشی پێشەوە
بە گیتارێکی شینەوە
ئاوازی یەکسانی دەژەنێ
*****
نە رق لە دڵما پلدەدا
نەخوین بەرچاوی گرتوم وەک ئەوان
لە مناڵیەوە هەروام
کە بۆنی بارانیکی نوێ بێ
تۆزێ دڵم خێرا لێدەدا
کەمێک قڕگم دەگیرێ
دەنا
تەماشا
بە بەرچنەیەک ووتافەوە
بە شەقامەکانا رادەکەم
بە قوڵینەیەک گوڵەوە
چەن جوانن !
ئەم باڵندانە خودایە
چەن خۆشی دەخەنە دڵەوە !!
بەڵام ئەفسوس
هەزاران داخ
کە گژ رۆژێ
لەم سەرەتای بەهارەدا
چکۆڵەترینیان دەکوژرێ
گژ رۆژی
(( گەرمیان )) ێکیان
لە کۆتایی ووتنی سرودێکی برسیا
گژ رۆژێ
(( بیلال )) ێکیان
لە سەرەتای
خوێندنی ( ئایەتلکورسیا )
لە نزیک
سەوزترین سەیرانگاوە
بە ئاسمانەوە دەکوژرێ
ئاخ خودایە
هەزاران داخ
.....
شوباتی ٢٠١١
سابیرسدیق
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
