دەڵێێ :
عارفێکم نا تەبا
بە سەر شانی
هەورێکی سپی سپی بزۆزەوە
یا دەڵێی :
پەپولەیەکی پایزیم
لە نێو چنگی رەشەبادا
*
سەر پڕپڕە
لە زیکەزیکی زیکزیکە
دڵ لێوان لێو
لە خەیاڵێ خاڵخاڵۆکە
*
یار ..
گەلێک ماندوم ئەمشەو
ئەی غەمگینترین مەخلوقی شار
لە کوێدا بنوم ئەمشەو !
*
چ بەردێکی وەڕس لە خۆ ..
وە ژور سەرنێم !
لقی کام هەناری تازە پشکوت
بە خۆدا دەم !
بە دەم ژماردنی هەناسەیو
چنینی چرپەکانیەوە
چاو داخەم و خەون ببینم
خەونێک سەوز
وتافی سوری شادی
خەونێک ..
دور لە وەهم
لە رەنگی خۆڵەمێشی
نزیک لە نم ..
لە خوێندنی کەناری
لەم نزیکانە ببینم
لە دەروازەی ( پارکی ئازادی )
لە بری پۆلیس
پەیکەری ( بەکر عەلی )
دانرابێ بۆ پێشوازی
***
دەڵێی :
باڵندەیەکی تەڕ تەڕم
بە تریفەی خەیاڵ
بە خوناوەی باران
بە تامەزرۆیی فڕین
زەمەنێکە
نیشتنەوەم بیرچۆتەوە
ئەی نازەنین ..
*
زەمەنێکە
حەسرەتێک شین
بارگەی خستوە لە دڵا
دورم لە شەوی ناو باخ
لە دەستکردنە ملی درەخت
لە بۆنی خۆشی گەڵا
زەمەنێکە
مەگەر هەر خوا خۆی بزانێ !
چەندە خاڵیم
لە چرپەی تۆ
لە رەنگی گوڵ
لە دەنگی ئاو
لە نەسیمی سەحەری جوان
لە ئاواز و
لە گۆرانی رون و تازەی
( کاروان عوسمان )
***
دەڵیی :
عەشق لە رۆحم بەربوە
کە خەرمانەی داوە لە دەوری نور
لە پیری موغان دەچم ئەمشەو
( کە دڵ بۆتە قەترەیەک خوێن
بە چاوا دەکا عبور ) *
گۆشەگیر و غەمزەدە
لەگەڵ بون بە هەڵمی تەمەنا
تک تک
برینم لێدەتکێ
*
هێمان زووە
لە دورترین شوێنی دنیا
تێکەڵ ببم،
بە گڵ و گیا
*
هێشتا زووە
رەنگە بەیانیشی مابێ
تا روخساری شار بگۆڕێ
*
یا رەنگە هەر بەیانی
کە ( چوار شەممەی پیرۆزە )
لە گەڵ یەکەم خوێندنی ( پیرکەڵەشێرا )
لە بەر دەرگای گژ ماڵێکا
( سنەوبەرێکی گڕ )* بڕوێ
لە سێبەری چڕ و گەرمی هەریەکەیان
کەسێک،
تارماییەک وەکو بەرق
یا رۆشنایی حیکایەتێ
یا ( دڵشاد مەریوانی )
یا هەر کەسێك
خوتبە بدا
کە سەر تا پا لە ئەو دەچێ
*
وە هەر رەنگە !!
بەر لە دەسپێک،
یا کۆتایی
بە دەنگێکی تۆزێ گڕ و حەزین بڵێ :
( ئازیزان ...
لە دواهەمین
ڤێستیڤاڵی هەڵفڕینی شیعرەکانا
لە پیاسەیەک،
لە لاڕێی
پڕ لەچێژی رۆمانسێتی ئێوارانا
کە خەیاڵم
زیاد لە پێویست دەتوایەوە
لەگەڵ حەسرەت
لەگەڵ ژوانی ( شوشە ) خانا
لە پڕێکا ..
لە ناو رەگی گوڵەکانی ( گڵکەنا)
( کەریم عوسمان ) م بینییەوە
ریش هاتو
زگار ماندو
لە دورەوە
وەک خەمێکی باڵا بەرزی لە یاد نەچو
سپی سپی دەچۆوە
*
بە زمانێک
کە پێشتر نەمبیستبو
دەیگوت : ( حاکم ) ..!
چاوەڕێی ئاشتبونەوەیەکی گشتیم !
لەگەڵ ئێوە و
لەگەڵ شار و
لەگەڵ دڵپاک
لەگەڵ نادی کرێکاران ئاشتبمەوە
دەیگوت : حاکم !
***
وەختە ئیتر
بە ویقارەوە
لە پێدەشتا غاردا ئەسپ
لە بورجە بەرزەکانەوە
بە گڕەوە بفڕێ کۆتر
*
وەختە ئیتر
چوارشەممە بێ
مۆمەکان داگیرسێنم
زیهنی خۆم رۆشنکەمەوە
ئیتر سەرقاڵی
چەپککردنی گوڵەکانی تەنیایم و
دەنککردنی هەناری غەریبی بم
ئومێد بکەم بە سفرە
بۆ ئێوارە خوانێ
لە دڵی خۆما رێکمخستوە
بۆ ( کۆڤان ) و
بۆ تروسکەی تابلۆکانی
بۆ ( سەردەشت ) و
بۆ بروسکەی نامەکانی
بۆ ( رێژوان ) و
بۆ چریسکەی خەونەکانی
وەختە ئیتر
عەگیدانە
لە کوچە و خیابانا غاردا ئەسپ
لە بورجە بەرزەکانەوە
بە گڕەوە بفڕێ کۆتر
وەختە ئیتر
چوارشەممە بێ و
زیهنی خۆمان کۆکەینەوە
مۆمەکانمان داگیرسێنن
وەختە ئیتر
بە گڕوە
لە کوچە و خیابانا غاردا ئەسپ
لە بورجە بەرزەکانەوە
بە گڕەوە بفڕێ کۆتر
وەختە ئیتر
سابیر سدیق
سوید 2011
سەرنج :
...
بەکر عەلی / شاعیر ..لە خۆپیشاندانێکی بەر پارێزگای سلێمانی کوژرا
کاروان عوسمان / هونەرمەند لە دادگایەکی نا عادیلانەدا سزای کوشتنی بە سەرا درا
دڵشاد مەریوانی / نوسەر و رۆشنفکر شەویک ئەمنەکانی بەعس بردیان و نەگەڕایەوە
کەریم عوسمان / هونەرمەندی شانۆکار لە ٣١ ئاب دا بێ سەروشوێن کرا
کۆڤان ( کامەران سدیق ) / هونەرمەندی شیوەکار لە دەست ئیهانەی چەن کەسانێکی ( پاسۆک ) خۆی کوشت
سەردەشت عوسمان / رۆژنامە نوس لە وەڵامی نامەیاکیدا کوژرا
رێژوان / میر منداڵێک لە داوای نان و ئازادی دا کوژرا
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
