ئه‌و ئاگره‌ی له عه‌ره‌بانه‌كه‌ی (محمد البوعه‌زیزی) تونس – وه چه‌خماخه‌ی دا، رۆژ به رۆژ پریسكی ده‌ته‌نێته‌وه‌و وا بڵێسه‌ی ناره‌زایی له (گۆره‌پانی ته‌حریر) ی قاهیره‌دا كوره‌ی جه‌ماوه‌ری قاوداوه‌و چمكی گه‌یشتۆته یه‌مه‌ن و جه‌زائیری ملیۆن شه‌هید، سوریا له ترسی ته‌قینه‌وه وه‌خۆكه‌وتووه و شای (ئوردن) ی ناچاركردووه كابینه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی له ره‌گه‌وه بگۆرێت، روداوه خێراكانی ئه‌مرۆ ئه‌و رۆژانه‌مان بیر دێنێته‌وه كه مام جه‌لال له باسی رژێمه دیكتاتۆریه‌كاندا ئه‌وه‌ی ده‌وته‌وه كه (باهۆزی دیموكراسی هه‌ڵی كردووه) و هاكه دكتاتۆره‌كان هه‌ڵوه‌رین..ئه‌و دۆخه له به‌رده‌م ته‌قینه‌وه‌و ته‌نینه‌وه‌دایه‌و دڵنیام كاریگه‌ری ئه‌و باهۆزه سه‌رجه‌م وڵاتانی ناوچه‌كه‌ش ده‌گرێته‌وه‌و عێراق ی ماندوو له گه‌مه‌ی هه‌ڵبژاردن وكابینه‌ی نیوه‌ناچڵ و نه‌خه‌مڵیو، به‌ده‌ر نابێت له‌وشڵه‌قانه سیاسیه‌ی رووده‌ده‌ن، هه‌رێمی كوردستانیش به‌م بارودۆخه شڵه‌ژاوه‌وه به‌م نه‌فه‌سه ته‌نگه‌وه ناتوانی كیانێكی قایم بێت له‌به‌رده‌م ئه‌و شه‌پۆله‌داو ئه‌و بار كرژییه‌ی ئه‌م دواییانه باشترین به‌ڵگه‌ن كه هه‌رحاڵه‌تێكی نائاسایی چ مه‌ترسیه‌كی گه‌وره له‌سه‌ر ده‌سكه‌وته‌كانمان ده‌خوڵقێنی و چ ماڵوێرانییه‌كی كوردی لی ده‌كه‌وێته‌وه!
هه‌ربۆیه سه‌رباری هه‌موو ئه‌و فاكته‌رانه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌و وڵاتانه‌ی سه‌ره‌وه جیاده‌كاته‌وه، پێویسته سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردیش بی باكانه نه‌ڕوانێته پێشهاته‌كان و بۆ رووبه‌روبوونه‌وه‌ی هه‌رئه‌گه‌رێك خۆی ساز‌و ئاماده‌بكات، ئه‌وه‌ش به‌كۆكردنه‌وه‌ی هێز ناكرێت ئه‌وه‌نده‌ی به بڕیاری ئازایانه‌و حه‌كیمانه وهێوركردنه‌وه ده‌كرێت، ئه‌ویش به‌وه ده‌بێت كه به ده‌سه‌ڵات وئۆپۆزسیۆنه‌وه، به حكومه‌ت وده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ته‌وه به روناكبیر‌و رۆژنامه‌نووس و بی كارێكی ناڕازیه‌وه له ده‌وری مێزی یه‌كخستنه‌وه‌و رێكخستنه‌وه‌ی ماڵی كورد كۆببنه‌وه بۆ: پێداچوونه‌وه‌ی بوێرانه به هه‌ڵسه‌نگاندنی كاروفه‌رمانه‌كانی كابینه‌ی حكومه‌ت، ئه‌دائی پارله‌مان، ده‌زگای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، داووده‌زگاكانی دادوه‌ری و سه‌رجه‌م جومكه‌كانی تری بڕیار وراپه‌راندن شه‌ن وكه‌و وبژار بكه‌ن و له‌كوێدا پێویست به گۆڕانكاری ده‌كات بكرێت و گوی له ئۆپۆزسیۆن و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و شه‌قامی كوردی بگیرێت و ئه‌وه‌ی له به‌رژه‌وه‌ندی به‌ره‌و پێش چوونی ئه‌زمونی هه‌رێم، به‌هێزكردنی ئه‌منی نه‌ته‌وه‌یی و به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستان وئاینده‌ی گه‌ل و كیانه‌كه‌مانه، بی ترس و دوودڵی جی به‌جی بكرێت و ریفۆرمی پێویست له سه‌رجه‌م ئاسته‌كاندا بكرێت، پردی متمانه بینابكرێته‌وه، حكومه‌تێكی ته‌كنۆكراتی شه‌فافی بنكه فراوانی به‌هێز له هه‌رێمی كوردستان دابڕێژرێته‌وه كه سه‌رجه‌م لیسته‌براوه‌كانی په‌رله‌مانی له خۆ گرتبێت به گۆڕان ویه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ و ته‌نانه‌ت ته‌كنۆكراتی بێلایه‌نیشه‌وه، نوێنه‌رایه‌تی هه‌مووان بكات، هه‌موو له یاسادانان وبڕیارو جێبه‌جی كردن‌دا به‌شداربن، له گشت روویه‌كه‌وه حكومه‌تی هاوبه‌شی نیشتمانی و موئه‌سه‌ساتی بێت و له زاخۆوه بۆ خانه‌قین بریار یه‌كبێت، پێشمه‌رگه یه‌كبێت، دارایی یه‌كبێت، ئاسایش پۆلیس یه‌كبێت، ئاشته‌وایی نیشتمانی به‌كرده‌وه ئه‌نجامبدرێت وببێته بنه‌مایه‌كی پته‌و بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو.
هاوكات میساقێكی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی ئیمزا بكرێت لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوی له كاری سیاسی و حوكمرانی بكرێته‌وه بۆ كۆده‌نگی و كۆبڕیاری وكۆبه‌رپرسیارێتی له هه‌رێمی كوردستان، حكومه‌ت و ده‌زگاكانی موڵكی هه‌موو و پارله‌مان چه‌تری هه‌موو و دادوه‌ری بۆ هه‌موو و سه‌رۆكی هه‌رێم سه‌رۆكی هه‌موو بێت وئازادی تا ئه‌وپه‌ڕی فه‌راهه‌م بێت، به‌م هێزه‌وه كورد بچێته‌وه به‌غداو سه‌نگه‌ری پێشه‌وه قایم بكات.به‌مه‌ش مه‌ترسیه‌كان ده‌ڕه‌وێنه‌وه، به‌مه زامنی سه‌لامه‌تی ده‌واری حوكمرانی كوردستان ده‌كه‌ین كه سه‌ده‌ها ساڵه گیانی بۆ به‌خت كه‌ین، خوێنی بۆ ده‌به‌خشین، شۆڕشی بۆ ده‌كه‌ین، به‌مه ده‌توانین كه‌شتی كوردستان له‌و لافاوی توڕه‌ییه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستی گرتوَته‌وه، بگه‌یه‌نینه كه‌ناری ئارامی!
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
