ماڵی خۆنەخۆر بۆ چەكمەبۆر ... باهیر گلی - بەلجیكا

ئەگەر ئەو پەندەی سەرەوە بەدیوە ئەكتیڤەكەی لێكدانەوەی بۆ بكەین ئەوا هەمیشەخەڵكانێكی مەڵاس دراومان دێتە بەردید بۆ سامانی خاوەنداری موڵك و سامان و خودی دەوڵەمەندەكەیش بە هۆی پیسكەییەوە دەستی تێناچێت بۆ ژیان و ئاسوودەی خۆی سامانەكەی بەكار بهێنێت .

خەڵكانی خاوەن سامان یان دەوڵەمەند زۆرن هەن لە ڕووی بیرو هزرەوە هەن لەڕووی بیروباوەڕی نیشتیمان ونەتەوە پەروەری هەنیش لە ڕووی ئیمان و ئاینەوە ئەمەو جگە لەو خەڵكانەی لە ڕووی سامانەوە خۆیان لە هەموو خەڵكی پێ دەوڵەمەنترە و مەبەستی ئێمەیش لێرەدا ئەوانە كەچی بێ ئەوەی سوود لەو سامانە وەرگرن بۆ خۆیان تەنها بەنەخۆری ئەمێننەوە.ئەوكاتەیش بووك و زاواكانی وەك هەقداری بەشدار دەبن و دێنە سەر سفرەو خوانی حازر و ئیدی لەگەڵ حورمەتماندا بۆ هەندێك ئەگەرە ئەوە بۆ چەكمە بۆری نەبێ ئەدی كامەیە ؟ ئەگەر خوێنەر پێان وابێ تەنها قوڵ بڕو گیرفان پڕ چەكمە بۆر بن دەبێ ئەوە بزانن چەكمە بۆر ڕەنگ و ناوو دە‌نگی زۆریان هەیە .

دەوڵەمەندی سامان لە زۆركەسی تر نزیكە لە مەرگەوە بۆیە زەروورەتە بۆ ژیان و بەختەوەری خۆی بەكاری بێنێت جگە لە نەخۆشی

وئەجەلی خوایی هەڕەشەی مەرگیشی لەلایەن خودی مرۆڤەوە لێ دەكرێت .ئیدی بەهۆی چاووتێرنەبونی ئەم جۆرە دەوڵەمەندانە و سەرقاڵ بوونیان تەنها بۆ پارە وكێشەكانی پارە هەندێ جار گەندەڵی ڕەوشت لە ناو خێزانەكانیان تەشەنە دەكات و جگە لە ئاژاوە و گێرە شێوێنی شیرازەی خێزانیش تێك دەدات و لە بەریەك هەڵدەوەشێتەوە .

نامەوێ درێژە بەباسەكە بدەم وكورت وكورد بێژم جگە لە هاویشتنی بەردێك بۆ هەنگڵی ئەوانەی ئەم توانجە دەیان گرێتەوە هاوكات هۆشێار بوونەوەیەكیشە بۆ كۆمەڵە خەڵكێك كە ئەمڕۆ خۆیان كردووە بە دەم سپی و سەر قافڵەی خەڵكانی ترو پێیان وایە بەتەنها بۆ خۆیان خودان گیرفانن و ئەوان ئاغاو ئەوانی دی ڕەنجبەر .بێگومان چوونە سەر ئەم ڕەوشە بەو ئاراستەیە نایەتە كۆتایی ناشكرێ نەڵێین (هەر مەلە وپەلێك )نەك یەكێك (قازو یەكێكیش قووڕ)

لەكۆتایدا داوای لێبوردن لە خوێنەران دەكەین چوونكە پێمان وایە بەدەر لە جارانی پێشوو باسێكی سادەو ساكارمان شی كردەوە بە زمانێكی

ئاسایی تاوەكو خەڵكی بە ئاسانی لەو پەندە بگات .بەوانی تریش ئەڵێین(بووكێ لەگەڵ تۆمە و خەسوو گوێت لێ بێ )

2011/01/31

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.