بەهۆی رێگری لەئەنجامدانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی لە پەرلەماندا سێ پەرلەمانتار ناڕەزایەتی خۆیان دەگەیەننە سەرۆکایەتی پەرلەمان

سەرگوڵ قەرەداغی:

رێگەنەدان بەئەنجامدانی کۆنگرە رۆژنامەنووسیەکەمان لەپەرلەماندا رێگریە لەئازادی رادەربڕینی پەرلەمانتار

هەولێر- سەنتەری رۆژنامەوانی فراکسیۆنی کۆمەڵ:

لەکاتێکدا دوێنێ سێ شەمە ١٨/١ سێپیرلەمانتاری هەردوو لیستی کۆمەڵ وگۆڕان بەنیازی ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی بوون لەتەلاری پەرلەمان رێگریان لێدەکرێت ویەکێک لەو پەرلەمانتارانەش ئەو کارە بە رێگری لەئازادی پەرلەمانتاران دادەنێت.

مافناس سەرگوڵ قەرەداغی ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵ لەوبارەیەوە رایگەیاند:

مەبەست لەکۆنگرە رۆژنامەنووسیەکەی ئێمە باسکردنی سێ تەوەری گرنگ بوو، یەکەم چارەسەرکردنی کێشەی بێسەروشوێنکراوانی ئیسلامی وشەڕی ناوخۆو ئەو لێبوردنەی سەرۆکی هەرێم دەریکرد لەجەژنی قوربانداو هەندێ کەسی گرتەوە کەمافی ئازادکردنیان نەبووە، هەندێکیشی نەگرتۆتەوە کە دەبوو ئازاد بکرێن، بۆ ئەو مەبەستەش ئێمە لەگەڵ راگەیاندنی پەرلەمان قسەمان کرد تا ئاگاداربن و ئامادەسازی بکەن بەڵام ئەوان پێیان ڕاگەیاندین کەدەبێ داوا لەسەرۆکایەتی پەرلەمان بکرێت، سەرۆکی پەرلەمان لێرە نەبوو چوینە لای جێگری سەرۆکی پەرلەمان وپێمان راگەیاند ئێمە وەک سێ ئەندام پەرلەمان کۆنگرە رۆژنامەنووسیەکە ئەنجام دەدەین نەک لیژنە، دواتر بەراگەیاندنیان وتبوو کە لەناو پەرلەماندا ئەنجام نەدرێت، وا بڕیار بوو لەحەوشەی پەرلەمان بکرێت بەڵام بەداخەوە لەوێش رازی نەبوون، بە پاسەوانەکانی پەرلەمانیان راگەیاندبوو کە رێگربن لەوەی لەحەوشەی پەرلەمانیش بکرێت، دواتر لەبەردەم پەرلەمانیش رێگر بوون، بەڵام ئێمە سوور بووین لەسەر ئەنجامدانی کۆنگرە رۆژنامەنووسیەکەو ئەوەبوو لە ناوەندی هەردوو سایدی شەقامی بەردەم پەرلەماندا سازمان کرد.

ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی کۆمەڵ کە لەگەڵ هەردوو پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان پەیمان عزەدین و ڤیان عەبدلڕەحیم بەنیازی ئەنجامدانی ئەو کۆنگرە رۆژنامەنووسیە بوون لەدرێژە لێدوانەکەیدا وتی: ئەنجامدانی کۆنگرەی رۆژنامەنووسی پەرلەمانتار لەناو شەقامدا جێگەی ناڕەزایمانە.

لەکۆتایی لێدوانەکەیدا ناوبراو رایگەیاند: ئەو سێ پەرلەمانتارە ئەمڕۆ ناڕەزایەتی خۆمان دەگەیەنینە سەرۆکایەتی پەرلەمان، چونکە لەپەیڕەوی ناوخۆ پەرلەماندا نەهاتووە کاتێ پەرلەمانتار بیەوێت کۆنگرەی رۆژنامەنووسی ئەنجامبدات رێگەی نەدرێت لەناو پەرلەمان ئەنجامی بدات.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.