مزگەوت و پڕۆژە رووناكبیرییەكان ... ئیبراهیم عەباس

 هەرگیز بە قەدەر ئێستا كۆی ئەو پڕۆژە گچكە و زەبەلاحانەی بەناوی ئەدەب و رووناكبیری و وەرگێڕان و رۆژنامەنووسییەوە لە كاردابوون و كاردەكەن، جێگەی هەڵوەستە لە سەركردن نین، ئێستا ئەو كاتەیە كە دەسەڵاتی سیاسی و حكومەت و حزبە نەتەوەیی و عەلمانییەكان وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە ئایا لە دوو دەیەی رابردووی ئەو نەزیفە ئابوورییەی بەناوی هۆشیاركردنەوەی خەڵكی و رۆشنبیركردنیان بۆ رەشكردنەوەی كاغەزی رۆژنامە و گۆڤار و رۆڤار و كتێب و نامیلكە بە هەدەردران چ ئەنجامێكی هەبوو؟ بەراست كێ دەتوانێت پێداچوونەوە بەم پرسە بكات؟

 ئاڵۆزییەكانی دوو مانگی رابردوو نیشانیداین هەرچی پڕۆژەی رووناكبیری ئەم هەرێمە هەیە، بەرگەی تەنها یەك وتاری مامۆستایەكی ئایینی ناگرن و رووناكبیر و رۆژنامەنووس و دەستەبژێری ئێمە كاریگەرییەكی ئەوتۆیان لەسەر گۆڕەپانی فەرهەنگی و كۆمەڵایەتی كوردستان نییە، هێندەی بە شەڕی یەكتر و رەفزكردن و نەخوێندنەوەی یەكترەوە خەریكن هەرگیز ئەوەندە بەخەم ئەوەوەنین ئایا بۆچی لەم كۆمەڵگەیەدا كەس گوێیان لێناگرێت؟

 لەم سەردەمەدا كە پارەی حكومەت و حزبەكان بەشێكی زۆری بۆ رەشكردنەوەی كاغەزە، بێ ئەوەی هیچ ئەنجامێكی هەبێت، بەڵام لە هەمانكاتدا خەڵكی لەسەر گیرفان و سەدەقە و باروبۆی خۆی مزگەوتەكان دروست دەكات و بەڕێوەیان دەبات، هەر ئەو خەڵكەش سەدانجار زیاتر كاریگەرییان لەسەر كۆمەڵگە و جووڵاندنی تاكەكان هەیە، پێشموایە ئەوە پەیوەستە بە پرسێكی زۆر سادە، چونكە كەسایەتی رۆشنبیری ئێمە لەرووە كۆمەڵایەتییەكە ئەوەندە لاوازە كە دەوروبەرەكەی خۆشیان باوەڕ بەخۆیان و ریزكردنی وشەكانیشیان ناكەن، هەر بۆیە بەرگەی فشارەكانی دەوروبەریشیان ناگرن.

 لەم سۆنگەیەشەوە هەرای نێوان بەشێك لە رۆشنبیران و مامۆستایانی ئایینی نیشانیدان ئەوەی پێیدەگوترێت فكر و كاریگەری رووناكبیری لەسەر كۆمەڵگەی كوردستان شایەنی هەڵوەستەیە و پێویستی بە پێداچوونەوە و بەرگرتن لەو نەزیفە ئابوورییەوە هەیە كە بۆ رەشكردنەوەی كاغەز تەرخان دەكرێت، ئاخر سەرەڕای ئەو هەموو چالاكییە رۆشنبیرییە جێگەی پرسیار نییە كە گەنجێكی سەدەی بیست و یەك و نەوەی سەردەمی تەكنەلۆژیا! پرسیاری (حەڕامی و حەڵاڵی) بەستنی بۆینباغ و دروستی و نادروستی دەستنوێژ شوشتن لە حەمام.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.