ئەی شاژنەکەم...
دابەزە لەو بەرزیە،
تۆ بۆ خۆت بەرزی،
نایەوێ لە سەر پەنجەکانت بەرزەپێ بیت،
خۆ درەختی باڵات بەرزە..
ئەی شۆخەژنەکە..
با عەرشی پیاوەتیم،
لەبەردەم رازی ژنایەتیت،
تاوێک بچەمێتەوەو
بڕبڕەکەشم کووڕ ببێتەوە...
ئەوە کورسی عەرشەکەمە،
فیدای چۆک دانێکی تۆ بێ و
با لە سەرسینگم بیگرسێنەوە...
دەبا قودرەتم لە بەرامبەر قادرت،
بە قوربانی یەک تەشریفی خێرت بێ..
بە بێ فەرمانی،
موتلەقی شاهانەت،
ئەو کۆشکەم بە کۆریتێک،
ئەزانم..
خەونە سپیەکانم،
لە بن سێبەری تارای جەبەرۆتت،
سیحریان بەتاڵ ئەبن و
بوون ونەبوونم وەکو یەک ئەبن...
لە بازاڕی موزایەدەیەکی کەرامەت وکبریائەتدا،
پولێکی قەلپ ناهێنن...
من لە بەردەم ئەو تەخت وتاراجەتدا،
باڵدارێکی باڵشکاوو...
جەستەیەکی بێ رۆحم..
ئاسودەم بە تەقدیس وتەکریمی،
تاجی سەر سەرت...
خۆشبەختیە ئەو ملکەچی،
بوونە...
من کە سوجدە بۆ نووری چاوی تۆ،
نەبەم،
میحراب ونوورو بەهەشتی دوای قیامەتم،
لۆچیە،
کە قیامەت و رۆژی حیسابم،
لە دووری ئامێزی تۆوە بێت،
سوتانم لە وجەهەنەمەی فیراقت،
کوفرو ئیلحاد نیە...
ئەوانە برژانگم نین،
فەرشی سۆرو مۆرن،
پێیان لە سەردانێ...
با رەوتی شاهانشاهانەت ببینم،
وەکو پۆڕ تێپەڕێت...
جۆڵانەی ئەرخەوانی سەرخەوێکی مەلیکانەت،
بە رایەلی شادەمارەکانی دڵم،
هەڵواسە...
هەمیشە بە سەفای راژەنینێک...
لە بەر پێی هاتنی فەخامەتت،
ئەبنە خاکوخۆل و
خۆیان رائەخەن...
سەرکەوە با نوکی کەعبی پێڵاوەکانت،
لەو دڵ ورۆحەم زیاتر راچێت،
دەبا لە بن پێت باشتر بپلیشێنەوە...
ئەگەر دڵێک لە رێگەتە سەر دانەنێت،
شەهیدێکی نەمر نیەو
با سەد جار بمرێت...
ئەوە لە بەخشندەیی خۆتە،
ئەگەر جار نا جارێ،
بە تیلە رقێک و
نەرمە خێسەیەکیش،
ناوم بە سەر نوکی زارت بێنی و
لایەکی ئەو سەحرایەم،
لێ بە بەهەشت کەیتەوە...
١٢-١-٢٠١١
هۆڵەندە-دێلفت
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
