له توێژینه‌وه‌یه‌کی به‌راوردکاریدا زانایه‌کی بواری سوحفیلۆجی نووسیویه‌تی: له سلێمانی له‌م چوار ساڵه‌ی رابردوودا، ژماره‌ی په‌یدابوونی سوحوفی له رۆژێکدا زیاتره له ژماره‌ی ئه‌و منداڵانه‌ی رۆژانه له خه‌سته‌خانه‌ی ویلاده له‌دایک ده‌بن.
زاناکه هۆی ئه‌مه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ گۆڕانی گه‌رایشی ئه‌ده‌بیی خه‌ڵکی کورد، به‌ڕێزیان وتی له حه‌فتاکاندا ئه‌وه‌ی چوار شیعری خوێندبێته‌وه له شاره‌که‌مان، ده شیعری له به‌رامبه‌ردا ده‌نووسی و ده‌بوو به شاعیر، ئێستاش هه‌مان گه‌رایش له ئارادایه به‌ڵام ئه‌م جاره بۆ رۆژنامه‌وانێتی. زانایه‌که له توێژینه‌وه‌که‌یدا نووسیویه‌تی، ئێستا ته‌قریبه‌ن له هه‌موو ماڵێکدا سوحوفیه‌ک هه‌یه، له هه‌ندێکیان ره‌نگه زیاتریش، به تایبه‌تی ئه‌هلی رۆژنامه‌وانی ئه‌هلی، که جاری وا هه‌یه کۆمپلییت هه‌ر هه‌موویان ده‌ڵێیت له‌گه‌ڵ شیری نیدۆدا خواردوویانه، سوحوفیی ئه‌هلیین. پێده‌چێت سوحوفێتی نه‌خۆشییه‌کی درمی بێت، و برا له برای بگرێته‌وه، و ئامۆزا له پسمامی بگرێته‌وه. له لای ئێمه‌ش دوای ده ساڵی تر وای لێ دێت برا به برا ئه‌ڵێت تۆ که‌ی ئه‌هلییت؟ وه‌ختێ من ئه‌هلی بووم تۆ به مه‌مه ماستاوت ده‌خوارده‌وه و واتده‌زانی شیره.
هه‌روه‌ها زاناکه له توێژینه‌وه‌که‌یدا باسی ئه‌وه ده‌کات هۆیه‌کی په‌نا بردن بۆ سوحوفێتی بریتییه له‌وه‌ی که پیشه‌که هیچ (سه‌ر)مایه‌یه‌کی ناوێت، ناڕازی به و ته‌واو. زاناکه وتی، دیاره پیشه‌ی رۆژنامه‌گه‌ری له ئاستی شاردا هه‌م پاره‌ی باشی تێدایه، که پیاو ده‌توانێت به‌شێکیشی لێ گل بداته‌وه، هه‌روه‌ها ناوبانگیشی تێدایه به تایبه‌تی له که‌ناڵی (که‌ی نان بۆ نانه‌وایه) مقابه‌له‌شت ده‌که‌ن، و ده‌تخه‌نه لیستی پاڵێوراوانیان بۆ هه‌ڵبژاردنیش. ئه‌وه‌ی له تۆ داوا ده‌کرێت له‌و که‌ناڵه و له‌و حزبه هه‌ر ئه‌وه‌یه ده‌سه‌ڵاتداران به‌دناو بکه‌یت و بێ به‌ڵگه تۆمه‌ت ببه‌خشیته‌وه. باسی ئه‌وه بکه‌یت که ئیهانه ده‌کرێیت و ته‌نانه‌ت هه‌وڵ دراوه ده‌نگت کپ بکه‌ن له رێگه‌ی ئیغتیال کردنته‌وه، بۆ نموونه، ئه‌گه‌ر له‌به‌ر قسه‌کردن و سه‌ر و مل راوه‌شاندن له کاتێکدا له‌ژێر مقه‌ستی ده‌لاکی سه‌رسوچی کۆڵانه‌که‌تان و به رێکه‌وت له عه‌جولیی خۆت لاملت خوێنی لێ هات، ده‌ستبه‌جێ پارتی و یه‌کێتی پێ تاوانبار بکه و ئه‌مه به هه‌نگاوێک دابنێ بۆ بڕینی ملی ئه‌هلی رۆژنامه‌وانی ئه‌هلی.
توێژه‌ره‌وه‌که وتی، ئه‌گه‌ر خوانه‌خواسته راست بێت ئه‌م زستانه ئه‌نفلۆنزای به‌راز بڵاو ببێته‌وه، ئه‌وا له‌به‌ر زۆریی ژماره‌یان، زۆربه‌ی قوربانییه‌کانی له رۆژنامه‌وانان ده‌بن. توێژه‌ره‌وه‌که درێژه‌ی پێدا و وتی گوێی شه‌یتان که‌ڕ بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌مه راست بێت، له‌وانه‌یه به‌عزه عائله‌یه‌ک هه‌ر ئینقراز بکات چونکه چۆله‌که‌ی سه‌ربانه‌که‌شیان خاوه‌نی ستوونی هه‌فتانه‌ی خۆیه‌تی.
هه‌روه‌ها زاناکه وتی تا ئێستا له کورتخایه‌نیدا سیاسه‌تی بشفڕێت هه‌ر بزنه بۆته مایه‌ی زیاترکردنی تیراژی هه‌ندێکیان، ئه‌گه‌رچی ناوبه‌ناو شاره‌وانی غه‌رامه‌شیان ده‌کات له‌سه‌ر چڕه‌دووکه‌ڵی سووتاندنی تیراژه زیاده‌کانیان به‌ڵام گرده‌که خۆش بێت په‌ک ناکه‌وێت. هه‌ڵئه‌په‌ڕێ و که‌وشی ئه‌دڕێ، براله خۆش بێت، بۆی ئه‌کڕێ!
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
