شاعیری ناسراو قوبادی جه‌لیزاده، دڵگرانی خۆی نیشان ده‌دات، سه‌باره‌ت به‌و هاوسۆزییه‌ی، که پارلمانی کوردستان نیشانی داوه، به‌رانبه‌ر یه‌کییه‌تی زانایانی ئایینی، ناوبراو ئاماژه به‌وه ده‌کات، که یاسا، کار‌و ئیشی پارلمانی دیاری کردووه، هه‌روه‌ها له سه‌رۆکی هه‌رێم و سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێم ده‌خوازێت، که سنورێک بۆ ڕه‌شه‌کوژی وشه و ئازادی ڕاده‌ربڕین دابنێن. ئه‌مه ده‌قی وته‌کانی شاعیره، که وێنه‌یه‌کی بۆ ماڵپه‌ری قه‌ڵادزێ ناردووه:
نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندو رۆژنامه‌نووسانی به‌رێز
خه‌لکی به‌شه‌ره‌فی کوردستان
سڵاوی وشه‌ی ئازادی خوازتان لێ بێت
به‌داخه‌وه، راوه‌دوونانی وشه‌ی ئازاد‌و بیری ئازاد‌و رووناکبیرانی ئازادی خواز، له‌لایه‌ن کۆنه‌ویست و دۆگما‌و فکرداخراوه‌کاندا، هه‌ر دریژه‌ی هه‌یه. له‌وه ده‌چێ ته‌کفیر کردمنمان و هاندانی خه‌ڵک بۆ په‌لاماردانمان و جنیودان و تووک و دوعا لی کردن، له‌لایه‌ن گوتار بێژی مزگه‌وتی محمد فوزی یه‌وه به‌رێز مامۆستا مه‌سعووده‌وه له 7 - 1 ته‌واوی هاوفکرانی ئه‌وی رازی نه‌کردبێت، بۆیه ئه‌ورۆکه، یه‌کێتی زانایانی ئایینی، به هاوکاری و پشتیوانی په‌ڕله‌مانی کوردستان، بریاری دا، کۆمه‌ڵه شعره‌که‌م له کتێبخانه‌کانی کوردستان بکێشنه‌وه‌و دواجار په‌لکیشی زیندانه تاریک و نوته‌که‌کانی جه‌هاله‌تی بکه‌ن.
دیاره به‌ر له هه‌موو شتێک، زۆر قه‌ڵس و دڵگرانین به‌وه که په‌رله‌مانی کوردستان، هاوکارو هاوسۆزی، بۆچوونه سه‌ر چیغه‌کانی به‌رێز مه‌لا مه‌سعوودو هاوفکره‌کانییه‌تی له‌مه‌ڕ کێشانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه شیعره‌که‌و ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی و پاشانیش زیندانی کردنی، چونکه پێم وابێ ئه‌مه هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به فرمانه‌کان و ده‌سه‌لاتی په‌رله‌مانه‌وه نییه، یاسا کار‌و ئیشی په‌رله‌مانی به‌رێزی ده‌ست نیشان کردوه که بریتییه له یاسا دانان و چاوه‌دێری که‌رووبارو هه‌ڵس و که‌وتی دام و ده‌زگاکانی حکوومه‌ت. په‌رله‌مان، که به‌رهه‌می شۆرشه یه‌کله‌دوای یه‌که‌کانی گه‌ل و به‌رهه‌می خوێنی هه‌زاره‌ها شه‌هیده، له پێناوی ئازادی میللله‌ت و سه‌رفرازی تاکه که‌س وا پیویست ده‌کات که له پێشی پێشه‌وه‌ی هه‌ر سی ده‌سه‌ڵاته‌که بێت بۆ به‌دی هێنانی یاسا گه‌ڵێک که تیایاندا، ته‌واوی ئازادییه‌کان بۆ ته‌واوی چین و توێژه‌کانی کورده‌واری مسۆگه‌ر بکات، که نووسه‌رو هونه‌رماندان و رۆژنامه نووسان، توێژی هه‌ره زندوی کۆمه‌ڵگاکه‌ن. دیاره نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندان، به‌شی که‌میان له‌و قوربانی دانه به‌رنه‌که‌وتوه، جگه له‌وه‌ی کڵپه هه‌ره گه‌رم و گوره‌که‌ی مه‌شخه‌لانی شۆڕشه‌کان بوون.
په‌ڕله‌مان ئه‌گه‌ر له هه‌وڵی جدیدا نه‌بیت بۆ بۆ به‌ر فراوان کردنی مه‌وداکانی ئازادی، خۆ ناکرێ ئه‌و جغزه به‌ر ته‌سکه‌ی ئازادی که هه‌یه، وێکی بهینێته‌وه.
ئه‌و هه‌ڵمه‌ته ناره‌وایه‌ی به‌شێک له مامۆستایانی ئایینی ده‌ستییان داوه‌تێ، به‌مه‌به‌ستی ده‌ست خستنه بینه‌قاقای بیر‌و وشه‌ی ئازاد‌و خافه کردنی قیژه‌ی قه‌ڵه‌مه ئازادی خوازه‌کان، جگه له خزمه‌تی کولتوریکی بێگانه‌ی به‌زۆر داسه‌پاوه‌وه، چیدیکه نییه، پێمان وایه ناکرێت، په‌رله‌مان پشگیری له په‌یامیک بکات، که ده‌رئه‌نجام نه‌ک به قازانجی نووسه‌رو هونه‌رمه‌نداندا ناشکێته‌وه، به‌ڵکو زیانیکی له راده به‌ده‌ر به ئه‌زموونه ده‌موکراتییه ساواکه‌شمان ده‌گه‌یه‌نێ که هێشتا ده‌ڵه‌مه‌یه. به‌ر پرسانێش روو به‌رووی ده‌یان پرسیاری خه‌ته‌رناک ده‌کاته‌وه.
ئه‌ورۆکه نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندان له هه‌موو سه‌رده‌میک هۆشیارترو تۆکمه تر‌و یه‌کریز ترن، ده‌ره‌قه‌تی ئه‌و هێزانه دێن که هه‌وڵی کپ کردنی ده‌نگی ئازادی خواز ده‌ده‌ن. له‌سایه‌ی ئه‌وه‌ش که هه‌نووکه جیهان بووه به گوندێکی گه‌وره، ئیدی به ئاسانی ده‌نگی نارازایی خۆمان ده‌گه‌یینینه ئه‌وپه‌ڕی دنیا.
زۆر باداخه‌وه ده‌سه‌لاتی کورد ئه‌رۆکه، له هه‌مبه‌ر ئه‌و ده‌ستدرێژیانه‌ی مامۆستاکانی ئایینی ئه‌نجامی ده‌ده‌ن زۆر کپ و بێ ده‌نگه که پێم وایه وا ده‌خوازێت سنووریک بۆ سه‌رکوتکردن و خه‌فه کرندنی وشه‌ی ئازاد و قه‌ڵه‌می ئازاد دابنیرێ ده‌نا سه‌ره‌نجام تویژه فره به‌به‌ره‌کانی کۆمه‌ڵ لێک ده‌ررازێن و پارچه پارچه ده‌بن
ده‌خوازین له به‌رێز سه‌رۆکی هه‌رێم و سه‌رۆکی حکوومه‌ت و حزب و ریکخراوه عه‌لمانییه‌کان سنوورێک بۆ ره‌شه کوژی وشه‌ی ئازاد و ئازادی ده‌ربڕین دابنێن.
له‌کاتێکدا زۆر به توندی ئیدانه‌ی زیندانی کردنی کۆمه‌ڵه شیعره‌که‌م ده‌که‌م و داوا ده‌که‌م هه‌رچی زووه ده‌رگای زیندانی بۆ ئاوه‌لا بکه‌م، داوا له به‌رپرسانی حکومه‌ت ده‌که‌م گیانمان له هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌و ته‌رزه که‌س و لایه‌نانه بپاریزن که ده‌رگای گفگۆیان به‌رووی بیر‌و بۆچوونی ئازاد‌و وشه‌ی ئازادا داخستوه. دا‌و ا له یه‌کێتی نووسه‌ران ده‌که‌ین له‌سه‌رمان هه‌ڵبداتێ و په‌یامی خۆی بخاته به‌رده‌ست و داکۆکی له وشه‌ی ئازادا بکات که یه‌کێتتیه‌که بۆ ئه‌و ئامانجه چاوی هه‌ڵێناوه
به‌لی بۆ ئازادی
نا بۆ خه‌فه کردن
قوبادی جه‌لیزاده
13 - 1 - 2011
شایه‌نی باسه، ماوه‌یه‌که هێرشی توند ده‌کرێته سه‌ر گه‌وره نوسه‌ران و شاعیرانی کورد، به تۆمه‌تی بێڕێزی کردن به ئایین. هه‌ر له‌م نێوه‌شدا مامۆستای زانکۆ فه‌رهاد پیرباڵ، به تاوانی سوکایه‌تی کردن به ئایین، چه‌ند رۆژێک له‌مه‌وبه‌ر، له دادگا سزای به‌سه‌ردا سه‌پێنرا.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
