نامەی ناڕەزایی ژمارەیەک توێژەر بۆ سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت .. گوتاری مەلاکان خزمەت بە پێکەوەژیان و گفتوگۆی زانستیانە ناکات

نامەی ژمارەیەک توێژەر بۆ :

بەرێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان

بەرێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

ئێمە وەک ئەم چەند توێژەرەی کە له‌ خوارەوە ناومان هاتووە لەڕوانگەی هەستکردنمان بە بەرپرسیارێتی مێژوویی و هەستیاری دۆخەکە، لەبارەی دەستیۆەردانی ژمارەیەک لە پیاوانی ئایینی و ئەکتەرەکانی ئیسلامی سیاسییەوە لەسەر ئازادی و پانتایی گشتی کۆمەڵگا، ئەم نامەیە ئاڕاستەی بەڕێزتان دەکەین، بە ئومێدی کارکردن بەئاڕاستەی فراوانکردنی رووبەری ئازادییەکان.

                 

یەکەم: مەلای کورد لە فاکتەری لێبوردەیی و گەشەی کۆمەڵایەتییەوە بۆ هێزی دژە ئازادی:

لەسەرەتای سەدەی بیستەوە کە دەرکەوتەکانی مۆدێرنیتێ دێنە نێو کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیه‌وه‌، بیر و بزووتنەوەی نەتەوەیی دێتە ئاراوە و گەشە دەکات، قوتابخانە و زانکۆکان دێن و دەبنە ئەڵتەرناتیڤی حوجرە و خوێندنە ئاینییەکان، خوێندەواری نوێ و زانستە کۆمەڵایەتی و سروشتییەکان دێن و بەجۆرێکی دی ڕاڤەی ژیان و دیاردەکانی دەکەن. رۆشنبیران وەکو تازە توێژێکی ڕابوو کە خەونی گۆڕان و نوێبوونەوەی کۆمەڵایەتی و هۆشیاریان هەیە، دێنە پێشەوە و کاریگەری خۆیان دادەنێن. لەهەموو ئەمانەدا مەلای کورد جگە لە هەندێک حاڵەتی کەم نەبێت بەرەنگاربوونەوە و دژایەتی نیشاننەداوە، بەڵکو بەپێچەوانەوە مەلای کورد وەڵامدانەوەی پۆزەتیڤانەی بە بەهاکانی مۆدێرنیتێ هەبوە، مەلای کورد بەشداری هزر و بزووتنەوەی نەتەوەیی کردوە، پێشوازییان لە کردنەوەی قوتابخانە و زانکۆکان کردووە، مەلای ئیبن و ئادەم مەلا محەمەدی کۆیە و مامۆستا سەجاددی و شێخ ئەحمەدی خاڵ و کەسانی دی نموونەی ئەم جۆرە مەلایانەن، بەڵام بەداخەوە ئەم تایپە لە مەلای ئازادیخواز لەڕۆژگاری ئەمڕۆماندا ئەگەر تاک و تەرا هەشبن ئەوا گۆڕەپانیان بۆ ئەو جۆرە مەلا توندڕەوانە چۆڵ کردووە، ژمارەیەک مەلای توندوتیژ کە تەقلیدێکی ناشرینی مەرجەعە ئاینییە عەرەبییەکان دەکەن، جێگەیان گرتوونه‌ته‌وه‌. کۆمەڵێک مەلا وەک سەدەکانی ناوەڕاست خۆیان بەنوێنەر و پارێزەری ئایین لەقەڵەم دەدەن و بەناوی پاراستنی ئایینەوە خەریکی سزادانی نوسەران و شاعیران و مرۆڤە ئازادیخوازەکانن.

ئێمە لێرەدا سەرنجی جەنابتان بۆ مەترسی ئەم دۆخە رادەکێشین، ئەم دۆخە هەرگیز ناچێتە خانەی سنووربەزاندنی ژمارەیەک نووسەرەوە، یان خانەی پارێزگاری لە ئایین و نەریتەوە، بەڵکو کوشتنێکی تراژیدیانەی ئازادییە، کوشتنی ئەو ئامانجەیە کە کورد چەندین دەیە لەپێناویدا جەنگاوە و قوربانیداوە، سەرەتایەکە بۆ سەرکوتکردنی هەموو دیدێکی نوێ و عەقلانی و زانستی بۆ ئایین و داخستنی دەرگای گفتوگۆیە، بگرە دەستپێکی قۆناغێکی تاریکە لە مێژووی قەڵەم و زانست و بزافی ئازادیخوازی نەتەوەی کورد، بۆیە داوا دەکەین رێگە بە بەردەوامی ئەم رەوشە نەدرێت و کۆتایی پێبهێرێت.

دووەم: یاسا وەک ئامرازی سەرکوتکردنی ئازادی و لەناوبردنی کۆمەڵایەتی

یەکێک لەو دەمامکە بەردەوامانەی کە پیاوانی ئایینی و گروپە ئاینییەکان بەکاریدێنن بۆ دژایەتیکردنی ئازادی، بۆسەپاندنی یەک تایپی دیاریکراو لەبیرکردنەوەی ئایینی و قەدەغەکردنی دید و خوێندنەوەی جیاواز لە بارەی ئیسلامەوە، بریتییە لە دەمامکی یاسا، یاسا لە جیاتی ئەوەی پرەنسیپی پاراستنی ماف و ئازادییەکان بێت بوە بە دەمامکی لەناوبردنی ئازادی، ئەوەشی زەمینەی بۆ ئەم پرسە خۆشکردوە بریتییە له‌ کارکردن بە مادەی ژمارە(403)ی یاسای سزادانی عیراقی کە یەکێکە لە پاشماوە هەرە خراپەکانی بەعس، هەروەها بوونی چەند بەندێکی یاساییی وەک خاڵی 2 و3 لە مادەی نۆیەم لە یاسای کاری رۆژنامەنووسی، وێڕای ئەو مادەیەی کە تایبەتە بە لانەدان لە داب و نەریتی کۆمەڵگا، ئەمە لە کاتێکدا داب و نەریتی هیچ نەتەوەیەک چەند جوان و رەسەنیش بێت پیرۆز نییە و لە ئاسمان نەهاتۆتە خوارەوە، دابونەریت بەرهەمی گەشەکردنی کۆمەڵگایە لە قۆناغیکی مێژوویی دیاریکراودا، رەنگدانەوەی سەردەمێکی دیاریکراوە، هەمان کۆمەڵگا دەتوانێت لە قۆناغێکی نوێی گەشەکردن و هەلومەرجێکی نوێی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا، دابونەریتی نوێ بەرهەمبهێنێت. بەمشێوەیە دابونەریت بونێکی رێژەیی و مێژووی هەیە و لەگەڵ گۆڕانی هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و ئابووری و هۆشیاریدا، نەریتی کۆمەڵایەتیش دەگۆردرێت. هەربۆیە بوونی دەقێکی یاسایی لە یاسای رۆژنامەگەریدا بۆ لانەدان لە نەریت لەلایەک، لەگەڵ رەوتی زانستیانە، دروستبوون و گەشەی نەریتی کۆمەڵایەتی ناگونجێت، لەلایەکی دیکەوە بووە بە گەورەترین کەرەستەی دژایەتیکردنی ئازادی و سڕینەوەی پلۆرالیزمی کەلتووری و ئەخلاقی و ئایینی.

لەلایەکی دیکەوە دەستەواژەی سوکایەتیکردن بە ئایین بوە بە ئامرازی سڕینەوەی جیاوازیەکان، ئەوەی لەم رەوشەدا دەستنیشانی سوکایەتیکردن دەکات بەرژەوەندی و میزاجی پیاوی ئایینیە نەک شتێکی تر، مەرامی سیاسی و ئایدۆلۆژی ژمارەیەک کەس و گرووپە، نەک پێداویستییە ئاینییەکان. ئیدی لێرەوە بە چاوی خۆمان تەسیفەی مەعنەوی هەموو دەنگە عەقلانی و زانستییەکان دەبینین، ئەمە لە کاتێکدا لە خودی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ( تۆقاندن) لە هەرێمی کوردستاندا تەکفیرکردن و هاندان بۆ توندوتیژی بە تاوانی تۆقاندن لەقەڵەمدراوەو لە خاڵی (2 لە مادەی 2) سزای توندی بۆ دانراوە

سێیەم: بیناکردنی بێلایەنی ئەو بەهایانەی کە پانتایی گشتی رێکدەخەن وەک بنچینەی پێکەوە ژیان

یەکێک لە بنچینە هەرە گرنگەکانی بەدیهێنانی پێکەوە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە هەر کۆمەڵگایەکدا بریتییە لە بیلایەنی ئەو بەهایانەی پانتاییە گشتییەکانی کۆمەڵگا رێکدەخەن، بریتییە لە بارگاوینەبوونی ئەو بەهایانە بە رەهەندی ئایدۆلۆژی و ئایینی و سیاسی، بەڵکو بوونی کۆمەڵێک بەهای مەدەنی بیلایەن مەرجی یەکەمی گەشەکردن و پێکەوە ژیانی راستەقینەیە، نەک بە تەنها لەسەر ئاستی ژیانی کۆمەڵایەتیدا بەڵکو لەسەر ئاستی ژیانی سیاسی و رۆشنبیریشدا. کاتێک مەلاکان دەیانەوێت کۆمەڵێک بەهای ئایینی بسەپێنن بەسەر پانتاییە گشتییەکانی کۆمەڵگای کوردیدا ئەوە لە راستیدا پێکەوژیانی راستەقینەی هاوڵاتیان دەکوژن و خەونی جێگیرکردنی پرەنسیپەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لەبار دەبەن.

سیاسەت وەک یەکێک لە گرنگترین پانتاییە گشتییەکانی کۆمەڵگا پێویستە بەدوور لە هەموو بەها و تێزێکی ئایینی و ئایدۆلۆژی کار بکات، تا هەموومان بە هەموو جیاوازییەکانمانەوە بتوانین وەک مرۆڤ پێکەوە بژین و بەشداری سیاسەت بە مانا هەرە فراوانەکەی بکەین و رۆڵمان هەبێت لە بیناکردنی کۆمەڵگای کوریدا و گەشەپێدانی پێکەوە ژیان لەهەرێمەکەماندا، پێویستە بەها بێلایەنەکان لە بواری چالاکییە مەدەنی و زانستی و ئەکادییمییەکان وەک پانتاییە گشتییە گرنگەکانی دیکەی کۆمەڵگا کار بکەن، نە مەلا و نە هیچ گروپ و سیاسییەک بۆی نەبێت بەهایەکی دیاریکراوی ئایینی یان ئایدۆلۆژی بەسەر ئەم پانتاییە گشتییەدا بسەپێنێت و بیکات به‌ پێوەر بۆ قەبوڵکردن و سڕینەوەی ئەویدی، بۆ دەستنیشانکردنی باش و خراپ، کاتێک مەلایەک رێگە بە خۆی دەدات مۆری بێ ئەخلاقی بنێت بە نیوچەوانی هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی ژنانەوە، مۆری کافری بنێت بە نێوچەوانی توێژەران و شاعیرانەوە ئەوە سەپاندێکی ئاشکرای بەهای ئایینییە بەسەر گرنگترین پانتاییە گشتییەکانی کۆمەڵگای کوردی و لەناوبردنی هەر چەشنە جیاوازیی و پێکەوەژیانێکی راستەقینەیە. ئەمە چەندێک تراژیدیایەکی مەترسیدارە بەهەمان ئەندازەش ئەوندە مەترسیدار و تراژیدیایە کە سەرۆک و بەرپرسە باڵاکانی حکومەت و سیاسیەکان دابنیشن و لە دوورەوه‌ سەیری ئەم تراژیدیایە بکەن، بەچاوی خۆیان تراژیدیای شکستی پێکەوەژیان ببینن و بێدەنگ بن، ئەمە خەمساردییەکی ترسناکە و ئاییندەیەکی تاریکی دەبێت، لەکاتێکدا کە ئەم فەتوایانە خودی دەزگا و بەرپرسە باڵاکانی دەولەتیش دەگرێتەوە، بۆیە لە جەنابی سەرۆکی هەرێم و جەنابی سەرۆکی حکومەت داواکارین کە لەم روەوە هەڵویست بنوێنن و بە پرۆژەی یاسایی، بە ئایینیکردنی ئەو بەهایانەی پانتاییە گشتییەکان بەرێوە دەبەن قەدەغە بکرێت، دەبێت بەهای ئایینی و ئایدۆلۆژی لە پانتاییە گشتییەکان دوور بخرێنەوە چونکە ئەوە تاکە رێگەیەکە بۆ بە مەدەنیکردنی پانتاییە گشتییەکان و بەدیهێنانی پێکەوە ژیانێکی راستەقینە

چوارەم: هەوڵەکانى ئەم دواییەى هەندێ لە مەلاکان و ئیسلامی سیاسی کوردستان، هەوڵگەلێکن بە ئاڕاستەى توندوتیژی و هەڕەشە لە لێبوردەیی و پێکەوە ژیان دەکەن، ئامانجی ئێمە ئەوەیە کولتوری لێبوردەیی بکەین بە هۆشیاری و رەفتار، لە واقیعی ژیانی کۆمەڵایەتیدا رەنگ بداتەوە، بەڵام بە داخەوە مەلاکان لە جێگەی لێبوردەیی، روبەرەکانى کین و بوغز فراواندەکەن، لە جیاتی جێگیرکردنی پڕەنسیپەکانی کۆمەڵگای کراوە و ئازاد، کۆمەڵگای داخراو و توندوتیژ بەرهەمدێنن، ئێوە وەک بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێکردن، دەبێت بە وردی لەوە بەئاگابن کە ئەم هەرێمە بەو دەسەڵاتە گشتگیرەی دراوە بە مەلا ئەزمونى پێکەوە ژیان و دیموکراتى دەخەنە بەر مەترسی، بگرە ئەو بیرۆکەیەش بێ مانا دەکات کە پێی وایە کورد بەشێوەیەکی لێبوردوانە ئایینی پراکتیزە کردووە، بۆیە دەبێت بە یاسا قەدەغەی توندوتیژی بکرێت و لە هەمانکات لێبڕاوانە بیر لەوە بکەنەوە کەدەبێت دامو دەزگای زانستى و توێژینەوە لەسەر ئاین بکەنەوە و ئیدی ئایین بکرێتە کێڵگەی توێژینەوەی زانستی، لەزانکۆکانیش بەشەکانى (ئاینناسی)بکەنەوە بۆ بەرگرتن لەو مۆدێلەی بیرکردنەوەی هەندێک مەلا، کە بیری فەندەمینتالیزمى ئاینى زەینى داگیرکردون .

پێنجەم: مەترسی هەیمەنەی بەها ئایینییەکان بەسەر پانتاییە کۆمەڵایەتییەکاندا:

گومان لەوەدا نییە کە هەرێمی کوردستان لە چەندین پێکهاتەی ئێتنی و نەتەوەیی و ئایین و ئاینزای جیاواز و کولتووری جیاواز پێکهاتووە و ئەم خەسڵەتەش هەر لە کۆنەوە یەکێک بووە لە جوانییەکانی کۆمەڵگای کوردی و هەمیشە لە مینبەرە جیاوازەکاندا شانازی پێوە کراوە. ئەمە وایکردووە کە هەرێمی کوردستان و هەر چوار پارچەکانی کوردستان لەگەڵ هەموو مەینەتیەکانیش پانتایەک بن بۆ لێبووردەیی و مەیدانێک بن بۆ شۆڕەسوارانی ئازادی و ڕزگاری. سەپاندنی یەک ڕەنگ و بەهای ئاینی بەسەر پانتاییە کۆمەڵایەتییەکاندا دەبێتە هۆی لەناوبردن و فەوتانی هەموو ئەو جوانیانە و پاشەکشێکردنی ئەقڵ و مەعریفە و سەپاندنی یەک جۆرە مۆدێلی ئاینی کە مەگەر تەنها لە سۆماڵ و عەرەبییەی سعودی کە دایەنگای وەهابیزمە جێگایان ببێتەوە، ئەگینا لەهیچ کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو کراوە جێگایان نابێتەوە. ئەم مۆدێلە مەترسی نەک هەر بۆ ئەمڕۆی بوارەکانی زانستی و ئازادییەکان و ڕۆشنبیران و تەنانەت دەزگاکانی حکومەتی هەرێمیش هەیە، بەڵکو مەترسییەکی گەورەشە بۆ نەوەکانی داهاتووی گەلەکەمان و ئەو ئارامی و ئاساییشەی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستانیش کە هەموو لایەک شانازی پێوە دەکەین و بەری ڕەنجی قوربانییەکانی میللەتەکەمانە.

دەمانەوێت ئەوەش دووپات بکەینەوە کە ئەو ئازادییەی ئێمە بانگەشەی بۆ دەکەین پێش هەموو کەسێک لە بەرژەوەندی ئەکتەرەکانی ئیسلامی سیاسی دایە. بۆ ئەوەی ئەوان وه‌ك هه‌ر تاك و گروپێکی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی، ئازادبن و به‌ ئازادی بژین پێویسته‌ نه‌بن به‌ کۆسپ له‌ رێگای ئازادیدا و نه‌بنه‌وه‌ به‌ بکوژانی ئازادی، چونکه‌ دواتر خۆشیان ده‌بنه‌وه‌ به‌ قوربانی هه‌ر رژێمێك که‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ئازادی له‌ کوردوستاندا دروست ببێت. ئێمه‌ وه‌ک چۆن به‌رگری له‌ ئازادی بزوتنه‌وه‌ی ژنان ده‌که‌ین ئاواش به‌رگری له‌ ئازادی‌ بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی سیاسی ده‌که‌ین، چۆن به‌رگری له‌ ئازادی شیعر و هونەر ده‌که‌ین ئاواش به‌رگری له‌ ئازادی قورئان ده‌که‌ین. بۆ ئەوەی ئازادی ئەوان پێشێل نەکرێت، پێویستە ڕێز لە ئازادیەکانی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بگیرێت.

دەبێت ئەوە بزانین ئەگەر یەک جۆرە شێواز و تێفکرینی ئاینی توندڕەو و دابەشکردنی ڕۆژانەی فەتوا و خراپ بەکارهێنان و قۆستنەوەی مینبەرەکانی مزگەوت هەیمەنە بەسەر پانتاییە گشتییەکاندا بکەن دەیان کارەساتی لێ دەکەونەوە و دروست دەبن، لە نموونەی هه‌یمه‌نه‌ی کریستیانە توندڕەوەکان به‌سه‌ر وڵاتی ئیسپانیادا و مه‌حاکیمە بەدناوەکانی ته‌فتیش، سوتاندنی زاناکان، سه‌ربڕینی فه‌یله‌سوفه‌کان و لاقەکردنی دەیان کەسی ئازادیخواز و هتد. سەپاندنی وەها ڕەوشێک بۆ هه‌موو ئاینه‌کان راسته‌. بۆئه‌وه‌ی سوونه‌ و کاتۆلیکەکان، شیعه‌ و پرۆتیستانتەکان، سه‌له‌فی و ئێزیدی و کاکەیی و زەردەشتی و ئەتایزم و بێ دینەکان به‌ ئازادی پێکه‌وه‌ بژین، ده‌بێت پانتاییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان ئازادبن له‌ به‌هاکانیان و تەواوی هه‌یمه‌نە دینیەکان. ئاخر کێ ئەو شەرعیەتە بە کۆلکە مەلایەک دەدات بێتە سەر مینبەری ماڵی خوا و بەئارەزووی خۆی خەڵک بەسەر بەهەشت و دۆزەخدا دابەش بکات و نرخ بۆ هیچ بەهایەکی مرۆیی و کولتووری و ئازادیەکان و مافەکانی مرۆڤ دانەنێت. ئێمە پێمان وایە ملکەچکردنی دەزگاکانی حکومەتی هەرێم، لەپێشەوەی هەمووشیانەوە دادگاکان و پۆزشهێنانەوە یەک لەدوا یەکەکانی ڕۆژنامە و ئەنجومەنی پاریزگاکان و وەزارەتەکان بۆ فەتوا و چاوسوورکردنەوەی چەند مەلایەک و ئەکتەرێکی ئیسلامی سیاسی، ڕەوشی هەرێمە ئارامەکان دەکه‌ن بە دۆزەخ و ڕۆژێک دێت هەرچی فیکرێکی ئازاد هەیە ڕوو لە هەندەران ده‌کات و کوردستانیش سۆماڵ ئاسا ده‌بێتە مەیدانی قاعیدە و فیکرە تاریکەکانی سەدەکانی ناوەڕاست و گۆڕەپانی شەڕێکی درێژخایەنی بێ داد و ئامان. چونکە ئاین پارسەنگی پێکەوە ژیانە و لێبووردەییە، ئەوەی ئێمە ئەمڕۆ دەیبینین و بەسەر خەڵکدا فەرز دەکرێت دوورە لە ئاینێک کە لەلایەن خودایەکی پڕ لە بەزەیی و بەخشندەوە هاتبێت.

بۆیە بەڕێز، سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت لەڕێی ئەو پەیامەوە بەجیددی داواتان لێ دەکەین کە سنوورێک بۆ ئەو گەڕەلاوژێیە دابنێن و ئێمەش دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ تەواوی ئەو نامە و ناڕەزاییانەی کە تا ئێستا نوسراون و بۆ ئێوە ئاڕاستە کراون و بڵاوکراونەتەوە. ئێوە بەرپرسن لە ئارامی وڵاتەکەمان و سنووردانان بۆ ئەو ڕەوشەی کە خەریکە لەبەرچاوی دونیاش ناشیرین و قێزەون دەبێت.

لەگەڵ ڕێزمان

ناوەکان:

1- د. عادل باخەوان   قوتابخانەی خوێندنی باڵای زانستە کۆمەڵایەتیەکان

    توێژەری هاوکار لە ئەنستوتی فەرەنسی بۆ لێکۆڵینەوە ئەنەتۆلییەکان

2- فوئاد مەجید میسری   نوسەر و روناکبیر

3- عەلی مستەفا   توێژەر لە بواری ئەنسرۆپۆلۆژیای ئایینیدا

4- ئیبراهیم مەلا زادە  نوسەر و خوێندکاری دوکتۆرا لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان/ زانکۆی برونێل/ لەندەن

5- ئومێد قەرەداغی   توێژەر لە بواری لێکۆڵینەوە ئایینییەکاندا

     توێژەری یاریدەدەر لە زانکۆی سلێمانی

 6- دڵشاد حەمە   خوێندکاری دکتۆرا لە زانستە رامیارییەکان لە زانکۆی نوتنگهام

7- بەهمەن تاهیر نەریمان  توێژەر لە بواری لێکۆڵینەوە ئایینییەکاندا

8- سەروەر پێنجوێنی   توێژەر لە بواری لێکۆڵینەوە ئایینیە، ئیسلامییە، قورئانییەکاندا

9- خەسرەو میراودەلی   نوسەر و وەرگێر

10- نەوزاد جەمال   مامۆستای زانکۆ و شارەزا لە فەلسەفە و ئاییناسیدا

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.