ساڵێک له‌ ڕۆژێکدا ... هه‌ندرێن

کاتێک باڵی فڕۆکه‌کان ئه‌که‌ونه‌ هه‌وای خۆیان

کاتێک به‌خته‌وه‌ری ڕووئه‌کاته‌ نیشتیمانێک

کاتێک ئه‌وین بالده‌گرێت سنووری نیشتیمانه‌کان ناخوێنێته‌وه‌

کاتێک فرمێسکی چاوه‌ڕوانی ئه‌سووتێ و له‌ ناو شه‌ماڵدا له‌شه‌قه‌ی باڵده‌دا

کاتێک خواوه‌ندی گه‌وره‌ خۆی ده‌ستکاری کارێک ده‌کات

ئیتر من و فڕۆکه‌خانه‌ له‌ چاوه‌روانی فڕۆکه‌یه‌کدا ده‌سته‌و وه‌ستان ڕاوه‌ستاوین، که‌هه‌ڵگری خانمێکه‌، خوداوه‌ندێک دروستی کردووه‌ له‌ خه‌ون، خه‌یاڵ، فرمێسک، ئه‌وین، وه‌فا و ڕاستی.

چونکه‌ هێنده‌ فریشته‌ ئاسایه‌، زۆر ده‌ترسام که‌ نه‌یبینم و ئامێزی نه‌گرم، له‌ ئاسمانی فڕۆکه‌خانه‌که‌دا له‌شه‌قه‌ی باڵبدات، بۆ که‌مێک بیه‌وێت خۆی له‌ چاوانم وون بکات.

 به‌ڵام هێنده‌ی پێنه‌چوو... فڕۆکه‌ی به‌ختم گه‌یشته‌ فڕۆکه‌خانه‌ی ڕووحم.

هه‌ناسه‌که‌م زانی دڵی شه‌یدام هێزی گه‌مه‌ی وون بوونی نییه‌ و توانای وازییه‌ مناڵانه‌کانی نه‌ماوه‌... بۆیه‌ به‌ نازو ئه‌ده‌ب و ئه‌وین و شه‌رمه‌وه‌، ڕووی تێکردم و‌ تێر له‌ ئامێزی ئه‌وینی گرتم...

هه‌ر له‌ چرکه‌یه‌کدا سه‌فه‌رێکم به‌ناو ڕووحی خۆمدا کرد، ووتم ئه‌ی دڵ خۆت حه‌شارده، چۆنه‌ هێزی گه‌مه‌ی لێدانت ماوه‌ ئه‌ی دڵ.

به‌رده‌وامبه‌ له‌ ژیان ئه‌ی دڵ... به‌ پاکیت قه‌سته‌م ئه‌ی دڵ... من ته‌مه‌نم سی ساڵ نیه‌ ئه‌ی دڵ... من هه‌ر ئێستا له‌ دایک بووم و کوڕی ئه‌م فڕۆکه‌ خانه‌یه‌م.

 ئه‌ی دڵ نه‌وه‌ستیت ڕاسته‌ به‌خۆشی وه‌ها هه‌تا ئێستا نامۆبوویت... به‌ڵام له‌گه‌ڵمبه‌ ئه‌ی دڵ.

له‌پڕ له‌خۆم ده‌رهاتم و به‌ره‌و ده‌رگای فڕۆکه‌خانه‌، به‌ڕێکه‌وتین که‌ له‌وێ هێوور هێوور به‌سه‌ر سامییه‌وه‌، له‌ئامێزی که‌س و کار گیراین.

که‌ بوونه‌ هۆی چه‌ند ڕۆژێک دابڕان، له‌گه‌ڵ خانمی خه‌ونه‌کانم.

به‌س به‌ نیگاکان، پرسیار و وه‌ڵامان له‌یه‌ک دی ده‌کرد... که‌ ئه‌و ڕۆژانه‌ درێژترین ڕۆژه‌کانی ته‌مه‌نمان بوو.

 شار و مه‌مله‌که‌ت ته‌واو سپی سپی... به‌فر سه‌رتاپای شاری گرتبوو.

 کاتێک خۆم له‌به‌ر ده‌رگای مزگه‌وت و مه‌لاو ماره‌یا بینی، چاوێکم به‌ شه‌قامه‌که‌دا گێڕاوو...

ووتم ئه‌ی به‌فر ببارێ، ئه‌گه‌ر سینه‌ی هه‌وریش ڕاخه‌ی هێنده‌ی دڵی من سپی نابیت.

چه‌ند خووله‌کێکی پێنه‌چوو که‌ گوێم له‌ خانمی خه‌ونه‌کانم بوو، به‌ڵێ مامۆستا من ڕازیم، دڵم دووباره‌ که‌وته‌وه‌ گه‌مه‌ی شێتانه‌ی خۆیی...

به‌په‌له‌ ووتم ئه‌ی دڵ، من تازه‌ ته‌مه‌نم جوار ڕۆژه‌... لێگه‌ڕێ توو گه‌وره‌یی خوا لێگه‌ڕێ...

به‌ڵام ئه‌مڕۆ وا ساڵێکه‌ من هه‌موو ڕۆژێک، له‌و شه‌ڕه‌یام له‌گه‌ڵ دڵما و هه‌موو ڕۆژێ هێنده‌ له‌دایک بوونی ناو فڕۆکه‌ خانه‌ و ووه‌ستانی لای مزگه‌وت و مه‌لا به‌خته‌وه‌رم.

ئه‌ی دڵ به‌رده‌وام به‌ له‌ لێدان، تا بتوانم ڕۆژێ له‌ ڕۆژێ زیاتر بژیم، تا بتوانم ڕۆژێ خامه‌ی خه‌ونه‌کانم زیاتر به‌خته‌وه‌ر بکه‌م، ئه‌ی دڵ به‌رده‌وامبه‌ تۆ بۆ من لێنایه‌یت، تۆ له‌جه‌سته‌ی مندا دوو که‌سی تر ئه‌ژێنیت. ئه‌ی دڵ مه‌وه‌سته‌... ئه‌ی دڵ مه‌وه‌سته‌...

هۆنراوه‌ی هه‌ندرێن...

This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it. 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.