شیرین جیهانی : كاری دەرهێنەری زۆر سەخت و زەحمەتە ... دیمانە: هێمن رانیەیی

لەگفتوگۆیەكی تایبەتدا خانمە دەرهێنەری فیلمی سینەمای كوردی شیرین جیهانی لەسەر رەوشی هونەری و كێشەو ئاریشەكانی بەردەم بواری فیلم و سینەمای كوردی و چەند پرسێكیتری پەیوەست بەم بوارە دەدوێت، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات بەشداریكردنی فیلمە سینەماییە كوردییەكان لە فیستیڤاڵەكاندا بەهۆی بوونی بارودۆخ و رەوشی ناوچەكەیە نەك مەرجی بەرزی ئاست و تەكنیكی هونەری.

رووبەر: باسەرەتا لەسەر ئەو بانگێشتە قسە بكەین كە بۆ فیستیڤاڵی چاند و هونەری كوردی لە سەرەتای ئەو مانگەدا لە شاری ئامەد داوەتكرابوون، ئایا كۆنفرانسەكە چۆن بەڕێوەچوو و چ زانیارییەكی نوێت لەلایە؟

شیرین جیهانی: بە بەشداری پۆلێك لە هونەرمەندانی چوار بەشی كوردستان و ئەوروپاو یەریڤان كۆنفرانسەكە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوامی هەبوو كە كۆنفرانسێكی كلتووری و هونەری بوو، بەشێكی كۆنفرانسەكە تەرخانكرابوو بۆ قسە لەسەركردنی ئەمڕۆی هونەری كوردی بەگشتی و كێشەو كۆسپ و تەگەرەكانی بۆ بوارەكە دێنەرێ، كە هەر هونەرمەندە و بەپێی پسپۆڕی لە بوارەكەی خۆیدا گفتوگۆ و موناقەشەی لەناو كۆنفرانسەكەدا دەكرد، بەدڵنیاییەشەوە بەڵێ سوودی هەبوو و توانیم هەندێك زانیاری بەدەست بێنم كە رەنگە بۆمن شتێكی تازەبابەت بووبێت، كە گومانیشم لەوەدانییە بۆ بەشداربووەكانیتریش هەمان شێوەبووە.

رووبەر: ئایا بوونی ئەم داوەت و كۆنفرانس و بە یەكگەیشتنانە دەكرێت لەسەر ئاستی نەتەوەیی هەڵوەستەی لەسەر بكەین؟

شیرین جیهانی: یەكێك لە ئامانجەكانی كۆنفرانس جگەلەوەی هونەرمەندانی هەر چوار بەشەكە بەیەكگەیشتن و قسە و گفتۆگۆیان لەبارەی هونەر كرد، بەڵام خاڵێكی زۆر گرنگیش تەواوی بەشداربووانی كۆنفرانسەكە پشتگیرییان كرد بۆ ئەوەی زمانی نووسین و قسەكردنی كوردی لەكوردستانی باكوور ببێت بە زمانێكی فەرمی، بۆئەمەش لەناو كۆنفرانسەكەدا كۆمەڵێك شارەزای بواری زمانەوانی كوردی بەشداربوون، بۆیە دەكرێت بڵێین بەڵێ لەسەر ئاستی نەتەوەیی دەكرێت حسابی بۆ بكەین.

رووبەر: زۆرێك لەوشێوە چالاكییانە كە سازدەكرێن هێندێك شت دەكەوێتە بواری رۆتیناتەوە، واتا بابەتی جددی بەدوادانایەت، ئایا ئەو كۆنفرانسەش هەر وابوو؟

شیرین جیهانی: هەر فیستیڤاڵ و كۆنفرانسێك لە باكوور ئەنجامبدرێت بەبێ ئامانج نییە، بۆیە ئەو كۆنفرانسە جگە لەئامانج و جددییات ئەنجامیشی تێدابوو، بەوەی خوێندنەوەی ئەنجام نامەیەك لە كۆتایی كۆنفرانسەكە دەرچوو كە بەچەند خاڵێك كۆكرابووە و دواتر تەواوی بەشداربووان رەزامەندییان لەسەر دا و واژۆیان لەسەری كرد، یەكێك لەخاڵە گرنگەكان بەوە دەستی پێدەكرد كە پاراستنی یەكێتی نەتەوەیی كورد لە رێگەی ئێمەی هونەرمەندان و نووسەران و رووناكبیران بێت و كاری بۆ بكرێت.

رووبەر: بۆ بەرەوپێشچوونی سینەمای كوردی ئەوەندەی ئێمە ئاگاداربین كەم تا زۆر حكومەتی هەرێم كاری بۆ ئەم بوارەكردووە، بەتایبەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی كابینەی پێشووتر، ئایا ئەو هەنگاوانە تاچەند تەكانێكی بە بەرەوپێشچوونی سینەمای كوردی داوە؟

شیرین جیهانی: لە تەواوی دنیادا كاری سینەما، دوای تەكنیك و بەزانستی فێربوون، لایەنێكیتری بۆ سەرخستنی بوارەكە لایەنی ماددەیە كە كاریگەری جددی و گرنگی خۆی هەیە، كاتێك كارێكی سینەمایی دەكەیت بۆئەوەی بەباشترین شێوە بەرهەم بهێندرێت دەبێت لە رووی بودجەوە بڕێكی باشی بۆ تەرخان بكرێت، ئەمەش ئەركی حكومەتە كە دەبێت بۆ بەرهەمێنانی فیلمێكی سینەمای باش بودجە تەرخان بكات، چونكە سینەمای ئێمە سینەمایەكی پیشەیی نییە تا كەرتی تایبەت و سەرمایەدار رۆڵ و كاریگەرییان هەبێت، بۆیە حەتمەن رۆڵی كاك نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەو هەنگاوانە دەور و كاریگەری جددی خۆی هەبوو و دەبێت و جێگەی خۆی بۆ بەرەو پێشەوەچوونی بواری سینەما و فیلمسازی كوردی هەیە، جێگەی هەڵوەستە لەسەركردنە.

رووبەر: ئەی كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییەك بەناوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی سینەما لە وەزارەتی رۆشنبیری، رۆڵی لەبەرەو پێشچوونی بواری سینەما هەبووە؟

شیرین جیهانی: بێگومان هەركارێك بۆ سینەما بكرێت گەر مەبەست بەرەوپێشچوونی بوارەكەبێت رۆڵ و كاریگەری خۆی دەبێت، دیارە بوونی بەڕێوەبەرایەتی گشتی سینەماش لە وەزارەتی رۆشنبیری بۆ مەبەستی گرنگیدان و بەرەوپێشبردنی سینەمایە لەكوردستان، بۆئەوەش دەكرێت بڵێین توانیویانە رۆڵی خۆیان هەبێت، دەشكرێت جموجۆڵیان زیاتر و زۆرتربێت بۆ سەرخستنی بوارەكە تا بەرهەمی زیاتر هەبێت.

رووبەر: ئەو فیلمە سینەماییانەی بەشداری پێشبڕكێیەكان دەكەن، ئایا لەبەر ئەوەیە هەل و مەرجی كوردستان شتێكی تایبەتە، یا بەڕاستی فیلمەكان تەكنیك و كاری هونەری سینەماییان تێدا بەرزە، بۆیە قبووڵ دەكرێن؟

شیرین جیهانی: فیلمە سینەماكان زیاتر بەهۆی بارودۆخ و هەلو مەرجە تایبەتییەكەیە كە لەناوچەكەدا هەیە بۆیە لە فیستیڤاڵەكان قبووڵ دەكرێن، تەنانەت لە وڵاتێكی وەك ئێرانیشدا ئەو بابەتە رەنگدانەوەی هەیە، بۆنموونە كێشەی مافی مرۆڤ لەئێراندا زۆرە، كاتێك بەرهەمێك ئامادە دەكرێت سیناریۆیەكەی لەسەر ئەو بابەتەیە دەبینی ئاستی تەكنیكی هێندە زۆر نییە، بەڵام چونكە بابەتەكە لەسەر باری مافی مرۆڤە ئیدی گەورەدەكرێت و بەشداری پێدەكرێت و خەڵاتی پێ وەردەگیرێت.

رووبەر: لەسەر فیلمە سینەماییەكان بەتایبەت لە رووی كۆمەڵایەتییەوە دابەشكاری هەیە، خەڵكێك پێی وایە لەفیلمە سینەماییەكانی كوردی كار بۆ ناشرینكردنی رووە كۆمەڵایەتییەكەی كۆمەڵگەی كوردی دەكرێت، ئایا تۆ تێبینیت لەهەمبەر ئەم پرسە چۆنە؟

شیرین جیهانی: بڕێكجار گەر كێشەیەكی كۆمەڵایەتی ناشیاو نیشان دەدرێت دیارە ئامانج لێی تەنها بۆ نەهێشتنی دیاردە نەخوازراو و ناشرینەكانە و زیاتر نا، پێموانییە كە بە ئاراستەی ناشرینكردنی كۆمەڵگە هیچكات كار لەكارە سینەماییەكان كرابێت، بەڵام هەڵبژاردنی بابەت و چۆنیەتی نیشاندان و كار لەسەركردنی سیناریۆیەكە بۆ ئاراستە باشەكە دەكەوێتەوە سەر خودی دەرهێنەری فیلمسازەكە، ئاخۆ بە چ شێوە زمانێك فیلمەكەی نیشانی تاكەكانی كۆمەڵگە دەدات.

رووبەر: كەمن ئەو ژنانەی وەك تۆ خۆیان لەبواری سینەما داوە، ئایا بۆچی ژنانی ئێمە كەمتر خۆیان لەبواری سینەما دەدەن؟

شیرین جیهانی: لە تەواوی بوارە هونەرییەكاندا ئافرەتان كەمتر بەشداری بوارەكە دەكەن بەتایبەت لە سینەمادا، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە كایەی سینەما و كاری دەرهێنەری زۆر سەخت و زەحمەتە، زۆرجار روویداوە كە بەهۆی سەختی بوارەكە و بوونی فشاری دەروونی و جەستەیی پەشیمان بوومەتەوە لەچوونم بۆ نێو ئەو دنیایە، بۆیە ئەگەر زۆر بە باوەڕبوون بەخۆت و ئەو پەڕی ئەمانەتەوە كارنەكەی ناتوانی درێژە بەكارە سینەماییەكانت بدەیت، هەر بۆیەشە وایدەبینم كە بەهۆی سەختی كاركردن لەبوارەكە كەمتر ئافرەتانمان روو لە كاری سینەمایی بكەن.

رووبەر: لەكوردستان پرۆسەیەكی خێرای ئاوەدانكردنەوە لە بوارەكاندا هەیە، بەڵام تائێستا ئەوەی دەبیندرێت بۆشاییەكی گەورە لە هۆڵە سینەماییەكاندا هەیە، ئایا بۆ؟

شیرین جیهانی: ئەگەر لە وڵاتێكدا بەدەیان بینای جوان و پارك و ماركێتی گەورە هەبن، بەڵام ئەگەر كلتوور و هونەری نەبوو ئیدی ناتوانی بڵێیت ئەو وڵاتە پێشكەوتووە، بۆیە دەبێت كار لەسەر بوونیاتنانەوەی كلتوور و هونەر بەگشت پێكهاتەكانیەوە بكرێت، سینەما بەشێكە لە كلتوور و هونەری هەر گەلێك، ئەگەر بیەوێت خۆی جیهان بناسێنێت. بەداخەوە تائێستا نەتواندراوە مافی ئەولایەنە بدرێت، بۆیە پێموایە بۆ لەمەودوا دەبێت گرنگییەكی تایبەتی بەو بوارەش بدرێت.

رووبەر: ئەگەر قەولبێت كار بۆ بەرەوپێشەوەبردنی بواری سینەما بكەین، ئایا پێویستە حكومەت لە مەجالی بینایەكەدا هاوكاری بكات، یا كەرتی تایبەت و سەرمایەدارەكان؟

شیرین جیهانی: لەهەموو بارێكدا بەبۆچوونی من دەبێت حكومەت رۆڵ و كاریگەری راستەقینەی خۆی هەبێت، ئەگەر حكومەت هاوكارنەبێت ئەوە كەرتی تایبەتیش ناتوانێت بە تەنها ئەو رۆڵە بگێڕێت، بۆیە پێویستە حكومەت لەسەرجەم لایەنەكانی بواری سینەمادا تەنانەت لەرووی دروستكردن و ئاوادانكردنی هۆڵەكانی سینەماشدا سەنگە قورسەكە بگرێتە ئەستۆی.

رووبەر: پێتوایە هەلو مەرجێك دروست دەبێت ئەكتەرەكانی ئێمەش بتوانن سەرمایە كۆبكەنەوە و دووبارە سامانەكانیان بۆ سینەما تەرخان بكەنەوە؟

شیرین جیهانی: نەخێر پێم وانییە جۆرێك لەو هەل و مەرجە بڕەخسێت، چونكە لە وڵاتی ئێمە هیچكات ناتواندرێت بەكاری هونەری بەتایبەتی كاری سینەمایی داهاتێكی باش كۆبكەیتەوە، چونكە بەدەستهێنانی لایەنە ماددییەكەی بەشی بژێوی ژیانی ناكات، جا چ جای ئەوەی وەك سامان داهات كۆبكاتەوە.

رووبەر: ئەی ئەگەر لەخۆت بپرسم وەك دەرهێنەرێكی بواری فیلمسازی سینەمایی ئەو داهاتەی لەبوارەكەتدا پەیدای دەكەیت ئامادەیت لە دروستكردنی هۆڵێكی سینەمایی خەرجی بكەیتەوە؟

شیرین جیهانی: بەڵێ بەدڵنیاییەوە، ئەگەر رۆژێك بوار بۆ داهات كۆكردنەوە رەخسا ئەو كات گەر بە تەواوەتیش نەبێت بێگومان هێندەی لەتوانادا هەبێت، بەشداردەبم لە دروستكردنی هۆڵێكی سینەمایی.


25 / 12 / 2010


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.