ناوه‌ندی وه‌رزش‌و لاوانی مه‌خموور (مركز شباب) له‌ساڵی 2007ه‌وه كراوه‌ته باره‌گایه‌كی حیزبی، له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه وه‌رزشوانانی مه‌خموور داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بینایه‌ی ئه‌و ناوه‌نده ده‌كه‌ن‌و، به‌رپرسێكی باڵاش پێی وایه وه‌رزشوانانی مه‌خموور ده‌بێت به یاداشتێك داوای ئه‌و ناوه‌نده بكه‌نه‌وه، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر شوێنێكی گونجاو هه‌بێت باره‌گاكه‌مان ده‌گوازینه‌وه، ئه‌مه‌و له‌كاتێك 31 فه‌رمانبه‌ری ئه‌و ناوه‌نده ته‌نها له سێ ژوور ده‌وام ده‌كه‌ن.
هه‌روه‌ك وه‌رزشوانانی مه‌خموور باس له‌وه ده‌كه‌ن كه ناوه‌ندی وه‌رزش‌و لاوانی مه‌خموور له‌ساڵانی هه‌شتاكان رۆڵێكی به‌رچاوی بینیوه له‌خزمه‌تكردن، به‌ده‌یان وه‌رزشوان‌و هونه‌رمه‌ندی پێگه‌یاندووه.له‌وباره‌یه‌وه وه‌رزشوان (سالار قادر) ده‌ڵێت "ساڵانێكی زۆر ئه‌و ناوه‌نده خزمه‌تێكی دیار‌و به‌رچاوی مه‌خمووری كردووه، كاتی خۆی بۆ هه‌ر یارییه‌ك ژوورێكی تایبه‌تی هه‌بوو، جگه له‌یاری تۆپی پێ ئه‌وا به‌شی شانۆ‌و مۆسیقا‌و یارییه كوشتارییه‌كان‌و به‌رزكردنه‌وه‌ی قورسایی‌و تێنس‌و...هتد تێدابووه"، سالارقادر باس له‌وه‌ده‌كات كه سه‌رده‌مانێك مركز شبابی كۆنی مه‌خموور له‌لایه‌ن خوالێخۆشبوو (عه‌زیز قادر) به‌ته‌نها به‌ڕێوه‌ده‌چوو، كه‌چی ئێستا له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ژماره زۆره‌ی فه‌رمانبه‌ران خزمه‌ت ناكه‌ن، به‌داخه‌وه ئێستا ناوه‌نده‌كه له‌شوێنی خۆی نه‌ماوه‌و كراوه‌ته باره‌گایه‌كی حیزبی، پێموایه ئه‌وه‌ی ئێستا له‌و ناوه‌نده كارده‌كات جگه له چاخواردن‌و قاوه‌خواردنه‌وه شتێكی دیكه سه‌رقاڵی نه‌كردوون!".
شێخ ستار یه‌كێكه له‌وه‌رزشوانه دیاره‌كانی مه‌خموور، ده‌ڵێت "هه‌مووكه‌س ده‌زانێت ئه‌و ناوه‌نده كراوه‌ته باره‌گای حیزبی، به‌ڵام چ له‌گه‌ڵ حیزب ده‌كرێ!".ئه‌میر عه‌بدوڵكةريم وه‌رزشوانێكی دیكه‌ی مه‌خمووره، له‌باره‌ی ده‌ستبه‌سه‌ركردنی ناوه‌ندی وه‌رزش‌ولاوانی مه‌خموور له‌لایه‌ن حیزبه‌وه ده‌ڵێت "داوا ده‌كه‌ین ئه‌و ناوه‌نده بگه‌ڕێته‌وه شوێنی خۆی، له‌به‌رئه‌وه‌ی مه‌خموور پێویستی به‌و ناوه‌نده هه‌یه چونكه بۆ وه‌رزش‌و لاوان كراوه نه‌وه‌ك بۆ باره‌گای حیزبی"، ئه‌میر باس له‌وه‌ده‌كات كه فه‌رمانبه‌رانی ئه‌و ناوه‌نده ئێستا له‌یه‌ك دوو ژوور دان‌و هیچ هۆڵ‌و شوێنێكی تایبه‌تییان نییه، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "به‌داخه‌وه وه‌رزشوانانی مه‌خموور بێده‌نگی ده‌نوێنن له‌به‌رامبه‌ر ده‌ستبه‌سه‌ركردنی ئه‌و ناوه‌نده".ئه‌و وه‌رزشوانه داواده‌كات كه ئه‌و ناوه‌نده بگه‌ڕێته‌وه بۆ وه‌رزشوانانی مه‌خموور، چونكه ماوه‌ی 4 ساڵه كراوه‌ته باره‌گایه‌كی حیزبی.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه به‌رێوه‌به‌ری ناوه‌ندی وه‌رزش‌و لاوانی مه‌خموور پاڵپشتی له داوای وه‌رزشوانانی مه‌خموور ده‌كات بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و ناوه‌نده، سه‌ید نه‌وزاد به‌رێوه‌به‌ری ئه‌و ناوه‌نده، باسی له‌وه‌كردو گوتی "ئێمه به‌نووسراوی فه‌رمی داوامان كردووه كه ئه‌و بینایه‌ی جاران وه‌ربگرینه‌وه، به‌ڵام ئه‌وان له‌به‌دیلی ئه‌و بینایه له‌هه‌وڵدان بینایه‌كی ترمان بۆ بكه‌نه‌وه".سه‌ید نه‌وزاد گوتیشی "ناوه‌نده‌كه‌مان 31 فه‌رمانبه‌ری هه‌یه، ئه‌گه‌رچی بینایه‌مان نییه، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی كاتی له چه‌ند ژوورێك داین تائه‌وكاته‌ی بینایه‌كی نوێیمان بۆدروست ده‌كرێت".راشیگه‌یاند "بریاری دروستكردنی بینایه‌كی نوێ له‌قۆناخی ته‌واوبووندایه‌و پێیان راگه‌یاندوین كه مۆله‌تی وه‌زاره‌تی دارایی بۆ وه‌رگیراوه".
سه‌باره‌ت به داوای وه‌رزشووانانی مه‌خموور بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و ناوه‌نده، به‌رپرسی راگه‌یاندنی لقی23ی پارتی له‌مه‌خموور، ئاماژه‌ی به‌وه‌داو گوتی "وه‌رزشوانانی مه‌خموور ده‌توانن یاداشتێك پێشكه‌شی ئیداره‌ی ناوچه‌كه بكه‌ن بۆ سه‌لماندنی داواكه‌یان، بۆیه ئه‌و مه‌سه‌له په‌یوه‌ندی به ئیداره‌ی ناوچه‌كه هه‌یه".كوردۆ ئه‌حمه‌د به‌رپرسی راگه‌یاندن له لقی23، گوتیشی "ئێمه كاتێك هاتینه ئه‌و ناوه‌نده چۆڵ بوو، ئه‌گه‌ر شوێنێكی گونجاو هه‌بێت ئه‌وا ئێمه‌ش باره‌گاكه‌مان ده‌گوازینه‌وه".
شایه‌نی باسه ناوه‌ندی وه‌رزش‌و لاوانی مه‌خموور له‌ساڵانی هه‌شتاكان دروستكراوه‌و تائێستا زۆرترین خزمه‌تی له‌بواره‌كانی وه‌رزشی‌و هونه‌ری به‌و ناوچه‌یه گه‌یاندووه، هه‌روه‌ك وه‌رزشوانان داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و ناوه‌نده ده‌كه‌ن‌و ئومێدده‌كه‌ین به‌دواداچوونی زیاتری بۆ بكرێت‌و ناوه‌نده‌كه بگه‌ڕێته‌وه بۆ وه‌رزشوانانی مه‌خموور.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
