پۆستەی هەرێمی کوردستان چوار جۆری نوێی پولی پۆستە چاپ دەکات

لەمیانەی هەوڵە بەردەوامەکانی پۆستەی هەرێمی کوردستان، بۆ چاپکردنی پولی پۆستە چوار جۆری نوێی پولی پۆستە چاپکران و لە ئاڵوگۆڕی پۆستە بۆ ناوخۆ و دەرەوە بەکاردەهێنرێن.

چاپکردنی پولەکان بەپێی پێوەرەکانی ستانداردی نێودەوڵەتییە و لە چاپخانەی (گرین گلۆری ) لە بەیروتی پایتەختی لوبنان بە (٢٥٠٠٠٠) دانە و بە قەبارەی (٤/٥ سم) چاپکراون و دیزاینی پولەکان بریتین : -

١- لۆگۆی فیستیڤاڵی یەکەمی پۆستەی هەرێمی کوردستان لە دیزاینکردنی هونەرمەندی گرافیک(ئاسۆ مامزادە)، لۆگۆی دووەم لۆگۆی یەکێتی جیهانی پۆستە و جۆرەکەی (٥٠٠) دیناریە

٢-دیمەنی سروشتی ئەشکەوتی دەکان لە باکوری رۆژهەڵاتی قەزای شێخان، ئەو ئەشکەوتەی لە رێکەوتی (١٨-٨-١٩٦٩) کرایە گۆڕەپانی رەشەکوژی دانیشتووانی گوندی دەکان لەلایەن سوپای عێراقیەوە .

 خەڵکی گوند کە بۆ رزگاربوون لە شاڵاوی دڕندانەی سوپای بەعس رایانکردبوو و ژمارەیان (٧٣) کەس دەبوو و زۆرینەیان ژن و مناڵ بوون و لەناو ئەو ئەشکەوتەدا لەلایەن سوپاوە بەزیندوویی سوتێنران و سەرجەمیان شەهیدبوون، جۆرەکەی ٥٠٠٠ دیناریە و ئەرکی وێنەگرتن لەلایەن راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆستە و گەیاندنی دهۆک بووە .

٣-یەکەم ژمارەی رۆژنامەی کوردستان کە ژمارەی یەکەمی لە شاری قاهیرە و لە ٢٢-٤-١٨٩٨ لەلایەن میقداد مەدحەت بەدرخانی نەمر چاپ و بڵاوکرایەوە و لە ئەرشیفی نووسەر و رۆشنبیر (د. فەرهاد پیرباڵ ) وەرگیراوە و جۆرەکەی (١٠٠٠) دیناریە

٤-وێنەی ئافرەتێکی گوندنشینی کورد لە کاتی کارکردندا بە کامێرای وێنەگر (دڵدار خدر) و جۆرەکەی (١٠٠٠) دیناریە

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.