هێمن هەورامی:گۆڕان "تەنیا دەتوانێت لە ناسەقامگیری و نەبوونی ئاشتیی كۆمەڵایەتیدا، خواستە بەرتەسكەكانی بهێنێتە ... سەعد هەورامی

ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان (هێمن هەورامی)، لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ كەناڵی ئاسمانیی "كوردستان تیڤی"، ئاماژەی دا كە "بە خیتابی سیاسیی (گۆڕان)ـەوە دیارە كە زۆر لە هەڵبژاردنی پێشوەخت دەترسن و ئەو ترسەیشیان دڵنیابوونیانە لە دۆڕانیان."

* خوێندنەوەت بۆ هەردوو گوتاری سەرۆكی هەرێم و (نەوشیروان مستەفا) چییە؟

(هێمن هەورامی): پەیامەكەی (سەرۆك بارزانی)، پەرۆشییەتی بۆ پڕۆسەی سیاسیی كوردستان و پەرۆشییەتی بۆ لەبەرچاوگرتنی خواستە ڕەواكانی ئەو خۆپێشاندەرانەی كە دوور لە توندوتیژی ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستانی دەكەنەوە.

(سەرۆك بارزانی)، دەری خست كە چەندە بە پەرۆشەوە باسی تێگەییشتن و پێگەییشتنی گەنجانی كوردستان دەكات.پەیامەكەی (سەرۆك بارزانی)، لەسەر بنەمای واقیعی هەرێمی كوردستانە كە نابێت هەرێمی كوردستان بگەڕێتە دواوە و، پێویستە هەرێمی كوردستان بۆ پێشەوە بچێت.

لە بەرانبەریشدا، گوتارەكەی (نەوشیروان)ـمان بینی كە خیتابێكی تەحریزییە و بۆ ئامانجی دروستكردنی ناسەقامگیرییە، چونكە ئەوان تەنیا دەتوانن لە ناسەقامگیری و نەبوونی ئاشتیی كۆمەڵایەتیدا، خواستە بەرتەسكەكانی خۆیان بهێننە دی.
* ئایا گۆڕان توانیویەتی ئۆپۆزسیۆن بێت؟

(هێمن هەورامی): ئەگەر پاشخانەكەی ئەم هێزە لێك بدەینەوە، دەبینین كە ئەمە هێزێكی ئۆپۆزیسیۆنی سرووشتی نەبوون، بەڵكوو كۆمەڵێك خەڵك بوون لە ناو لایەنێكی سیاسیدا كە كۆمەڵێك خیلافاتیان لەسەر دەستەڵات و مەسەلەی سەرچاوەی داهاتدا هەبوو و، بەو هۆیەیشەوە لەناو هێزێكی گەورەی ئەم وڵاتە جیا بوونەتەوە، بە ئامانجی بەدەستهێنانی بەشێك لەو خواستانەی كە لە ناو لایەنەكەی خۆیاندا نەیاتوانی بیهێننە دی.

* پێت وایە (گۆڕان) لە پڕۆسەی سیاسیدا سەركەوتوو بێت؟

(هێمن هەورامی): بزووتنەوەی گۆڕان لەو ساتەوەی دروست بووە، بە كۆمەڵێك قەیرانی زۆر گەورەدا تێپەڕیوە، بۆ نموونە، تا ئێستا نەیتوانیوە كۆنگرەیەك ببەستێت، من نازانم ئەو بەڕێزە چۆن خۆی كردووەتە سەرۆكی بزووتنەوەی گۆڕان، ئایا بە دەنگی ئەندامانی گۆڕان بووە، ئەگەر هێزێك لە ناو خۆیدا نەتوانێت پڕۆسەی دیموكراسی جێبەجێ بكات، چۆن دەتوانێت عەمەلییەی دیموكراتی لە دەرەوەدا لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە و لەسەر ئاستی جەماوەرییشدا بۆ دەستەڵاتی سیاسی مسۆگەر بكات.

* (گۆڕان) چی دەوێت و چی ناوێت؟

(هێمن هەورامی): گۆڕان دەزانێت چی ناوێت، بەڵام نازانێت چی دەوێت.ئەوان نایانەوێت ئەو دەستەڵاتەی كە لە ڕێگەی سندووقی دەنگدانەوە هاتووە سەر حوكم، بمێنێت، چونكە دەزانن بەو تێگەییشتنەی ئەوان بۆ پڕۆسەی دیموكراسی هەیانە، ناتوانن هیچ دەستكەوتێكی سیاسی بە دەست بهێنن، بۆیە هەمیشە لە خیتابی خۆیاندا وشەی هەڵوەشاندنەوە و هەڵتەكاندنەوە بە كار دەێنن، گۆڕان دەیانەوێت ڕای كەمینە بەسەر زۆرینەدا بسەپێنن، گۆڕان نایەوێت قەناعەت بەوە بكەن كە میللەت مەرجەعە.ئەوان بە خیتابی سیاسییاندا دیارە كە زۆر لە هەڵبژاردنی پێشوەخت دەترسن و ئەو ترسەیشیان دڵنیابوونیانە لە دۆڕان.ئەوان تا ئێستایش بۆیان یەكلا نەبووەتەوە كە ئۆپۆزیسیۆنی سیستەمن یان ئۆپۆزیسیۆنی پەرلەمانین، ئەگەر ئۆپۆزیسیۆنی سیستەمن ئەوە تەنیا خەڵكی كوردستانە ئەو بڕیارە دەدات كە كێ لەو سیستەمەدا بمێنێت.

* (نەوشیراون) دەڵێت: "ئێمە لە بەینی بەرد و گوللەدا، بەردمان هەڵبژارد."

(هێمن هەورامی): ئەوەی كە (نەوشیروان) ئاماژەی پێ دا، مانای ئەوەیە كە ئەوان گوللەیشیان هەیە، بەڵام بەردیان هەڵبژارد، ئەمەیش دەرخەری ئەوەیە كە ئەمە بەشێكە لەو ئاڕاستە توندوتیژییەی كە دەیانەوێت لە ململانێی سیاسیدا بە كاری بهێنن، لە كاتێكدا كە ئەمەیش دەرخەری ئاستی نزمی ململانێیە لە پڕۆسەیەكی سیاسیدا.

* (نەوشیروان) باسی یەكڕیزیی كوردی لە كەركووك و بەغدا كرد، ڕای تۆ چییە؟

(هێمن هەورامی): یەكڕیزی بە قسە ناكرێت، یەكڕیزی بە كردەوە دەكرێت.ئەگەر ئەو لە كەركووكدا یەكڕیزیی لا مەبەست بووایە، بە لیستی جیاواز دانەدەبەزی كە زەرەری دوو كورسی لە كورد بدات.

ئەگەر یەكڕیزیی كوردی لا مەبەست بووایە، ئیئتیلافی فڕاكسیۆنە كوردستانییەكانی بە جێ نەدەهێشت.بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی كوردستان، لە بناغەی بیركردنەوەی ئەم برادەرە لە سیاسەتكردن و بەڕێوەبردنی بزووتنەوەكەیدا نییە، چونكە ئەگەر بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی كوردستان بناغەی بیركردنەوەی ئەو بووایە، ئەو نایەكڕیزییەی لە ناو ڕیزی كورد لە كەركووكدا دروست نەدەكرد.

* خوێندنەوەت بۆ گوتەكەی (سەرۆك بارزانی) كە گوتی: "من نامەوێت لە وڵاتێكدا بژیم كە میللەتەكەمی تێدا ئازاد نەبێت"، چییە؟

(هێمن هەورامی): ئازادی و عەدالەت، دوو كۆڵەكەی سەرەكیی ڕێبازی (بارزانیی نەمر) بوون، بۆیە جەنابی (سەرۆك بارزانی) كە ئێستا نوێنەرایەتیی ئەو ڕێبازە دەكات و عەدالەتی ئەو ڕێبازە لە مامەڵەی سیاسی و لە خیتابی (سەرۆك بارزانی)ـدا ڕەنگ دەداتەوە، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە كە هەم پارتیی دیموكراتی كوردستان و هەم ڕێبوارانی ڕێبازی (بارزانی)، هیچ كاتێك لە پێناوی دەستەڵاتدا خەبات و سیاسەت و تێكۆشانیان نەكردووە، بۆیە ئامانج لای پارتی، خۆشگوزەرانی و ئازادی و سەروەریی خەڵكی كوردستانە و، پارتییش هیچ كاتێك لە پێناو دەستەڵاتدا سیاسەتی نەكردووە و نایشیكات.
سەعد هەورامی

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.