-
+ له‌به‌ر خه‌ڵكی هه‌ولێر ده‌ستم به ته‌مسیلكردن كرد، كه به خوێن قه‌رزاری خه‌ڵكی هه‌ولێرم -
+ من له كه‌ركووك رامكرد و كه‌ریم عوسمانیش له سلێمانی رایكرد و له هه‌ولێر زه‌واجمان كرد
-
+ داوا له سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كه‌م هاوسه‌ره‌كه‌م بگه‌ڕێنێته‌وه لای دوو منداڵه‌كه‌ی
-
+ ئه‌گه‌ر له‌به‌ر بارودۆخی سیاسی نه‌بوایه تامردن له هه‌ولێر ده‌ژیام
-
+ كه له ته‌له‌فزیۆن ده‌ركه‌وتم كه‌سه نزیكه‌كانی خۆم هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن‌یان لێ ده‌كردم
-
+ بیری شله‌ساواره‌كه‌ی هه‌ولێر ده‌كه‌م
-
+ له ئاینده‌یه‌كی نزیك به‌رنامه‌یه‌كی سیاسی پێشكه‌ش ده‌كه‌م
-
+ ئێستا زیاتر له‌گه‌ڵ سیاسه‌تمه‌داره‌كان په‌یوه‌ندیم هه‌یه نه‌ك هونه‌رمه‌نده‌كان
-
+ له‌وه‌ته‌ی له هه‌ولێر نه‌ماوم هونه‌رمه‌ندانی هه‌ولێر له هه‌واڵی من ناپرسن، جگه له ئیبراهیم حه‌كیم نه‌بێت به‌رده‌وام ته‌له‌فۆنم بۆ ده‌كه‌ن
-
+ له 31ی ئاب ماڵه‌كه‌م له هه‌ولێر تاڵانكرا، هیچ شتێكم نه‌ما جگه له بووكه شووشه‌یه‌كی منداڵی خۆم نه‌بێت، ئێستاش هه‌میشه بۆ ئه‌وه ده‌گریێم
دڵپاك تاهیر، پێشئه‌وه‌ی ده‌ست به كاری ته‌مسیلكردن بكات، ئه‌و به كچه بێژه‌ری ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركووك ناسرابوو، به حكومی كاری بێژه‌ری و كاره شانۆیی و دراماكانی، به‌رچاوترین ئافره‌تی ساڵانی هه‌شتاكان بوو، به‌ڵام دوای بێسه‌روشوێنكردنی هاوسه‌ره‌كه‌ی "كه‌ریم عوسمان".له كاره‌ساتی 31ی ئاب، ئه‌ویش له‌به‌رچاوی خه‌ڵك ونبوو، له ته‌مه‌تی 18 ساڵی كه‌ركووكی جێهێشت و 18 ساڵی دیكه‌ش له هه‌ولێر ژیا، له 1996 هه‌ولێری جێهێشت و چووه كۆیه و له‌وێشه‌وه بۆ سلێمانی، له 2002 له‌گه‌ڵ دوو كچه‌كه‌ی دووانه‌كه‌ی كوردستانی جێهێشت و تاوه‌كو 2007 له‌وڵاتی ئوسترالیا نیشته‌جی بوو، ئێستا خۆی و دوو كچه‌كه‌ی "سۆنیا و ڤانیا" ته‌مه‌ن 23 ساڵ، بۆ یه‌كجاری گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان و له‌سلێمانی نیشته‌جێیه، له 1983 بڕوانامه‌ی دبلۆمی له بواری كاره‌با وه‌رگرتووه، له 2010 بڕوانامه‌ی ماسته‌ی له یاسای نێوده‌وڵه‌تی به‌ده‌ستهێناوه، ئێستا ئه‌ندام مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتییه.دڵپاك تاهیر له‌و چاوپێكه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ (سڤیل) باس له كاره هونه‌رییه‌كان و رۆژانی خۆی له هه‌ولێر ده‌كات و هۆكاری دووركه‌وتنه‌ی له شانۆ و له هه‌ولێر باس ده‌كات.
سڤیل: سه‌ره‌تاكانی ده‌ركه‌وتنت له بواری ته‌مسیلكردن چۆن بوو، به‌چ كارێك ده‌ستت پێكرد؟
دڵپاك تاهیر: مه‌سه‌له‌ی هونه‌ری من ده‌گه‌ڕێته‌وه به تێكه‌ڵبوونم به دنیای ئه‌ده‌ب، من له كۆتایی حه‌فتاكان تێكه‌ڵ به دنیای ئه‌ده‌ب و شیعر بووم، به‌ڵام كاتێك به هۆی بارودۆخی سیاسیی خۆمه‌وه چووم بۆ شاری هه‌ولێر، له‌وی كۆمه‌ڵێك ده‌رهێنه‌ر و ئه‌كته‌ری شاری هه‌ولێرم ناسی و وه‌ك هاوڕێی له‌یه‌ك ده‌زگای هونه‌ری كارمان ده‌كرد، داوام لێكرا ته‌مسیل بكه‌م و رۆڵم هه‌بێت له شانۆگه‌ریه‌كانیاندا، له‌به‌رئه‌وه‌ی یه‌كێك له‌كێشه گه‌وره‌كانی ئه‌وكاته نه‌بوونی ژن بوو له‌سه‌ر شانۆ، به‌تایبه‌ت له‌شاری هه‌ولێر، منیش به خۆشحاڵیه‌وه ئه‌وه‌م قبوڵكرد و له‌سه‌ره‌تای هه‌شتاكانه‌وه خۆم ته‌رخانكرد بۆ شانۆ و ته‌مسیلكم كرد، یه‌كه‌م كاری شانۆیم به‌ناوی "قه‌لای دمدم" بوو له ده‌رهێنانی مامۆستا ته‌لعه‌ت سامان، كه رۆڵی "دولبه‌ر"م بینی، زۆر خۆشحاڵبووم به‌و كاره‌كته‌ره، هه‌ستم به ته‌فریغێكی گه‌وره ده‌كرد، چونكه من له ئه‌زمه‌یه‌كی سیاسیی ده‌ژیام و بارودۆخێكی ناله‌بارم هه‌بوو له‌رووی سیاسیه‌وه، كاره‌كته‌ری "دولبه‌ر"یش ته‌حه‌دای رژێم و هه‌موو زوڵم و زۆردارییه‌كی ده‌كرد، هه‌ستم ده‌كرد كه به ته‌واوه‌تی ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ی كه بۆ "دولبه‌ر" دروستكراوه كاره‌كته‌ری منه، به گوێره‌ی ئه‌و نووسیانه‌ی ئه‌وكات له رۆژنامه‌كان له‌سه‌ری نووسرا به‌راده‌یه‌كی باش توانیم تێیدا سه‌ركه‌وتووبم.
سڤیل: واتا تۆ به‌شێوه‌یه‌كی ئاكادیمی له په‌یمانگا یاخود كۆلیژ، هونه‌رت نه‌خوێندووه؟
دڵپاك تاهیر: نه‌خێر، من ده‌رچووی هیچ قوتابخانه‌یه‌كی هونه‌ری نیم، من بڕوانامه‌ی دبلۆمم هه‌یه له كاره‌با، هه‌روه‌ها ماسته‌رم هه‌یه له یاسای نێوده‌وڵه‌تی.
سڤیل: بۆچی زۆربه‌ی شانۆگه‌رییه‌كانت له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ته‌لعه‌ت سامان بووه؟
دڵپاك تاهیر: له‌به‌رئه‌وه‌ی من سه‌ره‌تای هونه‌ریم له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌ستیپێكرد، وه‌ك كه‌سایه‌تیش مامۆستا ته‌لعه‌ت سامان كه‌سێكی به‌ڕێز بوو له‌لام، هه‌روه‌ها من ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره جوانه‌كان بووم، كه مامۆستا ته‌لعه‌ت سه‌رپه‌رشتی ده‌كرد، ئه‌وه وایكرد جۆرێك لێك نزیكبوونه‌وه هه‌بێت له‌كاره‌كانمان.
سڤیل: واتا له سه‌ره‌تای هه‌شتاكان له هه‌ولێر كۆمه‌ڵێك ئیشت كرد، به‌ڵام كام ئیش تۆی به خه‌ڵكی هه‌ولێر ناساند؟
دڵپاك تاهیر: من پێشئه‌وه‌ی بچم بۆ هه‌ولێر، خۆم بێژه‌ر بووم له ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركووك، ده‌موچای دڵپاك تاهیر ناسراو بوو له شاری هه‌ولێر، به‌ڵام كاتێك كه من چوومه هه‌ولێر خۆم له‌قه‌یرانێكی زۆر گه‌وره‌ی سیاسی ده‌ژیام، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه هه‌رگیز بیرم ناچێته‌وه، ئه‌و رێز و حورمه‌ته‌ی خه‌ڵكی هه‌ولێره كه له كه‌سایه‌تی منیان گرت، ئه‌وه تاكه شتێكه من به خوێن قه‌رزاری خه‌ڵكی هه‌ولێرم، چونكه ئه‌وان له بارودۆخێكی زۆر ناسك ئامێزی میهره‌بانیان بۆ من گرته‌وه، له‌به‌رئه‌وه زۆر ئاسایی بوو به‌لامه‌وه هه‌رچی شتێك بكه‌م بۆ سه‌رخستنی ناو و هونه‌ر و ئه‌ده‌بی ئه‌و شاره، بۆیه ده‌ستم به ته‌مسیلكردن كرد له شانۆكانیان، له‌هه‌مانكاتدا هه‌ر خۆم به قه‌رزاری شاری هه‌ولێر ده‌زانم، به‌ڵام شانۆگه‌ری "قه‌لای دمدم" وه‌ك كه‌سێكی شانۆكار منی ناساند به‌ده‌ووروبه‌ره هونه‌رییه‌كه‌م نه‌ك جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی خه‌ڵكی هه‌ولێر، به‌ڵام ئێستاش له‌ناو خه‌ڵكی هه‌ولێر كه ناوی دڵپاك تاهیر دێت وه‌ك كه‌سێكی ئیحلامی ده‌یناسن نه‌ك وه‌ك ئه‌كته‌ر.
سڤیل: تۆ باسی ئه‌وه ده‌كه‌ی كه هاتیه هه‌ولێر بارودۆخی سیاسیت زۆر خراپ بووه، ده‌كری روونتر قسه بكه‌ی، بارودۆخی سیاسی تۆ بۆچی خراپ بوو؟
دڵپاك تاهیر: من به‌گڕێبه‌ست له ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركووك ده‌وامم ده‌كرد، هه‌ر ئه‌وكاته‌ش من خوێندكار بووم، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندیم به كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی ئه‌وكاته‌وه هه‌بوو وه‌ك كاری سیاسی، ئه‌وه وایكرد تیشكم بخرێته‌سه‌ر، له‌رووی ده‌زگاكانی ئه‌منی حكومه‌تی عێراق چه‌ندینجار تووشی گرتن و ته‌حقیق بووم، كار گه‌یشته ئه‌وه‌ی بڕیاری گرتنم ده‌رچوو، ئه‌وكاته له‌لایه‌ن رێخستنه‌كانی ناوشار ئاگاداركرامه‌وه پێویسته له كه‌ركووك نه‌مێنم، له‌به‌رئه‌وه ساڵی 1983 بڕیامدا بچمه هه‌ولێر، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وكاته شاری سلێمانی له‌رووی سیاسییه‌وه حكومه‌تی عێراق زۆر تیشكی خستبووه سه‌ر، به‌شێوه‌یه‌ك هه‌موو ماڵێكی سلێمانی له‌ژێر چاوێری حكومه‌تی عێراقدا بوون، له‌به‌رئه‌وه من هه‌ولێرم هه‌ڵبژارد خۆمی تێدا حه‌شار بده‌م، كاتێك كه چوومه هه‌ولێر به‌ڕاستی من فه‌زلی چه‌ند خێزانێكی هه‌ولێرم بیرناچێته‌وه، كه بێئه‌وه‌ی یه‌ك سات من بناسن، ته‌نیا له شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركووك منیان بینی بوو، خۆیان رووبه‌رووی مه‌ترسی حكومه‌تی عێراق كرده‌وه به‌س بۆئه‌وه‌ی من بپارێزن، ئیتر من میللیترین گه‌ڕه‌كی شاری هه‌ولێر، كه "سێتاقان"ـه نیشته‌جێ بووم، ئه‌وه وایكرد خۆشه‌ویستیم بۆ شاری هه‌ولێر رۆژ دوای رۆژ زیاتر بێت، تاوه‌كو رۆژی مفه‌وه‌زاتی 1984 ئه‌و تارمایی ترس و گرتنه‌ی كه له‌سه‌رم هه‌بوو نه‌ما، به‌ڵام دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م جارێكی دی تووشی گرتن و عه‌زیه‌تدان و لێكۆلینه‌وه بوومه‌وه له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی ئه‌وكاتی شاری هه‌ولێر، به‌ڵام له‌و نێوانه‌شدا جارێكی دی به‌شێوه‌ی گڕێبه‌ست له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی رۆشنبیری و هونه‌ر دامه‌زرام، ئه‌وكاته كۆمه‌ڵێك ده‌رهێنه‌ر و ئه‌كته‌ر روویان تێ‌كردم بۆئه‌وه‌ی من بتوانم رۆڵ ببینم له شانۆگه‌رییه‌كانیان.
سڤیل: كه هاتی بۆ شاری هه‌ولێر شووت كردبوو؟
دڵپاك تاهیر: نه‌خێر له‌هه‌ولێر زه‌واجم كرد، پێشتر هونه‌رمه‌ند كه‌ریم عوسمانم له‌دووره‌وه ده‌ناسی، به‌ڵام ئه‌وان وه‌ك تیپی نواندنی سلێمانی هاتن بۆ هه‌ولێر نمایشی شانۆگه‌ری "مانگی ئاوا بوون"ـیان كرد، كاتێك من چووم بۆ بینینی شانۆگه‌رییه‌كه له‌وی جارێكی دیكه كه‌ریم عوسمانم بینی و بووین به‌دوو هاوڕێی خۆشه‌ویست، په‌یوه‌ندی نامه گۆڕینه‌وه‌مان هه‌بوو، دوای ماوه‌یه‌كی دیكه هه‌مان تیپ هاتن بۆ هه‌ولێر شانۆگه‌رییه‌كی دیكه‌یان نمایش كرد به ناوی "رۆلێرا" له ده‌رهێنانی كه‌ریم عوسمان، كه منیش رۆڵم تێدا بینی، له‌وێوه په‌یوه‌ندییه‌كه‌مان له هونه‌ری و هاوڕێتییه‌وه بووه په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی، ئه‌و په‌یوه‌ندییه خۆشه‌ویستیه‌ش له ماوه‌یه‌كی زۆر كورت بووه په‌یوه‌ندی ژن و مێردایه‌تی، ساڵی 1987 زه‌واجمان كرد، به‌ڵام سه‌یره‌كه له‌وه‌دا بوو كاتێك ئێمه زه‌واجمان كرد، كه‌ریم عوسمان له ئه‌منی شاری سلێمانی قاچاخ بوو هاتبووه هه‌ولێر، به‌هه‌مانشێوه منیش له ئه‌منی كه‌ركووك قاچاخ بووم و هاتبوومه هه‌ولێر، ئیتر 10 ساڵ وه‌ك دوو هاوڕی و ژن و مێرد له ماڵێك ژیاین، وامانزانی 10 رۆژه، له 1996 له‌لایه‌ن پارتی ده‌ستگیر كرا و تائێستا بێسه‌روشوێنه.
سڤیل: تۆ پێت وایه ئێستا كه‌ریم عوسمان له‌ژیان ماوه یان نا؟
دڵپاك تاهیر: من ناتوانم بڵێم له ژیان نه‌ماوه، له‌به‌رئه‌وه‌ی كاتێك كه‌ریم عوسمانم جێهێشت كه‌سێكی زیندووبوو، ئه‌و وه‌ك ئه‌وه‌ی كه سه‌فه‌رێك بكات خوا حافیزی لێكردم، به‌ڵام ئه‌وه من 14 ساڵه چاوه‌ڕێی هاتنه‌وه‌ی كه‌ریم عوسمان ده‌كه‌م، كه ئێستاش هه‌میشه چاوه‌ڕێم به‌زیندوویی بگه‌ڕێته‌وه، كه‌چی ئه‌و هیچ هه‌واڵێكی نییه، له‌به‌رئه‌وه نازانم بڵێم چی..شه‌هید یان زیندوو؟
سڤیل: به بڕوای تۆ كی به‌رپرسیاری ئه‌وه‌یه؟
دڵپاك تاهیر: بێگومان لای هه‌موومان ئاشكرایه كه‌ریم عوسمان له كاره‌ساتی 31ی ئاب براده‌رانی پارتی به دیلی گرتیان و ماوه‌ی چه‌ند مانگێك له زیندانه‌كانی ئه‌وان بوو، به‌ڵام ئێستا بێسه‌روشوێنه، كه‌واته پارتی به‌رپرسیاری ئه‌وه‌یه، هیوادارم براده‌رانی پارتی و سه‌رۆكی هه‌رێم به‌زووترین كات كه‌ریم عوسمان بگه‌ڕێننه‌وه لای دوو منداڵه‌كه‌ی، هه‌ر هیچ نه‌بێت چاره‌نووسی دیار بكه‌ن، ئه‌گه‌ر به‌زیندوو بێت یاخود شه‌هید، ساده‌ترین مافی ئینسان ئه‌وه‌یه كه ده‌شكوژرێت پێوسته لاشه‌كه‌ی بده‌یته‌وه كه‌سوكاره‌كه‌ی، هه‌تا ئه‌و شته له كه‌لتووری ئیسلامیشدا هه‌یه.
سڤیل: خۆت داواتكردووه له پارتی یاخود له‌رێگه‌ی حزبه‌كه‌ی خۆت یه‌كێتی، هه‌واڵێكی بزانی؟
دڵپاك تاهیر: شتێك هه‌یه بیرت نه‌چێت كه‌ریم عوسمان كادیری یه‌كێتی بووه له‌سه‌ر فكری یه‌كێتی له‌لایه‌ن پارتییه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر كرا، منیش كادیری یه‌كێتیم، ئێستا له نێوان ئه‌و دوو حزبه رێككه‌وتنی ستراتیجی هه‌یه، منیش وه‌ك ئه‌ندامێكی ئه‌و حزبه پابه‌ندم به‌و رێككه‌وتنه، زۆرجار ناچاربوومه له‌مه‌سه‌له عاتفیه‌كانی خۆم ببوورم له‌پێناوی پاراستنی گیانی برایه‌تی و ته‌بایی ئه‌و دوو حزبه، له‌پێناوی دووپاره‌نه‌بوونه‌وه‌ی شه‌ڕی براكوژی.خۆ ئه‌گه‌ر كه‌ریم عوسمان ببێته قوربانی پرۆسه‌ی ئاشتی له نێوان پارتی و یه‌كێتی ئێمه شانازی به‌وه ده‌كه‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌ش مانای ئه‌وه نییه كه‌ریم عوسمان له‌ناو ژن و منداڵ و كه‌سوكاره‌كه‌ی بیرچووبێته‌وه، به‌تایبه‌ت من وه‌ك كادیری یه‌كێتی چاوه‌ڕوانی ئه‌و پرۆسه‌یه ده‌كه‌م كه له نێوانی پارتی و یه‌كێتی هه‌یه، یه‌كێك له‌و به‌ندانه‌ش ئه‌وه‌یه دیاریكردنی چاره‌نووسی ئه‌و كه‌سانه‌یه كه له شه‌ڕی ناوخۆ دیار نه‌ماون.
سڤیل: واتا هه‌ر له‌به‌ر رێككه‌وتنه‌ی پارتی و یه‌كێتی، داوای هیچت نه‌كردووه؟
دڵپاك تاهیر: من وه‌ك شه‌خسی خۆم داوام نه‌كردووه، به‌ڵام یه‌كێتی له كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ پارتی باسی ئه‌و مه‌سه‌له‌ی كردووه، به‌ڵام وه‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌یه كه كۆبوونه‌وه ده‌درێته ده‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌كی دیكه.
سڤیل: له‌كامه رۆژدا كه‌ریم عوسمان تۆی جێهێشت، ئه‌و رۆژه چ قسه‌یه‌كی پێگوتی؟
دڵپاك تاهیر: رۆژی 5/9/1996 له‌گه‌ڵ كه‌ریم جیابوومه‌وه، ئه‌و له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك هاوڕێی رۆیشت و منیش به‌ڕێگای خۆم رۆیشتم، دوا قسه ئه‌وه بوو، پێی وتم "خۆشم ده‌وێی، هه‌میشه وه‌ك جاران به‌وه‌فام، له‌ژیان بێت یاخود له‌مردن".هه‌روه‌ها گوتی "له‌شاری كۆیه یه‌كتر ده‌بینینه‌وه و منداڵه‌كانمان له‌ژێر چه‌تری خۆشه‌ویستی هه‌ردووكمان په‌روه‌رده ده‌كه‌ین" به‌ڵام به‌داخه‌وه كه من چوومه كۆیه كه‌ریم عوسمانم نه‌بینی، له‌ڕێگادا كه‌وته به‌رده‌ستی چه‌كداره‌كانی پارتی.
سڤیل: كه‌واته له‌به‌ر چاوه‌ڕوانی كه‌ریم عوسمان شووت نه‌كردۆته‌وه؟
دلپاك تاهیر: ئه‌و تائێستا له ژیانی من دایه، پێم وانییه كه‌سێكی دی هه‌بێت كه‌ریم عوسمانم بۆ قه‌ره‌بوو بكاته‌وه، تاوه‌كو ناوی كه‌ریم عوسمان له وجوددا هه‌بێت پێم وانییه بیر له كه‌سێكی دیكه بكه‌مه‌وه.
سڤیل: ئه‌ی بۆچی ساڵی 2002 كوردستانت جێهێشت؟
دڵپاك تاهیر: پاش ونوونی كه‌ریم عوسمان، خۆم و دوو كچه‌كه‌م تووشی ئه‌زمه‌یه‌كی نه‌فسی زۆر خراپ بووین، نه‌مانده‌توانی له‌بازنه‌یه‌كی داخراو بخولێینه‌وه بێئه‌وه‌ی چاره‌نووسی كه‌ریم عوسمان دیاربێ، له‌به‌رئه‌وه بڕیامدا كوردستان جێبێڵم بۆئه‌وه‌ی بتوانم هه‌م منداڵه‌كانم له‌و باره ده‌روونییه خراپه ببه‌مه ده‌ره‌وه هه‌م بتوانن له‌ناو كه‌لتوورێكی دی درێژه به‌ژیانیان و خوێندنیان بده‌ن، من چوومه وڵاتی ئۆسترالیا كه وڵاتێكی ئینگلیزی زمانه، وڵاتێكه مافی مرۆڤی تێدایه، منداڵه‌كانم توانیان خوێندن ته‌واو بكه‌ن و فێری زمانی ئینگلیزی بن، توانیم جارێكی دی بیانهێنمه‌وه بۆ كوردستان و ده‌ست به‌كاربكه‌نه‌وه.
سڤیل: به گشتی بواری شانۆ و دراما له ئێستادا چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنی؟
دڵپاك تاهیر: هونه‌ری كوردی به گشتی له پاشه‌كشیه‌كی گه‌وره‌دا ده‌یبینم، به‌داخه‌وه ئێستا هونه‌ری مۆسیقا و هونه‌ری شیعر و شانۆ له پاشه‌كشه دایه، هۆكاره‌كه‌ی بۆ چه‌ند شتێك ده‌گه‌ڕێنمه‌وه، یه‌كه‌م بوونی سه‌ته‌لایت كه به‌رده‌وام دراما و فیلمی تازه و تازه‌تر دۆبلاژكراو په‌خش ده‌كات، وایكردووه بینه‌ر ئه‌و هێز و حه‌زه‌ی نه‌بێت بچێته دیار ده‌قێكی شانۆ له هۆڵه‌كان، هه‌روه‌ها پێش راپه‌رین مه‌سه‌له‌یه‌ك هه‌بوو نه‌بوونی ئازادی بوو، ئه‌وه وایكردبوو بینه‌ر له‌ناو شانۆگه‌رییه‌ك خۆی ته‌فریغ ده‌كرد، كاتێك گوێی له وشه‌ی كوردستان ده‌بوو خه‌ڵكه هه‌ڵده‌ستایه سه‌رپی و چه‌پڵه‌ی لێده‌دا، ئه‌وه به‌شدارییه‌كی ناڕاسته‌وخۆی خه‌ڵك بوو له شۆرشی كوردیدا، كه له كاتی نمایشی شانۆگه‌رییه‌كاندا ده‌ریده‌بڕی.
سڤیل: به‌ڵام تۆ و چه‌ند كه‌سێكی وه‌ك تۆش پاشه‌كشه‌یان كردووه له هونه‌ری شانۆدا، بۆچی وازت له هه‌موو شتێك هێناوه، راگه‌یاندن، شانۆ، ئایا ئه‌وه‌ش یه‌كێك له هۆكاره‌كانی پاشه‌كشێی هونه‌ر نییه؟
دڵپاك تاهیر: نا..ئه‌و پاشه‌كشێیه‌ی من جیاوازه له‌گه‌ڵ ئه‌و پاشه‌كشێیه‌ی كه شانۆی كوردی به‌ته‌واوه‌تی كردوویه‌تی، وه‌ك پێشتر باسمكرد من ته‌نیا به مه‌به‌ستێك به‌شداری شانۆی كوردیم ده‌كرد، به‌ڵام ئێستا ئه‌گه‌ر دڵپاك تاهیریش نه‌بێت سه‌دان كه‌سی وه‌ك دڵپاك ده‌رچووی په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كانن، شوێنه‌كه پڕده‌كه‌نه‌وه و ره‌نگه ململانێشی له‌سه‌ر بكه‌ن، ئێستا بوونی دڵپاك تاهیر ئه‌و پێویستیه نییه له شانۆی كوردیدا، له‌لایه‌كی دیشه‌وه مرۆڤ له‌هه‌ر قۆناخێكی ژیانی شتێك لای گه‌شه ده‌كات و ده‌بێته سه‌ره‌كیكترین شت له ژیانی، راسته ماوه‌یه‌ك شانۆ لای من مه‌سه‌له بوو، به‌ڵام ئێستا ئه‌و مه‌سه‌له لای من نه‌ماوه، من له بارودۆخێكی ناله‌بار ده‌ژیام ره‌نگه ئه‌وكاته شانۆ وه‌سیله‌یه‌ك بووبێت بۆ من، بۆئه‌وه‌ی بتوانم ئه‌وه‌ی له دڵم و مێشكم دایه له چوارچێوه‌ی ده‌قه شانۆیه‌كان ته‌عبیری لی بكه‌م، هه‌روه‌ها له‌رووی راگه‌یاندنیشه‌وه خۆم به پاشه‌كشێ نازانم، له‌به‌رئه‌وه‌ی من كه ئێستا به‌شداری راگه‌یاندن ناكه‌م، به‌ڵام ئه‌مڕۆ نه‌وه‌یه‌كی دیم پێگه‌یاندووه، كه كچه‌كه‌ی خۆمه له‌و كه‌ناڵه ئیش ده‌كات و به‌رنامه پێشكه‌ش ده‌كات، كه خۆم چه‌ند ساڵ پێش ئێستا كارم تێدا كردووه، به‌ڵام ره‌نگه له ئاینده‌یه‌كی نزیك بێمه‌وه سه‌ر شاشه و به‌رنامه‌یه‌كی سیاسیی پێشكه‌ش بكه‌م.
سڤیل: تۆ گوتت له‌به‌ر خۆشه‌ویستی خه‌ڵكی هه‌ولێر ده‌ستت به ته‌مسیلكردن كرد، ئه‌ی چۆن بوو ده‌ستت به كاری راگه‌یاندن و پێشكه‌شكاری كرد؟
دڵپاك تاهیر: راگه‌یاندن له خوێنی من دایه، له ته‌مه‌نی 15 ساڵیه‌وه كاری راگه‌یاندنم كردووه، به‌ڵام ئێستاش كه من له كاری راگه‌یاندن دابراوم مانای ئه‌وه نییه په‌شیمان بم له كاری راگه‌یاندنم، ئه‌وه قۆناخێك بووه له ژیانی من، ئێستا من كارێكی دی ده‌كه‌م، به‌ڵی ئه‌وكات نه‌بوونی ژن له‌سه‌ر ته‌له‌فزیۆنه‌كان كاریگه‌رییه‌كی زۆری سلبی هه‌بوو له راگه‌یاندنی كوردی، من فه‌خر به‌وه ده‌كه‌م توانیبێتم رۆژێك له رۆژان ئه‌و بۆشاییه پڕبكه‌مه‌وه له راگه‌یاندنی كوردیدا، هه‌رچه‌نده ئه‌وكاته بۆ من ژیانێكی زۆر سه‌خت بوو، كه‌سه نزیكه‌كانی خۆم زۆرجار هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن‌یان لێده‌كردم و ده‌یانگوت "نابێت له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه ژنێك به شه‌وانه له ته‌له‌فزیۆن له‌ناو هه‌موو ماڵێك ببینرێت" به‌ڵام ئێستا فه‌خر به‌وه ده‌كه‌م كه من بووم به‌و مۆمه‌ی له‌پێناو راگه‌یاندن سووتام و ئه‌مڕۆ كچه‌كه‌م له ته‌له‌فزیۆن به‌رنامه پێشكه‌ش ده‌كات به‌بی ئه‌وه‌ی هیچ به‌ربه‌ستێكی هه‌بێت، ئه‌مڕۆ كچ له ته‌له‌فزیۆنه‌كان به پێشبڕكی وه‌رده‌گیرێت، ئه‌وه هه‌نگاوێكی زۆر گه‌وره‌یه له بواری راگه‌یاندنی كوردی نراوه.
سڤیل: ئه‌وه‌نده‌ی كه له هه‌ولێر ژیاوی، یادگارییه‌كانت له‌و شاره چین و به‌چ شتێكی هه‌ولێر سه‌رسام بووی؟
دڵپاك تاهیر: یادگارییم له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی هه‌ولێر زۆر زۆره، من 18 ساڵ له كه‌ركووك ژیاوم و 18 ساڵیش له هه‌ولێر، ئه‌گه‌ر بارودۆخی سیاسیی نه‌بوایه من تامردنیش له هه‌ولێر ده‌ژیام، هه‌ولێر ئه‌و شاره‌یه خه‌ڵكی غه‌ریب ده‌توانێت به دڵنیایی تێیدا بژی، هه‌رچه‌نده من له هه‌ولێر خۆم به غه‌ریب نه‌ده‌زانی، من چووبوومه‌ته هه‌ر كۆڵان و بازاڕ و شوێنێكی ئه‌و شاره په‌نجه‌ی رێز و حورمه‌تم بۆ درێژكراوه، هه‌میشه خه‌ڵكی هه‌ولێرم خۆشده‌وی و حه‌زم له كه‌لتووری هه‌ولێرییه‌كانه، من ئێستاش بیری شله‌ساوار و قوڕاوی هه‌ولێر ده‌كه‌م، كه له لادێكانی هه‌ولێر خواردوومه، دوو خواردنن ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێت پێم وانییه خواردنێكی دیكه هه‌بێت وه‌ك ئه‌و دوو خواردنه زۆر به‌تام بێت، به‌تایبه‌ت به‌ده‌ستی هه‌ولێرییه‌كان، هه‌روه‌ها به شتێكی دیكه‌ی خه‌ڵكی هه‌ولێر سه‌رسامم، كه هه‌میشه گوتوومه خه‌ڵكی هه‌ولێر سیاسیه‌تێكی هه‌یه یان ده‌یه‌وێیت یان نایه‌وێیت، هه‌ردووكیان به ئاشكرا تۆ هه‌ستی پێده‌كه‌ی، ئه‌گه‌ر تۆی بوێت ئه‌وپه‌ڕی خۆشه‌ویستیت بۆ ده‌نوێنی، ئه‌گه‌ر تۆی نه‌وێت به ده‌موچاوه‌كه‌ی پێتده‌ڵێت كه نایه‌وێیت، به‌ڕاستی ئه‌وه پێویسته هه‌بێت له په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵاتییه‌كان، پێم خۆشه ئینسان به‌مشێوه‌یه بژی، چونكه ساژشكردن له په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌ریتێكی زۆر ناشرینه.
سڤیل: ئێستاش په‌یوه‌ندیت له‌گه‌ڵ ئه‌كته‌ركانی هه‌ولێر ماوه؟
دڵپاك تاهیر: من لێت ناشارمه‌وه له ژیانی تایبه‌تی خۆمدا دابڕانێك هه‌یه له نێوان من و هونه‌رمه‌نده‌كان به گشتی، له‌به‌رئه‌وه‌ی سروشتی ئیشه‌كه‌ی ئێستام وایه، من ئێستا ئه‌ندامی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیم، ئێستا زیاتر له‌گه‌ڵ سیاسه‌تمه‌داره‌كان په‌یوه‌ندیم هه‌یه، ئه‌وه‌ش مانای ئه‌وه نییه به‌ته‌واوه‌تی له هونه‌رمه‌نده‌كان دابڕابم، به‌ڵام ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌م ئێستا زیاتر له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی سلێمانییه، به‌داخه‌وه ئه‌وه گله‌ییه له هونه‌رمه‌ندانی هه‌ولێر ده‌كه‌م ئه‌و ته‌مه‌نه‌ی كه من له‌گه‌ڵیان به‌سه‌رم برد وه‌ك پێویست منیان به‌سه‌رنه‌كردۆته‌وه و هه‌واڵم ناپرسن، جگه له هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم حه‌كیم نه‌بێت، هه‌میشه په‌یوه‌ندی له‌من نه‌بڕیووه و هه‌واڵم ده‌پرسێت، ئه‌گه‌ر به ته‌له‌فۆن بێت یاخود به سه‌ردان، چ خۆی چ خێزانه‌كه‌ی، یه‌كێكه له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی زۆر به‌وه‌فایه و زۆریشم خۆشده‌وی.
سڤیل: یادگارییه خۆشه‌كانت له درامای قه‌ره‌چوغ چییه؟
دڵپاك تاهیر: له‌و درامایه هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم حه‌كیم كه ده‌وری "سه‌یدا"ی ده‌بینی، ده‌وری كه‌سێكی شێت، به‌ڕاستی رۆژی واهه‌بوو ئێمه به نیو سه‌عات پێده‌كه‌نین به‌ده‌وره‌كه‌ی، به‌ڕاستی زۆر به‌سه‌ركه‌وتوویی ده‌وره‌كه‌ی ده‌بینی، جگه له‌وه‌ش ئێمه گروپێك بووین له‌و درامایه جۆراوجۆر فكری سیاسیمان تێدا بوو، به‌ڵام هیچ كامێك له ئێمه نه‌مانهێشت كاریگه‌ری سلبی له‌سه‌ر به‌رامبه‌ره‌كه‌مان دروست بكه‌ین بۆ سه‌پاندنی فكره سیاسییه‌كمان، به‌داخه‌وه له دوای ئه‌و درامایه شه‌ڕی حزبایه‌تی و كاریگه‌ری حزبایه‌تی هاته ناو هونه‌ریشه‌وه، بووه هۆی ئه‌و پاشه‌كشێیه‌ی هونه‌ر له ئێستادا، هه‌روه‌ها شتێكی خۆش بگێڕمه‌وه، هونه‌رمه‌ند نه‌وزاد ره‌مه‌زان كه له دراماكه‌دا كوڕی من بوو، رۆڵی "كاكل"ی ده‌بینی، به‌ڵام خۆی نه‌وزاد به ته‌مه‌ن زۆر له‌من گه‌وره‌تره، ئیتر هه‌ركاتێك نه‌وزاد به‌منی ده‌گوتم "هۆده" من له‌ناخه‌وه ده‌كوڵام و زۆر پێكه‌نین، من له‌و زۆر بچووكتر بووم، كه‌چی ئه‌و وه‌ك منداڵ به‌منی ده‌گوت "هۆده".
سڤیل: تۆ به ئه‌سڵ خه‌ڵكی كه‌ركووكی، به‌ڵام له كاره هونه‌رییه‌كانی هه‌ولێر به‌شێوه‌زارێكی هه‌ولێری وا قسه‌ت ده‌كرد، كه ته‌نانه‌ت ئێستاش واده‌زانن تۆ به ئه‌سڵ خه‌ڵكی هه‌ولێری، چۆن توانیت به‌مشێوه هه‌ولێرییه قسه بكه‌ی؟
دڵپاك تاهیر: هونه‌رمه‌ندی سه‌ركه‌وتوو ئه‌و كه‌سه‌یه بتوانی ئه‌و ده‌وریه‌ی كه هه‌یه‌تی به‌رجه‌سته‌ی بكات، قه‌ره‌چوغ كه گوندێكی ناوچه‌ی دزه‌ییه، به‌رده‌وام موتابعه‌م هه‌بوو بۆیان، ته‌نانه‌ت چوومه‌ته چه‌ندین ماڵه هه‌ولێریی و دزه‌ییه كۆنه‌كان، تاوه‌كو توانیم ئه‌و سه‌ره‌به‌سته و ده‌مبوزه ره‌نگاوره‌نگه كه ده‌یده‌ن له‌سه‌ریان په‌یدا بكه‌م، كه ئێوه له درامای "كه‌وه‌كانی قه‌رچوغ" ده‌بینن وا له‌سه‌رمه، ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر شێوه‌ی به‌ستنی جله‌كان، چه‌ندجارێك چوومه‌ته لای پیرێژن فێرم بكات ئه‌و كراسه‌ی كه دووباخه‌له چۆن له‌به‌رده‌كری، ماڵ به ماڵ گه‌ڕام تاوه‌كو كه‌وی و كورته‌كه‌م په‌یدا كردووه، به‌ڵام من شانسم له‌وه هه‌بوو كه دراوسێیه‌كی خۆمان دزه‌یی بوو به ناوی "پله عه‌تیه" رۆژانه من ده‌چوومه لای موتابه‌عه‌ی فۆنه‌تیكی قسه‌كردنه‌كانی ئه‌وه‌م ده‌كرد له ماڵه‌وه له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانی چۆن قسه ده‌كات، ئه‌وه وایكرد من بتوانم به سه‌ركه‌وتوویی رۆڵه‌كه‌م به‌رجه‌سته بكه‌م، بیریش نه‌چێت من 18 ساڵ له هه‌ولێر ژیاوم.ئێستا كه خه‌ڵكی هه‌ولێر و لادێكانی هه‌ولێر ده‌بینم هه‌روه‌ك هه‌ولێریی قسه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌م.
سڤیل: ئه‌و جله كوردییه كۆنانه‌ی بۆ ته‌مسیله‌كانت په‌یداتكردن ئێستاش ماوته؟
دڵپاك تاهیر: نه‌خێر، به‌داخه‌وه له 31ی ئاب ماڵه‌كه‌م له هه‌ولێر تاڵانكرا، هیچ شتێكم نه‌ما جگه له بووكه شووشه‌یه‌كی منداڵی خۆم نه‌بێت، ئه‌وه‌ی من كه هه‌میش بۆی ده‌گریم ئه‌وه‌یه كه له دوای كه‌ریم عوسمان ئه‌رشیفه‌كه‌ی من و كه‌ریم عوسمان هه‌مووی تاڵانكرا.
سه‌رچاوه: گۆڤاری سڤیل
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
