ئه‌گه‌ر به‌راوردێكی خێرا له‌نێوان قۆناخه‌كانی پێشتر و ئێستای كه‌ركووك له‌ڕووی هونه‌ری موزیك و گۆرانییه‌وه بكه‌ین، ده‌خوازێ قۆناخی سه‌رده‌می پێشتر به‌زێڕین بچوێنین، ئه‌مه‌یان پتر له ساڵانی سه‌ره‌تای شه‌سته‌كانه‌وه ده‌ست پێده‌كات، چونكه له‌م سه‌رده‌مه‌ی دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عس، وێڕای ئه‌و ئازادییه‌ی له كه‌ركووكدا هاتووه‌ته بوون، ئاستی چالاكییه هونه‌رییه‌كانی موزیك و گۆرانی له‌ڕووی جۆرییه‌وه پاشه‌كشه‌یه‌كی سه‌یری كردووه كه ده‌هێنێ بیخه‌ینه به‌ر ڕۆشناییه‌وه، منیش مه‌به‌ستمه لێره‌دا جیا له ڕۆشنایی خستنه سه‌ر مێژووی تیپی مۆسیقای سۆلاڤ كه له كۆتای ساڵانی په‌نجاكانه‌وه تا ناوه‌ڕاستی حه‌فتاكان كاری هونه‌ری به‌پێزی له كه‌ركووكدا ئه‌نجام دا و قۆناخه‌كه‌ی كرده قۆناخێكی زێڕین و مێژوویی، هاوكات به‌راوردی بكه‌م له‌گه‌ڵ بێكه‌سییه‌كه‌ی ئێستا كه هونه‌رمه‌ندانی ئه‌م بواره‌ی شاره‌كه‌ی گرتووه‌ته‌وه، چونكه له ساتی دامه‌زرانی تیپی سۆلاڤه‌وه تا ساڵی 2008، ئه‌م بواره به‌قۆناخگه‌لێكدا تێپه‌ڕی و له هه‌ر قۆناخێكیشدا هه‌ڵكشان و داكشانی به‌خۆوه دیتووه، دواترینیشیان كاره‌كانی "تیپی مۆسیقای شه‌فه‌قی كوردستان" بوو كه له 2003وه تا 2008 خۆی به‌جێگره‌وه‌ی تیپی سۆلاڤ ده‌زانی له شاره‌كه‌دا.
پێشتر له 1958دا هونه‌رمه‌ندان ڕه‌مه‌زان زامدار و عه‌بدولئیلا محێدین و سه‌ردار بێبه‌خت و سه‌ڵاح عه‌باس گرووپێكی لاو بوون و تیپه‌كه‌یان به‌ناوی "تیپی مۆسیقای بێكه‌س"ه‌وه دامه‌زراند، ئه‌وكات له ماڵی بورهان جاف‌دا پڕۆڤه‌یان ده‌كرد و دواتر پڕۆڤه‌كانیان گواسته‌وه بۆ ماڵی حه‌مه‌ی سیروان، بێگومان ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شوێنێك نه‌بوو بۆ كۆبوونه‌وه و پڕۆڤه‌كردنیان، ئه‌وكات چه‌ند ئاهه‌نگێكیان له بۆنه تایبه‌ته‌كاندا ساز دا و تا ئاستێكیش تیپه‌كه ناسرا، به‌ڵام كه له 1968دا یانه‌ی وه‌رزشیی سۆلاڤی كه‌ركووك مۆڵه‌تی فه‌رمیی كاركردنی وه‌رگرت، ئه‌وه‌بوو داوایان له‌و شارا هونه‌رمه‌نده كرد تیپه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌و یانه‌یه‌دا ڕێك بخه‌ن، ئه‌وه‌بوو هه‌ر له‌وێدا شوێنیان بۆ دابین كردن و له‌و مێژووه‌شه‌وه تیپه‌كه به‌ناوی "تیپی مۆسیقای سۆلاڤ" به‌هاوكاریی چه‌ندان هونه‌رمه‌ندی وه‌ك ڕه‌مه‌زان زامدار و شه‌وكه‌ت ڕه‌شید و قاسم حه‌مه‌د و ئه‌نوه‌ر تاهیر و قادر مه‌ردان و عه‌لی عه‌زیز و محه‌مه‌د ڕه‌زا و نه‌جمه‌دین محه‌مه‌د عه‌لی و به‌یان عه‌زیز ده‌ستی به‌چالاكییه‌كانی كرد.. به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌به‌رده‌ستن، ئه‌و شارا هونه‌رمه‌نده له تیپی سۆلاڤدا توانییان له ڕێگه‌ی چالاكییه‌كانیانه‌وه به‌رهه‌مگه‌لێكی به‌پێز له ئاستێكدا تۆمار بكه‌ن كه تیپی سۆلاڤ به‌یه‌ك له تیپه ئه‌كتیڤه‌كانی كوردستان بكه‌وێته به‌ر ئاماژه‌وه.. ڕه‌مه‌زان زامدار یه‌ك له دامه‌زرێنه‌رانی ئه‌و تیپه‌یه هه‌ر له سه‌رده‌می تیپی بێكه‌سه‌وه تا سۆلاڤ، ڕۆشناییی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه به‌رهه‌می یه‌كه‌می ئه‌و گرووپه له 1960وه ده‌ست پێده‌كات، چونكه له‌و ساڵه‌دا بوو سروودی "ئیجازه‌دانی پارتی"یان له هۆنراوه و ئاوازی خالید دلێر و گوتنی عه‌لی عه‌زیز و خالید دلێر تۆمار كرد، ڕاسته ئه‌وكات تیپه‌كه به‌ناوی بێكه‌سه‌وه بوو، به‌ڵام له یاده‌وه‌ریی خه‌ڵكدا به‌رهه‌مه‌كه به‌به‌رهه‌می تیپی سۆلاڤ ناوزه‌د ده‌كرێت، به‌دوایدا چه‌ندان سروودی تری وه‌ك "به‌خێر بێنه‌وه" و "ئه‌ژین" له هۆنراوه و ئاواز و گوتنی خالید دلێر تۆمار كران.
له ساڵی 1968وه تا 1974، تیپی سۆلاڤ توانی زۆرترین كاری هونه‌ری له چالاكییه‌كانیدا ئه‌نجام بدات، لێره‌دا ته‌نیا چه‌ند یه‌كێك له‌و به‌رهه‌مانه به‌نموونه ده‌هێنینه‌وه.. كاتێك له 1968 دا له تیپی بێكه‌سه‌وه بووه "تیپی مۆسیقای سۆلاڤ"، یه‌كه‌مین به‌رهه‌میان به‌رنامه‌یه‌ك بوو له ته‌له‌ڤزیۆنی كه‌ركووك به‌بۆنه‌ی نه‌ورۆزی 1968ه‌وه كه ڕه‌مه‌زان زامدار پێشكه‌شكاری ئه‌و به‌رنامه‌یه بوو، تێیدا سرووده‌كانی (ئه‌ی ڕه‌قیب) و (نه‌ورۆز) و (كوردستان نیشتمانی كورد) پێشكه‌ش كران، هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ندان شه‌وكه‌ت ڕه‌شید و عه‌لی عه‌زیز و قادر مه‌ردان له‌و به‌رنامه‌یه‌دا وه‌ك گۆرانیبێژ به‌شدارییان كرد، گه‌وره‌ترین ئاهه‌نگی ئه‌م تیپه‌ش له 11ی ئازاری 1970 بوو له ناوچه‌ی حه‌سار له كه‌ركووك كه له‌وێشدا ڕه‌فیق چالاك پێشكه‌شكاری ئاهه‌نگه‌كه بوو، له‌و ده‌مه‌شه‌وه تا هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی خه‌باتی چه‌كداری له 1974دا، ئه‌و تیپه له ته‌واوی بۆنه و یاده نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كاندا ئاهه‌نگی ساز ده‌كرد، به‌ڵام دوای نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلوول له 1975، ئیتر زۆربه‌ی ئه‌ندامه‌كانی په‌رته‌وازه بوون، بۆ ئه‌وكاتیش حكوومه‌تی به‌عس زۆرترین سانسۆری له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ندان دانا، ئه‌مه‌ش هۆكاری نه‌مان و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی تیپه‌كه بوو، پاشان هه‌ندێك له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی له كه‌ركووكدا مابوونه‌وه، له‌گه‌ڵ چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی تری عه‌ره‌ب و توركمان و ئاشووری، "تیپی مۆسیقای كه‌ركووك"یان دامه‌زراند كه دواتر بووه "تیپی مۆسیقای ته‌له‌ڤزیۆنی كه‌ركووك"، به‌ڵام ئه‌و تیپه وه‌ك تیپێكی كوردی نه‌ده‌هاته ناساندن، چونكه زۆربه‌ی ئه‌ندامه‌كانی عه‌ره‌ب و توركمان و ئاشووری بوون، هاوكات له سه‌رده‌می شه‌ڕی عێراق-ئێران‌دا پاڵه‌په‌ستۆیه‌كی زۆر كه‌وته سه‌ر ئه‌و تیپه به‌وه‌ی زۆرترین سروود بۆ قادسیه‌ی سه‌دام تۆمار بكه‌ن، ئه‌مه‌ش وایكرد "تیپی مۆسیقای ته‌له‌ڤزیۆنی كه‌ركووك" چ له‌ڕووی كه‌سایه‌تیی مه‌عنه‌وه‌ییه‌وه، یان له‌ڕووی كاری هونه‌ری و داهێنانه‌وه له پاشه‌كشه بدات، ئه‌ویش تا كۆتای ساڵانی هه‌شتاكان به‌رده‌وام بوو و پاشان هه‌ڵوه‌شایه‌وه، ئیتر تا ساڵی 2003 و پرۆسه‌ی ئازادیی عێراق، له كه‌ركووكدا تیپێكی موزیك نه‌ما كه به‌شێوه‌ی تیم و گرووپ كاره هونه‌رییه‌كان بكات، له ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانیشدا هه‌ر چالاكییه‌كی هونه‌ری یان تۆماركردنی گۆرانی ئه‌نجام بدرایه، ده‌بوو به‌شێوه‌ی لابه‌لا هونه‌رمه‌ندان كۆ بكرێنه‌وه و تیپیان لێ دروست بكه‌ن، به‌تایبه‌تیش تۆماركردنی گۆرانییه‌كان له ڕێگه‌ی ئه‌و گرووپه موزیكییانه‌وه بوو كه له ئاهه‌نگه تایبه‌ته‌كاندا كاریان ده‌كرد.. به‌بۆچوونی من ئه‌و تیپه بچووكانه‌ی له شایی و بۆنه‌كاندا له كه‌ركووك ئاهه‌نگیان ساز ده‌كرد، له نێویشیاندا گۆرانیبێژان عه‌لی زه‌نگنه و حه‌سه‌ن غه‌ریب و ژه‌نیارانی وه‌ك هێمن حوسێن و محه‌مه‌د جاف و نوره‌دین جاف و زۆری تر، به‌ده‌ر له ئاستی به‌رهه‌مه‌كانیان له‌ڕووی هونه‌رییه‌وه كه له ئاستی جیاجیادا بوون، به‌ڵام زۆرترین ڕۆڵ و كاریگه‌رییان به‌سه‌ر زیندوو هێشتنه‌وه‌ی هونه‌ری كوردی له‌و شاره‌دا هه‌بوو، بۆیه ده‌هێنی به‌ئه‌رێنی ئاماژه‌یان پێبده‌ین.
ساڵی 2003 ساڵی كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌كان بوو به‌ڕووی هونه‌رمه‌ندانی كورد له‌و شاره‌دا، مه‌به‌ستم خوڵقاندنی ئه‌و ئازادییه‌ی كه ساڵانێكی زۆر بوو هونه‌رمه‌ندانی ته‌واوی بواره‌كانی تری هونه‌ر له شاره‌كه‌دا خه‌ونیان پێوه ده‌دیت، بۆیه به‌تایبه‌تی له سه‌ره‌تاكانی ئه‌و ئازادییه‌دا جۆشێكی گه‌وره‌ی هونه‌رمه‌ندان هه‌بوو و گه‌شبینییان بۆ داهێنانی گه‌وره‌تر ده‌به‌خشی، هاوكات هونه‌رمه‌ندانی كه‌ركووك دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه بنده‌ستییه، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بوون له‌و قۆناخی ئازادییه‌دا زۆرترین پشتگیری له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه بكرێن، له ڕاستیدا تا ئاستێك پشتگیریش كران، به‌ڵام دۆخی شاره‌كه و باری هونه‌رمه‌ندان له‌وه پتری ده‌خواست كه بۆی كرا.
له سه‌ره‌تای ئازادییه‌كه‌دا له ڕێگه‌ی لقی كه‌ركووكی سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندانه‌وه به‌ناوی "تیپی مۆسیقای باوه‌گوڕگوڕ" كاری هونه‌ری ده‌كران، هه‌روه‌ها له ڕێگه‌ی ناوه‌ندی كه‌ركووكی یه‌كێتی هونه‌رمه‌ندانیشه‌وه به‌ناوی "تیپی مۆسیقای كه‌ركووك" چالاكی ئه‌نجام ده‌دران، له ڕاستیدا هه‌ریه‌ك له‌و دوو تیپه تا ماوه‌یه‌ك كۆمه‌ڵێك كاری هونه‌ری و ئاهه‌نگیان ساز كرد، به‌ڵام پشتگیرییه‌كان له‌و ئاسته نه‌بوون بتوانن له به‌رده‌وامیدا گه‌شه بكه‌ن، تا له مانگی 6ی 2003دا ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی ده‌زگه‌ی ڕۆشنبیریی شه‌فه‌قی له كه‌ركووكدا كرده‌وه، ئه‌م ده‌زگه‌یه له‌ڕووی پشتگیریی داراییه‌وه سه‌ر به‌ده‌زگه‌ی ئاراس بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌یه، هه‌ر هه‌مان كاتیش له ڕێگه‌ی ده‌زگه‌ی شه‌فه‌قه‌وه "تیپی مۆسیقای شه‌فه‌ق" به‌ته‌واوی كه‌لوپه‌ل و ئامێره موزیكییه‌كانیه‌وه دامه‌زرا و به‌نده بۆ دامه‌زراندن و سه‌رپه‌رشتیكردنی ڕاسپێرام، كه دواتر ناوه‌كه‌ی بۆ "تیپی مۆسیقای شه‌فه‌قی كوردستان" گۆڕا، دامه‌زرانی ئه‌و تیپه‌ش ئاسۆیه‌كی گه‌ش بوو بۆ هونه‌رمه‌ندان بتوانن له ڕێگه‌یه‌وه هه‌ناسه‌یه‌ك بده‌ن و كاری هونه‌ریی تێدا ئه‌نجام بده‌ن، به‌تایبه‌تیش كه ئه‌م تیپه ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن كاك به‌دران ئه‌حمه‌د حه‌بیب به‌رپرسی ده‌زگه‌ی ئاراسه‌وه پشتگیری كرا، توانرا كۆمه‌ڵێك ئاهه‌نگ و كۆنسێرت له كه‌ركووك و ده‌ره‌وه‌ی كه‌ركووكیشدا ساز بكات، هاوكات چه‌ندان گۆرانیی بۆ گۆرانیبێژانی شاره‌كه تۆمار كرد، ئه‌مانه و جگه له به‌رشداریكردنی له چه‌ندان فێستیڤاڵی موزیك و گۆرانی له هه‌ولێر و سازكردنی كۆنسێرتی گۆرانی بۆ هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن گه‌رمیانی.
"تیپی مۆسیقای شه‌فه‌قی كوردستان" هیوایه‌ك بوو بۆ ته‌واوی هونه‌رمه‌ندانی ئه‌و بواره له كه‌ركووكدا، ئه‌مه‌یان له ئاستێكدا بوو كه هونه‌رمه‌ندان به‌جێگره‌وه‌ی "تیپی مۆسیقای سۆلاڤ"یان ده‌چوواند.. به‌شبه‌حاڵی خۆم پێموایه جارێ تیپه‌كه له‌ڕووی داهێنانه هونه‌رییه‌كانه‌وه مابووی بگاته ئه‌و ئاسته‌ی خۆمان لێی ڕازی بین، به‌ڵام به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ وێرانه‌یی كه‌ركووك له‌و كاته و هه‌روه‌ها ئه‌و باره ناجێگیره ئاسایشییه‌ی تا ئێستاش له شاره‌كه‌دا بوونی هه‌یه، هه‌ر بۆ مێژوو ده‌ڵێم له كه‌ركووك و ته‌واوی ده‌ڤه‌ری گه‌رمیاندا گرووپ و تیپێكی تری له‌و ئاسته نه‌بوو، به‌تایبه‌تیش كه له نێو ئه‌ندامانیدا هونه‌رمه‌ندانی كورد و عه‌ره‌ب و توركمان و ئاشووریش شوێنیان بوبووه‌وه، به‌ڵام تا ساڵی 2008 توانی به‌رده‌وام بێت و دواتر كاره‌كانی وه‌ستا.
له ڕاستیدا من وه‌ك به‌رپرسی یه‌كه‌می ئه‌و تیپه مه‌به‌ستمه لێره‌دا ئاماژه به‌وه بده‌م كه دوای ڕاوه‌ستانی چالاكییه‌كانی "تیپی مۆسیقای شه‌فه‌قی كوردستان"، ده‌بوو وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریی حكوومه‌تی هه‌رێم له كه‌ركووكدا ئاوڕێكی له‌م بواره هونه‌رییه بدایه‌ته‌وه، چونكه ئه‌وه‌ش نه‌ده‌كرا تا ئه‌به‌د هاوكاری و پشتگیرییه‌كانی ئه‌و تیپه له‌لایه‌ن ده‌زگه‌ی شه‌فه‌قه‌وه بێت، له كاتێكدا ئه‌وان چه‌ندان كار و ئه‌ركی تری وه‌ك ده‌ركردنی كۆوار و ڕۆژنامه و ئه‌نجامدانی كۆڕ و سیمیناری ڕۆشنبیرییان له‌سه‌ر بوو، بۆیه ئه‌ركی حكوومه‌ت بوو هاوشێوه‌ی تیپه‌كانی تری شاره‌كان له كه‌ركووكیشدا تیپێكی مه‌ركه‌زی دامه‌زرێنێت، ئه‌مه له كاتێكدا ئه‌وكات ئێمه به‌نووسراوی ڕه‌سمی داوای دامه‌زراندنی تیپێكی مه‌ركه‌زیمان له وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریی هه‌رێم بۆ كه‌ركه‌ووك كرد، به‌ڵام تا ئه‌م ده‌مه‌ش وه‌ڵامی نه‌بوو.
ئێستاش ئه‌گه‌ر سه‌رنجێكی خێرا بده‌ینه باری هونه‌ریی ئه‌م بواره له كه‌ركووكدا، ده‌بینین بۆ ساڵانی نه‌وه‌ده‌كان پاشه‌كشه‌ی كردووه، چونكه تیپێكی فه‌رمی له شاره‌كه‌دا بوونی نییه، بۆیه له هه‌ر چالاكییه‌كدا هونه‌رمه‌ندانی بواره‌كه ناچارن كه‌سه په‌رته‌وازه‌كان كۆ بكه‌نه‌وه، هاوكات هه‌ر جاره و له ژێر ناوێك‌دا گرووپه هونه‌رییه‌كه‌یان بناسێنن.. به‌داخه‌وه ده‌ڵێم ئه‌ركی ڕێكخراوی هونه‌رمه‌ندانی كوردستان بوو له‌م ده‌مه‌دا ئه‌م بۆشاییه پڕ بكاته‌وه و به‌هه‌ندی وه‌ربگرێت، دیاره ئه‌وانیش وه‌ك زۆرێك له فه‌رامۆشییه‌كانی تریان ئه‌م دیوه‌یان په‌راوێز خستووه، یان دوور نییه هه‌ر بیریشیان لێ نه‌كردبێته‌وه، بۆیه جیا له گله‌ییمان له ئه‌نجوومه‌نی باڵای ڕێكخراوه‌كه، له‌وه‌ش پتر ده‌هێنێ بێده‌سه‌ڵاتی و ته‌مه‌ڵیی ناوه‌ندی كه‌ركووكی ڕێكخراوه‌كه بخه‌ینه به‌ر قه‌ڵه‌می ڕه‌خنه‌وه كه خۆیان هۆكارێكی كاریگه‌رن بۆ ئه‌و دۆگماییه‌ی ته‌واوی بواره‌كانی هونه‌ری له كه‌ركووكدا گرتووه‌ته‌وه.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
