نی بووه، چونكه ئه‌و به‌توانایه‌كی زۆره‌وه ده‌ركه‌وت و توانی ببێته جێی سه‌رنج و له‌وه‌ش پتر كه‌وته به‌ر بایه‌خه‌وه، دووریشی نابینم له ڕێگه‌ی خه‌ڵكانی كۆنخوازه‌وه ئیستفزاز كرابێ بۆیه به‌و شێوه‌یه له كار و كرده‌وه‌كانی په‌شیمانی ده‌نوێنێ. لێره‌دا پتر مه‌به‌ستمه به‌هونه‌رمه‌ند هانی بڵێم وێڕای ئه‌وه‌ی ڕه‌نگه كه‌سانێك هه‌بن بیخه‌نه به‌ر تانه و ته‌شه‌ر و نقورچی كۆنخوازانه و زاڵمانه‌وه، له‌گه‌ڵیدا كه‌سانی تریش هه‌ن كه كار و كرده‌وه‌كانی به‌رز ڕاده‌گرن و به‌هونه‌ری جوانی ده‌بینن، بۆیه من له یه‌ك له ژماره‌كانی هونه‌ری هه‌ولێردا بابه‌تێكم له‌باره‌یه‌وه بڵاو كرده‌وه و مه‌به‌ستمه لێره‌ش له‌ڕێگه‌ی مینبه‌ره‌كه‌ی كوردستان نێته‌وه ڕۆشنایی ببینێ، لانیكه‌م بۆ ئه‌وه‌ی هانی هه‌ست به‌وه نه‌كات بێ پشتیوانه و له ناوه‌نده‌كه‌دا ته‌نیایه، له‌وه‌ش پتر مه‌به‌ستم به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و ده‌نگۆ ناهونه‌رییانه‌یه كه له‌باره‌ی به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌م خانمه هونه‌رمه‌نده‌وه ده‌گوترێن. من ده‌ڵێم ئه‌وانه‌ی هانی ده‌خه‌نه به‌ر تانه‌وه، ته‌نیا ئه‌وانه‌ن كه جوانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌بینن و نه‌یانتوانیوه جوانییه‌كانی ناوه‌وه‌ی ئه‌م خاتوونه هونه‌رمه‌نده ببینن، ڕاستیتان ده‌وێ زۆربه‌ی ئه‌قڵه كۆنخوازه‌كانیش كه‌سانی ناهونه‌رمه‌ندن، چونكه هونه‌رمه‌ندی ڕاستینه هه‌موو جوانییه‌كان ده‌بینێ نه‌ك ته‌نیا جوانییه ده‌ره‌كییه‌كان، هانیش یه‌ك له هونه‌رمه‌نده جوانه‌كانه، جوانی به‌واتا هونه‌رییه‌كه‌ی نه‌ك به‌واتا چاو باشقاڵییه‌كه‌ی كه به‌داخه‌وه زۆرێك له پیاوه سمێڵبابڕه‌كان به‌و شێوه‌یه له جوانییه‌كان ده‌ڕوانن، بۆیه ده‌ركه‌وتنی هانی له به‌رژه‌وه‌ندیی هونه‌ر و دابڕانیشی كاره‌ساتێكی تره كه پیاوان به‌سه‌ر ژنانی كوردی ده‌هێنن، بێگومان هه‌موو ئه‌مانه‌ش به‌ناوی پاراستنی داوونه‌ریتی كۆمه‌ڵگه‌وه‌یه، مه‌به‌ستم داوونه‌ریته باو و ساده و سواو و زیانمه‌نده‌كانه. ماوه‌یه‌كه قسه‌وباسی له‌سه‌ر ده‌كرێت و ورد ورد هه‌واڵی هونه‌ریی له‌باره‌وه بڵاو ده‌كرێته‌وه، ئه‌مه‌یان پتر پێوه‌سته به‌ده‌ركه‌وتنی ئه‌م خاتوونه هونه‌رمه‌نده‌وه، ئه‌گه‌ر هه‌ردوو چه‌مكی ده‌ركه‌وتن و سه‌ركه‌وتنیش له یه‌كتر جودا بكه‌ینه‌وه، ده‌هێنێ له‌باره‌ی ده‌نگ و گۆرانییه‌كانیه‌وه قسه‌مان هه‌بێ كه له ئه‌لبوومێكدا خسوویه‌تییه به‌رده‌ستمان.. به‌ڵێ "هانی" ده‌ركه‌وتووه، ده‌مێنێته‌وه بزانین تا چه‌ند سه‌ركه‌وتووه. "هانی" ئێسته وه‌ك گۆرانیبێژێكی گه‌نج ده‌ناسرێته‌وه، به‌ڵام پێموانییه كه‌وتبێته به‌ر قه‌ڵه‌می ڕه‌خنه‌وه، ئه‌وانه‌ی له‌باره‌یه‌وه نووسینیان بڵاو كردووه‌ته‌وه خۆیان له هه‌واڵه هونه‌رییه ئاساییه‌كان نه‌ترازاندووه، بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ش بتوانین به‌ڕاست هه‌ڵپه‌یه‌ك به‌هه‌نگاوه‌كانی بده‌ین و پشكمان له پێشكه‌وتنه‌كانی هه‌بێ، باشتره له‌باره‌ی هونه‌ره‌كه‌یه‌وه بدوێین و هه‌ڵسه‌نگاندنێكی هونه‌رییانه بۆ به‌شێك له به‌رهه‌مه‌كانی بكه‌ین.. ئه‌سته‌میشه بتوانین له‌باره‌ی "هانی"یه‌وه بدوێین و باز به‌سه‌ر هه‌ڵكه‌وت زاهیردا بده‌ین، چونكه ڕاستییه‌كه ئه‌وه‌یه كه هانی له فێرگه‌كه‌ی هه‌ڵكه‌وته‌وه سه‌ره‌تاتكێی هونه‌ری ده‌كات، كه‌واته به‌شی هه‌ره كاریگه‌ری هونه‌ره‌كه‌ی بۆ فێرگه‌كه‌ی هه‌ڵكه‌وت ده‌گه‌ڕێته‌وه، لێره‌وه‌یه مه‌به‌ستمه كورته‌یه‌كی له‌باره‌وه بڵێم و ئه‌وه‌ش بخه‌مه به‌ر ئاماژه‌وه كه "هانی" به‌كامه پێودانگ له فێرگه‌كه‌ی هه‌ڵكه‌وته‌وه هه‌ڵكه‌وتووه، یان ده‌یه‌وێ هه‌ڵكه‌وێ. ئه‌لبوومه‌كه‌ی "هانی" به‌تۆماركردنی 11 گۆرانی بڵاو بووه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر به‌شێوه باو و ساده‌كه ده‌نگه‌كه‌ی بخه‌ینه به‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنه‌وه، ده‌كرێ به‌یه‌ك له ده‌نگه ناوازه‌كانی بناسێنین، ناوازه نه‌ك به‌دیوی جووڵه ده‌نگییه‌كان و مه‌وداكانی ده‌نگی گۆرانیبێژ، به‌ڵكوو به‌و دیوه‌ی هاوشانی ستایله جیاوازه‌كانی موزیك هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵ ده‌نگدا كردووه، خۆ ئه‌گه‌ر "هانی" لێم نه‌تۆرێ و ڕێگه‌م بدا دروستتر هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كه‌ی بۆ بكه‌م، من ده‌ڵێم هونه‌ره‌كه‌ی ئه‌م خاتوونه ته‌نیا له ناوازه‌یی ده‌نگه‌كه‌یدا كۆ بووه‌ته‌وه نه‌ك وه‌ك شاره‌زایه‌ك له‌و بواره هونه‌رییه، چونكه به‌سه‌رنجدانێكی خێرا ده‌توانین شێوازه "هه‌ڵكه‌وت"ییه‌كه له "هانی"دا بخوێنینه‌وه، ئه‌مه نه‌ك ته‌نیا له جۆری ده‌نگه‌كه‌ی، به‌ڵكوو له ئه‌دای گۆرانییه‌كانیش كه ته‌واویان هه‌ڵكه‌وتییانه ئه‌دا كراون و هه‌ست به‌ناوازه‌ییه‌ك ناكرێ له ده‌ره‌وه‌ی شێوازه هه‌ڵكه‌وتییه‌كه‌وه، بۆیه لێره‌وه ئاسانتر ده‌توانین ئه‌قڵه ڕۆشنبیرییه هونه‌رییه‌كه‌ی "هانی" بخوێنینه‌وه و ڕاستگۆیانه‌تر پێی بڵێین ئه‌گه‌ر وێڕای ده‌نگه ساز و ناوازه‌كه‌ی خولیایه‌كی بكه‌وتایه‌ته سه‌ر پاشخانه ڕۆشنبیرییه‌كه‌ی، ڕه‌نگه ئه‌وكات بیتوانیبا هاوشانی هه‌ڵكه‌وت زاهیر شێوازه هه‌ڵكه‌وتییه‌كه ده‌وڵه‌مه‌ندتر بكاته‌وه. توانای ده‌نگیی "هانی" له ستایله جیاجیاكاندا پتر ده‌رده‌كه‌وێ، هه‌ڵكه‌وتێك كه پتر به‌ستایلی ته‌ڕه‌ب و ئه‌ره‌بێسك ده‌ناسرێته‌وه "زۆر جار به‌م هۆیه‌وه تووشی نقورچ و ڕه‌خنه‌ی به‌بنه‌ما و بێبنه‌ماش بووه‌ته‌وه" له‌م ئه‌لبوومه‌ی "هانی"دا جۆرێك له ته‌حه‌دای به‌رامبه‌ر هه‌موو ڕه‌خنه‌گرانی دروست كردووه، ئه‌ویش به‌وه‌ی چه‌ندان ستایلی جیاجیای به‌كار هێناوه كه پێشتر ئێمه له هونه‌ره‌كه‌ی هه‌ڵكه‌وتدا پێی ئاشنا نه‌بووین، یان كه‌متر، به‌ڵام لێره‌دا "هه‌ڵكه‌وت و هانی" و ته‌نانه‌ت "هێمن حوسێن"یش وه‌ك موزیكژه‌ن و دابه‌شكاری گۆرانییه‌كان هه‌وڵیان داوه به‌به‌رهه‌مه‌كان وه‌ڵامی ڕه‌خنه‌كان بده‌نه‌وه. له ته‌واوی 11 گۆرانییه‌كه‌دا هه‌موو ستایله‌كانی ته‌ڕه‌ب و ئه‌ره‌بێسك و شێوازه‌كانی كوردیی میللی و كوردیی ڕۆژهه‌ڵاتی و فارسی و توركیت ده‌كه‌وێته به‌رگوێ، به‌ڵام له ناوه‌ڕۆكدا وه‌ك به‌رهه‌می كوردیی نوێ وه‌رده‌گیرێن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شێوازه هه‌ڵكه‌وتییه‌كه وه‌ك چۆن له ده‌نگی له‌یلا فه‌ریقیدا خۆی نوواندووه، له گۆرانیی "به‌سه" كه له‌سه‌ر په‌یژه‌ی "نه‌هاوه‌ند" و ستایلێكی ڕۆژئاواییانه، له ده‌نگی "هانی"دا هه‌ست به‌ده‌نگه فه‌ریقییه‌كه‌ش ده‌كرێت.. به‌ڵام له گۆرانیی "تێناگه‌م"دا ئاسمان و ڕێسمان ده‌كه‌وێته نێوان شێوازه‌كه‌ی پێشوو و هه‌ڵكه‌وت "هانی"ی پێ ئه‌زموون كردووه، ئه‌ویش له‌سه‌ر په‌یژه‌ی "سێگا" و ڕیتمی سڵۆ ئاواز و موزیكێكی 100% كوردیمان ده‌خاته به‌رگوێ، به‌ڵام به‌گه‌یشتنی به‌ده‌نگی "هانی" ته‌واوی ئاوازه‌كه ده‌گۆڕێته سه‌ر شێوازێكی 100% فارسی، ڕاستیتان ده‌وێ من ئه‌مه‌یان به‌خه‌وش نابینم، به‌ڵكوو ده‌هێنێ به‌داهێنانێكی تری ئه‌م شارا هونه‌رمه‌نده‌ی له قه‌ڵه‌م بده‌ین، چونكه چه‌ند ستایلێكی جیاوازیان له یه‌ك به‌رهه‌مدا به‌رجه‌سته كردووه كه ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌م قۆناخه‌ی هونه‌ری كوردی یه‌ك له پێویستییه‌كانه.. هاوكات به‌شبه‌حاڵی خۆم بۆ یه‌كه‌مین جاره گوێم له به‌رهه‌مێكی هه‌ڵكه‌وت زاهیر ده‌بێت له‌سه‌ر ڕیتمی خێرا كه له‌لای هونه‌رمه‌ندانی ئێمه به"ده‌هۆڵیی كوردی" ده‌ناسرێته‌وه، ئه‌ویش له گۆرانیی "سه‌نگی هه‌واران"دا ده‌كه‌وێته به‌ر گوێمان، له ئه‌لبوومه‌كه‌دا میلۆدییه‌كه‌ی به‌ناوی هه‌ڵكه‌وت زاهیره‌وه هاتووه، ئه‌گه‌رچی من شكم له‌وه هه‌یه ئه‌م ئاوازه هی هه‌ڵكه‌وت زاهیر بێت، نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ڵكه‌وت ده‌ره‌قه‌تی ئه‌م ستایله نایه‌ت، به‌ڵكوو ده‌یان به‌رهه‌می گۆرانیی تری نێزیك له‌و میلۆدییه‌مان له‌به‌رده‌ستدایه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا ئه‌مه‌ش ڕێگه له سه‌ركه‌وتنی گۆرانییه‌كه ناگرێ، چونكه لانیكه‌م هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ ئه‌م شێوازه بۆ كه‌سایه‌تییه‌كی هونه‌ریی وه‌ك هه‌ڵكه‌وت خۆی له خۆیدا وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كی تری ڕه‌خنه‌كانه كه به‌رامبه‌ر فێرگه‌كه‌ی لێی ده‌گیرێت، بۆ "هانی"ش دیسان خۆ له‌قه‌ره‌دانی شێوازێكی تره له‌وه‌ی له گۆرانییه‌كانی تردا پێمانی ده‌گه‌یه‌نێت. له‌گۆرانیی "شه‌و تا به‌یانی" كه ڕیتمی ڕۆژهه‌ڵاتی و له‌سه‌ر په‌یژه‌ی مه‌قامی "ڕاست"دا كاری بۆ كراوه، دیسان "هانی" و هه‌ڵكه‌وت هه‌ڵپه‌ی ستایلی ته‌ڕه‌بیان كردووه‌ته‌وه، به‌ڵامه له گۆرانیی "یه‌ك و دوو"دا كه "هانی" تا ئاستێكی شیاو تێیدا باڵا ده‌سته، میلۆدییه‌كی ڕۆژئاواییمان له‌سه‌ر ڕیتمی سامبا پێده‌به‌خشن، ئه‌وه‌ی ئه‌م به‌رهه‌مه‌ی جوانتر كردووه‌ته‌وه و ده‌هێنێ به‌بایه‌خێكی فره‌وه لێی بڕوانین، ئه‌و بوێرییه‌یه كه كچانی كورد لێی بێبه‌شن و ماوه‌یه‌كی كه‌میش نییه هه‌ڵكه‌وت و قوتابییه‌كانی كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن كه ئه‌ویش له گۆڕینه‌وه‌ی ماچ و سۆزه ڕووته‌كان و ئه‌شقه دوو لایه‌نییه‌كاندا خۆی ده‌دۆزێته‌وه، ئه‌مه‌یان هه‌وڵێكی هه‌ڵكه‌وته بۆ گه‌یشتن به‌مۆدێلێكی تری گۆرانیی كوردی كه ڕه‌نگه تا ئاستێكی زۆر له چه‌قبه‌ستووییه‌كه ڕزگارمان بكات، به‌ڵام بێگومان هه‌ڵكه‌وت تاكه ده‌ستی ئه‌م هه‌ڵپه‌یه نییه ئه‌گه‌ر كه‌سانێكی وه‌ك "هانی و لۆكه و ده‌شنێ و میره و هه‌ڵدێر" و ئه‌زانی تریش قوتابیی زیره‌كی ئه‌و فێرگه‌یه نه‌بن، واته هه‌ڵكه‌وت كار له‌سه‌ر گه‌نجێلێك ده‌كات كه هه‌ر یه‌كه‌یان له ئاستێكدا قودره‌تێكیان تێدایه، یان خاوه‌نی به‌هره‌یه‌كن و هه‌ڵكه‌وت هه‌وڵی گۆشكردنی ئه‌و به‌هرانه‌یان ده‌دات. جیا له‌وانه "هانی" وه‌ك هه‌ر یه‌كێك له هونه‌رمه‌نده‌كانی تری هه‌ردوو به‌شی كرمانجیی خواروو و سه‌روو، ئه‌لبوومه‌كه‌ی له شێوه‌زاره جیاجیاكان بێبه‌ش نه‌كردووه كه ئه‌مه‌شیان بۆ ئێسته‌ی گۆرانیی كوردی به‌یه‌ك له دیارده ئه‌رێنییه‌كان ده‌ژمێردرێ، ئه‌وه‌تا له گۆرانیی "هه‌ی وه‌خ له‌من"دا كه به‌شێوه‌زاری كرمانجیی سه‌روو تۆمار كراوه و له‌سه‌ر ڕیتمی سامبا و په‌یژه‌ی "به‌یات"دا كاری بۆ كراوه، لێره‌شدا به‌هه‌مان شێوه میلۆدییه‌كی كوردیی ڕه‌سه‌نمان ده‌كه‌وێته به‌رگوێ، كه‌چی له ده‌نگی "هانی"دا ئه‌دایه‌كی دروست فارسیمان گوێ لێده‌بێ.. به‌ڵام له گۆرانیی "چۆن"دا كه به‌شێوه‌ی دویته له نێوان "هانی و هه‌ڵدێر"دا كاری بۆ كراوه، "هانی" لێره‌دا چه‌شنی گۆرانییه‌كانی "بمشاره‌وه" و "به‌سه" ئه‌دایه‌كی فه‌ریقییانه‌مان ده‌داتێ، دیاره ئه‌مه‌ش هه‌ر بۆ هه‌ڵسوكه‌وته هونه‌رییه‌كانی هه‌ڵكه‌وت ده‌گه‌ڕێته‌وه له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئه‌م خاتوونه‌دا، من ده‌ڵێم ئه‌وه‌ی توانیویه‌تی ئاوازه‌كه زیندوو ڕابگرێ ئه‌دا كوردییه‌كه‌ی "هه‌ڵدێر"ه كه شێوازه كوردییانه‌كه‌ی له ئه‌دایه‌كی نوێی گۆرانیی كوردیدا به‌رجه‌سته كردووه.. هاوكات ده‌هێنێ ئاماژه به‌وه‌ش بده‌ین كه به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ گۆرانییه‌كانی تری‌دا "هانی" له گۆرانیی "بزر"دا سه‌ركه‌وتووتر ده‌رده‌كه‌وێت و خۆی بزر نه‌كردووه، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه ده‌توانین بۆ شیكردنه‌وه‌ی ده‌نگی ئه‌م خاتوونه گۆرانیی "بزر" به‌بنه‌ما وه‌ربگرین و قسه‌ی پتری له‌سه‌ر بكه‌ین "ئه‌رێنی یان نه‌رێنی" كه ڕه‌نگه ئه‌مه‌ش به‌كات و ساتێكی تر بسپێرین. كاتێكیش هه‌ڵكه‌وت تێكستێكی دروست مرۆیی بۆ "هانی" هه‌ڵده‌بژێرێت و كارێكی هونه‌ریی شیاوی بۆ به‌رهه‌م ده‌هێنێ، خۆ ده‌بێ به‌رهه‌مێكی وه‌ك "نا بۆ سووتان" بێ كه ده‌هێنێ به‌چۆپیكێشی ته‌واوی گۆرانییه‌كانی ئه‌لبوومه‌كه‌ی "هانی"ی وه‌ربگرین، مهاباد قه‌ره‌داخی چونكه خۆی ژنه، له هه‌موو ئه‌وانی تر پتر هه‌ست به‌ئازاره‌كانی توندوتیژی ده‌كات و ده‌یه‌وێ جیا له نووسینه‌كانی له شیعره‌كانیشیدا ڕێسوای بكات، كه هه‌ڵكه‌وتیش بۆ ده‌نگی "هانی"ی هه‌ڵده‌بژێرێت و ده‌یكاته گۆرانییه‌كی كامڵ، لێره‌دا به‌هه‌موویانه‌وه موعاناته ڕاستینه‌كه‌یان له هونه‌رێكی پڕ له ئه‌فراندندا پێ گه‌یاندووین، بۆیه ده‌هێنێ پتر له ته‌واوی به‌رهه‌مه‌كانی تر ستایشی "نا بۆ سووتان" بكه‌ین كه هونه‌رێكی باڵا ده‌نوێنێ. هه‌رچی بێ، "هانی" یه‌ك له‌و ده‌نگه گه‌نجانه‌یه كه به‌به‌رده‌وامبوونی له‌سه‌ر ئه‌م ڕه‌وته هونه‌رییه داهاتووی گه‌شتری ده‌كه‌وێته پێش، ئه‌وه‌ی بۆ هه‌ڵكه‌وتیش ده‌مێنێته‌وه بایه‌خدانی پتره به‌فێرگه‌كه و قوتابییه‌كانی كه وێڕای توانا ده‌نگی و جه‌سته‌ییه‌كانیان، دڵنیام له‌وه‌ی پێویستیان به خۆ په‌روه‌رده‌كردنێكی تری ڕۆشنبیریی هونه‌ری هه‌یه. ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
