
ئێمه ماوه‌یه‌كی كه‌م نییه چاوه‌ڕوانی "هه‌بوو نه‌بوو"ه‌كه‌ی لۆكه‌ین، بێگومان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و خاتوونه له ئه‌لبوومی یه‌كه‌میدا سه‌ركه‌وتنێكی به‌رچاوی به‌ده‌ست هێنا، ئه‌مه وا ده‌كات چاوه‌ڕوانی زیاتر و هه‌ندێك جیاوازیشی لێبكه‌ین.. ئه‌وه‌ش ده‌زانین كه سه‌ركه‌وتنه‌كانی لۆكه پتر پێوه‌ندیی به‌ده‌نگ و ئه‌داكه‌ی خۆیه‌وه هه‌یه، له‌وه‌ش بترازێ، هه‌ڵكه‌وت زاهیر له پشتی ته‌واوی توخمه‌كانی تری گۆرانییه‌كانیدایه و پشكی گه‌وره‌تری له‌و سه‌ركه‌وتنه به‌رده‌كه‌وێت، بۆیه ئێمه چاوه‌ڕوانی پترمان له "هه‌بوو نه‌بوو" ده‌كرد، ئه‌مه نه‌ك به‌و واتایه‌ی له ئه‌لبوومی دووه‌میدا لۆكه خه‌وشیی نواندبێ، بگره ئه‌وه‌ی له زۆرینه‌ی گۆرانییه‌كانی "هه‌بوو نه‌بوو"دا هه‌ستی پێده‌كرێت، جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆمان پێشان نادات كه بهێنی له نووسین له‌باره‌یه‌وه قووڵ بینه‌وه، بۆیه من لێره‌دا ته‌نیا ده‌توانم چه‌ند ئاماژه‌یه‌ك بده‌م، جیا له‌وه‌ش هه‌رچی بڵێم جوینه‌وه‌ی ئه‌و نووسینه‌مه كه له‌باره‌ی ئه‌لبوومی یه‌كه‌میدا بڵاوم كرده‌وه.
به‌بۆچوونی من كه پێشتریش ئاماژه‌م پێداوه، یه‌ك له كێشه‌كانی هه‌ڵكه‌وت كۆكردنه‌وه‌ی زۆرترین میلۆدی و كردنی به‌گۆرانییه له ئه‌لبوومێكدا، ئه‌م زۆرییه وا ده‌كات به‌شێك له خه‌وشه‌كانی زه‌ق بنه‌وه، چ گومانم له تواناكانی ئه‌و گه‌نجه نییه وه‌ك پسپۆڕێكی بواری میلۆدی، به‌ڵام زۆرییه‌كه په‌له‌په‌لییه‌كی ئاشكرای پێوه دیاره و ئه‌مه‌ش تووشی ورده كێشه‌ی ده‌كات، له "هه‌بوو نه‌بوو"دا زۆر ئاشكرا ئه‌و خه‌وشه ده‌بینرێت، خه‌وش به‌و واتایه‌ی به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ گۆرانییه‌كانی ئه‌لبوومی یه‌كه‌می لۆكه‌دا، گۆرانییه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌لبوومی دووه‌میدا گه‌لێك وێكچوون، ئه‌م وێكچوونه‌ش جیاوازییه‌كانمان پێشان نادات، چونكه ئه‌وه‌ی ئێمه تا ئێستا له لۆكه‌مان وه‌رگرتووه، ده‌نگێكی پڕۆفیشناڵی گۆرانیی دروست كوردییه، پێشتریش گوتوومه ئه‌گه‌ر هه‌ڵكه‌وت هه‌ر میلۆدییه‌كی ئه‌ره‌بێسك و ته‌ڕه‌بیش به‌و خاتوونه بڵێته‌وه، ئه‌و ناتوانێ سۆزه ته‌ڕه‌بییه‌كه پێشان بدات، چونكه به‌كوردییه‌كی ڕه‌سه‌ن گۆرانییه‌كه ده‌ڵێته‌وه، كه‌واته ده‌نگی لۆكه زۆرترین بوار بۆ چێژه‌كانی بیسه‌ر خۆش ده‌كات و وه‌ك گۆرانیی كوردی ته‌واوی ئه‌و میلۆدییانه‌ی لێوه‌رده‌گرن كه له‌سه‌ر ستایله غه‌یره كوردییه‌كان كاریان تێدا كراوه.
هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئاماژه‌م پێدان، له گۆرانییه‌كانی "هه‌ست- شێتی- گریان یه‌كه‌م ماچ" ئاشكراتر هه‌ستیان پێده‌كرێت، بێگومان هه‌ندێك له گۆرانییه‌كانی تریش به‌ده‌ر نین له‌و توانجه، به‌ڵام ئه‌مانه ئه‌وپه‌ڕی زه‌قی له وێكچوونه‌كاندا ده‌نوێنن، بۆیه وه‌ك پێشتریش بۆ هه‌ڵكه‌وت زاهیرم كردووه‌ته پێشنیاز، ئه‌گه‌ر له ژماره‌ی میلۆدی له ئه‌لبوومدا په‌له‌ی نه‌كردایه، ڕه‌نگ بوو تا ئاستێكی ئه‌رێنی جیاوازیمان له نێوان هه‌ردوو ئه‌لبوومی یه‌كه‌م و دووه‌می لۆكه‌دا هه‌ست پێبكردایه.
لۆكه له گۆرانییه‌كانی "هه‌بوو نه‌بوو-شێتی- وه‌ره ئه‌مشه‌و"دا پاڵه‌په‌ستۆیه‌كی ئاشكرا له ئه‌داكردنیدا ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌مه دروست به‌و شێوه‌یه وه‌ریده‌گرین كه به‌ر له هه‌رسكردنی میلۆدییه‌كان، یان به‌ر له‌وه‌ی ئه‌شقێك له نێوان خۆی و ئه‌و میلۆدییانه‌دا چه‌كه‌ره بكات، ئه‌و خۆی له قه‌ره‌یان داوه.. به‌ڕاستی من ئه‌مه به‌خه‌وشێك له لۆكه‌دا نابینم، چونكه ئه‌و خاتوونه له به‌راییه‌كانی كاری هونه‌ریدایه، بۆیه ته‌نیا ڕێنوێنییه‌كانی هه‌ڵكه‌وت به‌هه‌ند وه‌رده‌گرێت، ئه‌ویش به‌و واتایه‌ی هه‌ر كارێك هه‌ڵكه‌وت پێی وابێ سه‌ركه‌وتووه، له‌لای لۆكه‌ش به‌سه‌ركه‌وتوو دێته ژماردن، واتا هه‌ڵسه‌نگاندنی هونه‌ری هێشتا نه‌بووه‌ته كاری لۆكه، كه‌واته ئه‌وه‌ی خه‌وشه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆ، هه‌ڵكه‌وت خۆیه‌تی نه‌ك لۆكه.
من گومانم له توانا باڵاكه‌ی هه‌ڵكه‌وت زاهیر نییه و پێشتریش زۆری له‌باره‌وه دواوم، كه‌م كه‌سیش هێنده‌ی من داكۆكیكاری ئه‌و ڕه‌وته بوون و بۆ ئه‌مه‌یان باجه‌كه‌یم داوه و لێشی په‌شیمان نیم، به‌ڵام ده‌هێنێ بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی پتری ڕه‌وته‌كه، جاربه‌جار هه‌ڵكه‌وت له خه‌وشه‌كانی ئاگادار بكه‌ینه‌وه، ئه‌گه‌رچی به‌پێی شاره‌زایی خۆم له جۆری كاركردنی ئه‌و گه‌نجه، ئه‌وه‌نده‌ی به‌ئه‌قڵی هونه‌ریی خۆی كار ده‌كات، ئه‌وه‌نده گوێگر نییه، واتا هه‌ڵكه‌وت ڕه‌خنه وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام هه‌رگیز كاریان پێناكات، كه ئه‌مه‌شیان دیسان خه‌وشێكی تره.. بۆیه لێره‌وه ده‌ڵێم هه‌ر هونه‌رمه‌ندێك له بوارێك یان چه‌ند بوارێكی دیاریكراودا باڵاده‌ست ده‌بێت نه‌ك هه‌موو بواره‌كان، ئه‌مه‌یان كێشه‌یه‌كی ڕژدی هه‌ڵكه‌وت زاهیره، ئه‌و خۆی له قه‌ره‌ی هه‌موو هه‌بوو و نه‌بووه‌كانیش ده‌دات بێئه‌وه‌ی بیر له ئاكام بكاته‌وه، پێیوایه هه‌موو نوێیه‌ك قبووڵكراوه.. ئه‌مانه ڕووی باسێكی ترن، به‌ڵام ده‌هێنێ به‌هه‌ڵكه‌وت بگوترێ پسپۆڕی میلۆدی له ڕیتمه سه‌مائامێزه‌كان، یان ڕیتمه خێرا و مامناوه‌ندییه‌كان، نه‌ك یاریكردن له سه‌ر ته‌واوی ڕیتمه‌كان، بۆیه ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ن، ئه‌وه‌نده‌ی له ڕیتمه سه‌مائامێزه‌كاندا سه‌مامان پێده‌كات، نه‌یتوانیوه له ڕیتمه "سلۆ" خاوه‌كاندا بمانخاته ڕامانه‌وه، كه‌چی بێباكانه له هه‌موو ئه‌لبوومێك و بۆ هه‌موو ده‌نگه‌كان كار له‌سه‌ر ئه‌و ڕیتمگه‌له ده‌كات، ئه‌و مامۆستا و شاره‌زایه‌كی بواره‌كه‌ی خۆیه‌تی، بۆیه ده‌بوو به‌ر له هه‌ر كه‌سێكی تر د‌رك به‌و كه‌تواره بكات و نه‌یكاته خه‌می خۆی و پێیوابێ ده‌توانێ سه‌مای ڤاڵس و له‌نجه‌یان له‌گه‌ڵدا بكات.
ئه‌مانه له‌و گۆرانییانه‌ی لۆكه كه له‌سه‌ر ڕیتمه خاوه‌كاندا كاریان بۆ كراوه ئاشكرا ده‌بینرێن، به‌ڕاستی ئه‌وه لۆكه نییه ده‌ره‌قه‌تی ئه‌دای ڕیتمه خاوه‌كان نه‌هاتبێ، ئه‌وه هه‌ڵكه‌وته ده‌یه‌وێ له هونه‌ری میلۆدیدا یه‌خه‌ی به‌ڕ و به‌حر بگرێ، كه‌واته كارێكی باش ده‌كات ئه‌گه‌ر هه‌ڵكه‌وت ته‌نانه‌ت وه‌ك گوێگریكی ئاساییش له ئێمه‌مانان بڕوانێت و حیساب بۆ بۆچوونه‌كانمان بكات، چونكه ئه‌و ئه‌سڵه‌ن بۆ ئێمه كار ده‌كات و ده‌هێنێ به‌بایه‌خیشه‌وه چێژه‌كانمان له به‌رچاو بگرێ.
وێڕای هه‌موو ئه‌مانه‌ش كاری نایابی وه‌ك (مێوژه‌كه‌ی مام زۆراب) له گۆرانییه‌كانی ئه‌و ئه‌لبوومه‌دا ده‌بینین، هه‌ڵكه‌وت كه جار به‌جار خۆی له قه‌ره‌ی ڕیتمه ده‌هۆڵییه‌كان و میلۆدییه دروست كوردییه‌كان ده‌دات، له هه‌ڵبژاردنی تێكستدا هه‌ندێك هه‌ژاره، به‌ڵام له هه‌ڵبژاردنی بابه‌تدا چه‌ندی بڵێی به‌سه‌لیقه‌یه، له گۆرانیی "ئه‌یڕۆ"شدا هه‌مان سه‌لیقه‌ی نواندووه، به‌شبه‌حاڵی خۆم ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی لۆكه به‌ژنانه‌ترین گۆرانیی كوردیی سه‌رده‌م وه‌رده‌گرم، وێڕای سستیی تێكسته‌كه‌ی، بابه‌ت تێیدا سه‌رفرازه و پێویستیمان به‌و جۆره میلۆدی و گۆرانییانه له هونه‌ری كوردیدا هه‌یه، وه‌ك پێشتریش گوتوومه هه‌ڵكه‌وت له‌به‌ر ئه‌وه یاری له‌گه‌ڵ ئه‌و میلۆدییه ده‌هۆڵییانه‌دا ناكات چونكه خۆی باوه‌ڕ و حه‌زی له سه‌ریانه، به‌پێچه‌وانه‌وه ته‌نیا ده‌یه‌وێ له ڕێگه‌یانه‌وه نقورچ له‌و كه‌سانه بگرێت كه به‌رده‌وام به‌شێوێنه‌ری گۆرانیی كوردیی ڕه‌سه‌نی ده‌چوێنن، منیش ده‌ڵێم ئه‌وه گرنگ نییه ئه‌و چۆن له‌و هه‌ڵوێسته ده‌ڕوانێ، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی بایه‌خه سه‌ركه‌وتوویی ئه‌و گۆرانییانه‌یه بۆ ده‌نگی خاتوونه‌كانی.
له گۆرانیی "سه‌یره‌كه‌ی"دا كه میلۆدییه‌كی پڕ جووڵه‌مان گوێ لێده‌بێ، لۆكه هه‌وڵی داوه ئه‌دایه‌كی عه‌ره‌بیمان پێشان بدات، ڕاسته ئه‌و گۆرانییه له‌سه‌ر ڕیتمی ڕۆژهه‌ڵاتی له‌سه‌ر په‌یژه‌ی مه‌قامی "ڕاست"ه‌كه هه‌ڵكه‌وت پێی ناسراوه، به‌ڵام دیسان ده‌نگه كوردییه‌كه‌ی زاڵه به‌سه‌ر ئه‌دا عه‌ره‌بییه‌كه‌یدا كه به‌لای منه‌وه ئه‌وه‌یان له جوانییه‌كانی ده‌نگی لۆكه‌یه، هه‌ر كه‌سێكی شاره‌زاش له موزیك و گۆرانی گوێ له‌و گۆرانییه بگرێت، هه‌ست به‌وه ده‌كات ئه‌وه‌نده‌ی گۆرانیی "سه‌یره‌كه‌ی" پێویستی به‌ده‌نگی دویته بوو، گۆرانیی "دڵ" پێویستی پێ نه‌بوو و ده‌بوو هه‌ڵكه‌وت وردتر كاری تێدا بكردایه، به‌ڵام من پێموایه له ئه‌لبوومی "هه‌بوو نه‌بوو" هه‌موو تواناكانی لۆكه و هه‌ڵكه‌وت له گۆرانیی "فه‌نه‌ر"دا كۆ بوونه‌ته‌وه، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چێژی پترم لێوه‌رگرتبێ، بگره له‌به‌ر ئه‌وه‌ی "فه‌نه‌ر" له میلۆدییه دروست كوردییه‌كانه كه ئه‌وانه‌ی ڕه‌خنه‌ی هه‌ڵكه‌وت زاهیر ده‌كه‌ن و به‌شێواندنی گۆرانیی كوردی تۆمه‌تباری ده‌كه‌ن، نایانه‌وێ ئه‌و جۆره میلۆدییه‌ی ئه‌م گه‌نجه ببینن، ئاخر له "فه‌نه‌ر"دا هه‌ڵكه‌وت ته‌واوی بۆچوونه نه‌رێنییه‌كان پێچه‌وانه ده‌كاته‌وه و توانا شاراوه‌كانی ده‌رده‌خات كه پێموایه ده‌بوو له دروستكردنی ئه‌لبووم بۆ هه‌ر هونه‌رمه‌ندێك چه‌ند كارێكی له‌و جۆره‌ی بكردایه‌ته جۆرێك له ته‌حه‌دا و به‌رپه‌رچدانه‌وه.
هه‌موو ئه‌مانه جیان له گۆرانیی "یادگاری" كه هه‌ڵكه‌وت دوو ده‌نگی دوور دووری تێدا به‌كار بردوون، ئێمه پێویستیمان به‌وه نییه پتر قسه له‌سه‌ر جۆر و سۆز له ده‌نگی لۆكه‌دا بكه‌ین، به‌ڵام به‌هیچ كلۆجێك ده‌نگی به‌لقیس دۆسكی و لۆكه ئاوێته نابن، كه‌چی هه‌ڵكه‌وت ئاوێته‌ی كردوون.. من ده‌ڵێم ئه‌و گۆرانییه ته‌نیا بووه‌ته قوربانی موجامه‌له‌یه‌كی ته‌ڕ و تازه، ئه‌دی ئێمه به‌لقیس وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی كۆن و خاوه‌ن قوربانی بۆ سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆی وه‌رده‌گرین و هه‌میشه به‌به‌رزی ڕامانگرتووه، به‌ڵام ده‌هێنی ئه‌و خاتوونه خۆیشی ئه‌وه بزانێت كه جارێكی تر ناتوانێ به‌ده‌نگی ساڵانی سه‌ره‌تای حه‌فتاكان خۆیمان پێ بناسێنێته‌وه، كه‌واته بۆچی ده‌نگی لۆكه‌یشی له‌گه‌ڵدا بكوژرێت؟! ڕاستیتان ده‌وێ من له‌و باوه‌ڕه‌دا نیم هه‌ڵكه‌وت نه‌كه‌وتبێته ژێر كاریگه‌ریی موجامه‌له‌یه‌كی سه‌یره‌وه كه به‌ڕاست لێی ناوه‌شێته‌وه، چونكه ئه‌و هه‌میشه له كه‌سایه‌تییه بوێره‌كاندا خۆی به‌رجه‌سته كردووه، بۆیه ده‌هێنێ لانیكه‌م بۆ ئه‌و گۆرانییه پێی بڵێین "ئاخر هه‌ڵكه‌وت گیان هونه‌ر وانابێ".
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
